ڕاپۆرتی جیهانی

01:59 - 29/10/2020

سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر تورکیا و ئیسرائیل چۆن دەبێت؟‌

پەیسەر

رۆژنامەی (haaretz)ی ئیسرائیلی وتارێکی گابرێل میشێل بەڕێوەبەری پەیوەندییە دەرەکییەکان لە پەیمانگای ئیسرائیلی بۆ سیاسەتە دەرەکییە هەرێمییەکان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا باس لە رەفتاری چاوەڕوانکراوی جۆ بایدن دەکات لەگەڵ تورکیا ئەگەر ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا، کە چاوەڕوان دەکرێت جیاواز بێت لە سیسەتی ترەمپ بەرامبەر ئەنقەرە.

لە وتارەکەدا نووسەر تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی ئیسرائیل چۆن پشت بە ئەمریکای چوار ساڵی داهاتوو دەبەستێت و لێی نزیک دەبێت سەبارەت بە ئامانجە گشتییەکانی و سیسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
نووسەری وتارەکە ئاماژە بە ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەنووسێت، ئیسرائیل بەرژەوەندی و ئامانجی گرنگی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەیە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا چی کاریگەرییەکی لەسەر ئەم ناوچە گرنگە دەبێت؟ سیاسەتی کۆشکی سپی لە سەردەمی جۆ بایدن بەرامبەر ئیسرائیل چۆن دەبێت و ئەم سیاسەتەش چی کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی تەلئەبیب بەرامبەر ئەنقەرە دەبێت.

لە وتارەکەدا هاتووە، هەرکام لە ترەمپ و جۆ بایدن سەربکەون، ناکرێت تەلئەبیب بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشت بە واشنتن ببەستێت کە پەڕەی خۆی پێچاوەتەوە و رۆژ بە رۆژ زیاتر لەم ناوچەیە دەکشێتەوە. بۆیە پێویستە ئیسرائیل رێگای دیکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بگرێتەبەر، بەتایبەت ئامانجە گرنگ و مەترسیدارەکان، واتە ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە فراوانخوازییەکانی تورکیاوە هەیە.

ناوەڕاستی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنورییە ئاوییەکانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش وەک سەرەتایەک دانرا بۆ ئەوەی کە هەنگاوی داهاتووی ئیسرائیل ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ لوبنان.

ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییانەی ئەگەر هەیە لە سیسەتی ئەمریکیدا رووبدات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری زۆر گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست روونەدا کە ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەم ناوچە پڕ لە وزەیەدا.

هاوئاهەنگیی و هاودەنگی هەردوو پارتەکەش (کە بە شتێکی دەگمەن دادەنرێت) لەم بابەتەدا، ئاماژە بە نەگۆڕانی بنەڕەتی و ریشەیی لە سیاسەتی ئەمریکا دەکات  لەم ناوچەیەدا.

سەرەڕای ئەمەش ئەمریکا تاکو دێت لەم ناوچەیەدا بوونی خۆی کەمدەکاتەوە و کەمتر بەشدارە لە گۆڕانکارییەکان، ئەمەش پاڵ بە ئیسرائیلەوە دەنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەی دۆستەکەی، بە سیاسەت و پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە گرنگییەکی ئابووری گرنگی بۆ تەلئەبیب هەیە.

ئیسرائیل و دۆستەکانی
ئیسرائیل لە ١٠ ساڵی رابردوودا هەوڵێکی زۆری داوە لە پەرە بە توانا دیبلۆماسیی و ئابوورییەکانی بدات کە پەیوەستن بە بەدەستهێنانی غازی سروشتی زیاتر لە ناوچەکەدا. لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠، بەشدار بوو لە پەیماننامەیەک لەگەڵ هەریەک لە میسر، ئەردەن، دەسەڵاتی فەڵەستین، ئیتاڵیا، یۆنان و قوبرس بۆ بۆ دروستکردنی کۆڕبەندی غازی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (EMGF)، ئەم رێکخراوە فرەڕەگەزە و کار لەسەر زیادکردنی هۆکاریی هەرێمیی دەکات لە بواری وزەدا.

دوای دابەزینی نرخی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ ئاستێکی زۆر نزم بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و قوبرس و پاشەکشەی ئەمریکا لە ئیدارەدانی کێشەکانی ناوچەکە، هەل بە ئیسرائیل دەدات کە رۆڵێکی گرنگ و گەورەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، وەه ئەو هەنگاوەی لەگەڵ لوبنان ناویەتی، بەڵام رێگری گەورە لەبەردەم وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیلیش تورکیایە، کە هەوڵ دەدات هێز و هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر بکات.

سەرەڕای سەرجەم ناکۆکییەکان تورکیا هاوبەشێکی ئاسایی ئەم رێکخراوەیە، بەڵام ناکرێت و ناتوانێت ببێت بە ئەندام لەم رێکخراوەدا، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییە قوڵەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، میسر، یۆنان و قوبرس.

ئەم ناکۆکییانەش بەتایبەت لەگەڵ یۆنان و قوبرس زیاتر دەبن، ئەوەش دوای سەرکەوتنی کاندیدی پشتیوانیکراوی ئەنقەرە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی باکوری قوبرس.

تورکیا دەستەوەستان نەبوو
تورکیا لە بەرامبەر ئەم وڵاتانەدا بێدەنگ و دەستەوەستان نەبوو، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە بە چڕی دەستی بە چالاکییەکانی کرد لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش ترسی لە دڵی وەبەرهینەرە بیانییەکان دروستکرد کە دەیانەویست لەم ناوچەیەدا و لە بەرژەوەندی وڵاتە ناکۆکەکانی تورکیا وەبەرهێنان بکەن.

هەر بۆیە ئەم وڵاتانە ئومێدیان هەبوو فەڕەنسا و ئەڵمانیا بتوانن ئەم فراوانخوازییانەی ئەنقەرە لە ناوچەکە رابگرن، ئەڵمانیا پاشەکشەی زیاتری کرد و ئەوەی مایەوە پاریس بوو، بەڵام پاریسیش تاکو ئێستا هەنگاوی کردەیی نەناوە.

دژیەکیی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا
نووسەر لە درێژەی شیکردنەوەکەیدا باس لە دژیەکیی سیاسەتی واشنتن دەکات بەرامبەر ئەنقەرە، نووسەر دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێکی دژ بە یەک لەگەڵ تورکیا پەیڕەو دەکات، لە لایەکەوە واشنتن داوا لە ئەنقەرە دەکات سنوری ئاسمانی یۆنان نەبەزێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ئەمریکا هیچ هەوڵێک نادەن بۆ نێوەندگیری لەنێوان هەردوو وڵات و راگرتنی ناکۆکیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا.

نووسەر پێی وایە ئەمە دژ بەیەکییە کە ئەمریکا هیچ هەوڵێکیشی نییە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی و رێککەوتن لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا کە ناکۆکییان لەگەڵ ئەنقەرە هەیە.

سەرەڕای دژیەکییەکانی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا، ئەم دۆخە بە سروشتی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرەوە دەبەسترێتەوە، هەروەها پەیوەستە بە خواستی ترەمپ بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەردۆغان، ئەمە لە کاتێکدا سیاسەتەکانی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ دژیەکە لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لەگەڵ ئەوەی پسپۆڕ و بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە بەرامبەر فراوانخوازییەکانی تورکیا هەڵویستیان هەبێت، بەڵام واشنتن نایەوێت ئەم هاوبەشە گرنگەی لە ناوچەکەدا لەدەستبچێت.

بایدن و تورکیا
نووسەر پێی وایە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا جیاواز دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بایدن لە چەندین وتاردا باسی لەو بابەتانە کرد کە سنوری سورن بۆ تورکیا و هەروەها جەختی لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی کردووە لەگەڵ کۆمەڵگەی یۆنانی لە ئەمریکا.

بەهۆی چاوپۆشییەکانی ئیدارەکانی ئۆباما و ترەمپ بەرامبەر تورکیا، زەحمەتە بایدن بتوانێت بە تەواوی هەژموون بەسەر تورکیادا پەیدا بکاتەوە، بەتایبەت کە فراوانخوزییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

لەگەڵ ئەوەشدا بایدن شارەزایی باشی لەم ناوچەیەدا هەیە و ئەگەری گۆڕانکاری سیاسیی بەرامبەر تورکیا دوور نییە، بایدن دوو دەیە ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان بووە لە ئەنجومەنی پیران، وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بەشدار بووە لەهەوڵەکانی ئیدارەی ئۆباما لە دورگەی قوبرسی دابەشکراو، هەروەها نێوەندگیری لەنێوابن ئیسرائیل و تورکیا.