ڕاپۆرتی جیهانی

02:47 - 27/10/2020

بایکۆتی کاڵای فەرەنسی چی كاریگەرییەك لە سەر ئابووری وڵاتان دروستدەكات؟‌

پەیسەر

لە مانگی موحەڕەمداو لە ساڵرۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام –د.خ- جارێكی دیكە كێشەی كاریكاتێرەكان و بابەتی موقەدەس سەری هەڵدایەوە، ئەگەر لە پێشوودا بە كوشتنی چەند كەسێك و هەڵكوتانە سەر نوسینگەی ئەو گۆڤارە كۆتایی هاتبێت، ئەوا ئێستا لە سایەی سۆشیاڵ میدیاوە پێیی ناوەتە قۆناغێكی دیكە، جگە لەوەی مامۆستایەكی مێژوو لە لایەن قوتابییەكی كشمیرییەوە لەسەر هەمان بابەت كوژرا، ئێستا بانگەشەی بایكۆتی شمەكو كاڵای فەرەنسی دەكرێت، بەو پێیەی وەك ئامرازێكی شارستانی دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە فشاری ئابووری دروست بكەن و ئابووری فەرەنسا لاواز بكەن.

 
وەك توێژەرانی ئابووری  باسی دەكەن، سەرەڕای ئەوەی بایكۆت هەڵوێستێكی تاكەكەسییەو ناتوانرێت ڕێگریی لەكەس بكرێت، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە پەیوەستە بە دوو لایەنی گرنگەوە، یەكێكیان وڵاتی فەرەنسایەو ئەوی تریش هاوردەكارانی وڵاتانی عەرەبییە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەی تا ئێستا یەكلایی بووەتەوە ئەوەیە هیچ وڵاتێك بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە كە بایكۆتی كاڵاو شمەكی فەرەنسی بكات و تەنها لە ئاستی جەماوەریدا ماوەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە، بایكۆتی كاڵای هەر وڵاتێك لە كاتێكدا كاریگەریی دەبێت كە جێگرەوەی كاڵاكە لەناوخۆی وڵاتەكەدا بەهێزبێت لەڕووی كوالیتی و هەرزانی نرخەوە، لەلایەكی تریشەوە ڕای جەماوەریی و گشتی بۆ دروست ببێت. لە لایەكی تریشەوە ئایا موسڵمانانی دانیشتووی فەرەنسا خۆیان ئەو كارە دەكەن؟ ئەگەر دەیكەن جێگرەوەیان چییەو ئەگەر نا وەڵامیان چییە؟

پرسیار ئەوەیە فەرەنسا چۆن بازاڕەكانی وڵاتانی عەرەبی پڕكردووە؟ ئەو وڵاتە ئیسلامی و عەرەبیانە كامانەن كە كڕیاری سەرسەختی شتومەكی فەرەنسین؟ كاڵاكان چین و شتومەكە فەرەنسیەكان ڕوویان لەكام وڵاتی عەرەبیی و ئیسلامییە؟

ئەوەی تا ئێستا یەكلایی بووەتەوە بەرهەمەكانی خواردەمەنی ،جوانکاری و تەندروستی فەرەنسی بایکۆت کراون، بەڵام بەرچاوترین بەرهەمی فەرەنسا، کە بایکۆت گرتبێتیەوە بریتیە لە بەرهەمە خواردەمەنیەکان.
بەرهەمی ئەو کۆمپانیایانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بانگەشەی بایکۆت کردنیان دەکرێت زیاتر بەرهەمەکانی کارفۆر و  ئۆراڵە، بەڵام کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا هێشتا چالاکیان هەیە و لە تورکیادا  ئۆتۆمبیلی فەرەنسی پڕ فرۆشترینە.

ئەو کاڵا فەرەنسیانە کە بۆ وڵاتانی ئیسلامی دەنێردرێن ئەمانەن:

 دانەوێڵە
فەرەنسا یەکێکە لە هەناردە گەورەکانی بازاڕی دانەوێڵە و هەندێک لەو وڵاتانەشی کە دانەوێڵەی بۆ هەناردە دەکرێت وڵاتانی ئیسلامیە. بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی فەرەنسا، جەزائیر دەیەمین بازاڕی گەورەی دانەوێلەی فەرەنسیە و لە ساڵی 2019 دا هەناردەی دانەوێڵە بۆ ئەم وڵاتە 1.4 ملیار یۆرۆ بووە. مەغریبیش حەڤدەهەمین  بازاری گەورەی  دانەوێلەی ئەم وڵاتەیە و تەنها ساڵی ڕابردوو ، بایی 700 ملیۆن یۆرۆ دانەوێلەی فەرەنسی هاتۆتە ئەم وڵاتەوە.

بابەتی سۆپەرمارکێت
کۆمپانیای کارفور فەرەنسی پشکی شێری بەرکەوتووە لە بایکۆتەکەدا و ئەم کۆمپانیایە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا بەرهەمەکانی دەفرۆشرێت .

وزە
کۆمپانیای وزەی تۆتاڵی فەرەنسی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی بونی هەیە، تۆتاڵ بەرهەمی پترۆکیمیای و نەوتی دەفرۆشیت، لە سعودیە و هەندێل لە وڵاتانی كەنداو لە بواری دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت کاردەکات و تەنانەت لە هەندێک وڵاتی تردا  پاڵاوگەی هەیە.

مۆد و بابەتی جوانکاری
کۆمپانیای ئۆراڵی فەرەنسی بەناوبانگترین بەرهەمەکانی لەم بواردەدایە، ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست تەنها 2٪ دەرامەتی ئۆراڵ دەگرنەوە، براندەکانی مۆدی فەرەنسی، کەمترینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ساغ دەبیتەوە بە بەراورد بە ئەمریکا، ئاسیا و ئەوروپا. براندە گەورەکانی لویس ڤیتۆن و چانێڵ لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەراستدا بەتایبەت لە سعودیە و دوبەی لقیان هەیە و کڕیارەکانیان کەسانی دەوڵەمەندن.

بەرگری و ئاسمانی
فەرەنسا یەکێک لە هەناردەکەرانی گەورەی چەکە لە جیهاندا. کۆمپانیای تەیڵسی فەرەنسی بەرهەمەکانی لە بواری چەک و تەکنەلۆژیای فرۆکەدایە، بەرهەمەکانی بە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی دەفرۆشیت و کڕیارەکانیشی بریتین لە سعودیە، ئیمارات، تورکیا و قەتەر. میسر و قەتەر لەو ولاتانەن کە دوایای کڕینی  جێتی شەڕکەری رافاڵیان کردوە لە کۆمپانیای داسۆی فەرەنسی

بڕی هەناردەی فەرەنسا بۆ وڵاتانی ئیسلامی
لەساڵی ڕابردوادا، فەرەنسا بڕی 555.1ملیار دۆلار هەناردە بۆ هەموو جیهان هەبووە، لەم بڕەش بە 7 وڵاتی عەرەبی و تورکیاوە بڕی 35 ملیاریان لەم هەناردەیە بەردەکەوێت.
7 وڵاتی عەرەبی بەتەیابەت مەغریب و جەزائیر بڕی 29 ملیار هەناردەی فەرەنسی هاتۆتە وڵاتەکەیانەوە.
لەساڵی 2019 دا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی فەرەنسا و جەزائیر 10.209 ملیار بووە و لەم بڕەش هەناردەی فەرەنسا بۆ جەزائیر 5.513 ملیار بووە.
ئەڵوگۆڕی بازرگانی فەرەنسا و تونس لە 2019 دا 9 ملیارد بووە، هەناردەی فەرەنسا بۆ تونس 3.8 ملیارد بووە.
ئەڵوگۆڕی بازرگانی فەرەنسا و مەغریب لە 2019 دا 11.58 ملیارد بووە، هەناردەی فەرەنسا بۆ مەغریب 5.336   ملیارد بووە.
هەناردەی فەرەنسا بۆ قەتەر ، ئیمارات، سعودیە و میسر 14 ملیاردە، زۆرترینی بۆ قەتەرە 4.295ملیار و  سعودیە 3.361 ملیارد بووە
هەروەها هەناردەی فەرەنسا بۆمیسر 2.575 ملیارد بووە.

هەناردەی فەرەنسا بۆ تورکیا 6.655 ملیار
بەمەش هەنادرەدی فەرەنسا بۆ  هەشت وڵاتی ئیسلامی "تورکیا، جەزائیر،مەغریب قەتەر، تونس ، ئیمارات، سعودیە و میسر" 35 ملیارد بووە.