ڕاپۆرتی جیهانی

11:55 - 22/11/2020

وڵاتان چۆن لیستی ئەو کەسانە ئامادە دەکەن کە سەرەتا دەکوترێن؟‌

پەیسەر

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا کوتانی دژ بە کۆرۆنا دەستپێبکات، لە ئێستادا وڵاتانی جیهان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی ئەو کەسانەن کە دەکوترێن، بڕیاردان لەسەر ئەم لیستە زەحمەت و گرانە، چونکە بڕیاردانە لسەر ئەوەی کێ سەرەتا لە مردن دەپارێزرێت و کێش دواتر.

خواست لە خستنەڕوو زیاترە
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە نوێترین راپۆرتیدا باس لە نزیکبوونەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا و کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکە دەکات، نوێترین زانیاری لەبارەی ئەوەوە خستووەتەڕوو ئایا سەرەتا کوتانەکە لە کام توێژ و تەمەنەوە دەستپێدەکات.

لە راپۆرتەکەدا بەم جۆرە باس لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە کۆرۆنا و کوتانی دژی بە ڤایرۆسکە کراوە؛

لە مانگەکانی سەرەتای کوتانەکەدا خواست لە خستنەڕوو زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی چەند ملیار کەسێک لە جیهانەوە چاوەڕوانی ڤاکسینەکەیە، بەڵام ڤاکسینی بەرهەمهاتوو چەند سەد ملیۆنێک دەبێت، واتە سەرەتا هەموان ناتوانن لە یەک کاتدا دەستیان بە ڤاکسینەکە بگات.

ئامادەکردنی لیست
چەند رۆژێکە وەزارەتی تەندروستی زۆربەی وڵاتان سەرقاڵی دروستکردنی لیستێکن لەبارەی ئەوانەی کە سەرەتا کوتانیان بۆ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی وەک پڕۆسەیەکی ئاسایی سەیردەکرێت، ئەم بڕیارە بۆ وەزارەتی تەندروستی سەختە.

لەم بابەتەدا دەبێت وڵاتان لەنێوان دادوەری و بەرژەوەندیدا بڕیاری خۆیان بدەن، دەبێت وڵاتان خۆیان ئامادە بکەن ئایا چۆن دەتوانن هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی زۆرترین گیان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا بکەن، واتە سەرەتا کوتانەکە بۆ ئەوانە بێت کە زۆر لاوازن یان ئەوانەی کارمەندن یان بۆ رێگرتن بێت لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە؟

بڕیارە سەختەکە؛ کێن یەکەم و دووەمەکان کە دەکوترێن، سێیەمەکان کێن؟
لە فەڕەنسا دەستە راوێژکارییە زانستییەکان لیستێکیان لەبارەی ئەو کەسانەوە ئامادە کردووە کە دەبێت سەرەتا کوتانیان بۆ بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی کە تەمەنیان زۆرە و لەژێر مەترسیدان، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر رێژەی ڤاکسینەکە سنوردار بێت چی دەکرێت؟ ئایا کوتان بۆ شۆفێرێکی تەکسی تەمەن ٢٦ ساڵ دەکرێت کە لەناو دڵی پاریسدایە و رۆژانە بەر سەدان کەس دەکەوێت، یان سەرمایەدارێکی تەمەن ٦٩ ساڵ کە لە ناوچەی (Provence) لە ڤێلاکەی خۆیدا و لە دوورەوە کار دەکات؟ لە کاتێکدا بەتەمەنێک ئەگەری مردنی بە کۆرۆنا زیاترە.

ئەی وڵاتان چۆن هاوسەنگی لەنێوان گروپەکانی دیکەدا رادەگرن؟ قەڵەویی یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان و ئەگەری مردنیان رەنگە زیاتر بێت، ئایا ئەم کەسانەش دەچن و لە سەرەدا دەوەستن تاکو بکوترێن؟ ئەی دوو وڵاتی وەک بەریتانیا و ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمینەکانی وڵاتەکانیان دەکەن، لە کاتێکدا زۆرترین ژمارەی مردن بە کۆرۆنا لە ناو ئەم کەمینانەدایە؟

ناکۆکی لەسەر لیستەکە
هەندێک دەوڵەت پلانیان وایە سەرەتا کوتان لەو کەسانەوە دەستپێبکەن کە بڵاوکەرەوەی ئەم ڤایرۆسەن لە کۆمەڵگەدا، زیندانەکان لە پێشەوەی لیستەکەدان، چونکە مەترسیدارە بۆ بڵاوبوونەوە و لەدەستدەرچوونی ڤایرۆسەکە، بەهەمان شێوە زانکۆکان.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەندێک لە وڵاتان پێیان وایە دەبێت سەرەتا کوتان لە کارمەندانی تەندروستییەوە دەسپێبکات کە لە بەرەی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادان، لەوانەش ئەو کارمەندانەی لە فریاکەوتن و ئەمبوڵانسەکاندا کار دەکەن.

لێرەدا کێشەکە تەواو نابێت و پرسیارێکی دیکە هەیە. ئایا لە ناو کارمەندانی تەندروستیشدا کام گروپ پێشتر کوتانیان بۆ دەکرێت، بۆ نموونە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار دکتۆر و کارمەندی تەندروستی لە خزمەتگوزاری نیشتمانیی تەندروستی بەریتانیادا کاردەکەن، بەڵام هەموو ئەم ژمارەیە لە ریزی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا نین.

بەتەمەنەکان
لە راگەیەندراوی ئەم مانگەی وەزارەتی تەندروستی ژاپۆنیش هاتووە، سەرەتا کوتان بۆ ئەو کەسانە دەکرێت بە تەمەنن یان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

لە ئەورووپاش هەوڵ دەدرێت سەرەتا کوتان ئەو کارمەند و چاودێرە تەندروستییانە بگرێتەوە کە چاودێری بەتەمەنکان دەکەن و خزمەتیان دەکەن.

لەبەرئەوەی ئەم بڕیارە سەخت و دژوارە و لایەنی ویژدانی بڕیاردەران ناڕەحەت دەکات، بەشێک لە بەرپرس و پسپۆڕانی تەندروستی خۆشحاڵن کە بەشێک نین لەم بڕیارە.

کێ بڕیار بدات؟
پسپۆڕان داوا دەکەن تەنها بەرپرس و سیاسییەکان بڕیار نەدەن لەوەی سەرەتا کوتان لە کام چین و توێژەوە دەستپێبکات، بەڵکو پێوەرە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵگەش لەم بڕیارەدا لەبەرچاو بگیرێن، ئەمەش وەها دەکات هەموان ئەم بڕیارەیان پێپەسەند بێت و ئامادە بن لەو کاتەدا بکوترێن کە بۆیان دانراوە.

لیژنەی ڤاکسینەکانی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، پێش کۆتایی ئەمساڵ لە راپۆرتێکدا کە لەسەر توێژینەوەیەک بەندە، ئەو لیستە دەخەنەڕوو کە تیایدا ریزبەندی بۆ ئەو توێژانە کراوە کە دەبێت سەرەتا و ناوەڕاست و لە کۆتاییدا بکوترێن.

کۆمسیۆنی ئەڵمانیش رایگەیاندووە، بە بەڵگەی زانستی ئەو لیستەیان ئامادە کردووە کە پێویستە چی توێژ و چینێک سەرەتا کوتانیان بۆ بکرێت، لیستەکەشیان دادوەری تێدایە چونکە لەسەر بنەمای زانستییە.

ناکۆکییەکان
لە فەڕەنسا خەڵک راوێژی زیاتریان پێکراوە لەبارەی ئەم لیستەوە، بەڵام لە بەریتانیا کەمتر بۆچوونی خەڵک وەردەگیرێت، هەر بۆیە سەندیکاکان رەخنە لە حکومەت و لایەنی تەندروستی دەگرن.

(Dale Campbell-Savours) یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی کار، لە وتەکانیدا لە ئەنجومەنی لۆردەکان لە پەرلەمانی بەریتانیا وتی، دەبێت بە رەهایی سەرەتا کوتان بۆ لاوازەکان، بێماڵ و حاڵەکان و ئەو کەسانە بکرێن کە لە خانووە بێخزمەتگوزارییەکاندان.

بە پێچەوانەوە (Colin Moynihan) سەرکردە لە پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دەڵێت، پێویستە سەرەتا کوتان بۆ ئەو یاریزانانەی بەریتانیا و کەسە نزیکەکانیان بکرێت کە بەشدار دەبن لە ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢١ی تۆکیۆ و نوێنەرایەتی بەریتانیا دەکەن.

ژاپۆن بۆ ئامادەکاری ئۆڵۆمپیاد و رەواندنەوەی گومان و ترس، بەڵینی داوە تاکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو کوتان بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵاتەکەی بکات، ئەمەش زۆر گونجاوە لەگەڵ کاتی ئۆڵۆمپیاد و پیدانی دڵنیایی بە ژاپۆنییەکان و سەرجەم جیهانیش، بۆ ئەم مەبەستەش لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ ئامادەکارانی ڤاکسینەکانی دژ بە کۆرۆنا.

لیستەکە کەی گرنگە؟
(Philip Clarke) پسپۆڕی ئابووریی پزیشکیی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، ئامادەکردنی لیست و پێویستییەکەی بەندە بە ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤاکسینەکە لە ئاستی جیهاندا، بۆ نموونە ئەگەر ڤاکسینەکە سنوردار بێت ئەوا گرنگە سەرەتا کێ کوتانی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەگەر رێژەی بەرهەمهێندراوی ڤاکسینەکە زۆر بێت و بەردەست بێت بۆ هەموو دانیشتوانی جیهان، ئەو کاتە گرنگ نییە کێ سەرەتا و کێ لە کۆتاییدا کوتانی بۆ دەکرێت.

بۆ وڵاتانی بچوک و هەژار کە لە ئێستادا و پێش ئامادەبوونی ڤاکسینەکە گرێبەستیان بۆ کڕینی نەکردووە، ریزبەندیی هەڕەمی باشترین رێگا و چارەسەرە.

کلارک دەڵێت تووشی سەرسوڕمان بووە کە تاکو ئێستا لە بەشێک لە کۆمەڵگاکاندا ئەم بابەتە نەبووە بە مایەی گفتوگۆ، لە کاتێکدا ئەم ڤایرۆسە مەسەلەی مەرگ و ژیانە بۆ تاکەکان و ئابووریش.