ڕاپۆرتی جیهانی

04:11 - 19/12/2020

بە ئامار؛ ساڵی ٢٠٢٠ لە چاو مێژوودا بە ئازار نەبووە‌

پەیسەر

بە نزیکەیی هەموان پێیان وایە ٢٠٢٠، خراپترین، قورسترین و بەئازارترین ساڵی مرۆڤایەتی بووە، هۆکاری سەرەکیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا و مردنی سەدان هەزار کەسە بەم ڤایرۆسە، لە کاتێکدا بەراورد بە ساڵە سەختەکانی مێژوو، دەبێت سوپاسی ٢٠٢٠ بکەین کە ئازارەکەی کەمتر بووە.

کۆتایی ساڵی رابردوو کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەوە و دواتریش بە نزیکەیی ڤایرۆسەکە گەیشتە هەموو وڵاتانی جیهان، تاکو ئێستا زیاتر لە  ٧٦ ملیۆن و ١١٠ هەزار کەس لە جیهاندا توشی کۆرۆنا بوون، لەم ژمارەیەش زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٨٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

کۆرۆنا ژیانی لەسەر زەویدا وەستاند، شوێنەکانی کار داخران و قوفڵ لە دەرگای قوتابخانەکان درا، ملیۆنان کەس بێکار بوون، هەربۆیە بە خراپترین ساڵی مرۆڤایەتی دانراوە.

مەرگی رەش
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەم ساڵە سەختە بەراورد بکەین بە ساڵە رەشەکانی مرۆڤایەتی هەر بە تەنیشتیشیدا ناڕوات و دەبێت سوپاسی ٢٠٢٠ بکەین.

ساڵی ١٣٤٦ مەرگی رەش لە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەهۆی ئەم پەتایەوە لە ئەورووپادا ٢٥ ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و لە هەموو جیهانیشدا ٢٠٠ ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا.

لە دوای ساڵی ١٥٢٠وە ئیسپانی و پرتوگالییەکان نەخۆشی گوڵیان بۆ کیشوەری ئەمریکا گواستەوە، ئەمەش بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی ٦٠٪ تاکو ٩٠٪ی دانیشتوانە رەسەنەکانی ئەمریکا.

ساڵی ١٩١٨دا، کاتێک سەربازەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەم گەڕانەوە، ئەنفلۆنزای ئیسپانییان بڵاوکردەوە، بەهۆی ئەنفلۆنزاکەوە ٥٠ ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا، ئەم ژمارەیەش نزیکەی ٣٪ تاکو ٥٪ی ژمارەی دانیشتوانی سەرزەوی بوو.

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تاکو ئێستا، ٣٢ ملیۆن کەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە.

بێکاریی سەختمان نەبینیوە
ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی قورسی کردە سەر دۆخی دارایی و ئابووری جیهان، بێکاری بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەو و بەشێکی دیاری ئەوانەشی کاریان هەبوو لەدەستیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نەگەیشتووە بە ساڵە سەختەکانی رابردووی مرۆڤایەتی.

بێکاریی ئەمساڵ هێشتا بە بێکارییەکەی قەیرانی گەورەی ١٩٢٩ و ١٩٣٣ نەگەیشتووە، ساڵی سەخت ١٩٣٣ بووە، تەنها لە ئەڵمانیا یەک لەسەر سێی کرێکاران بێکار بوون، لە هەمووی خراپتر هاتنی ئەدۆڵف هیتلەر بوو بۆ سەر دەسەڵات، بەم جۆرە دەسەڵاتی نوێ ئەم قەیرانەی لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکارهێنا.

زیندانی ماڵەوە
لە ئەمساڵدا بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی گشتییەوە، بەشێکی گەورەی مرۆڤایەتی چەند مانگێکیان لە ماڵەکانیاندا تێپەڕاند و چوونەدەرەوەیان لێقەدەغەکرا، بەڵام ساڵی ٥٣٦ دانیشتوانی جیهان نەیاندەتوانی سەیری ئاسمان بکەن.

میشێل ماککۆرمیک مێژوونووس لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت، لەم ماوەیەدا تەمێک بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە بەشێکی گەورەی ئەورووپا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە تاریکیدا مانەوە و تەنانەت نەیاندەتوانی ئاسمانیش ببینن.

ماککۆرمیک پێی وایە ئەم ساڵی تەمە، ئەگەر خراپترین ساڵی مێژوو نەبووبێت، ئەوا یەکێکە لە خراپترین ساڵەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.

گەشتکردن
یەکێک لە گلەییەکانی خەڵک لە خراپی دۆخی ئەمساڵ ئەوەیە کە نەیانتوانیوە بە ئارەزووی خۆیان گەشت بکەن و ناچاربوون گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵا ئەگەر سەیری رابردووی باپیرانیان بکەن رەنگە لە گلەییەکەیان پەشیمان ببنەوە.

لە ماوەی ١٩٥ هەزار ساڵی رابردوودا، مرۆڤایەتی رووبەڕووی چەندین ساڵ بووەتەوە کە ناچاربوون لە شار و وڵاتەکانیان بمێننەوە و گەشت نەکەن.

زاناکان باس لەوە دەکەن چەندین ساڵ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە، نەک هەر گەشتکردن وەستاوە، بەڵکو رەگەزی مرۆڤایەتیش رووبەڕووی لەناوچوون و نەمان بووەتەوە و مرۆڤایەتی لە کۆتاییهاتن نزیکبووە.

کورتیس مارێیان کە پسپۆڕی ژینگەییە، باس لەوە دەکات مرۆڤایەتی لە کەناراوەکانی باشوری ئەفریقا فێری خواردنی بەرهەمە دەریاییەکان بووە و بەو جۆرە لە لەناوچوون رزگاری بووە.

خراپتر لە تەقینەوە
لە چواری ئابی ئەمساڵ، بڕی حەوت هەزار و ٧٥٠ تۆن لە نیتراتی ئامۆنیۆم بەهۆی باش نەپاراستنییەوە لە بەیروت تەقییەوە، لە تەقینەوەکەدا ١٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەس هەزار کەسیش بریندار بوون.

بەڵام لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری (Bhopal)ی هندستان دەیان هەزار کەس بەهۆی دزەکردنی گازەوە لە دامەزراوەیەکی کیمیاییەوە گیانیان لەدەستدا.

زاناکان پێیان وایە کاریگەری ئەم گازە لەسەر شارەکەی هندستان و دەورووبەرەکەی تاکو دەیان ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت.

ئاگری گەورە
هاوینی ساڵی رابردوو ئاگر لە دارستانەکانی ئوسترالیا کەوتەوە، جگە لە مردنی ٣٣ کەس، سەدان ملیۆن گیانەوەر لەناوچوون و چەندین جۆری گیانەوەریش روبەڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەوە.

ئەی ئەگەر سەیری رابردوو بکەین؟ لە ئەیلولی ١٩٢٣ بومەلەرزە بوو بەهۆی دروستبوونی ئاگر و بای ئاگراوی، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس لە شارەکانی تۆکیۆ و یۆکۆهاما. ئێستا سەدان هەزار ئاژەڵی ئوسترالیا لەدەستدەدەین، بەڵام ئەو کاتە سەدان هەزار کەسمان لەدەستداوە.