ڕاپۆرتی جیهانی

04:57 - 30/11/2020

ئەو باڵەخانە ھەوربڕانەی چین لە چەند رۆژێک تەواویکردن‌

پەیسەر

چین لە ھونەری ئەندازیاری و خێرایی لە بیناسازییدا، زۆر لە پێش وڵاتانی دیکەوەیە، بە جۆرێک لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا لە چین باڵەخانەیەکی ھەور بڕ قوتدەکرێتەوە، ئەم پرۆسەیەش ناوەستێت و بەردەوامە. 

ھۆکاری یەکەمی خێرایی چین لە بیناسازیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بۆ خۆی ھەموو ماددە پێکھێنەرەکانی لە بەردەستە و بۆ ھەر باڵەخانەیەک ھەر یەکەم کار کە بیکات ئامادەکردنی ھەموو ئەو کەلوپەلانەیە کە پێویستی پێیەتی، ھەندێک جار دروستکردنی ئەو ماددانە دەباتە تەنیشتی باڵەخانەکە تا بەزووی ھەرچی پێویست بوو دابینی بکات، وڵاتەکە خۆی بە کوالێتییەکی باش ئەو ماددانە دروست دەکات لە ئاسن، تەختە، پلاستیک، شوشە، یاخود ھەر ماددەیەکی پێکھێنەری دیکە.

چەند پرۆژەیەکی چین، لە ھەرە پرۆژە گەورەو خێراکانن، کە لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دروستکراون، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستھێناوە.

بورجی سکای سیتی(شاری ئاسمان) 

باڵەخانەیەکی ھەور بڕەو لە شاری شاھانگ شای باشووری چین دروستکرا لە ساڵی ٢٠١١، تەواوکردنی ئەم بوورجە ھەور بڕە تەنھا ١٩ رۆژی بۆ دانرابوو لەماوەی خۆیدا کارەکان تەواوبوون بەڵام ٢٠ نھۆمی تەواونەکراو پرۆژەکە وەستا.

ئەوەش بەھۆی پێداچوونەوە بە پلانی دروستکردن و گۆڕانکاریکردن لە پلانەکەدا، بە جۆرێک دوای ساڵێک بڕیاردرا باڵەخانەیەک ٥٧ نھۆمی دروست بکرێت، و ماددەکانیشی بگۆڕێت، بە ماددەی پتەوتر و بەھێزتر دروست بکرێت، لە ماوەی تەنھا حەوت رۆژدا کارەکانی ئەم باڵەخانە ٥٧نھۆمیە کۆتایی ھات. 

ھۆتێلی شانگشای 

لە ساڵی ٢٠١٢ ھۆتێلە ٣٠ نھۆمییەکە دروستکرا، لەسەر رووبەری ١٧ ھەزار مەتر چوار گۆشە، ھەموو کەلوپەلە پێویستەکانی ئەم باڵەخانەیەک لە نزیکیەوە دروست دەکرا، لەماوەی ١٥ رۆژدا کارەکانی کۆتاییان ھات، واتە لەماوەی ٣٦٠ کاتژمێردا. ئەمەش ژمارەیەکی پێوانییە کە تەنھا چین توانیویەتی بە دەستی بھێنێت. 

پردی سان یوان 

چین بە دروستکردنی ئەم پردە لە تەنھا شەوێکدا جیھانی تووشی شۆک کرد، ئەم پردە لەپێناو ئاسنکاری تێپەڕینی ئۆتۆمبێل لە شەقامێکی قەرەباڵغدا دروستکرا، لەماوەی تەنھا شەوێکدا ئەم پرەدە گەورە تێکدراو پردێک بە ئامادەکراوی لەڕێگەی دوو حەفارەو چەند بەرزکەرەوەیەکەوە ھێنرایە شوێنەکەو ھەر ئەو شەوە دانرا و پردێکی گەورەو نایاب دروستکرا. 

وێستگەی شەمەندەفەر

لە ١٩ی ١ی ٢٠١٨ چین دەستی بە دروستکردنی وێستگەیەکی شەمەندفەر کرد لە کانتۆنی ھۆگیان لە چین، بە ھاوکاری ھەزار و ٥٠٠ کرێکار و حەوت شەمەندەفەر بۆ گواستنەوەی ماددەکان کە وێستگەکەیان پێ دروست دەکرا، لە ماوەی تەنھا ٢٤ کاتژمێر کارەکانی وێستگەی شەمەندەفەرەکە کۆتایی ھات و رێگەیەک دروستکرا کە خەڵکی دەتوانن بە کاتژمێرێک ٢٠٠ کیلۆمەتر ببڕن.

نەخۆشخانەی ھۆشینشان

لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکرا، دەسەڵاتی خۆجێیی تەنھا ١٠ رۆژی لە بەردەم بوو بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە، بە تایبەت لەو دۆخەدا حاڵەتەکانی کۆرۆنا بە خێرایی روویان لە زیادبوون دەکرد.

نەخۆشخانەکە لەسەر ٢٥ ھەزار مەتر چوار گۆشە دەست بە دروستکردنی کرا و ھەزار قەرەوێڵەیی بوو  بەرەبەیانی ٢٣ی مانگی یەک دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە کرا، حەوت ھەزار کەس بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر کاریان لە نەخۆخشانەکەدا کرد، لە ٣ی مانگی شووبات باڵەخانەکە تەواوکرا. 

نەخۆشخانەی لە شین شان

چین ھەر لەو ماوەیەدا نەخۆشخانەی دووەمی لە ووھان دروستکرد، لەماوەی نێوان ٢٥ی یەک بۆ ٨ی٢ ئەم نەخۆشخانەشی تەواوکرد، ئەوەش وەک ھەنگاوێک بۆ فریاکەوتنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

چین ئەزموونێکی باشی بە دەستھێنابوو لەبەرەنگاربوونەوەی بارودۆخە لە ناکاوەکان، بە تایبەت کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣ نەخۆشخانەی شاو تان شانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی سارس دروستکرد، لەماوەی تەنھا ٥٤ رۆژدا لەسەر رووبەری ٧٠ ھەزار مەتری چوار گۆشە باڵەخانەیەکی گەورەی دروستکرد. کە شوێنی ھەزار و ١٠٠ نەخۆشی تێدا دەبووەوە.