ڕاپۆرتی جیهانی

01:22 - 29/10/2020

ئەوروپا و ئاڵنگاری کۆچکردن؛ لە پەناهەندەییەوە تا دژە جولەکەیی‌

پەیسەر


ئاڵنگاری دژە جولەکەی لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانی ئەڵمانیاوە ڕوو لە زیادبوونە.  هەروەها زۆربەی ئەوروپیەکان و ئەو پەنابەرانەی دەچنە ئەوروپا، زانیاریان نییە لەبارەی پەیوەندی یاسای پەنابەرێتی لەگەڵ هۆلۆکۆست وەک لوتکەی مێژووی دەرکەوتن و دروستبوونی رقی نەژادپەرستی و دژەجولەکە لە مێژووی مرۆڤدا.
کێشەی ئابووری، توندڕەوە سیاسیەکان و زیادبوونی پەنابەران لە ئەوروپادا،  ئاڵنگاری تازەی هێناوەتە ناو کۆمەڵگەی ئەوروپیەوە، هەر بۆیە ئەوروپا سنورەکانی خۆی بە بیانوی ئەمنیەتەوە داخستوە.


هۆشداریەکانی حکومەت
ئەنگێلا مێرکڵ، یەکەمین ژنە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە سەرەتاکانی ساڵی 2018 دا هۆشداریدا لە هاتنە ناوەوەی جۆرێکی تازەی دژە جولەکەی لەلایەن کۆچبەران و پەناهەندەکانەوە بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی و کۆمەڵگەکانی تریش. مێرکڵ بەتایبەت ئاماژەی بە دژە جولەکەی کرد لەلایەن ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتە ئیسلامی و عەرەبیەکانەوە دێن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، دژە جولەکەی پێش هاتنی پەنابەرانیش لە وڵاتە ئیسلامیەکانەوە هەر بوونی هەبووە.
ئەمڕۆ هەموو باخچەی ساوایان، قوتابخانە و کڵێساکانی جولەکەکان، لەژێر چاودێری پۆلیسی ئەڵمانیدان و مێرکڵ ئەم بابەتەی بە مایەی "پەرێشانی" لەقەڵەمدا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە 15 ئەیلوولی 2020، لە حەفتایەمین ساڵڕۆژی دروستبوونی " ئەنجومەنی جولەکەکانی ئەڵمانیا"دا ، جارێکی تر نیگەرانی خۆی دەربڕی بەتایبەت لە زیادبوونی دژە جولەکەی لە ئەڵمانیا، گوتی "شەرمهێنەرە و من بەتەواوی خەجاڵەتم، بە چ شێوازێک نەژادپەرستی و دژەجولەکەی لە وڵاتەکەماندا دەرکەوتووە". مێرکڵ بە توندی رەخنەی  لە گروپە راستڕەوە توندڕەوەکان گرت. ئەڵبەتە گروپە ئیسلامیەکان لە زیادبوونی نەژادپەرستی ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە.

پەیوەندی یاسای پەنابەرێتی لەگەڵ هۆلۆکۆست
ڕەنگە زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەوروپی و پەنابەران، کە لە وڵاتە ئیسلامیەکان و وڵاتانی ترەوە هاتوونەتە ئەوروپا زانیاریان نیە سەربارەت بەوەی مێژووی یاسای پەنابەرێتی لە دنیادا دانەبڕاوە لە مێژوی دژەجولەکەی و کارەساتی هۆلۆکۆست.
ئەوە راستیەکە یاسای نێودەوڵەتی پەنابەرێتی ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی نەتەوەپەرستی سۆشیالیستی ئەڵمانیا و دەستگیرکردن و لەناوبردنی جولەکەکان لەلایەن نازیەکانەوە.

لەماوەکانی کۆتای جەنگی جیهانی دووەمدا، سیاسەتمەداران و یاساناسانی وڵاتانی دیموکراتی رۆژئاوا، گەشتنە ئەو ئەنجامەی دەکرێت لە ڕابردوودا بەهۆی یاسای تازەی نێودەوڵەتیەوە، هاتنەکایەی دیکتاتۆرە سەرکوتکەرەکان کەمبکرێتەوە. بە پەندوەرگرتن لە مێژوی دیکتاتۆری و شەڕ، ئامانجیان دروستبوونی  ئاشتی سیاسی بوو.
دەستگیرکردن و ئازار و ستەمی سەر جولەکەکان، لەسێ شێوازدا  دەردەکەوت، هەرسێکیان لە پەیماننامەی تایبەت بە بارودۆخی پەنابەران ئاماژەی پێردراوە ئەوانیش : ئەندامبوون لە هەندێک گروپی کۆمەڵایەتی، دەستگیرکردن بەهۆکاری پەیوەندیدار بە نەژاد یان مەزهەب بوون.

هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی هەڕەشە فراوانەکانی حکومەتی دیکتاتۆری سەرکوتکەری نازیان بەکەم گرتبوو لە دەیەی سی زاینی، واتە لەنێوان ساڵانی 1933 تا 1939 و پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم، هەروەها لەماوەی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵانی 1939 تا 1945 دا، کاردانەوەی بەپەلەشیان نەبوو سەبارەت بە سیاسەت، پڕوپاگەندە و کارە نەژادپەرستی و دژەجولەکەیەکانی نازیەکان، تەنانەت لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا سنورەکانی خۆیان بەڕووی پەنابەرەکاندا داخست.

ئەم کێشە و کارەساتە مێژوویە لە مادەکانی 31 و 33 ی   پەیماننامەی جنێفدا نوسرا.
مادەی 31 ئەم پەیماننامەیە تایبەتە بەو پەنابەرانەی بە نایاسای  پەنادەبەنە بەر وڵاتان.  ئەو وڵاتانە دەبێت مافی پەنابەرێتی بدەن بەو پەنابەرانەی بەهۆکاری پەیوست بە نەژاد و مەزهەب و نەتەوەیەک، یان ئەندام بوون لە گروپێكی کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕی سیاسی لە وڵاتی خۆیاندا  توشی ئەشکەنجەدان بوون و ئازادیان هەڕەشەی لەسەرە و لە وڵاتی خۆیان "بەناچاری" بوون بە پەنابەر، بەهۆی هاتنەناوەوەی نایاسایەوە سزا نەدرێن.
بەدڵنیایەوە بەو مەرجەی، ئەو پەنابەرانە هۆکاری باوەڕپێکراویان هەبێت بۆ هاتنە ئەو وڵاتە و  بتوانن ئەو هەڕەشە جدیانە لەسەریان بیسەلمێنن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە.

لە مادەی 33 ی پەیماننامەی جنێفدا جەختکراوەتەوە لەسەر دەرنەکردن و نەگەڕاندنەوەی پەنابەران. هیچ یەکێک لە وڵاتانی بەژدار لە پەیماننامەکەدا، مافی گەراندنەوەی ئەو پەنابەرانەیان نیە کە لەوڵاتی خۆیاندا بە هۆکاری نەژادی، مەزهەبی و نەتەوەی هەڕەشەیان لەسەرە. هەر لەم مادەیەدا هاتووە کە پەنابەرانێک کە وڵاتی پەنادراودا دەبنە هۆکاری مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە، یان بەشداردەبن لە تاوان و کوشتنی گرنگدا، ناچنەژێر سێبەری یاسای پەنابەرێتی.
یاسای پەنابەرێتی و بەتایبەت پەیماننامەی جنێف لە ساڵی 1951 دا، دەرەنجامی مێژووی قەیرانی کارەساتباری دەستگیرکردن و جینۆسایدی جولەکەکانی هۆلۆکۆست بوو. لەوکاتەدا، سەرەتا بەشیکی زۆری جولەکەکان ڕویانکردوە وڵاتانی تری ئەوروپی و ئەمریکا، دوای ماوەیەک ئەم وڵاتانەش یاساکانی پەنابەرێتی خۆیان توندترکرد و بەمەش بارودۆخی پەنابەرن ناهەموار تر بوو.

پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر هەنگاوە ئەمنییەکاندا
لەئێستادا، پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا رووبەڕووی هەندێک پێوەری ئاسایشی بۆتەوە.
لە راستیدا ئەوروپا سنورەکانی خۆی بە هۆکاری کێشەی ئابووری و ئەمنی بەتەواوی داخستوە و پەنابەران ناچارن بەڕێگەی نایاسای بچنە ناو ئەوروپاوە. لەلایەکەوە وڵاتە ئەوروپیەکان پێویستە لەسەریان یاسای پەنابەرێتی خۆیان جێبەجێبکەن و لەلایەکی تریشەوە  پەیوەستن بە جێبەجێکردنی بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆیانەوە وەک بەرژەوەندی ئاسایش و ئابووری. بەرژەوەندی نیشتیمانی وڵاتە ئەوروپییەکان لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ نەژادپەرستی، دژە جولەکە و دژە ئیسلام دەست پێدەکات و بە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم بەتایبەت تیرۆریزمی ئیسلامی جێبەجێدەکرێت.

لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی لە ئەڵمانیا و ئەوروپا کێشەی جدی ئاسایشیان دروستکردوە و دەبێت بخرێنە ژێر چاودێریەوە.

توندڕەوی و دژەجولەکەی لە ئەڵمانیادا
فەرمانگەی فیدراڵی پاراستنی یاسای بنەرەتی، لە 10ی ئابی 2020 دا، ڕاپۆرتێکی تازەی بەناونیشانی "وێنەیەک لە دژەجولەکەی" بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، دژەجولەکەی لەنێوان هەموو گروپە توندڕەوەکانی چەپڕە، راستڕە و ئیسلامیەکاندا دەبینرێت. بەدڵنیایەوە مەترسی نەژادپەرستی لە گروپە ڕاسترەوە توندڕەوەکاندا واتە فاشیستەکان لە ئاستێکی باڵادایە، و مەترسی ئیسلامی سیاسی و توندڕەوە چەپەکانیش لە گەشەکردندان.
هەموو ئەم لایەنە سیاسیانە لە دژەجولەکەیدا هاوبەشن.

لە ڕاپۆرتەکەدا چەندنین جار ئاماژەدراوە بە ئێران و ناوی ئێرانی هێناوە لە چالاکیە دژەجولەکەیەکاندا و ئاماژە بە حیزبوڵای لوبنانی دەکات وەک داردەستێکی ئێران و چالاکی دژە جولەکەی ئەنجام دەکەن تا دەگاتە لایەنگیری گروپە راستڕەوە توندرەوەکان، لە ساڵی 2018 و بە دروشمی "ئەوروپا بێداربەرەوە" سەرقاڵی پروپاگەندەی سیاسی و ڕێپێوان بوون، لایەنگرانی راستڕەو و نەژادپەرسەتە نازیەکان، بە بەرزکردنەوەی  وێنەی  ئەحمەدی نەژادی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران و دروشمەکانی "جیهان بەبێ جولەکە" چالاکیان دەکرد.

باڵانس لەنێوان پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و ئەمنییەتدا
گڕگرتنی کەمپی پەنابەرانی مۆریا، لە جەزیرەی لیسبۆسی یۆنانی، وایکرد ئەڵمانیا بەهۆی گرێخواردن لەگەڵ یاساکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و پێشینەی پەنابەرێتی لەم وڵاتەدا، خۆی بەبەرپس بزانێت و  ژمارەیەک لە پەنابەرانی یۆنان وەربگرێت.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسینی پەنابەرانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئێستادا 79.5 ملیۆن پەنابەر لە سەرتاسەری جیهاندا هەن و ئاشکرایە ئەوروپا لە توانایدا نیە هەموو کێشەکانی پەنابەران چارەسەربکات.

بابەتەکانی کۆچکردن، پەنابەربوون و هەڵهاتن لە وڵات جودا نیە لە دیاردەی بەجیهانی بوونی ئابوری و سیاسی  و کێشەکانی سەرمایەداری جیهانی.
زۆربەی لێکۆڵەران لەوبڕوایەدان، ئەوروپا دەبێت هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، ئەمنییەت و ئابوری خۆیدا و بگاتە فریای ئەو پەنابەرانەی دێنە ئەوروپاوە، ڕێگەچارەی سیاسی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا جێبەجێبکات تا خەڵکەکەی ئەوێ لەوڵاتی خۆیاندا بمێننەوە و نەبنە پەنابەر.