ڕاپۆرتی جیهانی

04:21 - 24/10/2020

جەنگێکی نوێ؛ خوێنڕێژیی سیاسیی و ئابووری بە بیانووی کاراباخ‌

پەیسەر

نزیکەی مانگێکە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستی پێکردووەتەوە، زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە هەردوولا کوژراون و  هەزارانیش  بریندارن، لەگەڵ ئەوەی وا دەردەکەوێت جەنگەکە لەسەر هەرێمی کاراباخ بێت، بەڵام هەندێک بۆچوون دیوە شاراوەکانی ئەم جەنگە دەردەخەن و بە بابەتی غاز و نەوت و نزیکبوونەوەی مۆسکۆ و ئەنقەرەوەی دەبەستنەوە.

جەنگێکی نوێ
دکتۆر باسل حاجی جاسم لە شیکردنەوەیەکیدا بۆ پێگەی (Modern Diplomacy) تیشک دەخاتە سەر دیوە شاراوە و ئاڵۆزەکانی جەنگی یەریڤان و باکو لە کەرەباخ و بۆچوونێکی جیاواز لە بۆچوونە کلاسیکیی و دیارەکان لەبارەی جەنگی کاراباخ دەخاتەڕوو.

لێکۆڵەر پێی وایە دەستپێکردنی پێکدادانەکانی مانگی تەموزی سوپاکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سنوری شاری تۆڤوزی ئازەربایجان، دەریدەخەن کە جەنگی ئەمجارەی نێوان ئەریڤان و باکو پەیوەندی بە کێشەی کاراباخەوە نییە.

بیانوو
شاری توڤوز کەوتوەتە نزیک هێڵی بۆری نەوتی باکو-تیبلیسی-جەیهان و هێڵی بۆری غازی سروشتیی باکو-تیبلیسی-ئەرزەڕووم، ئەم دوو هێڵەش دەروازەی ئەزەربایجانن بۆ هەناردەکردنی نەوت و غازی سروشتیی (کە بە سامانی دەریای رەش ناسراوە) بۆ تورکیا، ئەورووپا و بازاڕەکانی دیکەی جیهان.

خاڵ و شوێنی ئەمجارەی جەنگەکە کە بەشێکی لە شاری تۆڤوزە، دەریدەخات کە جەنگی ئەمجارە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیا-وڵاتانی رۆژئاوا و تورکیا-ئازەربایجانە، نەک بابەتی کەرەباخ کە تەواو لەم شارەوە دوورە. واتە سوپا و خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی چەند وڵاتێکی دیکە دەبنە قوربانی نەک خاک و کێشەی سنور.

دژایەتیکردنی نزیکبوونەوەی مۆسکۆ و ئەنقەرە
بەشێکی دیکەی جەنگەکە بۆ دژایەتیکردنی رۆڵی مۆسکۆیە لە ناوچەکە کە گرنگییەکی جیۆسیاسیی گەورەی هەیە بۆ روسیا و ئەو وڵاتانەی نیگەرانن لە نزیکبوونەوەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە لەبارەی سوریا.

ئەوە جگە لەوەی نزیکبوونەوەکانی نێوان تورکیا و روسیا لەبارەی کێشەکانی لیبیاوە کاریگەری لەسەر جەنگی ئەم دواییەی ئازەربایجان و ئەرمینیاوە هەیە، واتە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی جەنگی ئەم جارە پەیوەستە بە لێکنزیکییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە لەبارەی بەشێک لە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.

نووسەری بابەتەکە باس لە هەڵوێستێکی ئیمانوێل ماکرۆن دەکات لەبارەی روسیا و تورکیا لە سوریا، ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتبووی، هێرشەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا لە سوریا لە مانگەکانی سەرەتای ٢٠١٨، درزی خستە نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە کە سەرەڕای نزیکییان لە یەکتر، هەندێک کێشەیان لەبارەی سوریاوە هەیە.

لای کەس شاراوە و نهێنیی کە هێرشەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە سوریا درزی خستە نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە، هەر درز و ناکۆکییەکیش لەنێوان روسیا و تورکیا لەبەرژەوەندی رۆژئاوایە، بۆیە وڵاتانی رۆژئاوا لەم نهێنییە تێگەیشتن و بەردەوامییان بە زیادکردنی ئەو خاڵانە دەدا کە جیاوازیی و ناکۆکییەکانی نێوان تورک و روسەکانی زیاد دەکرد.

فەڕەنسا
نووسەر بەم جۆرە درێژە بە هەڵوێستی فەڕەنسا لەبارەی کیشەکانی نێوان تورکیا و روسیا دەدات؛ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی مۆسکۆ و ئەنقەرە رایانگەیاند لەبارەی کێشەی لیبیاوە نزیکن لە رێککەوتن، ئیمانوێل ماکرۆن لە ٢٣ی تەموز بەم جۆرە پەیامی بە هەردوو وڵات دا و وتی، لەم ناوچەیەی دەریای ناوەڕاست کە بۆ ئەوان گرنگییەکی ژیانیی هەیە، بابەتی وزە و ئاسایش لە گرنگییە پێشینەکانن بۆیان.

بابەتەکە پەیوەندی بە هەژموونەوە هەیە، بەتایبەت لەلایەن روسیاوە و تورکیاوە کە بەردەوام کاری بۆ دەکەن و ناوەستن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەش یەکێتی ئەورووپا هیچیان نەکردووە، وەک ماکرۆن دەڵێت، " جێهێشتنی ئاسایشی وڵاتەکانمان لە دەریای ناوەڕاست لە دەستی وڵاتانی دیکەدا (تورکیا بەتایبەتی) هەڵەیەکی گەورەیە، ئەم هەڵوێستە هەڵبژاردەیەکی باش نییە بۆ ئەرووپا و فەڕەنساش رێگە بەمە نادات."

تورکیا بۆ روسیا گرنگە
لێکۆڵەر ئاماژە بەوە دەکات، نزیکبوونەوەکانی روسیا و تورکیا رووداوگەلی ئەرێنی بوون بۆ مۆسکۆ، بەتایبەت دوای سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر روسیا بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیاوە. پڕۆسەی (ئەستانە)ش جۆرێک پڕۆسەی یەکلاکردنەوە بوو بۆ هەردوو وڵات و سەرکەوتنیان، کە سوریایان بردە قۆناغێکەوە لە بەرژەوەندی هەردوولایاندا بێت و بوو بەهۆی دوورکەوتنەوەی زیاتریشیان لە وڵاتانی رۆژئاوا.

هاوکاری ئابووری بەردەوام و گەشەپێدانی بازرگانی نێوانیان سودی بۆ مۆسکۆ و ئەنقەرەش هەیە و هەردوولاشیان پێویستیان بەم پڕۆسەیە هەیە. رێککەوتنە واژۆکراوەکانی نێوانیان بەتایبەت لە بواری وێستگەی ئەتۆمیی و هێڵی غاز، رێگە بۆ روسیا خۆش دەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئۆکرانیا بێت وکێشەی بۆ دردوستببێت، لە رێگەی تورکیا و دەریای رەشەوە غازی خۆی بۆ ئەرووپا بنێرێت.

روسیاش بۆ تورکیا گرنگە
کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی لەلایەن تورکیاوە، هەستی شانازی و سەروەری بە تورکیا بەخشیوە، کە هەستی کردووە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لە هەندێک بابەتدا ناپاکییان لەگەڵ کردووە، بەتایبەت بابەتی بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، پشتگیری ئەمریکا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا و رادەستکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن

نووسەر پێی وایە نزیکبوونەوەکانی تورکیا لە رووسیا بە مانای پشتهەڵکردنی تورکیا لە رۆژئاوا نایەت و سەرەڕای نزیکییەکانی لە روسیا، بەردەوامە لە هاوبەشییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا.

نووسەر بۆچوونی وایە ئەوەی یەکەمجار دەستی بەم شەڕە کردووە، یەکەم جار روسیای کردووە بە ئامانج و دووەم جاریش نزیکبوونەوەکانی مۆسکۆ و ئەنقەرە.

گرنگیی ئەرمینیا بۆ روسیا
هەڵوێستی ئەمجارەی روسیاش دەربارەی شەڕەکە جیاوازە لە هەڵوێستی ساڵانی پێشووی بەهۆی نزیکیی حکومەتی ئێستای یەریڤانەوە لە سیاسەتی رۆژئاوا.

روسیا پێی وایە ئەرمینیا زیاتر پێویستی بە روسیایە، نەک ئەوان پێویستیان بە ئەرمینیا بێت، دوورکەوتنەوەی ئەرمینیاش لە مۆسکۆ مانای لەدەستدانی هاوبەشێکی دیکەی ناو سنوری یەکێتی سۆڤیەتە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەژموون و هێزی روسیا هەیە لە ناوچەکەدا، کە خۆی بە یەکێک لە هێزە گەورەکانی جیهان دەزانێت، بەتایبەت لە ناوچەکەدا.

روسیا پێویستی بە ئەرمینیای هاوپەیمانی کلاسیکیی خۆیەتی لە رێکخراوی ئاسایشیی پێکەوەیی و هاوپەیمانییە هەرێمییە ئابوورییەکانی دیکە، بەتایبەت لە بابەتی ململانێی نێوان جۆرجیا و روسیا، مۆسکۆ پێویستی بە ئازەربایجانیشە کە پێگەیەکی جیۆسیاسیی گرنگیی هەیە.

مۆسکۆ و باکوش پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە و لە چەندین بواردا هاوبەشییان هەیە، لە ئاسایش، سنور، وزە، سەرچاوە سروشتییەکانی دەریای قەزوین و پڕۆژەکانی گواستنەوەی وزە، ئەم هاوبەشییانەی روسیا لەگەڵ یەریڤان و باکو وا دەکەن روسیا هەوڵ بدات ئازەربایجان و ئەرمینیا نەچن بە لای جۆرجیا و ئۆکرانیادا، کە ئەمە وا دەکەن روسیا لەلایەن رۆژئاواوە لە ناوچەکە لاواز بکرێت.

ئەوەی روون و ئاشکرایە روسیا هاوپەیمانی ئەرمینیایە و هاوبەشی ئازەربایجانیشە، هەربۆیە مۆسکۆ هەوڵ دەدات رۆڵی نێوەندگیرییەکی پەسەندکراو لەنێوان هەردوو وڵاتدا ببینێت.