ڕاپۆرتی جیهانی

04:06 - 02/11/2020

جیهان لەبەردەم سندوقەكانی دەنگدانی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا‌

پەیسەر

چەند كاتژمێرێك ماوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، هەڵبژاردنێك هەندێك لە چاودێران پێیان وایە دەبێت زۆرینەی جیهان مافی دەنگدانیان هەبێت لەبەرئەوەی ئەو هەلبژاردنە پەیوەندی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی بە هەموو جیهانەوە هەیە، سەرۆكی ئەو وڵاتەو دیدگاكانی كاریگەرییان لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ناوخۆو دەرەوەی ئەمەریكاوە دەبێت و بە پێی جیهانبینی گشتی ئەمەریكاو پاشان سەرۆكەكان جارێكی دیكە پەیوەندییەكانیان دادەڕێژنەوە، هەندێك لەو سێكتەرانە بەرەو پێشەوە دەچن و بەشێكیشیان سەرەولێژ دەبنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵگریی رۆیتەرز چەند وێستگەیەكی گرنگ لەم هەڵبژاردنەی 2020 ی ئەمەریكادا هەیە كە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی جیایان دەكاتەوەو نموونەی لەپێش خۆیەوە نەبووە.

1-بێتاوانی ترامپ
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەمساڵ بۆ دۆناڵد ترامپ ساڵێكی باش بووە لەبەر ئەوەی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بێتاوانی سەلمێنرا لەو تاوانەی كە دیموكراتەكان دابوویانە پاڵی گوایە رووسەكان لە هەڵبژاردنی 2016 دا دەستوەردانیان كردووە، ئەوەش لە بەرژەوەندی ترامپ شكایەوە، بەڵام ئەم دۆخە هێندەی نەخایاند كە پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت كۆتایی بەو دۆخە دڵخۆشكەرەو هێناو درێژەی نەكێشا.

2-بایدن و بردنەوەی سەرەتایی
هەرچەندە دەنگەكانی بایدن بەرەو پێشەوە دەڕوات، لە ویلایەتی كارۆلاینا، بەڵام دەنگدانی بەڕەگەز ئەفەریقیەكان دۆخەكە دەگۆڕن و پێدەچێت لەبەرژەوەندی ترامپ بشكێتەوە، لەبەشێكی زۆری دەنگدانی پێشوەختەدا بایدن لە پێشەوەیەو لە هەندێك ناوچەشدا لە ترەمپەوە نزیكەو لە ژمارەیەك ویلایەتی دیكەشدا ترامپ براوەیە. .

3-ترامپ و ڤایرۆسی كۆرۆنا
هەرچەندە لە هەفتەكانی سەرەتای هاتنە پێشەوەی كۆرۆنادا ترامپ بەسووكی و گاڵتەجاڕییەوە سەیری نەخۆشییەكەی دەكرد، بەڵام لە ماوەیەكی زۆر كەمدا وەك بۆمبێك لەنێو ئەمەریكادا تەقییەوەو لەدەست دەرچوو،  بەجۆرێك خۆشی تووشی كۆرۆنا بوو، كەرەنتینەی گشتی ڕاگەیەنرا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریكیەكان بە نیگەرانییەوە لە هەڵوێستەكانی ترامپ بڕوانێت و كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكان دابنێت.

4-گاڵتەكردن بە كۆرۆنا
كاتێك پەتای كۆرۆنا لە 50 هەزار كەس نزیك بوویەوە ترامپ بە شێوەیەكی گاڵتە ئامێز باسی كوتانی كرد، بەڵام ئەوەندەی نەبرد كە پەشیمان بوویەوە لەو قسەی و گوتی گاڵتەم كرد، ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایەتییەكی توندی خەلك و تەنانەت كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشی هەلوەشاندەوە، لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە ئیدارەی كێشەی تەندروستی بدات.

5-ڕشتنی گازی فرمێسك ڕێژ 
لە مانگی حوزەیرانی 2020 دا ژمارەیەك لە خۆپیشاندەر لەبەردەم كۆشكی سپی كۆبوونەوە، بۆ دەربڕێنی ناڕەزایەتی لەبارەی كوشتنی جۆرج فلۆید (پیاوە ڕەش پێستەكە)، بەڵام پۆلیس بە پێشێلكاری یاسای ناوی هێنان و گازی فرمێسك ڕێژیان لەدژ بەكارهێنان، لە هەمان كاتدا میدیای ناڕازیی لە دەسەڵاتی ترامپ وا لێكیان دایەوە كە ڕەگەزپەرستی و لایەندارییبۆ سپی پێستەكان لای ترامپ لە چڵەپۆپەدایەو گوێ بە مان و مردنی ئەوانی دیكە نادات، هەر بۆیە توێژەران پێیان وایە لە ماوەی ئەو 7 مانگەدا لایەنگرانی سیاسەتی ترامپ كەمی كردووەو دەنگە خۆڵەمێشییەكەی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە بەرژەوەندی ترامپ نابێت.
6-سیناتۆرەكەی بایدن
هەڵبژاردنی ماكالا هاریس بۆ جێگرەوەی بایدن، كارێكی هەڕەمەكی و بێ بەرنامە نەبوو، بەڵكو بە هۆكارێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ سەركەوتنە چاوەڕوانكراوەكەی بایدن، لەبەر ئەوەی ئەوەی بە بایدن نەدەكرا هاریس ئەو كەلێنە پڕدەكاتەوە، لەبەر ئەوەی ڕوویەكی دڵخۆشكەری بەردەم دەنگدەرانی ئەمەریكایەو ئاسۆیەكی گەشی بەردەم بایدنە.

7-مردنی ژنە دادوەرەكە
لە 18 سێبتەمبەردا ژنە دادوەری ئەمەریكی (رۆس بادر گینسبۆرگ) بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد، مردنی ئەو ژنە دوو مانگ بەرلە هەڵبژاردنەكان، بۆ شوێنگرەوەی ئەو خانمە (ئامی كورنی باریت) لە شوێنەكەی دانرا، ئەوەش بووە نیگەرانی بەشێكی زۆری ئەمەریكیەكان و دڵخۆشی پارێزگارانی ئەو وڵاتە.لەبەر ئەوەی ئەو لەبارەی ژنان و ئازادی تاكە كەسی و لەباربردنی كۆرپەلەوە ڕای توندی هەیە. ئەو گۆڕانكارییەش لە زیانی ترامپ شكایەوە.

8-دیبەتی یەكەم
لە 29 سێبتەمبەردا یەكەم دیبەتی نێوان هەردوو كاندیدی سەرۆكایەتی بەڕیوەچوو، بەڵام دوا جار خاڵە بەهێز و لاوازەكان دیاری كران، بایدن لە پێشەوە بوو، ترامپ هێرشی توندی دەكردو تەنانەت دەستی بۆ ئەو بابەتە زۆر تایبەتانەش برد كە پەیوەندییان بە خێزان و منداڵەكانی بایدنەوە هەبوو ، چەند جارێك قسەی بە بەڕیوەبەری كۆڕ كریس والاس یش بڕی و پێی گوت: ئەڵێی دیبەیت لەگەڵ تۆدا دەكەم. چاودێران گوتیان ئەو دیبەیتە نیشانەی ئەوەیە كە ترامپ نەیتوانی بیباتەوە.

9-نەخۆش كەوتن
دووبارە كێشەی نەخۆش كەوتنی ترامپ لەبری ئەوەی ببێتە مادەیەكی بانگەشە بۆ ترامپ و خەڵك هەست و سۆزیان بەرامبەری بجوڵێت، تووش بوونی بە كۆڤید 19 لە رۆژی 2 ئۆكتۆبەری 2020 و چوونە نەخۆشخانەی و هاتنەوەی بووە هۆی ئەوەی نیگەرانی خەڵكی لێكەوتەوەو ترامپ بەوە تاوانباركرد كە بایەخی بە پەتای كۆرۆنا نەداوەو گاڵتەی بە ڕێككارە خۆپارێزییەكان كردووەو تەنانەت دەمامكی بەكار نەهێناوە.

10 – دوورخستنەوەی فاوچی
سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا بەرگرییەکی تووندی لە خۆی کرد لە بەرامبەر مردنی زیاتر لە 230 هەزار کەس بە کۆرۆنا و دەڵێت، دیموکراتەکان ئەم ئامارە وەکو چەکێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر هەڵبژاردن کۆتاییهات، ئەوان چیدی خەمی کۆرۆنایان نابێت. 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هانی لایەنگرانی داوە دروشم دژی ئەنتۆنی فاوچی بڵێنەوە، لایەنگرانی ترەمپیش هاواریان کرد "فاوچی لە کارەکەی دووربخەنەوە"، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی خەڵکدا گوتی، "سوپاس بۆ ئامۆژگارییەکەتان، بەڵام پەلە مەکەن تا هەڵبژاردن کۆتایی پێدێت".

تۆمەتەكانی نێوان هەردوو سەرۆك لە چ ئاستێكدایەو بەچ ئاڕاستەیەك دەنگدەری ئەمەریكی ئاڕاستە دەكات و وەڵامەكەی لە نێو سندووقی دەنگداندایە كە سبەینێ پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبێت و ئەنجامە سەرەتاییەكان دیاری دەدەن، ئەوەی دەمێنێتەوە سەرۆكایەتی نوێی ئەمەریكایە بۆ 4 ساڵی دیكەو جیهان لەبەردەم تێڕوانینەكانی دیموكراسی و كۆمارییەكاندا بەرەو كۆێ مل دەنێت..