ڕاپۆرتی جیهانی

12:28 - 06/11/2020

ئەمریکا چۆن دەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بپارێزێت؟‌

پەیسەر

ئەمریکا چەند دەیەیەکە هێزی یەکەم و گەورەی جیهانە، هەژموونی بەسەر بەشێکی زۆری جیهاندا هەیە و هێز و بنکەی سەربازیشی لە ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهاندا هەیە، ئەمەش وەهای کردووە گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە کاریگەرییان لەسەر هەموو جیهان هەبێت، بەڵام لە ئێستادا بابەتی گەرم باسکردنە لە کەمبوونەوەی هەژموونی واشنتن بەسەر جیهاندا.

جۆرج فریدمان نووسەری ناسراوی ئەمریکا، دامەزرێنەری دامەزراوەی ستارتفۆرد و شارەزای بواری سیاسی و ستراتیژی لە وتارێکیدا بۆ پێگەی (geopoliticalfutures) بە ناوی (چی بەسەر سەرکردایەتیی ئەمریکادا هاتووە؟) دەڵێت، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنفرانسەکان بەهۆی بەرنامەکانی «Zoom» و«Webex» ئەنجامدراون، ئامادەی بەشێک لەو کۆنفرانسانە بووە، گرنگترین پرسیاری ناو ئەم کۆنفرانسانە کە بەردەوام دووبارە بووەتەوە ئەوە بووە، چی بەسەر سەرکردایەتی ئەمریکادا هاتووە؟

لێرەوە فریدمان دەچێتە سەر بابەتێکی دیکە، ئەویش گۆشەگیربوون و دوورکەوتنەوەی ئەمریکایە لە جیهان، بەڵام گۆشەگیربوون بۆ ئەمریکا بابەتێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە.

فریدمان چەمکی گەڕانە دواوە و خۆگۆشەگیرکردن بۆ ئەمریکا بە شتێکی سەیر دەزانێت، ئەو دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە نێوان هەردوو جەنگە گەورەکەی جیهاندا دەیەویست خۆی لە جەنگەکان لە ئەورووپا بپارێزێت، بەڵام هەرگیز خۆی گۆشەگیر نەکردوە و خۆی دوورنەخستووەتەوە، هەر بۆیە دواتر گەڕایەوە ناو جەنگەکە بۆ ئەوەی رێگر بێت لەوەی ئەڵمانیا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

ئەمریکا پێی وابوو ئەمە دوا جەنگە، لە کاتێکدا ئەورووپا وەک بەشێک لە ئاگربەست سەیریان دەکرد، ئەمریکا نەیدەویست بخرێتەوە ناو حەمامی خوێنی ئەورووپا.

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هەوڵی دوورکەوتنەوەی دەدا لە ئەورووپا، لە هەمان کاتدا گرنگی بە کیشوەری ئاسیا دەدا و لە ئاسیاییەکان نزیکدەبووەوە.

لەم چوارچێوەیەدا بە پشتگیریکردنی چین و پێدانی هێز بە پەکین، رێگری کرد لە داگیرکردنی مەنشوریا لەلایەن ژاپۆنەوە، هاریکاریی و هاوبەشیی لەگەڵ فلیپین کرد و پارێزگاریشی لە هێزێکی گەورەی دەریایی کرد لە هاوای.

ئەورووپییەکان پێیان وابوو شکستی ئەمریکا لە ئامادەیی لە ئەورووپا بە مانای گۆشەگیربوون دێت و ئامادەییەکەشی لە ئەورووپا گرنگیی نییە. واشنتن پێی وابوو کاریگەریی نییە لە ئەورووپا و فراوانبوونی ئامادەییەکەشی و هەژموونەکەی لە مەترسیدایە، بۆیە ئامادەییەکەی لەم کیشوەرەدا کەمکردەوە، نەشیدەویست جەنگێکی دیکەی وەک جەنگی یەکەمی جیهانیی دووبارەببێتتەوە، بەڵام دوای ئەوەی هیتلەر جەنگی لە دژی ئەمریکا راگەیاند، واشنتن هاتەوە ناو جەنگی جیهانیی دووەم.

ئەگەر ئەمریکا ئەم کارەی نەکردایە، دیار نەبوو دەبوایە چی بکات و چی پێویست بوو بیکات، بەڵام خۆپارێزییەکانی لەوەی نەچێتە ناو جەنگەکانی ئەورووپاوە بڕیارێکی عەقڵانی و بەرپرسیارانە بوو.

ئەمریکا کە هەوڵی خۆپارێزیی دەدا و نەیدەویست بچێتە ناو  جەنگە گەورەکانەوە، بە راگەیاندنی شەڕ لەلایەن هیتلەرە لە دژی، هاتەپێشەوە و سەرکردایەتیی دۆخەکەی کرد. واشنتن ناچار بوو لە زەریای هێمن دژایەتیی ژاپۆن بکات و لە زەریای ئەتڵەسیش دژایەتیی هیتلەر بکات، ئەم شەڕانەشی ناچاری بوو نەک بەمەبەست، بەهۆی هێزەکەشیەوە بوو بە ئەکتەر و هێزی سەرەکی لە هەردوو ناوچەکەدا.

ئەمریکا دوای جەنگی دووەمی جیهانیی تێگەیشت بەبێ بوون و ئامادەیی لە ئەرووپا، یەکێتی سۆڤییەت دەست بەسەر کیشوەرەکەدا دەگرێت، واتە نەبوونی ئەمریکا لە ئەورووپا، بە مانای هەبوون و بەهێزبوونی یەکێتی سۆڤییەت دەهات، ئەمەش هەژموون و کۆنترۆڵیی ئەمریکای لە زەریای ئەتڵەسیی دەخستە بەر مەترسیی، هەر بۆیە بڕیاریدا لە ئەورووپا بمێنێتەوە.

لێرەوە ئەمریکا دەستی بە ناردنی هێز کرد بۆ ئەورووپا، بەشداربوو لە رێکخستنەوەی ئابووری ئەڵمانیا و دووبارە لەسەرپێ وەستانەوە. گرنگتریش لەوە لێرەوە ئەمریکا ئامادەیی خۆی زیاتر کرد و هەژموونەکەی پەرەپێدا.
بە درێژایی ئەم ماوەیەئەمریکا ئامادەیی دیار و بەرچاویی هەبوو لە زەریای ئارام؛ چووە شەڕی گەورە و گرانەوە لەگەڵ ڤێتنام و کۆریا و لەم جەنگانەشدا نزیکەی ١٠٠ هەزار سەربازیی کوژرا، لە رێگەی هاوپەیمانەکانیشییەوە توانی رێگر بێت لەوەی ئەرووپا و ئاسیا بکەونە دەست دوژمنەکانی، واتە لێرەدا گرنگترین کار کردبێتیی بەرگرییکردن بووە لە ئامادەیی و هەژموونەکەی لەم دوو کیشوەرەدا.

داڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت و پێشکەوتنی چین دوای مردنی ماو تسی تۆنگ، دۆخێکی نوێی هێنایە ئارا، ئەورووپییەکان بەبێ ئەمریکا چوونە ناو هاوپەیمانییەتی ماستریخت، ئەمەش وای کرد ئیتر ئەرووپییەکان بە سەربەخۆیی و ئازادییەوە سیاسەتی خۆیان دیاری بکەن. بەم جۆرە سەرەتای کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا بەدەرکەوت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەر هێزی یەکەم بوو، چونکە ئەورووپا کە دەیەویست ئابوورییەکەی گەشەپێبدات کەمتر دەیپەرژایە سەر زیادکردنی هێزە سەربازییەکەیی و ناتۆش لاوازیی پێوەر دیار بوو.

لە ئێستادا ئەمریکا هەوڵی زیادکردنی هەژموونی دەریایی خۆی دەدات لە ئاوەکانی چیندا، بۆ ئەمەش خاوەن هاوپەیمانی بەهێزی وەک ژاپۆن، کۆریای باشور، تایوان، سەنگاپورە و ئوسترالیایە، هەندێک بە فەرمی هاوپەیمانن و هەندێکیشیان بە نزیکەیی هاوپەیمانن.

لەگەڵ ئەوەی ئەندەنوزیا، هندستان و ڤێتنام بە رەسمیی بەشدار نین لەم سیاسەتەی ئەمریکادا، بەڵام بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لەم ناوچەیەدا، ئەمەش وای کردووە هەژموونەکەی ئەمریکا لە ئەلوشیانەوە بۆ زەریای هندی درێژ ببێتەوە.

نووسەر پێی وایە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وا دەخوازێت کە گرنگی زیاتر بە زەریای ئارام بدات، وەک ئەوەی لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەم کردی.

پێویستە سەرکردایەتیی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە بەرژەوەندیییە گەورەکانی دەکەونە کوێوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرژەوەندیی هەمەلایەنی لە کیشوەری ئاسیا هەیە و هەڕەشەی روسیا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەرووپادا لاوازە، بەڵام ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە پلانێکی وردی پێشوەختەی لەو وڵاتانەدا داناوە کە دەکەونە سنوری پلانەکانی روسیاوە.

لێرەوە فریدمان دەڵێت، ئەمریکا گۆشەگیر نابێت و ئەمە روونادات، بەڵام رێگەشی پێنادرێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بەسەر کێشەکانی ئەورووپادا بدات، ئەورووپییەکان کاتێکی زۆریان بەرێکرد لە دەستوەردانە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەم سەردەمە کۆتایی هات، دەکرێت هاوپەیمانییەتییەکان وەک خۆیان بمێننەوە، کۆبوونەوەکان وەک خۆیان بەردەوام بن و راگەیەندراوی هاوبەشیش دەربکرێن، بەڵام ئەو مێژووە کۆتایی هات، مێژووی تاکە هەژموونی ئەمریکا.