ڕاپۆرتی جیهانی

02:34 - 16/12/2020

شیکەرەوەی عەقڵی سەرۆکەکان؛ لە سەدام حسێنەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ‌

پەیسەر

لە شیکەرەوە دەروونییە هەرە بەتواناکانی چەند دەیەی رابردووە، شیکردنەوەی بۆ عەقڵی چەند سەرۆکێکی جیهان کردووە، هەر لە سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق تاکو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەو ناوی (Jerrold M. Post)ە، لە مانگی ئابی ١٩٣٤ لەدایکبووە و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

پۆست عەقڵی سەرۆکەکانی جیهانی شیدەکردەوە، بەڵام لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا زیاتر تیشکی خستە سەر ناوخۆی وڵاتەکەی و سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و لەو بارەیەوە کتێبێکی نووسی، کە تێیدا عوقڵی ترەمپی شیکردەوە.

پۆست لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کاری کردووە.

ئەوانەی دوور و نزیک کاریان لەگەڵ کردووە، بە رێزەوە باسی پۆست دەکەن و ئاماژە بە توانا بەرز و وردەکەی دەکەن. ماگنۆس رانستۆرب راوێژکاری تایبەتی تۆڕی یەکێتی ئەورووپا بۆ هۆشیاری لەبارەی توندڕەوی بە "بەسۆز و بەزەیی" ناودەبات کە خاوەن هزرێکی ورد بووە.

کینیس دیکلیڤا پزیشکە و هاوڕێی پۆستە، لەبارەیەوە دەڵێت، لە شیکردنەوەی عەقڵی سەرکردەکان بلیمەت و لە سی ئای ئەیش پێشڕەو بوو.

جێسیکا کیس بڵاوکەرەوەیە لە دامەزراوەی پێگاسۆس بۆ بڵاوکردنەوە و لەگەڵ پۆست کاری کردووە، بەتایبەت لە نووسینی دواین کتێبدا کە دەربارەی دۆناڵد ترەمپ بوو، کیس بە بی بی سی وتووە، زانست و تێڕوانینی بۆ دەروونناسی بێوێنە بوو، ویستێکی بێکۆتایی هەبوو.

پۆست کە ساڵی ١٩٣٤ لە نیوهاڤن لەدایکبووە، سەرەتا لە زانکۆی (Yale) خوێندوویەتی و دواتریش چووەتە ناو کۆلێژی پزیشکی. دوای دەرچوونی لە زانکۆ راهێنانی لەبارەی پزیشکی دەروونییەوە کردووە لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی هارڤارد و پەیمانگای نیشتمانی بۆ تەندروستی دەروونی.

پۆست بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە سی ئای ئەی کاری کردووە ، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا یەکەی شیکردنەوەی کەسێتی و رەفتاری سیاسی دامەزراندووە.

لە وتارێکیدا لە زانکۆی (Yale) دەڵێت، "ئێمە لە چوارچێوە کەلتوری و سیاسییەکانیاندا سەیری سەرکردە بیانییەکان دەکەین، ئەوەمان دەپێوا کە ئایا بەرەنگارییە کەسییەکانیان تاکو چەند کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی هەیە."

لە ناو یەکەکەی پۆست لە دەزگای سی ئای ئەی شیکردنەوە بۆ سەرۆکەکانی وەک فیدڵ کاسترۆ، سەدام حسێن و موعەمەر قەزافی دەکرا.

ئەرکی ئەم یەکەیە ئەوە بوو شیکردنەوە بۆ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بکات، تاکو پێش رێککەوتن و دانیشتنەکان ئامادەکاری بکرێت و لەبارەی کەسێتی و شێوازی رەفتاریان لێکۆڵینەوە بکرێت.

پۆست کتێبێکی نووسیوە بە ناوی "چەند پڕۆفایلێک لەبارەی کەسێتییەکانی کامپ دەیڤد"، لە کتێبەکەدا باس لە ئەنوەر سادات، سەرۆکی میسر و مناحم بیگن سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل کراوە، بۆچوون وایە کە ئەم کتێبە کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ستراتیجیەتی جیمی کارتەر سەرۆکی ئەمریکای ئەو کاتە لە گفتوگۆکان کە لە کامپ دەیڤد ئەنجام دراون، کاریگەریشی هەبوو لەسەر رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو سەرۆکی ئیسرائیل و میسر.

زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەی بەبێ پرس کردن بە ئەم یەکەیە کراوە و داوای شیکردنەوەیان لێنەکراوە، کەمتر بە سەرکەوتوویی کۆتاییان هاتووە.

لە ساڵی ١٩٧٩ مەدالیای شایستەیی هەواڵگریی بە پۆست بەخشرا.

دواتر بوو بە بەرێوەبەری پڕۆگرامی شیکردنەوەی دەروونیی سیاسیی لە کۆلێژی ئیلیۆت بۆ کاروباری دەرەکی لە زانکۆی جۆرج واشنتن.

بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە پۆست کردووە لە بڕیارەکانیاندا سەبارەت بە عێراق و سەدام حسێن هاوکاریان بکات.

ساڵی ٢٠٠٢ و پێش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، پۆست بە بی بی سی راگەیاند، سەدام بە دەست "پێگەیشتنێکی بە ئازارەوە" دەناڵێنێت کە بەهۆی ئەوەی لە منداڵیدا خوێندنی رەتکردووەتەوە رووی لە ماڵی خاڵی کردووە، خاڵێك کە پری کردووە لە ئومێد و هیوا.

پۆست دەڵێت، چاندنی ئەم خەیاڵە لە ناخی سەدامدا کردوویەتی بە "نەرجسییەکی پیسی" کردووە.

پۆست ١٤ کتیبی لەسەر چەند بابەتێک نووسیوە. هەر لە سەرکردەی گروپە تیرۆریستییەکانەوە تاکو بەرپرسانی جیهان.

پۆست چەندین جار لەلایەن پزیشکانی دەروونی کۆمەڵەی ئەمریکییەوە رەخنەی لێگیراوە بەوەی کە یاساکانی ئەم بوارەی شکاندووە، چونکە بەپێی یاساکان نابێت بەبی لێکۆڵینەوە قسە لەبارەی دەروونی کەسە دیارەکانەوە بکرێت، بەڵام پۆست دەیوت هەندێک کات و دۆخ ناکرێت بێدەنگبیت.

ساڵی ٢٠١٩ پۆست کتێبێکی دەربارەی دۆناڵد ترەمپ نووسی و تیایدا پیشبینی هەڵسوکەوتەکانی ترەمپی لە ساڵی ٢٠٢٠ کردبوو.

پۆست پێش بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی وتی، ئەگەر ترەمپ سەربکەوێ لە هەڵبژاردن ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆی و باسی ساختەکاریش دەکات، ئەگەریش بیدۆڕێنێت ئەوا بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نابێت و دان بە رەوایەتی هەڵبژاردنەکانیشدا نانێت.

دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی لەبارەی ترەمپ، لە مانگی تەموزی ئەمساڵ پۆست توشی نۆبەی دڵ بوو، دواتریش و لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و دوای ئەوەی توشی کۆرۆنا بوو گیانی لەدەستدا.