ڕاپۆرتی جیهانی

11:16 - 27/11/2020

ئەو مۆندیالەى ئەمیری کوەیت بەزۆر گۆڵێکی فەرەنسای رەتکردەوە‌

یەکەم بەشداریکردنی کوەیت بوو لە جامی جیھانیی، یارییەکە یەکلاکەرەوە نەبوو ، گۆڵەکەش یەکلاکەرەوە نەبوو، بەڵام ئەمیری کوەیت دابەزییە نێو گۆڕەپانەکە و ھیچ کەسێک نەیتوانی رایبگرێت، داوای لە یاریزانەکانی وڵاتەکەی کرد بکشێنەوە لە یارییەکە، فەرمانی بە داوەری یارییەکەش کرد، گۆڵەکە ھەڵبوەشێنێتەوە.

نامۆترین چیرۆکی جامی جیھانیی

بۆ یەکەم جار بووە، ھەڵبژاردەی کوەیت ئامادەبوو بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال، لەو ساڵانەدا ھەڵبژاردەی کوەیت یەکێک بوو لە بەھێزترین ھەڵبژاردنەکانی ئاسیا، ساڵی ١٩٨٠ جامی ئاسیای بەدەستھێنا، توانی قۆناغی پاڵاوتنەکانی مۆندیال ببڕێت و سەربکەوێت بۆ مۆندیالی ١٩٨٢ی جیھان، کە لە ئیسپانیا بەڕێوە دەچوو. 

کوەیت لە بەختی خۆی کەوتە نێو کۆمەڵەیەکی سەختەوە، رکابەرەکانی لە کۆمەڵەکەدا بریتی بوون لە ئینگلتەرا، چیکۆسلۆفاکیا، فەرەنسا. لە یەکەم یاریدا کوەیت بەرامبەر چیکۆسلۆفاکیا یەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ ھەر لایەک، ئەوەش ھیوای بۆ کوەیت و وڵاتانی دیکەی عەرەبی دروستکرد کە ھەڵبژاردەی کوەیت بتوانێت سەربکەوێت بۆ قۆناغی دواتر و جێ پەنجەی عەرەب لە مۆندیالی جیھانی دیاری بکات، کوەیت و جەزائیر تەنھا دوو ھەڵبژاردەی عەرەبی بوون لەم مۆندیالە، بەو پێیەی ھەڵبژاردەی چیکۆسلۆفاکیا ھەڵبژاردەیەکی بەھێز بوو. 

یاری دووەمی کوەیت کەوتە بەرامبەر فەرەنسا، کە یەکێک بوو لە ھەڵبژاردە بەھێزەکانی جیھان و ئەستێرەی ئەوکاتی جیھان، میشێل پلاتینی یاری تێدا دەکرد، تا ناوەڕاستی گێمی دووەم، کوەیت بە سێ گۆڵ لە دواوە بوو لە چارەکی کۆتایی یارییەکە عەبدوڵا بلوشی یاریزانی کوەیت توانی گۆڵێک لە فەرەنسا بکات، ئەمەش ئومێدێکی دروستکرد کە کوەیت بتوانێت ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام دوای ئەم گۆڵە ئالاگرێسی فەرەنسی گۆڵی چوارەمی بۆ ھەڵبژاردەکەی تۆمار کرد.

ئەنجامەکە بووە چوار بە یەک، یاریزانەکانی کوەیت ناڕەزاییان دەربڕی گوایە کە یاریزانی بەرگری گوێی لە فیکەی داوەر بووە، بۆیە بەرگری نەکردووەو رێگەی داوە گۆڵ بکرێت، پێیان وابووە ئەوە فیکەی داوەرە، بەڵام فیکەکە لەنێو ھاندەرانەوە بوو. داوەر ناڕەزایی یاریزانەکانی کوەیتی رەتکردەوە، داوەرەکە ناوی میرۆسلاڤ ستوباری سۆڤیەتی بوو یاریزانەکانی کوەیت وەک ناڕەزایی دەستیان کرد بە چوونە دەرەوە لە یاریگاکە و جێھێشتنی. 

ھۆکاری جێھێشتنی یاریگاکەش ئەوە بوو شێخ ئەحمەد جابر سەباح نەوەی بچوکی ئەمیری ئەوکاتی کوەیت فەرمانی کرد کە یاریگا جێبھێڵن، کە سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی کوەیتی دەکرد لەو کاتەدا.

کارەکە لێرەدا نەوەستا، ئەمیر دابەزییە نێو یاریگاکە داوای لە داوەرەکە کرد گۆڵەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە یەکەم رووداوی لەو شێوە بوو لە جیھانی تۆپی پێدا، دوای ١٥ خولەک لە گفتوگۆ، داوەرەکە پابەند بوو  بە داواکارییەکەی ئەمیر و گۆڵەکەی ھەڵوەشاندەوە.

یارییەکە دەستیپێکردەوە، ماکسیم بۆسێس یاریزانی فەرەنسی لە خولەکی ٩٠ گۆڵی چوارەمی تۆمار کرد، ئەنجامەکە گەڕایەوە ئەنجامی پێش ناکۆکییەکە و بەم ئەنجامە کۆتایی ھات، کوەیت تەنھا یارییەکی مابوو لەگەڵ ئینگلتەرا ئەویشی بە ئەنجامی یەک بە سفر دۆڕاند و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد. ئەم مۆندیالە ئیتالیا جامەکەی بەرزکردەوە لەسەر پشتی ئەڵمانیا. 

مۆندیالەکە کۆتایی ھات، بەڵام داوەری یارییەکە رووبەڕووی کێشە بووەوە، چونکە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراو زیندانیکرا، لەسەر گوێڕایەڵیکردنی ئەمیرە کوەیتییەکە بە ھەڵوەشاندنەوەی گۆڵەکە. 

ئەم ئەمیرە کوەیتییە ساڵی ١٩٩٠ تیرۆرکرا لەلایەن سوپای عێراقەوە، کاتێک عێراق کوەیتی داگیرکرد.
 
ئەحمەد شەیدای وەرزش و کارووباری سەربازیی بوو ئەمیرێکی بە پەرۆش بوو بۆ خەڵک و وڵاتەکەی، کوەیتیەکان ھەمیشە یادی دەکەنەوە، دەڵێن، پەرۆشی ئەو بۆ وڵاتەکەی وەک پەرۆشی دایک بوو بۆ منداڵەکانی بۆیەش خۆی پێ رانەگیراوەو دابەزیوەتە گۆڕەپانەکە کاتێک ھەستی کردووە وڵاتەکەی ستەمی لێکراوە، گۆڵەکەی رەتکردووەتەوە، ئەم ئەمیرە لەپێناو سەربەخۆیی کوەیت ژیانی خۆی دانا، بەڵام زیاتر لە ھەر شتێک رووداوەکەی مۆندیال بە جیھانی ناساند.