ڕاپۆرتی جیهانی

04:49 - 04/11/2020

ئەو دوو ژنەی دەیانەوێت چوار ساڵی داهاتوو خانمی یەکەمی ئەمریکا بن‌

پەیسەر

ئەمریکا و جیهان سەرنجیان خستووەتە سەر دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، هەموان بە پەرۆشن کامیان سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکایە، لەم کاتەدا بەشێک لە میدیاکان گرنگی بە هاوسەری ترەمپ و بایدن دەدەن، میلانیا ترەمپ و جیلی بایدن، دوو ژن کە هەریەکەیان دەخوازێت ئەو خانمی یەکەمی وڵات و کۆشکی سپی بێت.

یەکێک لەو شتانەی دەنگدەرە کلاسیکییەکانی ئەمریکا گرنگیی پێدەدەن هاوسەری کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیانە، گرنگی بە لێدوانەکانیان، هەڵوێستەکانیان و تەنانەت شێوازی جلوبەرگ پۆشین و دەرکەوتنەکانیشیان دەدەن.

میلانیا ترەمپ؛ بەهێز و سەربەخۆ
میلانیا ترەمپ کە پشتیوانێکی بەهێزی ترەمپە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ترەمپدا بە کەمیی دەرکەوت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوە بوو کە وەک هاوسەرەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی هەفتەیەک پێش هەڵبژاردن بە تەنیا ئەنجامدا، لە کۆتایی هەفتەی رابردووش کۆبوونەوەیەکی دیکەی بۆ پشتیوانی هاوسەرەکەی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەی بانگەشەی ٢٧ی تشرینی یەکەم میلانیا وتی، "لەگەڵ بەردەوامیدان بەم رێگایە نیم کە ترەمپ لەبارەی رووداوەکانەوە هەیەتی، بەڵام دۆناڵد جەنگاوەرە، ئەم وڵاتەی خۆشدەوێت و هەموو رۆژێک لەپێناو ئێوەدا لە جەنگدایە."

لە دەرکەوتن و لێدوانێکی دەگمەندا لە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە فلۆریدا، میلانیا لە تەنیشتی ترەمپدا قسەی کرد و وتی، "دەنگدان بە سەرۆک ترەمپ دەنگدانە بە ئەمریکایەکی باشتر."

بەم جۆرە ئەو کاتانەی ترەمپ پێویستی بە هێزە، هاوسەرەکەی ئامادەیە لە تەنیشتی دەبێت.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی میلانیا ئاڵۆزیی، نهێنیی ئامێزیی و خۆپارێزییەکەیەتی، لە ساڵی ٢٠١٦شەوە کە هاوسەرەکەی بووە بە سەرۆکی ئەمریکا، دوو دڵ بووە لە خۆدەرخستنی وەک خانمی یەکەمی وڵات.

ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوا میلانیا دەبێت بە یەکەم ژنی بیانیی لە دوو سەدەی رابردوودا ماوەی هەشت ساڵ لە کۆشکی سپیدا بووبێت و خانمی یەکەمی وڵات بێت.

میلانیا ترەمپ لە ٢٦ی نیسانی ١٩٧٠ لە شاری (Novo Mesto)ی سلۆڤینیا لەدایکبووە، ساڵی ٢٠٠٥ هاوسەرگیری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کردووە و منداڵێکیان هەیە بە ناوی (Barron Trump).

دوای چەند ساڵێک میلانیا لە سلۆڤینیاوە روو لە شاری میلانی ئیتاڵیا دەکات و دواتریش دەچێتە شاری پاریس، ئەمەش بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە کارەکەی وەک نمایشکاری جلوبەرگ. دوای ماوەیەک و لە ساڵی ١٩٩٦ روو لە ئەمریکا دەکات، دوای دوو ساڵ لە ناسینی ترەمپ هاوسەرگیریی دەکەن.

میلانیا سەرمایەدارە و سەرپەرشتی کۆمپانیای تایبەت بە جوانکاریی، پێست و کۆمپانیای خشڵ دەکات.

سەرەڕای مشتومڕەکان لەسەر رۆڵی وەک هاوسەری سەرۆک، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، میلانیا سەلماندی وەک خانمی یەکەمی وڵات خاوەن پێگەیەکی گەورەی جەماوەرییە.

کایت بینیت رۆژنامەنووس لە تۆڕی سی ئێن ئێن دەڵێت، میلانیا خاوەن هێزێکی زۆرە و کاریگەری لەسەر هاوسەرەکەی هەیە، میدیاکانیش هەمیشە بە گرنگییەوە باس لە بەهێزیی و سەربەخۆیی خانمی یەکەمی ئەمریکا دەکەن.

جیل بایدن
دووەم خانمی ئەمریکایە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باراک ئۆباما، کەسێکە کاریگەری لەسەر  ئەو دەنگدەرانە هەیە کە خۆیان یەکلانەکردووەتەوە تاکو کاتی هەڵبژاردن، کاریگەریشی لەسەر بەشێک لە توێژە دیارەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکی هەیە.

ماوەی چەند مانگێکە جیل لەگەڵ بایدندا بە شارەکانی ئەمریکادا گەڕا و هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین پشتیوانی بۆ هاوسەرەکەی دا، لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا هەوڵی دەدا ئەو پەیامە بگەیەنێت کە بایدن دەتوانێت لایەنە دابەشبووەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکی یەکبخات.

بەپێچەوانەی جۆ بایدن کە لە کاتێکی درەنگدا دەستی بە گەڕان کرد بە وڵاتدا، جیل چەند مانگێک پێشتر بە ویلایەتەکاندا دەگەڕا و هەوڵی دەدا پشتیوانی بۆ هاوسەرەکەی کۆبکاتەوە.

جیل لە کۆبوونەوەکاندا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکرد (لایەنگری حزبی دیموکرات بن یان کۆماری) هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ یەکڕیزیی، تێپەڕاندنی دابەشبوونە سیاسییەکان، زاڵبوون بەسەر کۆرۆنا و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری.

جیل بایدن، بەردەوام هەوڵی داوە جەخت بخاتە سەر گواستنەوەی وێنە مرۆییەکەی بایدنی هاوسەری، بۆ ئەمەش باس لەوە دەکات، کە بایدن دوای چەند رۆژێکی کەم لە مردنی کوڕەکەی بە شێرپەنجە لە ٢٠١٥، چۆن توانیویەتی بگەرێتەوە بۆ کۆشکی سپی و دەست بە راپەڕاندنی کارەکانی بکاتەوە.

جیل بەم جۆرە باسی هاوسەرەکەی دەکات، ئەو دەزانێت چۆن خێزانەکەی بە باشی بەڕێوە ببات، بە هەمان شێوە وڵاتەکەشی، ئەمەش لە رێگەی خۆشەویستی، سۆز پیشاندان، ئازایەتیی و هیوایەک کە دەمێنێتەوە.

جۆ بایدن لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت، ئەو کاتەی هانتز و بوی کوڕی منداڵ بوون، داوایان لێکردووە هاوسەرگیری لەگەڵ جیل بکات.

جیل لە ٣ی حوزەیرانی ١٩٥١ لە (Hammonton)ی سەر بە ویلایەتی (New Jersey) لەدایکبووە و منداڵێکی هەیە بە ناوی (Ashley Biden) و تەمەنی ٣٩ ساڵە.

بایدن ساڵی ١٩٧٧ و دوای پێنج ساڵ لە مردنی هاوسەرەکەی و منداڵەکەی لە رووداوێکی ئۆتۆمبێلدا، هاوسەرگیریی لەگەڵ جیل ئەنجامدا.

جیل ساڵی ١٩٨١ کاتێک ئاشلی کچی لەدایک دەبێت، ئیش و کارەکانی رادەگرێت، بەڵام دواتر دەستی بە کار و خوێندن کردەوە و توانی بڕوانامەی دکتۆرا لە پەروەردە بەدەستبهێنێت.

لە ئێستادا جیل لە زانکۆیەکی باکوری ڤێرجینا لە نزیک واشنتن وانە دەڵیتەوە، خواستی ئەوەیە بەردەوام بێت لە ئەرکی مامۆستایەتیی زانکۆ، تەنانەت ئەگەر هاوسەرەکەشی ببێت بە سەرۆک.