ڕاپۆرتی جیهانی

03:57 - 26/10/2020

ماکرۆن و ئەردۆغان چۆن بەها گشتی و دینییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەهێنن؟‌

پەیسەر

ماوەی دوو ساڵ زیاترە ناکۆکییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا بەردەوام لە زیادبووندان، زۆرترین لێدوانیش لەسەر زاری سەرۆکی هەردوو وڵات دژ بەیەک دراون، لێدوانەکان گەیشتوون بە ئاستی سوکایەتیکردن بە یەکتر و هەندێک جاریش تاکو خراپترین ئاست بەرامبەر یەکتر قسەیان کردووە، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە هەردوو سەرۆک سودێکی زۆریان لەم ناکۆکییە بینیوە.

 ناکۆکییەکانی پاریس و ئەنقەرە
نووسەر (Patrick Wintour) لە رۆژنامەی گاردیانی فەڕەنسی هەڵسەنگاندنی بۆ ناکۆکیی و هێرشەکانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سەر یەکتر کردووە.

نووسەر سەرەتا باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان پاریس و ئەنقەرە کردووە هەر لەسەر دۆسییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لیبیا، سوریا تاکو دەگات بە کێشەی کەرەباخ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی نووسەر بەبیری هێناوەتەوە بریتییە لە سکاڵای ئەردۆغان دژی گۆڤاری (Le Point) کە لە بابەتێکیدا نووسیبووی، "سڕینەوەی کەمینەکان میتۆدی ئەردۆغانە، ئایا مۆڵەتی پێدەدەین کە هەڕەشە لە ئەورووپا بکات و کوردەکان بکوژێت."

لە بابەتەکەی نووسەردا هاتووە، ماکرۆن کە بەردەوام ئەنقەرە توڕە دەکات، هەڵمەتێکی بۆ پاراستنی بەهاکانی عەلمانییەت لە "رادیکالیزمی ئیسلامیی" دەستپێکردووە، دواتر و کوشتنی مامۆستایەکی فەڕەنسی لەسەر پیشاندانی وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) بەنزینی کردەوە بە ئاگری ناکۆکییەکانی هەردوو سەرۆک و وڵاتدا و زیاتری کرد.

سودی تایبەت
نووسەر دواتر دێتە سەر باسی ئەوەی چۆن هەردوو سەرۆک پێویستیان بەم ناکۆکییانەی نێوانیان هەیە و دەنووسێت، هەردوو سەرۆک کۆمار هۆکاری ناوخۆیی سیاسییان هەیە بۆ بەردەوامیدان بەم ناکۆکیی و یەکتر تۆمەتبارکردنە، ماکرۆن دەیەوێت لانی کەم هێندەی ئۆپۆزسیۆنی راستڕەو توانای خۆی بۆ دژایەتیکردنی رادیکالیزمی ئیسلامیی دەربخات.

نووسەر دەربارەی سودی ئەردۆغانیش لەم ناکۆکییانە دەڵێت، ئەردۆغان لە وڵاتەکەی لەژێر فشاری رای گشتیدایە، رۆژ بەرۆژیش لە جیهانی ئیسلامییدا زیاتر خۆی وەک رێبەری بزوتنەوەی سونەکان دەخاتەڕوو.

ئەردۆغان وەک رێبەری مسوڵمانان
تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە لە قەیرانی دارایی و ئابووریدایە، لیرەی تورکی رۆژ بە رۆژ لە دابەزیندایە، هەڵئاوسان بەردەوام زیاد دەکات و باری گوزەرانی هاوڵاتیانی تورکیاش بەرەو خراپتر دەچێت، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەردەوام لە یەکتر نزیکدەبنەوە تاکو بەرەیەکی هاوبەش دژی ئەردۆغان پێکبهێنن.

لە ئاستی دەرەوەشدا ئەردۆغان لە سوریا و لیبیا رووبەڕووی فشاری بەردەوام دەبێتەوە، لە ئازەربایجانیش لە بەرەی باکودایە دژ بە یەریڤان وزەیەکی زۆری سەربازیی و دارایی خەرج دەکات، چەند مانگێکیشە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتوە، ئەوەش پاس ئەوەی دەستی بە گەڕان کرد بە دوای سەرچاوە سروشتییەکاندا.

هەموو ئەم کێشە و فشارانە وای لە ئەردۆغان کردووە پێویستی بە دوژمنێک هەبێت رووبەڕووی ببێتەوە، ماکرۆنیش کە دەستی بە دژایەتیکردنی ئیسلام و مسوڵمانان کردووە و ئەم دژایەتییە ناشارێتەوە، بۆ ئەردۆغان باشترین هەلە، بەتایبەت کە دەیەوێت وەک رێبەری مسوڵمانان دەربکەوێت، ئەردۆغان لەم کارەدا تاکو ئاستێکی زۆتر توانیویەتی سەرکەوتوو بێ٥ و لە هەموو سەرۆکەکانی دیکەی جیهانی ئیسلامیی زیاتر بەرگری لە بەهاکانی ئیسلام و مسوڵمانان بکات و خۆی بکات بە دەمڕاست.

ئەردۆغان بەردەوام لە هێرشکردن
ئەردۆغان باس لە ئایندەی سیاسیی ماکرۆن دەکات، پێی وایە ئەم کارانەی ئێستای بە دۆڕانی دەدات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٢٢ و دەڵێت، "لە هەڵبژاردندا چارەنووسی دەبینین. هیچی بۆ فەڕەنسا بەدەستنەهێنا، با شتێک بۆ خۆی بەدەستبهێنێت."

بەرپرسە فەڕەنسییەکان لە هەڵسەنگاندن و بڕیارەکانیاندا دەڵێن، لێدوانەکانی ئەردۆغان مایەی قبوڵ نین، "توندڕەوی و بێئەتەکێتی"یەکەی رێگایەکی باش نییە، داوا دەکەن ئەردۆغان سیسەتێکی جیاواز لەوەی ئێستا پەیڕەو بکات، چونکە ئەوەی دەیکات لە هەموو روویەکەوە ترسناکە.

بەرپرسێکی کۆشکی ئیلیزێ کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت بە گاردیانی وتووە، "ئەوەمان لای خۆمان تۆمار کردووە و کردوومانە بە خاڵ کە سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سەربڕینی مامۆستا فەڕەنسییەکە پرسە و سەرەخۆشیی بۆ نەناردووین."

ئەو بەرپرسە باسی لە بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی کردووە و وتویەتی، بانگەشەی ئەنقەرە بۆ بایکۆتکردنی بەرهەمە فەڕەبنسییەکان مایەی نیگەرانیی فەڕەنسایە.

 دواین ئاستی ناکۆکی
هەفتەی رابردوو ناکۆکیی و لێدوانە دژ بە یەکەکانی ماکرۆن و ئەردۆغان چووە ئاستێکی نالەبارترەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەردۆغان وتی، "ئەم کەسەی پێی دەڵێن ماکرۆن کێشەی چییە لەگەڵ مسوڵمانان، ماکرۆن لە رووی عەقڵییەوە پێویستی بە چارەسەرە. چی بە سەرۆک کۆمارێک بوترێت کە لە ئازادیی باوەڕ تێناگات و بەم جۆرە رەفتار لەگەڵ ملیۆنان مرۆڤ دەکات کە لە وڵاتەکەیدا دەژین و هەڵگری باوەڕی جیاوازن."

دوای ئەم لێدوانە فەڕەنسا باڵیۆزەکەی لە ئەنقەرە بانگکردەەوە.

 ئەردۆغان رەخنەی لە فشاری سەر بەشێک لە مسوڵمانان لە ئەڵمانیش گرت و وتی، "فشاری پۆلیسی ئەڵمانی بۆ سەر مزگەوتێک روونکردنەوەی ناوێت، ئەمە پێی دەوترێت دژایەتیکردنی ئیسلام، لای ئەمانە شتێک نییە بە ناوی ئازادی، عەلمانییەتیش نییە، هەر درۆیە، درۆ، درۆ، درۆ. ئەمە ئازادیی نییە دوژمنایەتیکردنی ئیسلامە."

دواتریش (Jean-Yves Le Drian) وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا تورکیای بە دنەدانی رق دژ بە فەڕەنسا تۆمەتبار کرد. دواتریش سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا لێدوانەکانی ئەردۆغانی بە قەبوڵنەکراو ناو برد.