ڕاپۆرتی جیهانی

11:48 - 18/12/2020

ئایا چین یارمەتی سەرکەوتنی بایدنی داوە؟‌

پەیسەر

دەستوەردانی چین لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیداهێناوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕۆڵی چین بۆ کاریگەری لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا زۆر فراوانتر بووە لەوەی کە دەزگا سیخورییەکان لە ساڵی رابردوودا باسیان لێوەکردبوو.

 هەواڵگریی نیشتیمانیی ئەمریکا؛ دەستوەردان کراوە
جۆن راتکڵیف، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانیی ئەمریکا بە  کەناڵی بی بی سی راگەیاند، زانیاریان لەبەردەستدایە ئەوە نیشاندەدات " چین، ئێران و روسیا لە هەڵبژارنەکەی مانگی پێشووی ئەمریکادا دەستوەردانیان کردووە."


راتکڵیف لەبارەی دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا ئاماژەی بەوەشکرد ڕاپۆرتی تەواو لەسەر ئەم بابەتە لە مانگی داهاتوو"کانوونی دووەم"دا بڵاودەکرێتەوە.

راگەیاندنەکان باس لە دەستوەردانی چین دەکەن


لەهەمانکاتدا، پێگەی بلومبێرگ لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە باسی لە دەستوەردانی چین کردووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.
پێگەی جیوش نیوز"دەنگی جولەکە"ش سەربارەت بەم بابەتە نوسیویەتی ڕەنگە ئەمە دەبێتە بابەتێکی بێزارکەر بۆ جۆبایدن لە داهاتوودا، وەک چۆن دەستوەردانی روسیا بوو بە بابەتێکی بێزارکەر لەماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا.


بۆچی بڵاوکردنەوە راپۆرتەکەی هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکا دواکەوت؟
 بڕیاربوو راتکڵیف واژو لەسەر راپۆرتی دەستوەردانە دەرەکییەکان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا بکات، بەڵام واژوی نەکرد و داوایکرد ڕاپۆرتەکە تێروتەسەلتر بکرێت، چونکە بەگوتەی کەسانی ناسراو لەم بوارەدا، هەرەشەکان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی بەهۆی هوڵەکانی "چین"ەوە جدین. ئەو کەسانەش بەهۆی هەستیاری زانیارییەکان نەیانویستووە ناویان بهێنرێت.


بڕیاربوو ئەم ڕاپۆرتە بدرێتە کۆنگرێسی ئەمریکا، چونکە ترەمپ هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە سەرۆکایەتییەکەی پەسەند نەکردووە و دانی بەشکستدا نەناوە بەرامبەر جۆبایدنی رکابەری.

 ترامپ بانگەشەی ساختەکاری فراوان دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا و  بە هەڵبژاردنێکی دزرا و ساختە ناویدەبات. لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک لە کۆمارییەکانی ئەمریکا دانیان بە بوون بە سەرۆکی جۆ بایدنندا نەناوە. ئەم راپۆرتە باس لە ساختەکارییەکانی ناوخۆ ناکات، وەک ژماردنی دەنگەکان،ساختەکاری ئامێرەکانی دەنگدان و واژۆکان و دەنگدانی مردووەکان، بەڵکو باس لە دەستوەردانی درەکی دەکات لە هەلبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتەدا.

خەڵک لەو باوەڕەدان نیگەرانییەکانی راتکڵیف بەهۆی دەستکەوتنی زانیاری نوێ بووە لەسەر دەستوەردانی دەسەڵاتدارانی چین بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا، هەر لەبەر ئەوەش واژۆی نەکردووە و داوایکردووە ڕاپۆرتەکە تێروتەسەلتر بکرێت.
دەگوترێت هەندێک لەم زانیاریانە لە راگەیاندنەکانی زمانی چینیەوە کۆکراونەتەوە و بڕیارە زانیاریەکان تا مانگی داهاتوو بکرێنە ڕاپۆرتكی تەواو و بڵاوبکرێتەوە.
 ڕەنگە ڕاپۆرتەکە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە ئایا سەرکەوتنی جۆبایدن لە هەڵبژاردنەکاندا لە ژێر کاریگەری چالاکییە دەروونی"سایکۆلۆژی"یەکانی چیندا بووە؟
ئایا تۆمەتەکان لەسەر چین، هەمان تاس و حەمامن؟
 لە کاتی سەرکەوتنی ترەمپدا، تۆمەتی ئاشکرا دەربارەی هەژموونی ڕوسیا و یارمەتیدانی لە هەڵبژاردنی ترەمپدا بیسترا و کەیسەکە برایە دادگای ئەمریکا، بەڵام نەتوانرا هیچ تۆمەتێک بسەلمێنرێت.
 لە ئێستاشدا، ڕۆڵی چین و ئێران لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتە و یارمەتیدانی سەرکەوتنی بایدن دەبیسترێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پێگەی بلومبێرگیش، ڕوسیاش کاریگەری هەبووە لەم دەستاردانانەدا.
گرنگترین بەشی ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات، زانیارییەکان ئەوە نیشاندەدەن، هەوڵی چین بۆ کاریگەری لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا زۆر فراوانتر بووە لەوەی کە دەزگا سیخورییەکان لە ساڵی رابردوودا باسیان لێوەکردبوو.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم تۆمەتانەی سەر وڵاتی "چین"یش هەمان چارەنووسی تۆمبارکردنی روسیا، لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکای دەبێت و ناسەلمێنرێن؟ یان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن و دەتوانێت بەزیانی بایدن کۆتای بێت؟


چین تۆمەتەکانی دەستوەردان رەتدەکاتەوە
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ، چین لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەوە تۆمەتەکانی رەتکردۆتەوە گوتوویەتی " چین هەرگیز دەستوەرناداتە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی دیکەوە".
 وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە داوشیکردووە "دەبێت چین و ئەمریکا لە بری ڕووبەڕووبوونەوە، هاوکاری یەکتری بکەن."