ڕاپۆرتی جیهانی

01:15 - 30/10/2020

بۆچی جولەكەكانی ئەمەریكا دەنگ بە ترامپ نادەن؟‌

پەیسەر

سەرەڕای هەموو ئەو كارانەی كە دۆناڵد ترامپ بۆ جوولەكەكان و ئیسرائیلی كردووە، كەچی لە ئێستادا قسە لەسەر ئەوە هەیە جووەكاتی ئیسرائیل دەنگ بە ترامپ نەدەنەوە، لە دیارترین كارەكانی هەڵوەشاندنەوەی یەكلایەنەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، پشتیوانی لە گواستنەوەی پایتەختی ئیسرائیل لە تەلئەبیەوە بۆ قودس و كردنەوەی باڵێۆزخانەكەی لەو شارە، ئاسانكاریی و ڕێگە خۆشكردن بۆ گەرانەوەی ئیسرائیل بۆ نێو جیهانی عەرەبی و بەیەك گەیاندنی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەو وڵاتانی عەرەب، لە هەڵبژاردنی 2016 شدا لەیەكێك لە دیبەیتەكاندا پرسیارێك لە ترامپ كرا لەبارەی پشتیوانی كردنی ئیسرائیل، ترامپ بە بێ وەستان و بیركردنەوە گوتی100% پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەم، كەچی ئێستا یەهوودیەكانی نێو ولاتەكەی نایانەوێت دەنگ بە ترامپ بدەنەوەو بە پێی ئامارە سەرەتاییەكان 70% یەهودیەكانی نیشتەجێی ئەمەریكا دەنگ بە جۆبایدنی ڕكابەری ترامپ دەدەن.

 

 بۆچی دەنگ بە ترامپ نادەن؟
ترامپ لە مانگی ئابی 2019 ڕایگەیاند هەر یەهودییەكی ئەمەریكی دەنگ بە دیموكراتەكان بدات ئەوە لایەنی تێگەیشتن و پابەندبوونی  بەرامبەر یەهودیەت وەك ئاین و ئیسرائیلیش وەك سیاسەت لاوازە، ئەوەش بەو مانایە دێت كە ترامپ زانیویەتی 30%ی دەنگی یەهودییەكانی نێو ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئەوە.
شارەزایان كۆمەڵێك هۆكاریان بە نموونە هێناوەتەوە، لەوانەش سەردەستەیی و لە پێشینەیی سپی پێستەكان، لەبەر ئەوەی ترامپ پێیوایە كەسێكی مەسیحی سپی پێست لە پێشتر و باشترە لە مەسیحییەكی ڕەش پێست و ئەسمەر، وە لەشوێنكەوتووانی هەموو ئاینەكانی تریش باشتر و لە پێشترە، ئەوەش لە دیبەیتی یەكەمی ئەمساڵدا لە نێوان ترامپ و بایدن دا بە ئاشكرا هەستی پێدەكرا، ماتێك پرسیاریان لێكردو وەڵامی ترامپ بووە هۆی نیگەرانی یەهوودیەكانی ئەمەریكا و تەنانەت یەكێك لە ڕێكخراوە یەهودییەكانی ئەمەریكا لەو بارەیەوە بەیاننامەیەكیان دەركردو تیایدا هاتووە : ڕەگەزپەرست و پەڕگیرەكانی دژ بە سامی ئەو قسانەی تۆیان پێخۆشە كە پشتیوانی سپی پێستەكان بكەیت و لەدژی ئەوانی دیكە بیت و سپی پێست لە پێشتر سەیربكەیت..
گەرچی گواستنەوەی پایتەختی ئیسرائیل بۆ قودس بە یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكانی ترامپ دێتە ئەژما، بەڵام ڕەگەز پەرستی و پشتیوانی كردنی سپی پێستەكان و بەرزبوونەوەی دژایەتی كردنی سامیەكان بووەتە هۆی ئەوەی لەسەردەمی ترامپ دا ڕقبوونەوەو دژایەتی ئەمەریكیەكان بۆ یەهوودییەكان بەرەو هةلكشان بڕوات. تەنها لە 2019 دا 2107 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بەجووەكانی ئەمەریكا تۆماركراوە، كە بریتین لە قسەپێوتن و دەستدرێژیی سێكسی، ئازاردانی جەستەیی، تێكدان و شكاندنی شمەكەكانیان، هێرشكردنە سەر پەرستگاكانیان، ئەوەش لە مێژووی چەند ساڵەی ئەمەریكادا وێنەی نەبووە.

لەنێوان 2018- 2019 دا چەندین هێرشی چەكدارییان كراوەتە سەر لە نموونەی هێرشی مانگی تشرینی یەكەمی 2018 كە هەندیك لە رەگەزپێستە سپییەكان هیرشیان كردە سەر پەرستگایەكی یەهودییەكان و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 11 كەس، سی ئێن ئێن لە هەواڵەكانیدا گوتی خراپترین هێرش بووە لە ئەمەریكا كە كرابێتە سەر یەهودییەكان و لە مێژووی ئەمەریكادا هاوشێوەی نەبووە.
لە 2019 ش داهێرشكرایە سەر خواردنگەیەكی یەهوودیەكان و پێنج كەسی تێدا كوژرا، لە هەمان ساڵدا هێرش كرایەوە سەر پەرسگایەكی دیكەو ژنێك كوژراو چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون، ئەوەش زیاتر قوڕەكەی خەست كردووەتەوە ئەوەیە كەلەسەردەمی دۆناڵد ترامپ دا زیاتر بووەو ئەوانیش بۆ ئەوەی دەگەڕێننەوە كە ئەو پشتیوانی لە سپی پێستەكان دەكات و بەرگرییان لێدەكات.
جوولەكەكانی ئەمەریكا هەمیشە لەگەڵ دیمەكراتەكاندا بوون
بەدرێژای مێژووی هەلبژاردنەكانی ئەمەریكا زۆرینەی دەنگی یەهوودییەكانی نێو ئەمەریكا بۆ كۆمارییەكان نەچووەو بەردەوام لەگەل كاندیدی دیموكراتەكان بوون، زۆرترین دەنگیان بۆ كۆمارییەكان لە ساڵی 1980 بووە كە دراوە بە رۆناڵد ڕێگان و 39% بووە. ئەوەش بۆ ئەوە بووەكە بەربژێریی دیموكراتەكان جیمی كارتەر بە ترسەوە مامەڵەی لەگەڵ كێشەكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل كردووە لەو كاتەدا.
سامانی یەهودییەكان بۆ دیموكراتەكانە
ئەگەر چاوێك بەمێژووی پەیوەندییەكانی نێوان دیموكراتەكان و یەهودییەكاندا بخشێنینەوە، لەو ڕاستییە تێدەگەین كە كاردانەوەی تێگەیشتن و هەڵوێستی كۆمارییەكان بووە لەبەرامبەر كۆمەڵگەی یەهودییدا.

لەوانەیە یەكێك لە هۆكارەكان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە كۆمارییەكان ڕێگە بەوە نادەن كە هیچ یەهودییەك پۆستێك وەربگرێت. تەنانەت لەنێو سیستەمی كۆمارییەكاندا پۆستی ڕاوێژكارێك بە كەسێكی یەهودی نادرێت.
بۆیە لە سەردەستی كۆمارییەكاندا یەهودییەكان هەستیان بە ئارامی و ئاسایشی خۆیان نەكردووە، لەسەردەمی ترامپیشدا ئەو بابەتە نەك هەر كۆتایی نەهات بەڵكو زیادیكردووە.
گۆڕانگاری كۆمەڵگەی یەهودیی لە ئەمەریكا
لە مانگی ئابی2019 كۆمەڵێك لە دامەزراوە و گرووپە یەهودییەكانی ئەمەریكا-لایەنگران و پشتیوانانی داگیركاریی لە ئیسرائیل- ڕێكەوتنێكیان لەنێوخۆیاندا ئەنجامدا و تەنها یەك ئامانجیان هەبوو ئەویش خستن و پەراوێزخستنی دۆناڵدترامپ بوو، ئەوەش بووە هۆی گۆڕانكارییەكی گەورە لەنێو كۆمەڵگەی یەهودییدا بەتایبەتی نەوە تازەكانیان و ئازایانەتر هاتنە بوارەكەوە، لەبەر ئەوەی بەتەمەن و یەهودییە كلاسیكیەكان باوەڕیان بە ئارامی و تێكنەدانی كۆمەڵگەی ئەمەریكی هەبووە لەسەر بنەمای دین و ڕەگەز.
 دیارترین گروپ و دەستە یەهودییەكانی ئەمەریكا بریتین لە:
1-دەنگی یەهوودیەكان لە پێناوی ئاشتیدا(Jewish  Voices for Peace)
ئەم ڕێكخراوە لە 2009 دامەزراوە، گەورەترین ئامانجی ئەم ڕێكخراوە نەهێشتنی ناكۆكییەكانی نێوان ئیسلام و یەهودییەتە، ئەوان پێیان وایە دەبێت كۆتایی بە داگیركاری ئیسرائیلی بهێنرێت و چیتر زەوی فەلەستینیەكان داگیر نەكرێت و ماف دەدات بە ئاوارە فەلەستینیەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر موڵك و ماڵی خۆیان، تەنانەت پشتیوانیان لە كاندیدە عەرەبیەكان كردووە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەمەریكا، تەنانەت ئەوەندە بەرگرییان لەو بۆچوونەیان كردووە ژمارەیەك لە یەهودییەكان پێیان وایە دژایەتی سامیەكان دەكەن و لە بنەمادا لە دژی پرۆژەی یەهوودییەتن.
2-دەنگی یەهوودییەت (The Jewish Vote)

لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابوردوو لەشاری نیۆرك دەستیان بەكارەكانیان كردووە، ئەوان كاری سەرەكییان بۆ ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگەی یەهوودییەكانی ئەمەریكا بوو، دەستیان بۆ كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ بردووە لەوانەش هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس، هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی، مەرجی ئەوان ئەوەبوو ئەو كاندیدانە چەندە لەگەڵ پرۆژەكانی ئەواندان.
یەكێك لە بۆچوونە سەرەكییەكانیشیان ئەوەیە كە كۆتاتی بە داگیركاریی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی فەلەستین بهێنرێت، ئەم بزووتنەوەیە بە پێچەوانەی بۆچونەكانی ترامپ و پارتی كۆمارییەكانە، بۆچوونی ئەمان هاوتایە لەگەڵ ژمارەیەك لە ڕیكخراوەكانی تەندروستی و ژینگە پارێزو كۆمپانیا گەورەو لۆبییەكانی نێو ئەمەریكا.
3-..ڕێكخراوی (Bend the Arc)
 ئەم ڕێكخراوە بۆچوونی پێشكەوتوخوازانەیان هەیە، لەبارەی دیموكراتیەت و یەكسانی و دادگەریی كۆمەڵایەتیەوە، دوای ئەوەی ترامپ بووەتە سەرۆكی ئەمەریكا دامەزراوە، ئامانجی سەرەكییان ئەوەیە نەهێڵن ترامپ ببێتەوە بەسەرۆك، كاریش بۆ ئەوە دەكەن ئەوانەی بۆچوونی پێشكەوتووخوازانەیان هەیە پێگەو بەرپرسیارێتی گرنگ وەربگرن، گۆڕینی ئەو ئەندامانەی كۆنگرێس كە پشتیوانی لە بیروباوەڕەكانی ترامپ دەكەن بەتایبەتی لە بواری سەرخستنی نەژادیی و سپی پێستەكاندا.
لە چەند رۆژی داهاتوودا دەردەكەوێت كە ئاخۆ كام لەو دوو بۆچوونە سەركەوتوو دەبێت، بۆچوونی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل و لۆبیەكانی لە ئەمەریكا، یان كۆمەڵگەی ناڕازیی یەهودییەكانی ناوخۆی ئەمەریكا؟ یاخود ئەوەش یارییەكی دیكەیەو چەكوشێكی بەردەوام ئامادەی یەهوودیەكانە بۆ ئەوەی هەردوو پارتە سەرەكییەكەی ئەمەریكایان لەدەست دەرنەچێت و بەردەوام تاڵە موویەكیان بەدەستەوە هەبێت.