ڕاپۆرتی جیهانی

10:46 - 19/11/2020

ئایا پێکوتەی کۆرۆنا دەبێتە فریادڕەسی بازاڕی نەوت؟‌

پەیسەر

لە ئێستادا دوو پێکوتە مژدەی کۆتایهێنان دەدەن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هیواکانیش بۆ بوژاندنەوەی ئابوری لە زیادبووندان، نرخی نەوتی خاو بەرمیلی 40 دۆلاری تێپەراندوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لەماوەیەکی کەمدا بازاری نەوتی خاو ببوژێتەوە ئەویش بەهۆی ئاڵنگاریەکانی بەردەم پێکوتەکان و دابەشکردنیان، زیادبوونی ڕێژەی توشبووان بە کۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێگری و شێوازی نوێی کەرەنتینە لە دنیادا، هەروەها یەکلانەبوونەوەی ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکی ئەمریکا.

کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێک ڕێژەی کاریگەری  ڤاکسینەکەیان گەیاندە 95٪ و مۆدێرناش بانگەشەی کاریگەری 94.5٪ ی ڤاکسینەکەی دەکات.

لەگەڵ ئەم هەواڵە ئەرێنیانەدا و هەواڵی دۆزینەوەی پێکوتەی دیکە، هێشتا دیار نییە کەی پێکوتەکان ئامادە دەبن بۆ بەکارهێنانی لەلایەن تەواوی خەڵکەوە، جگەلەوەش پێکوتەکان پێویستیان بە چەندین جار کوتان هەیە، بەمەش چاوەڕوان ناکرێت بە زوی ڕێگە لەم پەتایە بگرێت کە ساڵێکە بەرۆکی دنیای گرتووە، بەتایبەت لە ئێستادا ئاماری توشبوون بە کۆرۆنا و مردن بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان ڕوو لە زیادبوونە و حکومەتەکانی ناچارکردووە پەناببەنە بەر بڕیار و شێوازی نوێی کەرەنتینەی دووبارە.

لەبەر ئەم هۆکارانە، چاەڕوان دەکرێت کاریگەری پێکوتەکان بۆ بوژانەوەی بازاڕی نەوتی خاو لە ماوەیەکی کەمدا زۆر سنورداربێت و لە باشترین حاڵەتدا، تا نیوەی دووەمی ساڵی 2020 کاریگەریەکی وای نەبێت لەسەر ئەم بازاڕە. بەهەمان شێوە وەک ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداریدا، بەدووری دەزانێت پێکوتەی کۆڤید-19 بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە فریادڕەسی بازاڕی نەوتی خاو.

چەندین ئاڵنگاری لەبەردەم بازاری نەوتی خاودایە، تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا نەبوژێتەوە لە داهاتوودا لەوانەش:

تێچووی زۆری پێکوتەکان و ئاڵنگاری گواستنەوە و دابەشکردنیان

یەکەمین ئاڵنگاری ڕووبەڕووی ڤاکسینەکەی فایزەر دەبێتەوە ئەوەیە دەبێت لە پلەی گەرمی 70 ی  ژێر سفری سیلیزی هەڵگیرێت و لەدەرەوەی ئەوپلەیەدا ماوەیەکی کەم دەمێنێتەوە. ئەمەش وادەکات  تێچوویەکی زۆری هەبێت و دابەشکردنیشی لەوڵاتانی کەمتر پێشکەوتوودا قورستربێت. دەبێت لە ڕێگەی کامیۆنە بەفرگرەکانەوە دابەشبکرێت، کە وزە و کارەبایەکی زۆریان دەوێت، پاشان لەماوەی کەمتر لە 5 ڕۆژ دوای دەرهێنانیان لە بەفرگرەکان، کەسەکانی پێ بکوترێت. لەم کاتەدا تۆڕی کامیۆنی بەفرگری وا گەورە نییە و  پێویستی بە وەبەرهێنانێکی زەبەلاحە تا شتێکی وا ئامادە بکرێت. سەرەڕای ئەم ڕێگریانەش تێچووی خودی پێکوتەکە ئاڵنگاریەکی دیکەیە بۆ وڵاتانی کەمتر پێشکەوتوو.

سەرەڕای ئەمەش پێکوتەکەی فایزەر دەبێت دووجار بەکاربهێنرێت. بەهەمان هۆکار ڕەنگە هەندێک لە وڵاتان بڕیابدەن بەکاری نەهێنن و پەناببەنە بەر پێکوتەکەی مۆدێرنا کە کرداری ترە.

 پێکوتەی مۆدێرنا له‌ پله‌ى گه‌رماى سیلیزى دوو بۆ هه‌شت پله‌ى سه‌دى ده‌توانرێت بگوازرێته‌وه‌و هه‌ڵبگیرێت بۆ ماوه‌ى 30 رۆژ، هه‌روه‌ها ده‌كرێت بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ هه‌ڵبگیرێت ئه‌گه‌ر له‌ 20 پله‌ى ژێر سفره‌وه‌ هه‌ڵبگیرێت.

ڕێگریە نوێیەکان دژی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا
ڕێژەی توشبووان بە کۆڤید-19 لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان لە زیادبوندایە و حکومەتەکانی ناچارکردوە  ڕێگری و شێوازی نوێی کەرەنتینە بگرنەبەر  لە شارە قەرەباڵغەکاندا بۆ ڕێگرتن لە خێرا بڵاوبوونەوەی لەناو خەڵکدا، گەر بەمجۆرە بەردەوام بێت ڕەنگە پۆلەکانی خوێندنیش دابخرێنەوە، ئەمەش بۆ بۆژاندنەوەی بازاری نەوتی خاو لەبارنیە.

 

یەکێتی ئەوروپا، دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری نوێی کەرەنتینە، هاتووچۆ لە  شارە گەورەکانی وەک لەندەن ، پاریس و مەردید دا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد. هەندێک لە پسپۆڕان وایدادەنێت بەهۆی ئەم کەرەنتینە نوێیەوە، ڕێژەی داواکاری بۆ نەوتی خاو لە بازارەکانی یەکێتی ئەوروپادا تاوەکو کۆتای مانگی تشرینی دووەم بە بەراورد بە مانگی پێشوو یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبکات.

 

چاوەڕوان ناکرێت هەواڵی کاریگەری پێکوتەکان دابەزینی داواکاری لەسەر نەوتی خاو بەرزبکاتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، چونکە ئاماری توشبووان ڕوو لە زیادبوونە لە ئێستادا. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لەم کۆتایانەدا وایدانا ڕێژەی داواکاری لەسەر نەوت بۆ ساڵی 2020 بە بەراورد بە ساڵی 2019 ڕەنگە نزیکەی 8.8 ملیۆن بەرمیل کەمتربێت " ئەم ڕێژەیەش 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیاترە لە پێشبینی پێشووی ئەم ئاژانسە".

چاوەڕواندەکرێت دابەزینی ڕێژەی داواکاری نەوت لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادا کاریگەری هەبێت لەسەر بوژاندنەوەی بازاڕی نەوت لە وڵاتانی تری ئاسیا وەک چین و هندستان، کە سەرقاڵی بنیاتنانەوەی ئابوری خۆیانن.

 

ئاڵنگاریەکانی گۆڕانی دەسەڵات لە ئەمریکادا
هێشتا ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا ڕوون نیە و ترەمپ دانی بە شکستدا نەناوە، هەردوو ڕکابەرەکە خۆیان بە براوە دادەنێن، دادگای ویلایەتەکان و دادگای باڵا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ساختەکاریەکانی هەڵبژاردن، تیمی ترەمپ دان بە تیمی گواستنەوەی دەسەڵاتی بایدندا نانێت و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵدا ناکات، ئەمەش نەک تەنها کاریگەری لەسەر نەبوژاندنەوەی بازاری نەوتی خاو هەیە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەشکردنی پێکوتە تازەکانیش هەیە.

حکومەتی ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی دروشمی سەردەستەی وزە، بەدوای ئەوپەری بەرەهەمهێنانی گاز و نەوتی ناوخۆ بوو.  بەتێروانینی بایدن بۆ ڕێگرتن لە گۆڕانە ژینگەیەکان و لە ئەگەری بوون بە سەرۆکیدا، نابێت چاوەڕوان بین ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەمەی ئێستا زیاتر بێت.