ڕاپۆرتی جیهانی

02:58 - 07/11/2020

هەڵوێستی دۆست و دوژمنەکانی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژارنە سەرۆکایەتییەکەوە‌

پەیسەر

دۆست و دوژمنەکانی ئەمریکا بە وردییەوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە دەڕوانن و چاودێری ئەنجامەکەی دەکەن، لەگەڵ ئەوەی هەر وڵاتێک یەکێک لە کاندیدەکان بە دۆستی خۆی دەزانێت و ئاوات دەخوازێت سەربکەوێت، بەڵام تاکو ئاستێکی زۆر هەوڵ دەدەن هیچ لێدوانێک نەدەن ئاماژە بێت بە خۆیەکلاکردنەوەیان لەسەر کاندیدەکان.

ئێران؛ بێباکیی بەرامبەر هەڵبژاردنەکان
ئێرانییەکان ئەزموونێکی قورس و بە ئازریان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا هەیە، ئێران لە چوار ساڵی فەرمانڕەوایی ترەمپدا بە سەخترین دۆخی ئابووری و داراییدا تێپەڕین و بە تەواوی گۆشەگیر کران، بۆیە بە ئاواتن شکستی ئەم رکابەرە سەرسەختەیان ببینن و بایدن سەربکەوێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێران دان بەم راستییەدا نانێت و عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە تویتێکدا هەڵبژاردنەکە بە نمایش ناو دەبات و دەنووسێت، "هەی لەم نمایشە، یەکێکیان دەڵێت لە مێژووی ئەمریکادا زۆرترین ساختەکاری لەم هەڵبژاردنەدا کراوە، کێش وا ئەڵێت؟ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، بەرامبەرەکەشی دەڵێت ترەمپ ویستویەتی ساختەکاری بکات لە هەڵبژاردنەکەدا، ئەمەیە هەڵبژاردن و دیموکراسییەتەکەی ئەمریکا.

سەبارەت بەوەی سەرکەوتنی کامیان گرنگە بۆ تاران خامنەیی دەڵیت، "بۆ ئێران گرنگ نییە کێ لە هەڵبژاردنەکەدا سەردەکەوێت، هەرکێ ببێت بە سەرۆک، ئێران بەردەوام دەبێت لە سیاسەتەکانی خۆی. سیسەتەکەمان راستە بەرامبەر ئەمریکا، گۆڕینی سەرۆکەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر سیاسەتەکەمان نابێت."

سعودیە؛ ترس لە کۆتایی ترەمپ
لەو کاتەوەی ترەمپ هاتووەتە سەر دەسەڵات تا ئاستێکی زۆر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودییەدا هەبووە، بۆیە خواستیان ئەوەیە ترەمپ سەرۆکایەتیی بباتەوە، چونکە ترسی گەورەیان لە چوار ساڵی فەرمانڕەوایی جۆ بایدن هەیە و بە نیگەرانییەوە لە ئەنجامەکان دەڕوانن.

بەشێک لە میدیاکانی سعودییە هەوڵی زۆریان دا تاکو کاریگەری لەسەر عەرەبی دانیشتووی ئەمریکا دروستبکەن بەوەی دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ بدەن و سەریبخەن.

دۆناڵد ترەمپ دوای بوون بە سەرۆک، یەکەم وڵات سەردانی کرد سعودیە بوو، دواتریش چەند گرێبەستێکی بە بڕی ٤٦٠ ملیار دۆلار لەگەڵ ریاز واژۆ کرد، لە دۆسیەی خاشقچی هاوکاری بین سەلمانی کرد بۆ رزگاربوون، هەموو ئەمانە وا دەکەن ترەمپ کاندیدی دڵخوازی فەرمانڕەوایەتیی سعودیە بێت.

فەڕەنسا
کۆتایی هەفتەی رابردوو جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا و ئەورووپا پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان خۆیان دابمەزرێنن، ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا هەرچۆن بێت.

لۆدریان رەتیکردەوە خۆیان لەنێوان دوو کاندیدەکەدا یەکلابکەنەوە و وتی، هەڵبژاردنی سەرۆک دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکا، دواتر لەگەڵ سەرۆک و حکومەتی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا مامەڵە دەکەن.

دووپاتیشیکردەوە، ئەورووپا لە چوار ساڵی رابردوودا سەربەخۆیی لە ئاسایشیدا سەلماندووە و لە رووی ستراتیژیشەوە سەربەخۆ بووە. ئەم لێدوانەش پەیامی فەڕەنسییەکانە بۆ سەرۆکی داهاتوو کە فەڕەنسا و ئەورووپا وەک جاران بەستراوەی ئەمریکا نین.

مۆسکۆ و واشنتن
چوار ساڵی رابردوو ماوەیەکی گرنگ بووە لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن، سەرەڕای هەموو گرفتەکان ترەمپ  بۆ روسەکان سەرۆکێکی گرنگ و باش بووە.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاندووە، ترەمپ چەندین جار باسی لە باشکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کردووە، مۆسکۆ رێز لەم هەڵوێستە دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتەکەی لەگەڵ هەر سەرۆکێکدا مامەڵە دەکات کە گەلی ئەمریکا هەڵیببژێرن.

وتیشی، هاوڵاتیانی ئەمریکا بڕیار دەدەن کێ ببێت بە سەرۆکی وڵاتەکەیان، ئەوان لە دەرەوە دەستوەردان ناکەن و تەنها چاودێری دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوە کرد، کە جۆ بایدن بە رەق و دوژمنکارانەوە باسی وڵاتەکەی کردووە.

ئیسرائیل و ئەمریکا
ئیسرائیل تاکو ئێستا خۆی پاراستووە لەوەی هیچ لێدوانێکی لایەنگرانە لەسەر کاندیدانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بدات.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بینامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رێنماییەکی تایبەتی دەکردووە بۆ وەزیرەکانی کابینەکەی تاکو رێگربێت لەوەی لێدوان لەبارەی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا و کاندیدەکانەوە بدەن.

بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن ئیسرائیلییەکان کێشەیان لەگەڵ جۆ بایدن نییە و پێیان وایە پشتگیری تەلئەبیب دەکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بە باشتر دەزانن، لەگەڵ ئەوەەشدا بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە ترەمپ بێهیوا بووە لە نەتەنیاهو لەوەی کە بە ئاشکرا پشتگیریی بکات.

بەریتانیا و ئەمریکا
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا دەڵێت، متمانەی تەواوی بە سیستمی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە، هیچ شتێکیش لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان ناڵێت و بێلایەن دەبێت.

جۆنسن سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات، بەردەوام زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کار دەکات و لە ئایندەشداهەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، بۆیە گرنگ نییە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە چی دەبێت.

جەختیشی کردەوە، "دیسان دووبارەی دەکەمەوە، پێموایە نابێت چاوەڕێ بکەین سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی لەم قۆناغەدا لێدوان لەسەر پڕۆسەی دیموکراسیی وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆی بدات. ئەوە ئەو کارەیە کە نابێت بیکەین".

لەگەڵ ئەوەی لەندەن خۆپارێزی دەکات لە خۆیەکلاکردنەوەی لەنێوان کاندیدەکاندا بەڵام نیکۆلا ستێرجن سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا بەم جۆرە خۆشحاڵی خۆی بە نزیکبوونەوەی سەرکەوتنی بایدن دەربڕی و وتی "رەنگە جیهان تاوەکو ئێستا شوێنێکی تاریک بووبێت، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین هەورەکان درزێکی بچووکیان تێدەکەوێت."