ڕاپۆرتی جیهانی

11:15 - 27/11/2020

هێرشی لەناکاوی ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیلی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە‌

پەیسەر

 گەشتە نهێنییەکانی بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل لەناوچەکەدا بۆتە گەرمترین باسوخواستی ئەم ڕۆژانە. دەنگۆی هێرشی  بروسکە ئاسای ئەمریکاش بۆسەر ئێران، ئەم دوو وڵاتە و هاوپەیمانەکانیانی خستۆتە حاڵەتی ئامادە باشی تەواوەوە. ئێران  هۆشداریدەدات لە ئەگەری هەر هێرشیکی سەربازی. ئیسرائیلیش  لە ئەگەری شکستهێنانی ترەمپ و هاتنە سەر حوکمی جۆبایدندا، ترسی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەمریکا و زلهێزە جیهان هەیە لەگەڵ ئێراندا

گەشتە نهێنییەکانی سەرۆکی سوپای قودس
پێگەی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس هەواڵی "گەشتە نهێنیەکان"ی  فەرماندەی سوپای قودسی لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند، لەم گەشتانەدا ئیسماعیل قائانی داوای لە  هێزە هاوپەیمانەکانی ئێرانی لە ناوچەکەدا وەک عێراق، لوبنان و ناوچەکانی تری ئاسیا کردوە، لە حاڵەتی ئامادە باشیدا بن. قائانی هاوپەیمانەکانی ئێرانی لەئەگەری هەر هێرشێک لە هەفتەکانی داهاتوودا ئاگادارکردۆتەوە. هەرچەندە ئێران هەر گەشتێکی لەمجۆرەی بە "دروستکرا" دانا و "بەدرۆی خستەوە".

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل باس لە هێرشێکی لەناکاو دەکەن
تایمزی ئیسرائیلی و کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ڕایانگەیاند ، ئیسرائیل و ئەمریکا "بەرنامەڕیژیان کردووە" بۆ ئەنجامدانی "هیرشێكی لەناکاو" لە هەفتەکانی کۆتای خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ.

ئەم دوو ڕاگەیاندنە باسیان لەوەشکردوە، ئەمریکا و ئیسرائیل وایانداناوە، ئێران لەم چەند هەفتەیەدا هیچ کاردانەوەیەک پیشان نادات و باسیان لەوەشکرد، بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران ئامانجی ئەم "هێڕشە لەناکاو" ە دەبێت و فشاری زیاتری ئابوریش لەسەر ئەم وڵاتە بەشێکە لە هەنگاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە چەند هەفتەی داهاتودا.

هەنگاوەکانی دەیەی ڕابردوو دژی ئێران
ڤایرۆساویکردن و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی ستەکسنێت لە دامەزراوەی دروستکردنی یۆرانیۆمی ئێران، هێڕشکردنە سەر ناوچەی نەتەنز لە تەموزی ئەمساڵدا، دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمیەکانی ئێران و گواستنەوەی بۆ ئیسرائیل بە ئامانجی "ڕازیکردن"ی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمەیەکەی ئێران، کوشتنی زانا ئەتۆمیەکانی ئێران لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و بەم دوایانەش کوشتنی عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵای ناسراو بە ئەبو محەمەد میسری، کەسی ژمارە دووی ئەلقاعیدە لە نیوەی هاوینی ئەمساڵ لە ناوچەی پاسدارانی باکوری ئێران.

ترسی ئیسرائیل لە هاتنە سەر حوکمی بایدن
عەلی خامنەی  ڕابەری ئێران، لە هاوینی ئەمساڵدا چەندین جار ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ ئەمریکادا ڕێککەوتن ناکەن و جەنگیش ڕوونادات.

بەڵام لە ئستادا، کەناڵی 13 تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی دەڵێت مۆساد، سوپا و حکومەتەکەی بنیامین ناتەنیاهۆ بەتەمای "هێرشێکی لەناکاو"ن دژی ئێران، چونکە دڵنیان لە ئەگەری هاتنە سەر حوکمی جۆبایدندا ڕەنگە  ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا، و ڕێککەوتنی زلهێزەکانی ئەتۆمی جیهان لەگەڵ ئێراندا ڕوبدات.

رۆژنامەکانی ئسرائیل ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن، ئیسرائیل نایەوێت هەڵەکانی ڕابردووی سەردەمی باراک ئۆباما دووبارە بکاتەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران.

عاموس هۆخشتاین، ڕاوێژکاری پێشوی جۆبایدن و  ئەندامێکی پلەباڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما، بە کەناڵی 12 تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی ڕیگەیاند، ئەولەویەتی جۆبیادن گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و ئەمەش "ماوەیەکی کەم" دوای جێگیربوونی تیمەکەی لە کۆشکی سپی ڕوودەدات.

ئێران؛ هاوپەیمانەکانی خستۆتە  حاڵەتی ئامادەباشیەوە
مایک پۆمپیۆی وەزیر دەرەوەی ئەمریکا لەگەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل باسی لە زۆرترین ڕیککەتننامەی ئەمریکا کرد  لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ لەبارەی ئێران و "دابڕانی زیاتر" ئەم وڵاتە دوا.
لەگەڵ دوایەمین ڕۆژی گەشتەکەی پەمپیۆ بۆ ئیسرائیل، ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لەناوچەکەدا کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، چونکە ئێران و ئەوانیش ترسیان هەیە لە ئەگەری هێرشکردن لەم چەند هەفتەی کۆتای سەرۆکایەتی ترەمپ.

 ئەسۆشێتد پرێس باسی لەوەشکرد، جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی گوتویەتی، هێشتا ئەمریکا ئەگەری هەیە هێرش بکات و داوای لە سیاسەتمەدارە شیعەکان کردوە هەوڵی  خۆیان بدەت تا گروپە چەکدارەکانیان خۆیان بە دوربگرن لە هێڕشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ئێڕان هۆشداری دەدات
 حسەین دەهقان، وەزیری پێشوی بەرگری ئێران و ڕاوێژکاری سەربازی عەلی خامنەی سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆتای هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند " هەر هەوڵێکی تاکتیکی سنوردار دەتوانێت بگۆڕێت بۆ جەنگێکی عەیارە بیست وچوار، بە دڵنیایەوە ئەمریکا، ناوچەکە و جیهان بەرگەی قەیرانێکی جیهانی وا ناگرن."
مۆساد هێڕشەکەی سەر ناوچەی نەتەنزی ئەنجامداوە

دەهقان ئەوەی دوپاتکردەوە تەقینەوەکەی 12 تەموزی ئەمساڵ لە ناوچەی نەتەنز "تەقینەوەیەکی پێشەسازی" بووە و خۆی بەدروگرتن لە هێنانی ناوی ئەو لایەنەی ئەم تەقینەوەی ئەنجامداوە، بەڵام نیۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا مۆساد نەخشەی ئەم تەقینەوەیەی کێشاوە و جێبەجێشی کردووە.بێنی گانتز ،وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە سەرۆکی مۆساد خۆی سەرچاوەی هەواڵەکەی نیۆرک تایمز بووە.
ئیسرائیل؛ بڕیابێت ئەم هێرشە بکرێت بەشداردەبین تێیدا

گوتەکانی حسێن دەهقان  وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر هەواڵی ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران لەلایەن ترەمپەوە، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی 12 بەرامبەربوونی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە لەم دوایانەدا، بەڵام مایک پەمپیۆ لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداریدابوو لەوەی ئەم هێرشە دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەربڵاو.

ڕۆژێک دوای هەواڵەکەی نیۆرک تایمز، یوڤال ستێینیتزی وەزیری وزەی ئیسرائیل  بە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلی ڕاگەیاند " ئەگەر من لەبری ئێران بم، بێخەیاڵ نەدەبووم لەوەی ئەم مەترسیە تێپەڕیوە، ئێرانییەکان نابێت وابیربکەنەوە دەتوانن هەر ڕیژەیەک لە یۆرانیۆمیان بوێت بیپیتێنن."

ئەم وەزیرەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر بڕیاربێت ئەم هێڕشە ئەنجام بدرێت ئەوا " وڵاتانی دیکەش بەشداردەبن تێیدا".

 حەسەن نەسروڵاش سەرۆکی گشتی حزبی حزبوڵای لوبنانیش وەک ئاگاداربونێک لە بوونی ئەم ئەگەرانە، هەفتەی رابردوو داوای لە هیزەکانی حزبەکەی و لایەنگرانی لەناوچەکە کرد، لە هەفتەکانی داهاتوودا زۆر هۆشیاربن و ئاگاداربن تا ئەم ماوەیە بە ئارامی تێپەڕێت، بەڵام گوتیشی بۆ هەر ئەگەرێکی "بێمانا"ش ئامادەبن.