ڕاپۆرتی جیهانی

12:56 - 26/11/2020

دیگۆ مارادۆنا؛ چی دەزانین دەربارەی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە ؟‌

پەیسەر

سەرسوڕهێنەر، ناوبانگی خراپ، نائاسایی، بلیمەت و شەرمهێنەر. هەموو ئەم سیفەتانە دەدرێنە پاڵ مارادۆنا، جگە لەم وەسفانە، مارادۆنا سیمبولی تۆپی پێ بوو، سیمبولێک بۆ هەمیشە لەناو تۆپی پێدا دەمێنێتەوە.

مارادۆنا یەکێک بوو لە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە مێژوودا. ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینیە ناوازە بە خوێندنەوە و خۆشەویستی بۆ یاری، خێرایی و  تەکنیک هەمیشە هەوادارنی سەرسام دەکرد.

هەرچەندە ئەو دڵی زۆرێک لە هەوادارانی "دەستی خودا"ی شکاند، لەڕێگەی ئالودەبوونی بە مادەی هۆشبەر، زۆریک لەوانی بێ هیوا کرد.

مارادۆنا بلیمەت بوو
60 ساڵ پێش ئێستە لەناوچەیەکی هەژارنشینی بۆینس ئایرنیس هاتە دنیا. دیگۆ ئارماندۆ مارادۆنا توانی لە گەنجێتیدا خۆی لە هەژاری ڕزگاربکات و بوو بە ئەستێرەیەکی تۆپی پێ، هەندێک ئەو لە پیللی بەرازیلیی گەورەترین یاریزانی مێژوو، باشتر دادەنێن.

ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینییە لە 491 یاریدا 259 گۆڵی تۆمارکرد، ئەفسانەی بەرازیلی تۆپی پێی خستەلاوە و وەک باشترین یاریزانی سەدەی بیستەم هەڵبژێردرا. بەڵام فیفا دواتر یاساکانی دەنگدانی گۆڕی، تاوەکو  هەردوو یاریزانەکە لەسەر شانۆی یەکەمیدا بن.

مارادۆنا لەتەمەنێکی کەمدا توانایەکی سەرسوڕهێنەری پیشاندا.  تیمی لاوانی ئەرجەنتۆنیۆس جونیۆرز بە یارمەتی ئەم لە 134 یاریدا شکستی نەهێنا و مارادۆنا هێشتا 16 ساڵ و 120 ڕؤژ بوو، بانگهێشتی تیمی نیشتیمانی کرا.

ئەو بە لاشە کورت و پانەکەیەوە و بەباڵایەکی 165 سانتیمەتریەوە، شکڵ و شیوەی لە یاریزانێکی تۆپی پێ نەدەچوو.

دەستی خوا و گۆڵی سەدە
مارادۆنا لە 91 یاری بۆ ئەرجەنتین 34 گۆڵی تۆمارکرد، کاپتنی تیمی نیشتیمانی ئەم وڵاتە بوو لە پاڵەوانێتی جامی جیهانی ساڵی 1984 و گەشتن بە یاری کۆتایی لە جامی جیهانی چوار ساڵی دواتردا.

لەو جامی جیهانییەی لە مەکسیک ئەنجامدرا و تەنها چوار تیم مابوونەوە، لەیاریەکدا کەوت و ئەم کەوتنەی  ناکۆکیەکی وای دروست کرد کە تا کۆتای ژیانی لە کۆڵی نەبوەوە.

ڕوداوی یاری بەرامبەر ئینگلتەرا پێش دەستپێکردنی فیکەی ناوبژیوان، دەستی پێکرد. شەڕی چوارساڵی پێشووی هەدوو وڵات لەسەر دورگەی فاڵکلاند هێشتا لە بیر نەکرابوو و یاریەکی چێژبەخش و پڕ لە توندوتیژی بوو.

لە کاتێکدا 51 دەقیقە بەسەر یاریەکەدا ڕۆشتبوو، هێشتا هیچ تیمێک نەیتوانیبوو گۆڵ تۆماربکات، مارادۆنا و پیتەر شێڵتۆن بەرزبونەوە بۆ تۆپێک، بەڵام مارادۆنا زوتر لە گۆڵچی تیمی بەرمبەر گەشت بە تۆپەکە و بەدەست کردی بە گؤڵدا.

ئەفسانەکەی ئەرجەنتین دواتر لەبارەی ئەم گؤلەوە گوتی " هەندێکی بەیارمەتی مارادۆنا و هەندێکی بەیارمەتی دەستی خودا" تۆمارکرا.

چوار دەقیقە دواتر گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد کە بە "گۆڵی سەدە" ناسرا. مارادۆنا تۆپەکەی لە یاریگای خۆیانەوە وەرگرت و بە نمایشێکی نائاسایی و بڕینی ژمارەیک یاریزان، تۆڕی گۆڵی ئینگلتەرای هەژاند.

باری دەیڤیزی ڕۆژنامەنوسی بی بی سی گوتی " ئەم گۆڵە دەبێت بە شکۆوە باسی لێوەبکرێت. هیچ گومانێک لەسەر ئەم گۆڵە نییە. بێگومان ئەو بلیمەتی تۆپی پێیە."

ئینگلتەرا گۆڵێکی کرد و جیاوازی یاریەکەی کەمکردەوە، بەڵام ئەرجەنتین سەرکەوت بۆ قۆناغی دواتر. مارادۆنا لەبارەی ئەم یاریەوە دەڵێت ئەوە زۆر زیاتر بوو لە یارییەک، بابەتەکە سڕینەوەی ئینگلتەرا بوو."

پاڵەوانی ناپۆلی و کێشەی مادەی هۆشبەر
مارادۆنا دووجار  ستانداردی گواستنەوەی یاریزانانی جیهانی تۆپی پێی شکاند، لە ساڵی 1982 بە 3 ملیۆن پاوەند لە بۆکاجۆنیۆرزەوە ڕویکردە بەرشەلۆنە و دوو ساڵ دواتر  بە 5 ملیۆن لە بەرەشەوە چووە ناپۆلی.

 مارادۆنا بە هێلیکۆپتەر چووە ناو یاریگای سانپاولۆ و 80 هەزار هاندەر چاوەڕوانی بوون. پاڵەوانێکی تۆپی پێ هاتبووە شارەکە.

مارادۆنا سەردەمی زێڕینی لە ئیتالیا بەسەربرد. ناپۆلی لەگەڵ مارادۆنادا لەساڵەەکانی 1987 و 1990 بووە پاڵەوانی خولی تۆپی پێی ئیتالیا و لە ساڵی 1989 جامی یوفای بەدەستهێنا، شانازییەک کە هەرگیز ئەم یانەیە نەیتوانی دووبارەی بکاتەوە.

پاش یەکەمین پاڵەوان بوون، سەدان هەزار کەس بۆماوەی 5 ڕۆژ لەتەواوی شەقامەکاندا ئاهەنگیان گێڕا.

مارادۆنا نەیدەتوانی لەگەڵ ئەو گرنگیپێدان و چاوەڕوانییەی هاندەراندا رابێت و گوتی "ئەم شارە سەرسوڕهێنەرە بەڵام من ناتوانم لێرە هەناسە بدەم. پێمخۆشە بتوانم بە ئاسایی لەم شارەدا پیاسە بکەم وەک ئەوانی دیکە."

ئەفسانەکەی تۆپی پێ کەوتە چنگی کامورا، دوچاری سەندیکای تاوانبارانی شار بوو و دواتر سەری لە ئالودەبوون بە کۆکاین دەرچوو.

نەهامەتییەکانی مارادۆنا دوای دۆڕانیان بە ئەڵمانیای خۆرئاوا بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە یاری کۆتای جامی جیهانی دەستیپێکرد. ساڵیک دواتر و دوای دەرچوونی پشکنینی دوپینگەکەی بە ئەرێی، 15 مانگ لەیاریکردن بێبەشکرا.

لەگەڕانەوەیدا هەرچۆنێک بوو ، خۆی گەیاندە یاریەکانی جامی جیهانی ساڵی 1994، خۆشیە شێتانەکەی دوای هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یۆنان، لە کاتێکدا هەموو کامێراکان ڕوخساری ئەویان نیشاندەدا، زۆر سەرسوڕهێنەر بوو.

مارادۆنا نەیتوانی تاوەکو کۆتای ئەم جامە بڕوات و دوای ئەوەی دەرکەوت مادەی قەدەغەکراوی ئیفێدرینی بەکارهێناوە، ڕەوانەی ماڵەوە کرا.

ژیانی دوای وازهێنانی لە یاری
سێ ساڵ دواتر  و پاش ئەرێنی بوونی پشکنینی دوپینگی بۆ سێیەمجار، مارادۆنا لە ڕۆژی لەدایبوونی 37 ساڵیدا وازی لە یاریکردن هێنا. پیشەگەرێتی وەک یاریزانی تۆپی پێ تەواو بوو، بەڵام کێشەکانی هەر بەردەوام بوون.

مارادۆنا بەهۆی تەقەکردن لە کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان بە بادی، بڕیاری زیندانیکردنی "لەگەڵ جێبەجێنەکردنیدا" درا  بۆ ماوەی دوو ساڵ و دە مانگ.

گیرۆدەبوونی بە کۆکاین و کحول چەندین جار تەندورستیان خستە مەترسیەوە. هەروەها کێشی زیادی کرد و گەشتە 128 کیلۆ.

لە ساڵی 2004 دا بۆ یەکەمین جار توشی جەڵدەی دڵ بوو و لەبەشی چاودێری تایبەت خەوێنرا.

بە نەشتەرگەری، گەدەی بچوککردەوە تاوەکو کێشی کەمبکاتەوە. کاتێک دژی گیرۆدەبوونی لەگەڵ کحول دەجەنگا، ماوەیەکی لە کوبا بەسەربرد.

سەرەڕای هەبوونی ئەم هەموو کێشانە، مارادۆنا لەساڵی 2008 بوو بە راهێنەری تیمی ئەرجەنتین. ئەرجەنتین بە ڕاهێنەرایەتی مارادۆنا گەشتە قۆناغی چوارەمی جامی جیهانی، بەڵام لەم قۆناغەدا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا بە ئەڵمانیا و دەرکرا.

مارادۆنا لە چەندین تیمی دیکە ڕاهێنەرایەتی کرد و بەو هەرایانەی دەینایەوە، دەچووە پەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان

سەرەڕای هەموو کێشە تەندروستیەکانی، مارادۆنا ناچاربوو نەشتەرگەری جوانکاری بکات، کاتێک سەگێکی جۆری پێشبڕکێی خێرا گازی لێگرت و ناچاربوو نەشتەرگەری بۆ لێوی بکات.

لە جامی جیهانی 2018ی ڕوسیا، بۆ سەیرکردنی یاری نێوان ئەرجەنتین و نەیجیریا چووە ناو یاریگا و لەگەڵ پۆستەکەی خۆیدا وێنەی گرت.

لەگەڵ هاندەرانی نەیجیریادا سەمای کرد، پێش دەستپێکردنی یاریەکە  دۆعای بۆ سەرکەوتنی ئەرجەنتین کرد، کاتێک گۆڵی یەکەمی ئەرجەنتین لەلایەن لیۆنێل میسیەوە تۆمارکرا ئاهەنگی گێرا، لەگەڵ بەردەوامی یاریەکەدا خەوی لێکەوت و دوای گۆڵی دووەمی ئەرجەنتینیش هەردوو دەستی وەک هێمای سەرکەوتن بەرزکردەوە.

ژیانی مارادۆنا پڕبوو لە گۆڕان، بەڵام تاوەکو کۆتا ڕۆژی ژیانی وەک مارادۆنا مایەوە، کەسێک هەموو شتێکی هەبوو جگەلە ژیانێکی ئاسایی.