ڕاپۆرتی جیهانی

01:37 - 08/11/2020

جۆ بایدن؛ لە چینی ناوەندەوە بەرەو کۆشکی سپی‌

پەیسەر

لە کۆتایدا جۆ بایدنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، دوای چەند ڕۆژ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەم وڵاتە لەلایەن راگەیاندنەکانەوە  بەگوێرەی ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان  وەک براوەی هەڵبژاردن و بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاریکرا.
ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستا، هێشتا دانی بە شکستدا نەناوە و خۆی بە براوە دادەنێت و ڕێگەی یاسای گرتۆتە بەر، بەڵام بایدن لەلایەن سەرۆکی زۆرێک لە وڵاتانەوە وەک سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا پیرۆزبای لێکرا.

 
جۆ بایدن کێیە؟
جۆزیف رۆبینت بایدن لەدایکبووی 20 ئەیلولی 1942، لە سکرانتنی  ویلایەتی پەنسلڤانیا  و شارۆچکەی نیوکاسڵی دێلەوا گەورە بووە. لە زانکۆی دێلەوا خوێندوێتی  و پاشان  بڕوانامەی یاسای لە زانکۆی سیراکیوس بەدەستهێناوە. لە ساڵی 1969 بووە بە پارێزەر و لە ساڵی 1970 وەک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی نیوکاسڵ هەڵبژێردرا. بایدن بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1972 وەک سیناتۆری ئەمریکی لە دێلەوا هەڵبژیردرا و بوو بە شەشەمین سیناتۆری گەنجی مێژووی ئەمریکا. لە 1973 تا 2009، بۆ ماوەی 36 ساڵ  سیناتۆری ویلایەتی دێلەوا بووە.

بایدن لە ساڵی 1987 تا 1995 سەرۆکی لیژنەی یاسای بووە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا.
لە ساڵی 2009 تا 2017 لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، چل و حەوتەمین جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.

لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی 2020 دا، کاندیدی دیموکراتەکان بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا و  بە براوەی هەڵبژاردنەکان دادەنرێت لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە، بەگوێرەی ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان، گەر ببێتە سەرۆک ئەوا چل و شەشەمین سەرۆکی ئەم وڵاتە دەبێت.

تراژیدیای خێزانی بایدن
جۆ بایدن ئەزمونێکی دەردەداری لە ژیانی خێزانیدا هەبووە. لە ساڵی 1972 دا، ماوەیەکی کەم پاش بوون بە سیناتۆری ، هاوسەری یەکەمی نیلیا و کچە بچووکەکەی نیۆمی لە ڕوداوێکی هاتووچۆدا لەدەستدا. بایدن لە ژوری نەخۆشخانەدا وەک سیناتۆر سوێندی خوارد، لە تەنیشت دوو کورەکەی، هانتەر و بو،کە لەم ڕوداوەدا بە زیندوێتی مابوونەوە.

لە ساڵی 2015 دا، "بو"ی کوڕی لە تەمەنی 46 ساڵیدا بەهۆی سەرەتانی مێشکەوە گیانی لەدەستدا.

 ژنان؛ بایدن تۆمەتبار دەکەن
دوای بەشداریکردنی لە رکابەریەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی 2020، زۆر ژن تۆمەتباریان کرد، بە شێوەیەکی نەشیاو دەستی لێداون.

هەندێک لەم تۆمەتانەش بە شێوەی ڤیدیۆی بڵاوکرایەوە.

ئۆباما و بایدن
جۆ باید، لە ساڵی 2008 دا وەک کاندیدی حزبی دیموکراتەکان دەستی بەچالاکی کرد، بەڵام دواتر لە کاندیدی کشایەوە و چووە ناو تیمەکەی ئۆباماوە.
ئۆباما؛ بایدنی "بە باشترین جێگری سەرۆک، تا ئێستا ئەمریکا هەیبووبێت" ناودەبات.

بایدن بە هۆی ئەزمونە سیاسیە زۆرەکەیەوە وەک پڕکەرەوەی کەلێنی کەم ئەزموونی ئۆباما دادەنرا لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، چونکە کەسێکی سەر بەچینی ناوەندیش بوو، دەنگی سپی پێستەکانی چینی کرێکاری ئەمریکای بۆ ئۆباما کۆکردەوە.

یەکەمین خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکی ئەمریکا
لە ساڵی 1988، بۆ یەکەمین جار هاتە مەیدانی ڕکابەرایەتیکردنەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام کاتێک تۆمەتبار کرا، وتارێکی کۆپی وتەکانی نێڵ کیناکی ڕابەری ئەوکاتی حزبی کرێکارانی بەریتانیا بووە،

دانی نا بەم تۆمەتەیەدا و لە هەڵبژاردن کشایەوە.

بایدن و ترەمپ
جۆ بایدن وەک کاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی 2020، بەرامبەر نەیارە کۆمارییەکەی، جگە لە دوو دیبەیتی هەڵبژاردن و رەخنە گرتن لە یەکتری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، زۆر جار ڕووبەڕووبوونەوەکانیان پێکەوە سنوری رەخنەی تێپەراندوە و چۆتە بازنەی جنێودانی کەسیەوە. ترەمپ لە تویتەر و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، بایدنی بە "بایدنی خەواڵو" و "جۆی خۆدەرنەخەر" ناودەبرد.

بایدن، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی بە لایەنگرەکانی داوە، ئەگەر ببێتە سەرۆک ئەوا هەر لەیەکەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە دەستدەکات بە پوچەڵکردنەوەی سیاسەت و بڕیارەکانی ترەمپ وەک ڕێگریەکانی گەشتکردن بۆ ئەمریکا، داواکار مافی پەنابەرێتی، چاودێری حکومەت بۆ پارێزگاری لە منداڵە نایاسایەکانی ناو ئەمریکا" ئەو منداڵانەی بەشیوەیەکی نایاسای هێنراونەتە ئەمریکا و لەم وڵاتە ماونەتەوە، لە ماوەی سەرۆکایەتی ئۆبامادا نیشتەجێبوونی کاتیان پێدەدرا".

دواین ئاڵانگاری بایدن
لە ئێستادا، بایدن لەبەردەم دواین ئاڵانگاری وێستگەی سیاسی خۆیدا. ترەمپ دانی بە شکستی هەڵبژارنەکاندا نەناوە و بایدن و دیموکراتەکانی بە خیانەتکار و ساختەکار تۆمەتبارکردوە، بانگەشەی ئەوە دەکات لە ڕێگەی یاساوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئەگەر دادگای باڵای ئەمریکا، سکاڵاکان لە بەرژەوەندی ترەمپدا یەکلای بکاتەوە، ئەوا نەک تەنها بایدن، سەرانی دیموکراتەکانیش بە تۆمەتی ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگی خەڵک ڕاپێچی بەردەم یاسدا دەکرێن، گەر ترەمپ نەشیتوانی تۆمەتەکانی بسەلمێنێت، ئەوا جۆ بایدن دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا و نەریتی 8 ساڵ مانەوەی سەرۆکە دیموکرات و کۆمارییەکانی پێشوو دەشکێنێت.