ڕاپۆرتی جیهانی

02:37 - 14/11/2020

دوا هەنگاوی پێش ماڵئاوایی؛ ترەمپ لە ئێران دەدات؟‌

پەیسەر

ماوەی چەند رۆژێکە لە ناوەندە ئەکادیمیی و سەربازییەکانی ئەمریکا و رۆژنامە بەناوبانگەکانیشدا باس لە ئەگەرەکانی لێدانی تاران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دەکرێت، لابردنی وەزیری بەرگری و گۆڕانکارییە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئیدارەکەی ترەمپ و دانانی چەند کەسێکی نزیک لە ترەمپ لەو پۆستانەدا، بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دادەنرێت.

پێشبینی لێدانی تاران
رۆژنامەی (The Jerusalem Post)ی ئیسرائیلی لە ژمارەی رۆژی هەینیدا پێشیبی کردبوو کە دۆناڵد ترەمپ لەو ماوەیەی لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ماوە فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێران دەربکات یان گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵبکات لە ئێران بدات و هاوکاری ئیسرائیلیش بێت لە هێرشەکەدا.

لە راپۆرتی رۆژانامەکەدا هاتووە، "گومانی تێدا نییە پەیوەندیی و گفتوگۆی گەورە هەیە سەبارەت بە ئێران، سەردانی ئیلیۆت ئەبرامز گەورە نوێنەری ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو بەشێکە لەم پڕۆسەیە.

جوڵە گومانلێکراوەکان
هەروەک بڕیارە مایک پۆمپیۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش سەردانی ئیسرائیل بکات و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا بکات.

گفتوگۆ ڤیدیۆییەکەی نێوان ئەفیف کوخافی سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای ئیسرائیلی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی مارک میلی، بە بەشێک لەم هاریکاریی و پەیوەندییانە سەبارەت بە ئێران دادەنرێت.

هێربەت ماکماستەر راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاسایشی نیشتمانییش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز باسی لە چەند بابەتێک کرد و یەکێک لەو بابەتانە دۆسییەی ئێران بوو.

ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکە و جوڵەکانی دیکەی ئیسرائیلدا هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە ئیسرائیل دەترسێت سیاسەتی بایدن بەرامبەر تاران نەرمبێت و بۆیە دوور نییە تەلئەبیب بیری لە لێدانی ئێران کردبێتەوە.

دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکان
هەر سەبارەت بەم دۆسییە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە بەرپرسانی پێشوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە گومانەوە تەماشای دەرئەنجامەکانی ئەو گۆڕانکارییە دەکەن کە بەهۆی گۆڕینی ئەم دواییەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمرکاوە ئەنجام دراوە، ترسەکەش ئەوەیە ئەم گۆڕانکارییە بگات بە ئاستی لێدان لە ئێران.

رادیۆی گشتی نەتەوەیی ئەمریکا لێدوانێکی کوری شاکی بڵاوکردووەتە کە ماوەیەک لە سەردەمی جۆرج دەبیلو بوشدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کاری کردووە، شاکی دەڵێت، ئەوەی سیناریۆیەی کە زۆربەی پسپۆرانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.

شاک کە لە پۆستە باڵاکانی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەش کاری کردووە باسی لەوە کردووە، ئەوانەی پسپۆڕی بواری ئاسایشی نەتەوەیین تووشی دڵەڕاوکێی جددی بوون لەوەی کە گۆڕانکارییەکانی ترەمپ و هێنانی کەسانی نزیک لە خۆی بۆ پۆستە باڵاکان ببێتە هۆی ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بە ئاڵۆزی نانەوە کۆتایی پێبهێنێت.


لەگەڵ هەموو نیگەرانییەکانیشیدا شاک گومان دەکات هێرش بکرێتە سەر ئێران و پێی وایە ئەم کارە پێویستی بە هاریکاریی و پەیوەدنیی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی واشنتندا.


گۆڕانکارییەکانی نێو پنتاگۆن
دوای رۆژێک لە لابردنی مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، کۆشکی سپی کەسێکی نزیکی ترەمپی لە پۆستێکی گەورەکەی وەزارەتی بەرگری دانا.

بۆ شوێنی مارک ئیسپەریش کریستۆڤەر میلەر دانرا و کرا بە وەزیری بەرگری کە بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی بوو بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر.

دواتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کاش باتیل گەروە راوێژکاری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لە کۆشکی سپی دەبێت بە سەرۆک ئەرکان.

لە راگەیەندراوەکەی پنتاگۆندا هاتووە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیسپەر، جێمس ئەندرسۆن راوێژکاری سیاسی لە وەزارەتەکە دەستی لە کارکێشایەوە و پۆستەکە بە ئەنتۆنی تاتا درا.




یەکێکی دیکە لە مەترسییەکان ئەوەیە، لەبەرئەوەی ئەنتۆنی تاتا پۆستەکە بە وەکالەت بەڕێوەدەبات، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران نییە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، جۆزێف کیرنان راوێژکاری ئاسایش و هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی و جین ستیوارت بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزارەتی بەرگرییش دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

بۆچی ئەمریکا لە ئێران نادات؟
لەگەڵ هەموو ئەگەرەکان بۆ لێدانی تاران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە و گۆڕانکارییەکان لە پۆستە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەمریکادا، بەشێک لە پسپۆڕانی ئەمریکا پێیان وایە ئەم ئەگەرە دوورە و ئەمریکا لە ئێران نادات.

مایکڵ رۆبن پسپۆر لە پەیمانگای (American Enterprise) و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە جەزیرەنێتی وتووە، لێدانی ئیران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لەو ٧٠ رۆژەی ماویەتی دوورە و پێشیبی ناکات رووبدات.

رۆبن پێی وایە لەبەر سێ هۆکار ئەم ئەگەرە روونادات، یەکەم بیرۆکەی چوونە نێو جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵەیە و هی گروپە چەپەکانە، یان هی گروپەکانی فشارە وەک ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێرانی ئەمریکی کە بیرۆکەکە خزمەت بە وەدەستهاتووەکانیان دەکات.

هۆکاری دووەمیش ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانە، بەڵام بۆچوونی پنتاگۆن لەم بابەتەدا گەورەیە و بیرۆکەکەش پێویستی بە رێکخستن و ئامادەکاری هەیە کە چەند رۆژ، هەفتە و مانگێک دەخایەنێت.

هۆکاری سێیەمیش بە لای مایکڵ رۆبنەوە کە وا دەکات لە ئێران نەدرێت ئەوەیە ترەمپ لە دوای جیمی کارتەر یەکەم سەرۆکە نەچووبێتە جەنگی دەرەکییەوە و پێش ناچێت لەم چەند مانگە کەمەدا ئەمە رووبدات.

دیڤید دی روش مامۆستا لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانیش کە سەر بە پنتاگۆنە ئەگەری لێدانی ئێران بە دوور دەزانێت و پێی وایە گەورەترین شتێک ترەمپ دژی ئێران بیکات سەپاندنی گەورەترین فشارە بەسەر ئێراندا.

پێشبینییکەی روس راست دەرچوو، ئەمریکا چەند سزایەکی دیکەی بەسەر چەند کەسایەتی و کۆمپانیایەکی ئێرانیدا سەپاند، مایک پۆمپیۆش رایگەیاند، چەند سزایەکی دیکە بەسەر تاراندا دەسەپێنن.