ڕاپۆرتی جیهانی

03:15 - 10/11/2020

ڤاکسینە نوێیەکە؛ هیوایەک بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتیی‌

پەیسەر

هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێكی ئەڵمانی سەرکەوتنی قۆناغی سێیەمی ڤاکسینەکەیان راگەیاند، ئاماژەشیان بەوە کردووە ئەگەر هەیە کۆتایی ئەم مانگە ڤاکسینەکە تۆمار بکرێت، لە ئێستادا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەم ڤاکسینە کەی دەگات بە دانیشتوانی جیهان و رێکارەکان چین؟

ڤاکسینێکی نوێ
دوای ئەوەی هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێكی ئەڵمانی رایانگەیاند، ڤاکسینەکەیان بە رێژەی ٩٠٪ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و سەلامەتە، لە ئاستی تەندروستیی و سیاسییشدا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە هەوڵ دەدەن رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارە جیهانییەکان بۆ تۆمارکردنی ڤاکسینەکەیان لە کۆتایی ئەم مانگەدا وەربگرن.

لەگەڵ ئەوەی زاناکان پێیان وایە ئەم سەرکەوتنە چاوەڕوان نەکراو بووە، بەڵام چەندین پرسیاریشی بە دوای خۆیدا هێناوە و تاکو ئێستا بێوەڵامن.

دڵنیابوونەوە
پێشتر کۆمپانیای فایزەر جەختیکردبووەوە کە ڤاکسینەکەیان لەسەر ٩٤ نەخۆش لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەر بووە، بەڵام ناچارە ئەنجامی پشکنینەکانی بە زاناکان بدات تاکو پێیدا بچنەوە و لە ئەنجامەکان دڵنیا ببنەوە، ئەمەش هەنگاوی پێویست و ناچارییە تاکو دانی پێدا بنرێت و لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکییەوە مۆڵەتی پێبدرێت.

ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وتووە، فایزەر لە هەوڵدایە تاکو مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی بەدەستبهێنێت، بەم پێیە ئەمریکا دەتوانێت لە کۆتایی ئەمساڵدا دەست بە بەکارهێنانی ئەم ڤاکسینە بکات و دابەشبکرێت.

فاوچی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەواڵی سەرکەوتنی ٩٠٪ی ڤاکسینەکەی فایزەر "مژدەیەکی باش"ە.

پێتەر ئالتمایەر وەزیری ئابووری و وزەی ئەڵمانیاش لە کۆنگرەی کوتلەی ئەورووپی سەبارەت بە ڤاکسینەکە رایگەیاند، بە تەواوی کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ بەردەستبوونی ئەم ڤاکسینە و ژمارەی ئەو کەسانەش دیاریکراو نییە کە ئەم ڤاکسینەیان پێدەگات و بەکاریدەهێنن.

چۆن کار دەکات؟
ڤاکسینەکە تەکنیک و میکانیزمێک بەکاردەهینێت کە پێشتر بە دەگمەن بەکارهێنراوە کە (messenger RNA، و mRNA)ە، بۆ بەرهەمهێنانی وەڵامدانەوەی بەرگریی لای ئەو کەسانەی ڤاکسینەکە وەردەگرن.

تێچوون
حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بڕی ملیارێک و ٩٥ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بەردەست هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێكی ئەڵمانی بۆ ئامادەکردن و پەرەپێدانی ئەم ڤاکسینە، بەڵام بە راستەوخۆ بەشداری لە کارەکەدا نەکردووە.

تاقیکردنەوەکان
ئاژانسی هەواڵی ئاسیۆ شەیتد پرێس سەبارەت بە تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە بڵاویکردەوە، هەردوو کۆمپانیاکە ٤٤ هەزار کەسیان تۆمار کردووە و قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکەیان لەسەر جێبەجێ کردوون کە دوا قۆناغی ڤاکسینەکەیە.

ئەو کەسانەی بەشدارییان کردووە و تەنانەت دکتۆرەکانیشیان، نەیانزانیوە کام لە ڤاکسینە تاقیکراوەکان راستییە و کامیان وەهمیی و ناڕاستە، دوای سێ هەفتەش لە پێدانی ڤاکسینی یەکەم، دووەم ڤاکسینیان لێدراوە.

دوای یەک هەفتەش لە دووەم کوتان، چاودێری نەخۆشەکان کراوە، سەیری کاروباری رۆژانەیان کراوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی چڕ بڵاوبووەتەوە، ئەو ئەنجومەنەی چاودێری کاردانەوەی نەخۆشەکانیان بۆ ڤاکسینەکە کردووە ئەو زانا و پسپۆڕانە بوون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمپانیای ئامادەکاری ڤاکسینەکەوە نییە، ئەمەش بۆ ئەوەی گومان لەسەر ئەنجامامەکان نەمێنێت.

ئەنجومەنەکە مافی هەبووە سەیری ئەنجامەکان بکات و وردببێتەوە لەوەی کام نەخۆش کام ڤاکسینی وەرگرتووە و کاردانەوەکان چی بوون، دواتریش تێبینی خۆیان بە کۆمپانیاکان دەدەن.

کۆمپانیاکانی دیکە
ئامادەبوونی ئەم ڤاکسینە بۆ تۆمارکردن لە کاتێکدایە هەردوو کۆمپانیای جۆنسن و ئەسترازێنیکا بۆ ماوەیەک تاقیکردنەوەکانیان لەسەر ڤاکسینەکانیان راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی کێشەی تەندروستی بۆ ئەو کەسانە دروستبوو کە تاقیکردنەوەیان لەسەر ئەنجام درابوو.

دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی پێشتر داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین کردبوو، پێش ئەوەی داوای مۆڵەتی تۆمارکردنی ڤاکسینەکانیان بکەن، لانی کەم  لەسەر نیو ملیۆن کەس تاقیبکەنەوە و چاودێری دەرئەنجامەکانیان بکەن.

لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەش بیر لەوە دەکەنەوە "بەکارهێنانی بەپەلە"ی ڤاکسینەکانیان بکەن و دواتر مۆڵەت وەربگرن، بەڵام تاکو ئێستا ئەم هەنگاوەیان نەناوە.

بڕیارە راوێژکارانی دامەزراوەی ئەمریکی بۆ خۆراک و دەرمان لە کۆبوونەوەی گشتیی داهاتووی خۆیاندا گفتوگۆ لەسەر ئەنجامەکانی ڤاکسینەکە بکەن و دواتر بڕیاری خۆیان بدەن.

ترەمپ و بایدن
دوای راگەیەندراوەکەی هەردوو کۆمپانیاکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی نەیهێشتووە پێش هەڵبژاردن ئەم سەرکەوتنە رابگەیەنرێت، ئەگەر نا ئامادە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنەکەی بە گرنگ زانی.

دواتر جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وتی، بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن ئەم کۆمپانیایانەوە بە ئاست و رێژەیەکی زۆر و بەرز چەند مانگێکی دیکە دەخایەنێت.