ڕاپۆرتی جیهانی

03:20 - 15/12/2020

حزبی کۆمارییەکان و هەژموونی ترەمپیزم‌

پەیسەر

دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتە، حزبی کۆمارییەکانی ئەمریکا بووەتە دوو بەرەوە، بەرەیەکی زۆرینە کە پشتگیری دۆناڵد ترەمپ دەکەن و پێیان وایە ساختەکاری فراوان لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە، بەرە کەمینەکەش پێیان وایە دیموکراتەکان و بایدن هەڵبژاردنەکەیان بردۆتەوە. لە ئێستادا ترسی ئەوە هەیە، ترەمپیزم تاوەکو داهاتوویەکی نزیک کاریگەری لەناو  سیاسەتی ئەم حزبەدا بمێنێت.

126 نوێنەری کۆمارییەکان واژۆی سکاڵانامەیەکیان کرد و داوای پێداچوونەوەیان بە ئەنجامەکانی هەڵبژارنەکەی 3 ی مانگی پێشوو کرد .داوای ئەوەیان لە دادگای باڵای ئەمریکا کرد، تەنها دەنگەکانی ترەمپ دەنگی ڕاستین و  دەنگەکانی دیکە ساختەن. 
داواکاری و لایەنگری 126  ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم حزبە بۆ دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، چانسی مانەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپیدا بە گوێرە ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن سفرە.

هەندێک لە کۆمارییەکانی وەک جۆن فلین پێیان وایە، ئەمریکا لە ئێستادا لە قەیرانێکی مێژووی شکاندنی یاسای بنەرەتیدایە. پشتگیریکردنی ئەوان، تەنها پشتگیریکردنێک نییە لە ترەمپ، بەڵکو پشتگیریکردنێکە پەیوەست بە ئازادی ئەمریکا. 
جۆن فلین پێیوایە کودەتای هەڵبژاردن لە ئەمریکادا رویداوە و دەڵێت " من ناتوانم ڕازیبم، ئەوەی کە ڕویداوە دروستە. ئەم ساختەکاری و گەندەڵیە بێ پێشینەیە. بەدرێژای مێژوو، هەرگیز روداوی وا ڕوینەداوە و روداوی وام نەبینیوە" 

ترەمپ خۆی بە قوربانی سیستمێکی گەندەڵ دەزانێت
ترەمپ خۆی بە قوربانی سیستمێکی گەندەڵ دەزانێت و پێیوایە دەبێت فیداکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیستمە پیشانبدات. لەماوەی چوارساڵی خولی سەرۆکایەتیەکەیدا متمانەی بە ڕێکخرا و دامەزراوە حکومی و دیموکراتییەکانی بە جۆرێکی سیستماتیکی زۆر لاواز کردووە.
ترامپ بە جیهانبینییە نیشتیمانپەروەرەییەکەی خۆی دژی ئەم دامەزراوانە وەستاوەتەوە. متمانەی بەم دامەزراوانە لاوازکردووە و خۆی وەک ڕزگارکەر دادەنێت.

زیاتر لە 73 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکا پشتگیریدەکەن، بە بۆچوونی ئەوان ترەمپ تەنها سەرۆک نییە، بەڵکو ڕزگارکەری ئازادی، بەها و ژیانی ئەوانە. بابەتەکە لە بابەتێکی وەک سیاسەت دەرچووە و لایەنی ئاینشی تێکەڵبووە، لە تویتی لایەنگرەکانیدا لە تویتەر بە چەندین دروشمی وەک "ترومپ، ڕزگارکەری منداڵدان"، "منداڵەکان بپارێزن"، "نور بەسەر ڕووناکیدا سەردەکەوێت" و "ئەم جەنگە جەنگی نێوان ڕوناکی و تاریکییە" دەبینرێت. هەروەها لەناو لایەنگرە سەرسەختەکانی ترەمپدا باس لە سەردەمی هۆشیاری دەکرێت و هاشتاگی WWG1WGA و هاوشێوەکانی بەکار دێنن.

 دۆناڵد ترەمپ؛ دێوەزمەیەک بۆ کۆمارییەکان
ترەمپ زیاتر لە 13 ملیۆن دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی 2016 بەدەستهێناوە. لایەنگرییە ملیۆنییەکانی ترەمپ لە ئێستادا بۆ حزبی کۆمارییەکان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیان بووەتە دێوەزمەیەک. ئەگەر نوێنەرانی ئەم حزبە خۆیان یەکلایبکەنەوە و دان بە شکستی ترەمپدا بنێن، دەبێت چاوەڕوانی سزای لایەنگرانی ترەمپ بن و پێگەکەی خۆیان لەناو حزبدا لەدەست بدەن. هەر لەبەرئەمە زۆرینەی کۆمارییەکان بژاردەیەکیان هەڵبژاردووە، کە دوربن لە سزای لایەنگرانی ترەمپ. ئەوان دڵسۆزن بۆ ترەمپێك کە دروشمی " سەرلەنوێ، ئەمریکا مەزن دەکەیەنەوە" بەرزکردۆتەوە.

درێژەی ترەمپیزم لە حزبی کۆمارییەکاندا
بزوتنەوە ئۆپۆزسیۆنیە پۆپۆلیستی و پارێزگارانەکان لە ناو حزبی کۆمارییەکاندا دیاردەیەکی نوێ نییە.

جێفری کاباسێرڤس، پسپۆڕی زانستی سیاسی لەوباوەڕەدایە کە کۆمارییەکان چەندین جاری دیکە لەم جۆرە بزوتنەوانەی تێدابووە. پێش ترەمپیش لە ساڵی 2009 بزوتنەوەی "تی پارتی" ئەم حزبەی بەرەو پارێزگاری و راستڕەوی زیاتر برد و ترەمپیزم دەرەنجامی ئەم بزوتنەوەیە بوو.

 کاباسێرڤس پێیوایە، بزوتنەوەی Tea Party  لەبەین نەچووە، بەڵکو لەژێر کاریگەری ترەمپیزمدا درێژەیان بەکارەکانی خۆیان دەدەن.

لە ئێستاشدا بزوتنەوەیەکی دیکە بەناوی کیو یان کیو ئانان پشتگیریکەرێکی سەرسەختی ترەمپن. بزوتنەوەیەکی پر لەڕاز و رەمزن، پشتگیریکەری نیشتیمانپەروەرانی دنیا بە گشتی و دۆناڵد ترەمپن بە تایبەتی، ئاشکراکەرانی گروپ و بەرپرسانی دەستدرێژیکەرانی سێکسی بۆ سەر منداڵان و ژنان، بازرگانانی مرۆڤ و مادەهۆشبەرەکانن،  دەرخەرانی پشتی پەردەی ڕوداوە مێژوییەکان، کۆدنوسانی بە توانان، کە زۆربەی کات و شوێنی تویت و بەڵگەکانیان لەڕێگەی کۆدەوە دەخەنە ڕوو.

لە حزبی کۆمارییەکاندا، لەماوەی جیاوازدا، ئەم جۆرە بزوتنەوانە دروستبوون و بوونەتە "شۆڕشێکی هەمیشەیی" لەنام ئەم حزبەدا.