ڕاپۆرتی جیهانی

04:02 - 28/10/2020

بە باج و خەراج؛ داهاتی ئەلشەبابی سۆماڵ لە دەوڵەت زیاترە‌

پەیسەر

بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای (Hiraal)، داهاتی رێکخراوی ئەلشەباب کە بە هەڕەشە و زۆرلێکردن دەستیدەکەوێت، لە داهاتی حکومەتی سۆماڵی زیاترە. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رێکخراوەکە دەسەڵاتی بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەشدا هەیە کە لەژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتدان و بە تەلەفۆن ناچاریان دەکەن باج بدەن.

داهاتی خەیاڵیی
پەیمانگاکە کە ناوەندەکەی لە شاری مەقادیشۆیە راپۆرتێکی وردی دەربارەی گروپەکە، داهاتەکەی، چۆنییەتی بەدەستهێنانی ئەم داهاتە و چەند بابەتێکی دیکەی تایبەت بەو رێکخراو و وڵاتە بڵاوکردووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رێکخراوی ئەلشەباب کە ماوەی ١٠ ساڵە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی وڵات دەدەن، مانگانە ١٥ ملیۆن دۆلار باج و خەراج کۆدەکەنەوە، کە نیوەی ئەم پارەیە لە پایتەختدا کۆدەکەنەوە.

رێکخراوەکە کە دەستی بەسەر بەشێکی ناوەڕاست و باشوری سۆماڵدا گرتووە، لەم ساڵانەی دواییدا هەژموون و دەسەڵاتی خۆی بەسەر مەقادیشۆی پایتەختیشدا زیاد کردووە.

پارە وەرگرتن بە زۆرەملێ
ناوەندی (Hiraal) کە توێژینەوەی لەبارەی بابەتی ئاسایشەوە ئەنجام دەدات ئەوە دەخاتەڕوو، ئەلشەباب کە لە ساڵی ٢٠١٠وە پەیوەستی خۆی بە ئەلقاعیدەوە راگەیاندووە، بە زەبری هێز و دڕندانە پارە لە دانیشتوانی دەرەوەی شارەکان کۆدەکاتەوە.

سەبارەت بەوەی چۆن ئامادەن ئەم پارەیە بە رێکخراوەکە بدەن، ناوەندەکە دەنووسێت، خەڵک لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان و دڵنیایی ژیانیاندا ئامادەن قبوڵی ئەوە بکەن پارە بە رێکخراوەکە بدەن، واتە ناچارن ئەم دۆخە قبوڵ بکەن.

بازرگان و خاوەن ئیشەکان قوربانین
پەیمانگاکە باسی لەوەش کردووە، دوای کۆبوونەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە لەگەڵ بازرگانان و بەرپرسانی حکومەتی سۆماڵ، کۆمپانیاکان مانگانە پارەیەکی دیاریکراو بە رێکخراوەکە دەدەن و هەر کۆمپانیایەکیش ساڵانە لە شێوەی زەکاتدا ٢.٥٪ی قازانجەکەی بە رێکخراوەکە دەدات.

بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکان باجی ئەم ناکۆکییانەی رێکخراوەکە و حکومەت دەدەن، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا کار دەکەن، ناچارن باج بە حکومەت و خەراجیش بە رێکخراوەکە بدەن.
یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکان بۆ داهاتی حکومەتی سۆماڵ، بەندەری مەقادیشۆیە، بەڵام ئەندامانی ئەم رێکخراوە توانیویانە دەستیان بەم بەندەرە بگات و باج لەسەر ئەو بەرهەمانە دابنێن کە هەڵیانگرتوون.

فەرمانبەران
پەیمانگای (Hiral) باسی لە دۆخی فەرمانبەرانی دەوڵەت کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، موچەخۆرانی دەوڵەت لە ترسی ژیان و ئاسایسیان، ناچارن مانگانە بەشێک لە موچەکەیان بە رێکخراوەکە بدەن.

رێکخراوەکەش فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک بەشێک لە ئامانجە رەواکانی خۆی دەبینێت کە دەتوانێت و ئەرکە لەسەری بیانکات بە ئامانج.

ئەو کەسانەشی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سۆماڵیدان لە کارەکانی ئەم رێکخراوە نەپارێزراون، چونکە ئەندامانی رێکخراوەکە لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە خەڵکی ئەو ناوچانەش دەکەن و ناچاریان دەکەن پارەیان بۆ بنێرن.

هێزی گەورە
ئەندامانی رێکخراوەکە راستەوخۆ دەچنە ئەو دوکان و شوێنکارانەی لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی ئەلشەبابدان و راستەوخۆ پارەیان لێوەردەگرن و کۆیدەکەنەوە.

هێزی رێکخراوەکە هێندە زۆر و کاریگەرە، باج و خەراج وەرگرتن تەنها خەڵکی ئاسایی و فەرمانبەرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو تاکو ئاستی بەرپرسە باڵاکانی سوپاش رۆیشتووە.

فەرماندەکانی سوپاش پارێزراو نین
فەرماندەیەکی سوپای سۆماڵی بەم جۆرە باس لە پێدانی پارە بەو رێکخراوە دەکات کە لەم کاتەدا سوپاکەی جەنگی لەگەڵدا دەکات.

 "دەمویست خانوو دروستبکەم، رێکخراوەکە کارەکەی راگرتم، هەڕەشەیان لەو بارهەڵگرانە کرد کەرەسەتیان بۆ دەهێنام، بۆ ئەوەی بتوانم خانووەکەم تەواو بکەم، ناچاریان کردم سێ هەزار و ٦٠٠ دۆلاریان پێبدەم."

باجی ناچاری
ماوەیەکە کاری نیشتەجێبوون و کڕین و فرۆشی خانوو لە سۆماڵ گەشەی کردووە، بۆیە ئەندامانی رێکخراوەکە ئەم هەلەیان قۆستەوە و روویان لەم کەرتە کرد بۆ کۆکردنەوەی باج و خەراج و پارە وەرگرتن لە خەڵک و بازرگانان.

هەرکەسێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەلشەباب خانو بفرۆشێت یان بیکڕێت، ناچارە بڕێک پارە بە رێکخراوەکە بدات.

هەر بەپێی راپۆرتەکە دانیشتوانی دەرەوەی شارەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئاژەڵداری بکەن و کار بکەن، ئەوا ناچارن بەشێک لە پارەی بەرهەمەکانیان بدەن بە رێکخراوەکە.

چارەنووسی ملنەدان
لە راپۆرتی پەیمانگاکەدا باس لەو کەس و لایەنانە کراوە کە ئامادە نین پارە بە رێکخراوەکە بدەن و ئایا چارەنووسیان چی دەبێت، "ئەو جوتیارانەی کە بە هەر هۆیەک بێت باج و خەراجیان بە رێکخراوەکە نەداوە، ناتوانن ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دابین بکەن، چونکە سەرچاوەی رووبارەکان لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوەکەدایە.

رێکخراوەکە لەبەرامبەر ئەو باج و خەراجەی لە خەڵکی وەردەگرن، ئاسایشیان دەپارێزن، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان دانیشتوانی ژێر فەرمانڕەواییەکەیان چارەسەر دەکەن و تەنانەت ئەوان بڕیار دەدەن چی بەرهەمێک بچێنن و پەرەی پێبدەن.

هەرکەسێکیش خۆی ئامادەنەبێت باج بدات و مل بۆ ئەم فەرمانەی رێکخراوەکە بدات، ئەوا دەکوژرێت، یان دەردەکرێت لە کارەکەی، یان ناچار دەکرێت سۆماڵ بەجێبهێڵێت و روو لە وڵاتێکی دیکە بکات.