ڕاپۆرتی جیهانی

03:37 - 09/11/2020

گۆڕانی پەیوەندی وڵاتان لەگەڵ ئەمریکا لە سەردەمی بایدندا‌

پەیسەر

لەماوەی چوار ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ دنیادا بەتەواوی گۆڕا. دیاریکردنی بایدن وەک براوەی هەڵبژاردن بە گوێرەی جیاکردنەوەی ئەنجامی دەنگەکان و سەرکەوتنەکەی لە دنیادا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە ئەگەری بوون بەسەرۆکی بایدندا، چی لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دنیا دەگۆڕدرێت؟

چین
سەرکەوتنی بایدن ئاڵانگاریەکی ترە بۆ دەسەڵاتی چین.
لەسەردەمی  چوارساڵ پێشوی ترەمپدا، چین ڕووبەڕووی جەنگی بازرگانی و زنجیرەیەک سزا بوویەوە لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها ترەمپ ئەم وڵاتەی بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەقەڵەمدا و ڤایرۆسەکەی بە "ڤایرۆسی چینی" ناوبرد.

لە ئەگەری بوون بە سەرۆکی بایدندا، ڕەنگە چین ببێتەوە بە یەکێک لە جەمسەرە بەهێزەکان لەدنیادا، ئەمەش دوای ئەوەی بایدن بەڵێنیدا بە هاوپەیمانیەتیەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتاندا بچێتەوە، رەنگە چین بیەوێت بە سودوەرگرتن لە خواستی هاوکاری بایدن لە بابەتێکی گرنگی وەک گۆڕانی هەرێمیدا، جێپێی خۆی زیاتر جێگیر بکات.

هندستان
بنەچە هندیەکەی کامالا هاریس مایەی شانازی خەڵکی ئەم وڵاتەیە، کاندیدکردنی بووە هۆی خۆشی و شادی لە بەشیکی زۆری ئەم وڵاتە بەوەی کچی ژنێکی هندی کاندیدی دووەمین دەسەڵاتی کۆشکی سپیە، بەڵام بە گرتنە دەسەڵاتی کورسی سەرۆکایەتی لەلایەن بایدنەوە، ڕەنگە حکومەتی ئێستای هند پەیوەندیە گەرموگوڕەکەی لەگەڵ بایدندا وەک ترەمپ نەبێت.

بەگوێرەی پێگەی هندستان و پەیوەندی درێژخایەنی لەگەڵ ئەمریکا، چاوەڕوان ناکرێت تەواوی ئەم پەیوەندیە گۆرانکاری بەسەردا بێت. بەتایبەت ئەم وڵاتە زۆرترین دانیشتوانی هەیە لە باشوری ئاسیا و هاوپەیمانێکی کلیلیە بۆ ئەمریکا لە جێگرتنەوەی چین لەناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

ترەمپ خۆی لە رەخنەگرتن لە سیاسەتی ناوخۆی هندستان بەدورگرت، سیاسەتێک زۆرێک بە جیاکاری لەگەڵ مسوڵمانانی ئەم وڵاتە پێناسەیان کرد، بەڵام بایدن بە ڕاشکاوانەتر لەم بارەوە دواو. کەمپینی بایدن داوای زیندوکردنەوەی مافی هەموو خەڵکی کشمیری دەکرد.

دوو کۆریاکە
کۆریای باکور جارێک بایدنی بە "سەگی هار"ناوبرد بوو، رەنگە  بەلای کیم جۆنگ یۆنگەوە مانەوەی ترەمپ بۆ چارساڵی داهاتوو پەسەند تربێت.

چاوپێکەوتنە بێپێشینە و پەیوەندیەکانی نێوان ترەمپ و ڕابەری کۆریای باکور دەکرێت لە کتیبە مێژوویەکاندا بنوسرێتەوە، بەڵام ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوانیاندا واژۆ نەکرا، کۆریای باکوور بەردەوام بوو لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و ئەمریکاش سازاکانی خۆی بۆ سەر ئەم وڵاتە کەمنەکردەوە.

جۆبایدن داوای لە رابەری کۆریای باکور کردوە، پێش دانیشتنیان پیشانیبدات واز لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی دێنیت، ئەگەر بایدن لەسەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام بێت بە گوێرەی بۆچوونی زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسیەکان ڕۆژانی "ئاگر و توڕەی" چاوەڕێی پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە دەکات.

کۆریای باشور خوازیاری کۆتایهێنانە بە شەڕی 70 ساڵەی لە دورگەی کۆریا و ستایشی ترەمپی کرد بۆ هەبوونی "شەهامەتی" دیدار  لەگەڵ کیمی ڕابەری کۆریای باکوور. کۆریای باشور چاوەڕوانی وەها هەنگاوێکی تر لە بایدن دەکات.

بەریتانیا
"پەیوەندی تایبەتی" ئەمریکا و بەریتانیا، ڕەنگە بەهاتنە سەرکاری بایدن ساردی تێبکەوێت.

سەرۆکی ئەم دوو وڵاتە وا دەردەکەوێت بەیەکەوە زۆر کۆک نەبن، بایدن هەڵبژێردراوێکی دیموکراتە و بۆریس جۆنسن سیاسەتمەدارێکە لەیەن نیشتیمانپەرەوەران"پەیتریۆتەکان"ەوە هەڵبژێردراوە.

لە ساڵی 2016 دا و لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ترەمپ، بەریتانیا دەنگی بە جیابوونەوەدا لە یەکێتی ئەوروپا، لەوکاتەدا ئۆباما و بایدن نەیان شاردەوە ئەنجامیکی تریان پێپەسەندتربووە لە جیابوونەوە.

بیرمان نەچیت دۆناڵد ترەمپ چۆن لەکاتی خۆیدا، بۆریس جۆنسنی بە "ترامپی بەریتانیا" لەقەڵەمدا، بایدن بە ڕووکەش رازیە بەم ستایشکردنە، بۆیە لەگەڵ هاتنە سەرکاریدا لە سەرەتادا لەگەڵ برۆکسل، بەرلین و پاریس گفتوگۆدەکات تا لەندەن.

ڕوسیا
 رەفتارەکانی حکومەتێک لە واشنگتۆن پێشبینی بکرێت، دەتوانێت "کڵاوڕۆژنەیەکی هیوا"بێت بۆ ڕوسیا.

کرملن، هەستێکی بیستنی بەتوانای هەیە. بۆیە کاتێک جۆبایدن  لەم کۆتایانەدا روسیای بە "گەورەترین هەڕەشە" لەقەڵەمدا بۆ ئەمریکا، روسیا ئەمەی بەدەنگێکی بەرز بیست.

کرملن جگە لە توانای بیستنێکی بەهێز،  یادگەیەکی بەهێزیشی هەیە. لە ساڵی 2011 دا جۆبایدن ئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو ڕایگەیاند، ئەگەر لە بری پۆتین بێت،دووبارە خۆی کاندیدی هەڵبژاردن ناکاتەوە"چونکە بۆ روسیا و کەسێتی پۆتین خراپە"، پۆتین بە ئاسانی ئەم لێدوانە لەبیرناکات.

رۆژنامەیەکی ڕوسیا لەم دوایانەدا، پەیوەندی ئەمریکا و ڕوسیای لە سەردەمی ترەمپدا بە "قوڵای دەریا" چواند، بەڵام بایدنی بە "مەترسیەک "چواندوە کە ئەم قوڵایە "زیاتر" دەکات.

بەهەر جۆرێک بێت رەفتارەکانی حکومەتێکی ژێردەسەڵاتی بایدن پێشبینیکراو دەبێت، لە سیاسەتە غافڵگیر و پێشبینی نەکراوەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ روسیا باشترە.

ئەڵمانیا
ئەڵمانیا بە هاتنە سەرکاری بایدن، ئاهێک دێتەوە بەبەریدا و بەهیوای گەڕانەوەیە بە پەیوەندیەکانی پێشووی خۆی لەگەڵ ئەمریکادا.

بە گوێرەی ئامارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیو، تەنها 10٪ ئەڵمانیەکان باوەڕیان بە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ هەیە، خۆشەویستی ترەمپ لە ئەڵمانیادا تەنانەت لە پۆتینیش کەمترە. ترەمپ ئەڵمانیای بە لاوازکردنی بازرگانی ئازاد تۆمەتبارکردبوو.

ئێران
رژێمی ئێران پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، شاگەشکەبووە لە خۆشیدا. ترامپ دێوەزمەیەک بوو بۆ ئەم وڵاتە، هەنگاوەکانی لە مێژووی 41 ساڵەی تەمەنی ڕژێمی ئێراندا بێ پێشینە بووە.
گورزە کەمەر شکێنەکانی ترەمپ بە دەرچوون لە ڕێککەوتنامە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ ئێران، سزائابوریەکان و کوشتنی قاسم سولەیمانی توانا و ئابووری ئێرانی تێکشکاند.

هەڵبژاردنی بایدن، رێککەوتنی ئێران لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا ئاسانتر دەکات. بایدن ڕایگەیاندوە بەتەمایە سود لە دیبلۆماسیەت ببینێت و ڕێککەوتنی ئەتۆمی بگەڕێنێتەوە.

ئیسرائیل
ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم و ئاسایکردنەوەی پەیوەندی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، دەسکەوتێکی مەزن بوو بۆ ئیسرائیل و دابەشبوونی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو بەسەر بەرەی ئێران و ئیسرائیل.

سەرکەوتنی بایدن ترسی لای ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات دروستکردوە. وەزیرێکی ئیسرائیلی لەکاردانەوەی ئەگەری بوون بە سەرۆکی بایدندا  گوتی "ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندوتیژ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا  دێتەکایەوە، چونکە ئێمە ناچارین هەنگاوی خۆمان بنێین."

بە هاتنە سەرکاری جۆ بایدن، ڕیکەوتنی ئیبراهیم درێژەی دەبێت، بەڵام رەنگە خێرای فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی کەنداو کەمبکاتەوە. بایدن دژی کۆمەڵگە جوولەکە نشینەکانی ئیسرائیلیش وەستاوەتەوە لە پێشتردا.

سەۆرکایەتی بایدن ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کاڵ دەکاتەوە و دروشمەکان جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ "دوو وڵات و دوو میللەت".