ڕاپۆرتی جیهانی

02:43 - 03/12/2020

جیاوازی شێوازی کوشتنەکانی مۆساد و سی ئای ئەی؛ لە باڵندەوە بۆ تەقاندنەوەی جگەرە‌

پەیسەر

سی ئای ئەی و مۆساد دوو دەزگای سیخوڕی بەناوبانگن لە دنیادا.هەم سیخوری دەکەن هەم نەیارە مەترسیدارەکانیشیان دەکوژن.چالاکییەکانی هەردووکیان دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیانە. قەڵەمڕەوی کاری سی ئای ئەی فراوانترە لە هی مۆساد. مۆساد زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوشتنەکانی ئەنجام دەدات، لە کاتێکدا سی ئای ئەی بەکرێگیراوێکی زۆری هەیە لە ئوسترالیا، ڕوسیا، چین، کۆریای باکور و ئەمریکای لاتین.

 
 جیاوازی شێوازی کارکردنی سی ئای ئەی و مۆساد بابەتێکە سەرنجی زۆر کەسی ڕاکێشاوە. ئەگەرچی سی ئای ئەی کاریگەریەکەی زۆری لەسەر مۆساد هەیە، مۆساد لەسەر بنەما، چوارچێوە، شیوازی کاری سی ئای ئەی دامەزراوە، بەڵام چەندین جیاوازیشیان لەنێوان ئەم دوو دەزگا سیخوڕییەدا هەیە.

لێرەدا ئاماژە بە چەند جیاوازییەکی ئەم دوو دەزگایە دەدەین.

پرۆسە یاساییەکانی مۆساد و سی ئای ئەی، چۆن بڕیاری کوشتن دەردەکەن؟
بەگوێرەی گوتەی ڕۆن بێرگمەن، پسپۆڕی بابەتی ستراتیژی، کە کتێبێکی گرنگی دەربارەی مۆساد نوسیووە، گرووپی لێدەری هەردوو دامەزراوە سیخورییەکە، کە بەرپرسی کوشتن و تیرۆرکردنی کەسێک یان ئامانجێکیان لە ئەستۆدایە، دەبێت بە گوێرەی یاساکانی دەزگاکە هەنگاو بنێن، بەڵام یاساکانی دامەزراوەی سی ئای ئەی ئاڵۆزتر و وردبینترە لەهی مۆساد.

بێرگمەن لەوباوەڕەدایە داوی ئەوەی بریکارەکانی سی ئای ئەی ئامانجێک دەستنیشان دەکەن، زانیارییەکانیان دەگەیەنە بەرپرسانی سەروو خۆیان. ئەم بەرپرسانەش دوای لێکۆڵینەوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان دەنێرنە وەزارەتی دادی ئەمریکا. پاشان حوکمی دەرکراوی داداگا، لەلایەن  گروپێکی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت. دوای ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکی ئەمریکا  (MON)  دواین ڕاستکردنەوە بۆ بڕیارەکە دەکات. دوای بڕینی هەموو ئەم قۆناغانە سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ واژۆ لەسەر کوشتنەکە دەکات و ئەنجام دەدرێت.

خاڵێ سەرنج ڕاکێش لێرەدا ئەوەیە، بە گوێرەی گوتەی بێرگمەن، باراک ئۆباما 353 ئیمزای کوشتن و جۆرج بۆشی کوڕ 48 بڕیاری کوشتنی دەرکردوە.

هەرچەندە بە گوتەی پسپۆڕان، هەنگاوەکانی کوشتنی ئامانجێک بە بۆچوون و دەستوری راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکاوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام ڕۆبێرت بیر، کارمەندی پێشوی سی ئای ئەی، ئاماژە بەوە دەدات، ئەم یاساییە کاتی جەنگ یان قەیران  دەتوانرێت پێشێل بکرێت، بۆ نمونە لەکاتی شەڕی ئەفغانستان و عێراقدا، بریکارەکانی سی ئای ئەی دەسەڵاتێکی زۆرتریان هەبووە و هەندێک ئۆپراسیۆنیان بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە.

ئەمەش ئەوە  ڕووندەکاتەوە، بریکارەکانی سی ئای ئەی ئازاد نین لەکارکردندا بۆ کوشتنی کەسێک بە سەربەخۆی و ئەوە کۆشکسی سپییە بڕیار دەدات.
بریکارەکان لە مۆساد دا دەستکراوە ترن، هەرچەندە بەگوێرەی یاسا کارەکانیان ئەنجامدەدەن، بەڵام زۆرێک لە بڕیارەکانیان لەلایەن وەزیری بەرگری یان هەتا ژەنەرالێکی سوپاوە دەردەکرێت، بە واتایەکی تر، سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی خۆیداوە بە جێگرەکەی یان وەزیرەکەی، ئەوان دەتوانن لەبری سەرۆک وەزیران بڕیاربدەن.

شێوازی کوشتنەکانی مۆساد
لە تاکتیک و ئامانج و ستراتیژیشدا جیاوازی لەنێوان ئەم دوو دەزگا سیخوڕییەدا هەیە. بۆ نموونە، قەڵەمڕەوی سی ئای ئەی فراوانترە لە هی مۆساد، مۆساد زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوشتنەکانی ئەنجام دەدات، لە کاتێکدا سی ئای ئەی بەکرێگیراوێکی زۆری هەیە لە ئوسترالیا، ڕوسیا، چین، کۆریای باکور و ئەمریکای لاتین.

هەروەها، سەرەڕای نزیکی ئەم دوو  دەزگایە، بەڵام شێوازی کوشتنەکانیشیان جیاوازی هەیە، بەگوێرەی گوتەی بێرگمەن، کوشتنی سەرشەقام بە بەکارهێنانی ماتۆڕسوار و چەکی سووک، شیوازی دڵخوازی مۆسادە. هەروەها بەکارهێنانی چەکی سارد و کوشتن لە کوچە خەڵوەتەکاندا هەر لەلایەن مۆسادەوە بەکاردێت، لەزۆر حاڵەتدا ، مۆساد پەنادەباتە بەر باڵندەی سیخوری  یان دەچنە ماڵی بە ئامانج گیراوەکە و بە چەقۆ دەیکوژن، یان لە ڕێگەی ئافرەتەوە کارەکەیان دەکەن، یەحیا ئەلمەشەدی زانای ئەتۆمی عێراق بەمجۆرە کوژرا. یەحیا ئەوبەیانییەی کە بڕیابوو بگەڕێتەوە بۆ عێراق، خزمەتکارێک لە ژورەکەیدا لە پاریس دۆزیەوە، چەقۆی لێدرابوو و خەڵتانی خوێن کرابوو. دەوترێت تاکە کەسێک ئەوی بینیوە، لەشفرۆشێک بوو بەناوی ماری، کە چەند هەفتە دواتر لە ڕوداوێکی ئۆتۆمبیلدا بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی، کە پێی هەڵهاتبوو ، گیانی لەدەستدا.

30 ڕێگەی سەیر بۆ کوشتنی کاسترۆ
جگە لەبەکارهێنانی شیوازەکانی مۆسادیش لەلایەن سی ئای ئەیەوە، بەڵام ئەم دەزگایە سود لە چەندین شیوازی دیکە وەردەگرێت، هەرچەندە ئەم دەزگایە زیاتر بە دەزگایەکی سیخوڕی ناسراوە، بەڵام شێوازی کوشتنەکانیشیان سەرنجڕاکێشە.
ئەم دەزگایە بۆ کوشتنی فیدڵ کاسترۆی رابەری پێشوی کوبا، زیاتر لە 30 شیوازی سەرسوڕهێنەری بەکارهێنا، ئەڵبەتە هیچیان سەرکەوتوو نەبوو. هەر لە بەکارهێنانی باڵندەوە تاوەکو پۆشاکی مەلەکردنی ژەهراویکراو، تەقاندنەوەی جگەرە، جگەرەی ژەهراوی، سەدەفی تەقینەوە، ژەهرە پێستییەکان، دەستماڵی ئالودەکراو بە بەکتریای کوشندە...ئەم ڕیگایانە ئەگەرچی بۆ کوشتنی کاسترۆ سودی نەبوو، بەڵام سی ئای ئەی پێشتر ئەمانەی بەکارهێناوە و توانیویەتی ئامانجی دیکەی پێبکوژت.