ڕاپۆرتی جیهانی

12:49 - 11/11/2020

ئەو سەرکردانەی دانیان بە سەرکەوتنی بایدندا نەناوە‌

پەیسەر

هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بەڕێوەچوو، دەنگەکان جیاکرانەوە و ڕاگەیاندنەکان بایدنیان بە براوەی هەڵبژاردن دانا بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەڵام ترەمپ دانی بە شکستدا نەناوە و ڕێگەی یاسای گرتۆتە بەر دژی بەڕێوەچوون و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، بەم پێەش بایدن تەنها دەستنیشانکراوی ڕاگەیاندنەکانە و لە ڕووی یاساییەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلاینەکراوەتەوە.

 
سەرەڕای یەکلاینەکبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ڕوی یاساییەوە، بەڵام لە سێشەممەی رابردووە پەیامی پیرۆزبای سەرۆکی وڵاتان بۆ بایدن دەستیپێکردوە و تەنانەت دۆستە هەرەنزیکەکانی ترەمپ وەک بنیامین ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،محمد بن سەلمانی وەلیعەهدی سعودیە و بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چاوەڕوانی یەکلابونەوەی یاسایی ئەنجامەکانیان نەکردوو و پیرۆزبای خۆیان نارد بۆ جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان.


هیشتا چەندین سەرکردە و وڵاتی کاریگەری دنیا هەن دانیان بە سەرکەوتنی بایدندا نەناوە، پیرۆزباییان لێنەکردوە و بێدەنگیان هەڵبژاردوە تا ئەنجامەکان و سکاڵاکانی ترەمپ لەڕوی یاسایەوە بڕیاری لێدەدرێت، ئەو سەرکردانەش بریتین لە:

ڤلادیر میرپۆتینی سەرۆکی ڕوسیا
وتەبێژی کرملن، دیمیتری پێسکۆڤ ڕایگەیاند هیچ پیرۆزباییەک نانێرن چونکە " هەندێک قۆناغی یاسای ماوە تا سەرۆکی نوێ ڕابگەیەنرێت."


بێدەنگبوونی کرملن لە ناردنی پەیامی پیرۆزبای بۆ بایدن، ساردی پەیوەندی نێوان بایدن و پۆتین دەردەخات، ئەوان لە پێشتریشدا پەیوەندیەکی باشیان نەبووە بەتایبەت بەهۆی لێدوانەکانی بایدن لەساڵی 2011 دا بۆ خۆکاندید نەکردنەوەی پۆتین لە هەڵبژاردنەکان و تۆمەتبارکردنی کرملن لە دەستوەدان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی 2016 ی ئەمریکا، تۆمەتی دووم لەلایەن پۆتینەوە ڕەتکرایەوە، نەشتوانرا لە دادگا بسەلمێنرێت و دیموکراتەکان بەرامبەر ترامپ و دیموکراتەکان دۆڕان.

ئەندرێ مانوێل لۆپێزی سەرۆکی مەکسیک
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی ڕۆیتەرز، مانوێل لۆپێزی سەرۆکی مەکسیک لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، چاوەڕێین تا هەموو بابەتە یاسایەکان یەکلایدەبێتەوە. ناتوانم پیرۆزبای لەکاندیدێک یان ئەوی تر بکەم. دەمەوێت چاوەڕوانبم  تا پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەتەواوی کۆتای دێت."


ئەمریکا باشترین بازاڕی هەناردەی مەکسیکە.


بەگوێرەی هەواڵێکی پێکەی ئەسۆشێتد پرێس، سەرۆکی مەکسیک ڕۆژی شەممە گوتویەتی " سەرۆک ترەمپ سەبارەت بە ئێمە ڕێزی زۆری نواند و ڕێککەوتننامەی زۆرباشمان کرد، سوپاسی سەرۆک ترەمپ دەکەین چونکە هیچ دەستتێوەردانێکی نەکرد و ڕێزی بەرامبەرمان نواند."

جاییر بۆڵسۆنارۆی سەرۆکی بەرازیل
بێدەنگی بۆڵسۆنارۆ بەرامبەر سەرکەوتنی بایدن جێگەی سەرسوڕمان نییە.


بۆڵسۆنارۆ  لە کۆتای مانگی ڕابردوودا گوتی" هیوادارم، پشت بەخوا و بەزووی لە ئاهەنگی سەرکوتنی سەرۆکی ئەمریکا "ترەمپ"دا ئامادەبم."


بەڵام هەینی رابردوو ، سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاند" من گرنگترین کەسی بەرازیل نیم، وەک چۆن ترەمپ گرنگترین کەسی دنیا نییە و خۆشی ئەمەی گوتووە."
ئەمەش وەک ئاماژەیەک لێکدرایەوە کە سەرۆک ڕووبەڕووی واقیعێکی تربۆتەوە.

کیم جۆنگ ئوونی سەرۆکی کۆریای باکوور
تا ئێستا ڕاگەیاندنەکانی کۆریای باکوور خۆیان بەدوور گرتووە لە ناوهێنانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.


لەکاتێکدا ترەمپ "دۆستایەتیەکی تایبەتی" لەگەڵ کیمدا هەبوو، سێجار پێکەوە دیداریان کرد و بەشداری کۆبونەوەی دیبلۆماتیکیان کرد، هەڵبژاردنی بایدن پێشکەوتنێکی نەخوازراو دەبێت بۆ کۆریای باکوور. ڕۆژنامەکانی کۆریای باکوور ئاماژە بەوە دەدەن بایدن بۆ شکاندنی شکۆی وڵاتەکەیان "سزای بێ بەزەیانە"ی پێیە.

شی جینگ پینگی سەرۆکی چین


وانگ وێنگبینی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی دوشەمە ڕایگەیاند"من ئەزانم بەڕیز بایدن سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاندوە"، سەبارەت بە بێدەنگیان و نەناردنی پەیامی پیرۆزبای گوتی "ئێمە تێدەگەین ڕایگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەگوێرەی یاسای بنەرەتیەکانی ئەم وڵاتە و هەنگاوە یاساییەکان دیاریدەکرێت."

جانیز جانسای سەرۆک وەزیرانی سلۆڤینیا


جانسا هەفتەی ڕابردوو پیرۆزبای سەرکەوتنی لە ترەمپ کرد و لە تویتەر نوسیبوی " تەواو ڕۆشنە خەڵکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و مایک پێنسیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژاردۆتەوە، ماسمیدیا ئەم ئەنجامە دوادەخات و نکۆڵی لێدەکات، سەرکەوتنی کۆتای بۆ ترەمپ گەورەترە."