ڕاپۆرتی جیهانی

12:42 - 05/12/2020

فەرەنسا؛ لەنێوان بەرداشی توندڕەوی و پێکەوەژیاندا‌

پەیسەر

دوابەدوای کارە توندوتیژییەکانی ئەم دوایەی فەرەنسا، حکومەتی ئەم وڵاتە چەندین هەنگاوی گرتەبەر دژ بە جیاکاری ئاینیی و توندڕەوە ئیسلامیەکان. کارە توندوتیژیەکان لەلایەکەوە بازاڕی توندڕەوەکانی ئەم وڵاتەی خۆشکرد، لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆک و چالاکانی هەندێک لە وڵاتان بە جوڵاندنی هەستی ئاینی هاوڵاتیانی وڵاتەکان بۆ مەرامی سیاسی بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسیان ڕاگەیاند، مسوڵمانەکانی ناوخۆی ئەم وڵاتەش بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان هەیە و دژی هەر هەوڵێکن پێکەوەژیان تێکبدات.

داخستنی مزگەوت و ناردنەوەی توندڕەوەکان
حکومەتی فەرەنسا هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی پێیدەگوترێت "جیاخوازی ئیسلامگەرایانە" دەستپێکردوە، لەم نێوانەشدا دەیان مزگەوت دادەخرێن و ژمارەیەک لە پەنابەرانیش دەردەکات.
 جێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ رادیۆی "ئاڕتی ئێڵ" ڕایگەیاند، حکومەتی فەرەنسا شەپۆلێكی "مەحکەم و بێپێشینە"ی دژی "توندڕەوە ئاینییەکان" دەستپێکردوە.
بە گوتەی دارمانین، ڕەنگە لەم رۆژانەدا 74 مزگەوت بە گومانی "جیاخوازی ئیسلامگەرایانە" دابخرێن، ئاماژەی بەوەدا "لە ڕۆژانی داهاتوودا، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم جێگە پەرستشیانەوە ئەنجامدەدرێت. ئەگەر گومانەکان بسەلەمێنرێن، داوای داخستنی ئەم جێگایانە دەکەم."

وەزیری ناوخۆ باسی لە دەرکردنی 66 پەنابەریش بەگومانی "توندڕەویبوون" کرد.

داخستنی کۆمەڵەی دژبە ئیسلامۆفۆبیا
ئەنجوومەنی وەزیرانی فەرەنسا بڕیاری داخستنی کۆمەڵەی دژ بە ئیسلامۆفۆبیا لە فەرەنسا(CCIF) دەرکرد. ھەر دوای بڕیارەکە وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جیراڵد دارمانان رایگەیاند کە لەسەر راسپاردەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆمەڵەی دژ بە ئیسلامۆفۆبیا لە فەڕەنسا ھەڵوەشاوەتەوە.

پێشتر کۆمەڵەی دژبە ئیسلامۆفۆبیا لە فەڕەنسا رایگەیاندبوو کە دوای ھەڵپەساردنی چالاکییەکانی لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی رابردوو، زۆربەی چالاکییەکانی گواستووەتەوە دەرەوەی فەڕەنسا.

ئەم بڕیارەی حکومەتی فەرەنسا، لەلایەن رێکخراوی "ھیومان رایتس وۆچ"ەوە ئیدانەکرا  و  بە هەڕەشەیەک  بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و دەربڕینی ئازادییەکانی لە قەڵەمدا.

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند ،  جیاکاری دژبە موسڵمانان لە فەڕەنسا زیاتر دەکات و ئاماژەی بەوەیشداوە، مایەی سەڕسورمانە لەوەی حکوومەتی فەڕەنسا لە بڕی داخستنی کۆمەڵەی دژبە ئیسلامۆفۆبیا، ھەوڵی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی و جیاکاری دژبە موسڵمانان بدات.

مسوڵمانەکانی فەرنسا دژی توندڕەوین و کڵێساکان دەپارێزن
هەندێک لە مسوڵمانەکانی ئەم وڵاتەش توندڕەوەکان بە بەڵای پێکەوەژیان دادەنێن و دژی کارە توندوتیژییەکانن بەناوی ئیسلامەوە و باسلەوەدەکەن توندڕەوە ئیسلامییەکان بوونەتە هۆی ناشیرینکردنی  ئیسلام و مسوڵمانان.
 پاش هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر کڵێساکەی نیس، ئەنجومەنی مسوڵمانانی فەرەنسا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هاوخەمی خۆیان بۆ خێزانی قوربانییەکانی دەستی تیرۆر دەربڕی، بەوبۆنەیەشەوە، ئاهەنگەکانی یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلامیان هەڵوەشاندەوە.

 شەمسەدین حافز، مەلای مزگەوتی گەورەی پاریس، جگە لە ئیدانەکردنی هێرشە تیرۆریستیەکان گوتی "ئیسلامگەرایی جۆرێکە لە نەخۆشی لە ئیسلامدا". هەندێک لە چالاکانی مەدەنی مسوڵمان سەرەڕای ئیدانەکردنی کارە تیرۆریستیەکانی ئەم دوایە، بە ئاشکرا رایانگەیاند، ئەم توندوتیژیانە لە بیروباوەڕێکەوە سەرچاوەیان گرتووە کە "نامۆیە" بە ئیسلام.

فەیز بن محەمەد، ڕۆژنامەنوسێکی مسوڵمانە، یەکێکە لەوانەی لە وتەیەکی لە پەیامبەری ئیسلامەوە وەریگرتبوو نوسیبووی " هەرکەسێک ئازاری مەسیحیەک یان جولەکەیەک بدات، لە ڕۆژی دوایدا دوژمنی منە."

لە هەوڵێکی دیکەشدا، پاش هێرشەکەی سەر کڵێسای "نۆتەردام" لە شاری "نیس" و کوشتنی لانیکەم سێ کەس بە چەقۆ، گروپێک لە گەنجانی مسوڵمانی ئەم وڵاتە وەک هاوخەمی و پێکەوەبونێک لەگەڵ مسیحییەکان، پشووی کۆتای هەفتەی خۆیان بە پاراستنی کڵێساکان بەسەر  دەبەن.
بەپرسانی کڵێساکانیش، سەرسامبوونی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم کارەی گەنجە مسوڵمانەکان بە هەنگاوێکی هیوا بەخشیان دانا بۆ پێکەوەژیان لەم وڵاتەدا.

کارە توندوتیژییەکان بازاری توندڕەوەکانی گەرمکردووە
راستڕەو و راسترەوە توند ڕەوەکانی فەرەنساش هاتونەتە مەیدانی گەرمکردنی شەڕی توندڕەوییەوە. ئەم گرووپانە، بیانوی کارە تیرۆرسیتییەکانیان قۆستۆتەوە بۆ هێرشکردنە سەرمسوڵمان و پەنابەران.
 مارین لۆپان سەرۆکی حزبی بەرەی نیشتیمانی، داوای "یاسای شەڕی" کرد دژی تیرۆریستان. نادین مۆرانۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و وەزیری پێشوی کۆماریەکانیش دەنگی خۆی خستە پاڵی لۆپان و ڕیگەیاند فەرەنسا لە حاڵەتی شەڕدایە.

ژان مەسیا، نوێنەری حزبی بەرەی نیشتیمانیە، بەهۆی تویتەکانیەوە ئاگری ئەم شەڕە زیاتر خۆشدەکات و دەنوسێت "کاتی ئەوە هاتووە بڵێین ئیسلام ناکۆکە لەگەڵ کۆماری فەرەنسا"، " ئەمە دینێک نیە، وەک دینەکانی تر" و "هێندە مەڵێن، ئەمە ئیسلام نیە!، بەدڵنیایەوە ئیسلام هەر ئەمەیە."

نان و پیاز خواردن بە ناوی بایکۆتەوە
لەگەڵ ئەوەدا مسوڵمانەکانی فەرەنسا دژی کارە توندوتیژییەکانن و ئاماژە بەوە دەدەن کارەکانی ئیسلامگەراکان پەیوەندی بە ئیسلام و مسوڵمانانەوە نییە و دژی هەر هەوڵێکن پێکەوەژیان بخاتە مەترسیەوە، بەڵام چەندین سەرۆک و ڕابەری وڵاتان،  بۆ جوڵاندن و ختووکەدانی هەسەتی ئاینی هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان، داوایانکردن کاڵای فەرەنسی بایکۆت بکرێت و چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش لە وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و چەندین وڵاتی دیکە پشتگیری ئەم بایکۆتکردنەیان کرد. ئەمە لەکاتێکدایە هاوڵاتیان و کەمە نەتەوە مسوڵمانەکانی وڵاتەکانی خۆیان لەژێر رەحمەتی سەرکوتکردن، چەوساندنەوە، قڕکرن، دانپێدانەنان، سوکایەتی و بێمافیدان.