ڕاپۆرتی جیهانی

12:11 - 20/12/2020

ڤایرۆسە نوێیەکەی بەریتانیا جیهان تووشی چی دەکات؟‌

پەیسەر

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوتکەی بڵاوبوونەوەدایە و تەنها ڤاکسینێک دەست بە بەکارهێنانی کراوە، بەڵام جۆرێکی نوێ و گۆڕدراوی کۆرۆنا لە بەریتانیا سەریهەڵداوە و جیهانی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە، هۆڵەندا گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرتووە و ترسیش هەیە ڤاکسینەکان بەرامبەر ئەم جۆرە نوێیە دەستەوەستان بن.

تۆمارکردنی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە زاناکانی بەریتانیا باسیان لەوە کرد، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەبارەی ئەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو چەند کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی کۆرۆنا و ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان دەبێت.

مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیاش ئاماژەی بەوە کردبوو، جۆرە نوێیەکە کۆرۆنای گۆڕاوە و لەو ناوچانەی کە حاڵەتەکانی کۆرۆنا بە خێراترین رێژە بەرز دەبنەوە تۆمار کراوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردبوو، جۆرە نوێیەکە بەراورد بەو کۆرۆنایەی ئێستا هەیە خێراتر بڵاودەبێتەوە و لە سنورەکانی ٦٠ ناوچەدا حاڵەتی جۆرە نوێیەکە تۆمار کراون (ئەم زانیارییانە هی ١٥ی ئەم مانگەن).

گۆڕانی ڤایرۆس
ڤایرۆسەکان بەردەوام لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاریدان، زۆربەی گۆڕاوەکان کاریگەری زۆر کەمیان هەیە، یان هەر کاریگەرییان نییە، بەڵام هەندێک لە گۆڕاوەکان ڤایرۆسەکە خاو دەکەنەوە، هەندێک جاریش خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکەن.

جۆری گۆڕانکاری و بازدانەکە دەستنیشانی ئەوە دەکات ڤایرۆسەکە جی بەسەر دێت، ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڤایرۆسە نوێیەکەی بەریتانیادا روویداوە وەها دەکەن خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە مانگی ئاب و ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستی بە بڵاوبوونەوە کردووە.

ڤایرۆسە نوێیەکە و ڤاکسینەکان
لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکان بەردەوام لە گۆڕاندان و باز دەدەن، بۆیە کێشە بۆ توانای بەرگری ڤاکسینەکان دروستدەکەن و هەندێک جار بێکاریگەریان دەکەن.

ئەگەر جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە گۆڕانکاری لەو بەشانەیدا رووبدات کە ڤاکسینەکان کاری لەسەر دەکەن، ئەوا کێشە بۆ کاری ڤاکسینەکان دروستدەکەن و دەتوانن لێیهەڵبێن، بەڵام تاکو ئێستا نازانرێت جۆرە نوێیەکەی بەریتانیا بەرامبەر ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان چۆن شەڕی مانەوە و هەڵهاتن لە لەناوچوون دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر گۆڕانکارییەکەش دیار و روون بێت لە ڤایرۆسە نوێیەکەدا، بە گۆڕانکارییەکی کەم لە ڤاکسینەکاندا دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت.

ئاگادارکردنی WHO
بەرپرسانی تەندروستی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن، رێکخراوی تەندروستی جیهانیان لە حاڵەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.

باس لەوەش دەکەن سیستمی تەندروستی وڵاتەکەیان لەژێر فشارێکی زۆردایە و ٩٠٪ی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان پڕن لە نەخۆش.


بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی رێژەی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە لەندەنی پایتەخت و باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتیش پەیوەندی بە بەو ڤایرۆسەی کۆرۆناوە هەیە کە گۆڕانکاری لە خۆیدا کردووە.
خێراتر
جۆنسن دەڵێت، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەم جۆرە نوێییەی کۆرۆنا بەەراورد بە جۆرەکەی پێشوو ٧٠٪ زیاتر ئەگەری بڵاوبووونەوەی هەیە.

لەگەڵ ترسە زۆرەکان لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەوە، سەرۆک وەزیران دەڵێت، بەپێی زانیارییەکان تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە بیسەلمێنێت کە ئەم جۆرە نوێیە نەخۆشییەکی قورستر و مردنێکی زۆرتر دروست بکات.

دوای بڵاوبونەوەی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە لەندەن، رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵاتی وڵات، حکومەتی بەریتانیا رێکار و رێنمایی نوێی دەرکرد و داخستنی وڵات و قەدەغەی هاتوچۆ توند کرانەوە.

رێکارە نوێیەکان
جۆنسن لەبارەی رێکارە توندەکان و سیاسەتی نوێی حکومەتەوە وتی، لەگەڵ گۆڕانکاری لە دۆزینەوە زانستییەکان لەبارەی ڤایرۆسەکەوە، دەبێت رێکارەکانیش گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، "ڤایرۆسەکە چەند رێگا و شێوازەکانی هێرشکردنی بگۆڕێت، دەبێت ئێمەش رێگا و شێوازەکانی بەرگریکردنمان بگۆڕین، ئەمڕۆش وەک سەرۆک وەزیرانتان جگە لەمە هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەم لە بەردەستدا نییە."

پلەی چوارەم بۆ سیستمی رێکارەکان زیادکراوە و هەریەک لە لەندەن، رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵات خراونەتە ناو ئەم پلەیەوە.

سەریساڵ قەدەغەیە
وا چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ هۆڵە وەرزشییەکان و ئەو شوێنانە دابخرێن کە خواردەمەنی نافرۆشن، جۆنسنیش جەختیکردووەتەوە کە بۆ سەری ساڵ رێکارەکان توندتر دەکرێنەوە.

لەو شوێنانەی کە رێکارەکان لە دواین پلەی توندیدان، رێگە بە خەڵک نادرێت کۆببنەوە و ئاهەنگی سەریساڵ ئەنجام بدەن، بەڵام لەو ناوچانەی رێژەی بڵاوبوونەوە کەمترن، تاکو سێ خێزان رێگە پێدراوە کۆببنەوە و ئاهەنگ بگێڕن.

ئەو رێکارانەی لە ئێستادا جێبەجێدەکرێن تاکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و لە ٣٠ ئەم مانگەشەوە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.

هۆڵەندا گەشتەکانی لەگەڵ بەریتانیا راگرت
دوای دڵنیابوونەوە لە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا و زۆربوونی حاڵەتەکان، حکومەتی هۆڵەندا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ بەریتانیا راگرت.

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هۆڵەندا لەگەڵ بەریتانیا تاکو یەکی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە بەریتانیا رایگەیاند، دەست بە کەرەنتینکردنەوە دەکات، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

حکومەتی هۆڵەندا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە لە حاڵەتی زۆر ناچاریدا نەبێت بە هیچ جۆرێک و بە هیچ رێگایەکی روو لە بەریتانیا نەکەن.

دوایین زانیاری

مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، جۆرە نوێ و گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی بەریتانیا دەرچووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، زەحمەتە پێش دابەشکردنی کۆرۆنا بەسەر بەشێکی زۆری هاوڵاتیاندا بتوانن کۆنترۆڵی ڤایرۆسە نوێیەکە بکەن.

بەرپرسێکی بەریتانیش دەڵێت، هەوڵ دەدەن لە رێگەی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتییەوە سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکە دابنێن.

ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات، پلانیان داناوە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا یەک ملیۆن کەس کوتانیان بۆ بکرێت، ئەمە جگە لەوەی دەستیان بە توندکردنەوەی رێکارەکان کردووەتەوە لە لەندەن و باشوری خۆرهەڵاتی بەریتانیا.

بەلجیکاش رایگەیاندووە گەشتە ئاسمانییەکان و هاتوچۆی شەمەندەفەریش لەگەڵ بەریتانیا رادەگرێت.

سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، گەشتەکان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەی رادەگرێت.

بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ قەدەغەکردنی هاتنی بەریتانییەکان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.