ڕاپۆرتی جیهانی

03:53 - 15/11/2020

ئەو دەوڵەتانەی دەستیان بەسەر ئاسمانی جیهاندا گرتووە‌

پەیسەر

چەند وڵاتێک بە هێزە ئاسمانییە بەهێزەکانیان دەستیان بەسەر ئاسمانی جیهاندا گرتووە، دوو لەو هێزانەش سەر بە ئەمریکان و ئەوانی دیکەش روسیا، چین و ژاپۆنن کە هەریەکەیان دەیانەوێت زیاتر بەهێز بن و دەسەڵاتیان بەسەر زۆرترین رووبەری ئاسمانیی جیهاندا هەبێت.

کۆنترۆڵکردنی ئاسمان
گۆڤاری (nationalinterest) لە نوێترین راپۆرتیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر هێزی ئاسمانیی جیهانیدا گرتووە و کۆنترۆڵیان کردووە.

لە راپۆرتەکدا باس لە پێنج هێزی ئاسمانی کراوە کە دوانیان سەر بە ویلایەتە یکەگرتووەکانی ئەمریکان و دەستیان بەسەر ئاسمانی جیهاندا گرتووە، ئەم دوو هێزەی ئەمریکا خاوەن توانا و هێزی گەورە و زەبەلاحن.

راپۆرتەکەی (nationalinterest) بەپێی توانای سەربازیی، ئامێر و کەرەسەتەکانیان ریزبەندیی بۆ گەورەترین پینج هێزی ئاسمانیی لە جیهاندا کردووە.

هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا
ئەرکی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هەر لە هەڵدانی موشەکی بالیستی کیشوەربڕەوە دەستپێدەکات تاکو بەکارهێنانی فڕۆکەی گەردوونیی (Boeing X-37) و (Fairchild Republic A-10 Thunderbolt II) کە بە تانکشکێن بەناوبانگە.

بەشێکی دیکە لە کارانەی ئەم هێزە بریتییە لە ئەو ئەرکانەی لە رووبەرە گەردوونییەکاندا پێیان دەسپێردرێت، دابەزاندنی هێزەکان بە پەڕەشووت، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا و لێدان لە گروپە چەکدارییەکان بەشێکی دیکەی ئەرکی ئەم هێزانەیە.

هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێنج هەزار و ٦٠٠ فڕۆکەی لە هەموو جۆرە جیاوازەکان لەبەردەستدایە، کە گرنگترینیان بریتین لە (Lockheed Martin F-22 Raptor)، (McDonnell Douglas F-15 Eagle)، (General Dynamics F-16 Fighting Falcon) و (Lockheed Martin F-35 Lightning II).

بەشێکی دیکەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا بریتین لە (Northrop Grumman B-2 Spirit)، (Rockwell B-1 Lancer)،( Boeing B-52 Stratofortress)،( Lockheed C-5 Galaxy) و سی 17 و 130یش کە لە بنکەکانی ئەمریکا هەن هەر لە بەریتانیاوە تاکو ژاپۆن.

نزیکەی ٣١٢ هەزار کارمەند لە چوارچێوەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا کاردەکەن.

هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا
چەک و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا خاوەنی زیاتر لە سێ هەزار و ٧٠٠ فڕۆکەی هەمەجۆرە، لەم بڕە هەزار و ١٥٩ فڕۆکەیان بکوژە، ١٣٣ دانەیان هێرشبەرە، ١٧٢ فرۆکەیان خولییە، ٢٤٧ دانەیان فڕۆکەی گوازەرەوە و هەزار و ٢٣١ دانەشیان هەلیکۆپتەرە.

ئەم فڕۆکانە چەند ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکیان هەیە کە گرنگترینیان بریتییە لە پاراستنی کەشتییەکانی ئەمریکا، ئەنجامدانی ئەرکی ئاسمانیی لەسەر دەریا و زەریاکان لە هەموو جیهاندا.

لەبەرئەوەی ئەرکی زۆربەی فڕۆکەکانی هێزی دەریای ئەمریکا لەسەر کەشتییەکانە، پێویستی بە توانا و راهێنانێکی ئاست بەرز و ورد هەیە.

هێزی دەریایی ئەمریکا بەشداری دەکات لە هێزی ستراتیژی ئەتۆمیی ئەمریکا، چونکە لە حاڵەتی جەنگی ئەتۆمیدا فەرماندەیی و کۆنترۆڵ فەراهەم دەکات.

روسیا
روسیا لە هێزە هەرە گەورەکانی جیهانە، خاوەن هەزار و ٥٠٠ فرۆکەی شەڕکەر و ٤٠٠ هەلیکۆپتەری سەربازییە، بەڵام کێشەی گەورەی روسیا ئەوەیە بەشێکی دیاری ئەم فڕۆکانە کۆنن و نوێنەکراونەتەوە.

فڕۆکەکانی (MiG-29, Su-27 , MiG-31)  لە فڕۆکە دیارەکانی هێزی ئاسمانی روسیان کە دەگەڕێنەوە بۆ کۆتاییەکانی جەنگی سارد.

سەرەڕای ئەوەی هێزە ئاسمانییەکانی روسیا کۆنترۆڵی بەسەر هێزی موشەکی بالستی کیشوەربڕدا نییە، بەڵام توانای بەسەر موشەکی ئەتۆمیی ستراتیژیدا هەیە، لە نێویشیاندا (Tupolev Tu-95)، (Tupolev Tu-22M) و (Tupolev Tu-160).

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە فڕۆکەکان نوێ نەکراونەتەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گرنگی بە هەندێک جۆر دراوە، لەوانەش (Sukhoi Su-35) کە جۆرێکی نوێیە و خراوتە ئەرکەوە بەڵام بە بڕێکی کەم و دیاریکراو.

لە ئێستادا ئەندازیار و پسپۆڕانی رووسی سەرقاڵی کارکردنن لەسەر فڕۆکەی (PAK FA T-50) کە دەبێتە یەکەم فڕۆکەی نەوەی پێنجەمی روسی.

یەکێکی دیکە لەو فڕۆکانەی روسیا لە ئێستادا کاری وردی تێدا دەکات (Tupolev PAK DA).

چین
هێزی ئاسمانی چین لە هێزە هەرە گەورەکانی جیهانە و خاوەن هەزار و ٣٢١ فڕۆکەی هێرشبەر و شەڕکەر، ١٣٤ فڕۆکەی موشەکهەڵگری قورس، ٢٠ فڕۆکەی ئاگادارکەرەوەی ئاسمانیی و ٧٠٠ هەلیکۆپتەری شەڕکەرە.

بەپێی راپۆرتەکەی گۆڤاری (nationalinterest)، لەگەڵ ئەوەی بودجەیەکی گەورە بۆ وەزارەتی بەرگریی و ئەم هێزانە دانراوە، بەڵام بەشێکی دیاری ئەم فڕۆکانە کاتێکی زۆریان بەسەرداچوون و نوێ نەکراونەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئێستادا چین تەنها خاوەنی ٥٠٢ فڕۆکەی نوێ و هەمەجۆرە، ئەویش لە جۆرەکانی (sukhoi su-27 flanker)ی روسی کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لەگەڵ (Chengdu J-10) کە دروستکراوی ناوخۆیی چینە.

بەشەکەی دیکەی فڕۆکەکانی چین کە ژمارەیان ٨١٩ فڕۆکەیە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو کە هیچ مەترسییەک لەسەر هێزی وڵاتانی دیکە دروستناکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا چین بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەکانی تاکو لەگەڵ دۆخی ئێستای جیهاندا بگونجێت کە هێزی وڵاتانی دیکە تاکو دێت گەورە و وردتر دەبن.

لە ئێستادا چین کار لەسەر نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی (Chengdu J-20) و فڕۆکەی (Shenyang FC-31) دەکات.

ژاپۆن
ژاپۆن لە هێزە گەورەکانی جیهانە، خاوەنی زیاتر لە ٣٠٠ فڕۆکەی شەڕکەرە و چەندین خۆری جیاوازیان هەیە، ئەرکی سەرەکیشیان پاراستنی سنورە ئاوی، ئاسمانی و وشکانییەکانە لە هێرش و مەترسییە دەرەکییەکانی سەر ژاپۆن.

فڕۆکەوانە ژاپۆنییەکان بە وردی راهێنیان پێکراوە لەسەر هێرشکردنە سەر ناوچە وشکانییەکانی دوژمن، بەڵام راهێنانیان لەسەر هێرشی ماوە درێژ نەکردووە کە هێرشە بۆ سەر ئامانجی دوژمن لە دوورەوە.

فڕۆکەوانە ژاپۆنییەکان بەشداریشبوون لە مانۆڕەکانی هێزە ئەمریکییەکان کە بە ئاڵای سور ناسراوە.

ژاپۆنییەکان هەوڵیان داوە باشترین فڕۆکە ئەمریکییەکان بکڕن، ئەمەش دوای ئەوەی ٢٢٣ فڕۆکەی لە جۆری ئێف ١٥ کڕی بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو فڕۆکانەی کۆنتر بوون.