01:20 - 20/12/2020
بتهۆڤن؛ موزیسیانێکی نابیست کە باشترین شاکارە موزیکییەکانی داهێنا
موزیسیانێک نزیکەی سێ سەدەیە
ئەستێرەیەکی دیاری جیهانی داهێنانی موزیکە. عەشق و پەیوەندی خەڵک بە بەرهەمەکانی
ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر دەبێت، ملیۆنها کۆپی لە بەرهەمە ناوازەکانی دووبارە بەرهەم
دەهێنرێنەوە و بڵاودەکرێنەوە. بەرهەمەکانی چونکە بە عەشقەوە داهێنراون، مۆرکی
نەمریان وەرگرتووە.

بتهۆڤن لەوباوەڕەدابوو، موزیک دەربڕینی بیرۆکە و هەستەکانە، بۆیە هونەرە نەک سەرگەرمی
شەوێكی لەبیرنەکراو
لە 7 ی ئایاری 1824، خانەدان و نوخبەکانی دەسەڵاتدار و
ئیمپراتۆری ڤییەنا ئامادەبوون، تاوەکو گەواهیدەری روداوێکی فانتازی بن: یەکەمین
پێشکەشکردنی سەمفۆنی ژمارەی 9ی لودویگ ڤان بتهۆڤن.
چاوەڕوانییەکان زۆر بوون.
ئەم مۆسیقار و ڕابەرەی ئۆرکێسترا ماوەیەک بوو سەمفۆنیای
دانەنابوو، بەڵام بابەتەکە تەنها ئەمە نەبوو، چونکە 12 ساڵ تێپەریبوو بەسەر دواین
دەرکەوتنی بتهۆڤندا.
دواجار مامۆستای گەورە چووە سەر شانۆ، تاوەکو بەرامبەر گەورەترین
گرووپی ئۆرکێسترای مێژوو، رابەرایەتی کۆنسێرتێکی دووبارە نەبوەوە بکات.
لە کاتێکدا بتهۆڤن پشتی لە ئامادەبووان
بوو، بەجۆرێک رابەرایەتی کۆنسێرتەکەی دەکرد و ڕۆچووبوو لە موزیکەکەدا، لەگەڵ
نۆتەکاندا جەستەی دەلەراندەوە و دەستی لە هەوادا رادەوەشاند، لە کۆتا پارچە
موزیکدا ڕوینەکردە ئامادەبووان، ناچار کەسێکی نزیکی بەرەورووی ڕۆشت و ڕوی وەرگێرا
بەلای ئامادەبواندا بۆ ئەوەی خرۆشانی ئامادەبووان ببینێت.
موزیسیانێکی بلیمەت
بتهۆڤن، 250 ساڵ پێش ئێستە لە "بۆن"ی ئەڵمانیا چاوی بە
دنیا هەڵهێناوە. کتوومت مێژووی لە دایک بوونی نازانرێت" گومان دەکرێت 16
کانوونی یەکەم لەدایک بووبێت."، بەڵگەیەک هەیە پیشانی دەدات لە 17 کانوونی
یەکەم 1770 شۆردنی پاکژکردنەوە "تەعمید"ی بۆ کراوە.
بتهۆڤن بوو بە موزیسیارێکی داهێنەر، پڕشەوق و بەهێز، کە
کەسێتییەکی ئاڵۆز و دژەباوی پێبەخشی.
گەنجێتی هاوکات بوو لەگەڵ سەردەمی ناپلیۆن، سەردەمی گۆڕانکارییە
گەورە سیاسییەکان لە زۆرترین ناوچەکانی ئەوروپا.
هەرچەندە لە ئەڵمانیادا لە دایک بووە، بەڵام وەک موزیسیارێکی
گەورەی ڤییەنا ناسراوە.
ئەو لە هەمانکاتدا بە کەسێکی هەڵچوو، خۆپەرست، نەرجسی،
دورەپەرێز، مەزاجی، پەرێشان، رەزیل، شکستخواردووی عەشق، نەخۆشی دەروونی...و هەمیشە
مەست دادەنرا.
خاتوو لارا تانبریج، نووسەری کتێبی"بتهۆڤن: ژیان لە 9
پارچەدا." دەڵێت "ئەمانە هەموو بەشێکن لە ئەفسانە و واهیمەی
بتهۆڤن" چونکە " لەبەردەم هونەرمەنێکداین، کە لەلایەن ئەهریمەنی دەروونی
و دەردەکانی جەستەیی ئازار دراوە."
مامۆستایەکی گەورەی وەک بتهۆڤن، لەهەر شتێک زیات خۆی بۆ
هونەرەکەی تەرخانکرد بوو بەهۆی ئەوەی چەندین پارچە موزیک دابهێنێت لە دەرەوەی
چاوەڕوانییەکانی خەڵک، ئەمەش وایکرد بە بوونەوەری ئاسمانی دابنێن.
تەمەنێک لەگەڵ کێشەی جەستەیی
بتهۆڤن بە هەبوونی کێشەی کەسێتی ناسراو بوو، بەڵام ئەو کێشەیەکی
تەندروستی زۆری هەبوو و لەژێر چاودێری تۆقێنەری پزیشکیدا بوو.

نەخۆش بەرۆکی بتهۆڤنی بەرنەدەدا
زۆرێک لە پسپۆڕانی ئەمڕۆ لە هەوڵدان تاوەکو لەڕێگەی لێکۆڵینەوە
زانستییەوە مێژووی نەخۆشیەکانی، پەیوەندی نەخۆشییەکانی بە نەبیستنی، و کاریگەریان
لەسەر کەسێتی و موزیکی بتهۆڤن دەستنیشان بکەن.
ڕۆژێک دوای مردنی لە 27 ئازاری 1827، یۆهان واگنەری پزیشکی
ناوسراو، جەستەی بتهۆڤنی توێکاری کرد و بینی ورگێکی ئیلتیهاباوی و جگەرێکی زیان
پێگەیشتووی تێدایە، کە چوارەکی جگەری کەسێکی ئاسای بوو. نیشانەکانی نەخۆشی جگەر
بەهۆی زۆرخوارنەوەی کحولەوە بە ئاشکرا بەدی دەکرا.
"هەمیشە مەست"ی لە باوانەوە بۆ
مابووەوە، داپیرەشی هەمان کێشەی هەبوو، هەروەها باوکیشی هەمیشە مەست بوو.
بتهۆڤن چۆن توانای بیستنی لەدەستدا؟
ئەوەی کە سەلماوە، بتهۆڤن کێشەی قوڵی بیستنی هەبووە و دکتۆر
واگنەریش لە توێکاری جەستەیدا ئەم کێشەیەی بینی و لە ڕاپۆرتەکەیدا تۆماریکرد.
ڕەنگە کێشەی بیستنەکەی پەیوەندی بە نەخۆشی گوێیەوە هەبووبێت،
چونکە بەردەوام گلەی لە تا و سەرئێشە دەکرد، کێشەیەک تا کۆتای ژیانی لەگەڵیدا بوو.
دکتۆر فیلیپ ماکۆڤیاک، مامۆستای قوتابخانەی پزیشکی ماریلاند،
ئاماژە بەوە دەکات، بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە، نەبیستنی بتهۆڤن رەنگە بەهۆی کاریگەریە
لاوەکییەکانی نەخۆشی سیفیلیسەوەبێت و بە بۆماوەی بۆی گواسترابێتەوە.
نەخۆشیەکە لە کیشوەری ئەمریکاوە گواسترابووەوە بۆ ئەوروپا.
دکتۆر ماکۆڤیاک باس لەوە دەکات،ئەم
نەخۆشیە بوو بەهۆی کێشەی گوێ و نەبیستن لە بتهۆڤندا، بەڵام هێنری مارش، پسپۆڕی
نەشتەرگەری مێشک و دەمار، لەوباوەڕەدایە کە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بۆ سەلماندنی ئەمە
لەبەردەستدا نییە و تەنها گومانبردنە.
ئازاری نەبیستن
کێشەی بیستنی بتهۆڤن لەنێوان ساڵانی 1797 و 1798 دا
دەستیپێکرد. لە ساڵی 1802 بە ڕێنمای پزیشک ڤییەنای جێهێشت و بۆ بەدەستهێنانی
ئارامی رویکردە شارێک بەناوی هایلیگنشتانتی هاوسێی ڤییەنا، تاوەکو لەگەڵ ئەم
کێشەیەدا رابێت.
لەو شارەدا نامەیەکی نارد بۆ براکانی و بە "پەیمانی
هایلیگنشتانت" ناسراوە، لە نامەکەیدا باسی لە ئارەزوی خۆکوشتن و دووری لە
خەڵک کردبوو.

بتهۆڤن بە ڕێنمای دکتۆرەکەی چووە هایلیگنشتانت و لەوێ "پەیمانی هایلیگنشتانت"ی نوسی
لەبارەی کاریگەری نەبیستن وکاریگەری لەسەر گۆڕانی رەفتاری
نوسیوویەتی" نزیکەی شەش ساڵ پێش ئێستە دوچاری نەخۆشیەکەی کوشندە بووم و بەهۆی
دکتۆرە نەشارەزاکانیشەوە نەخۆشیەکەم خراپتر بوو. لەئێستادا جگە لە ژیانێکی شاراوە،
چارەیەکی دیکەم نییە. ئەگەر نزیکی کەسێک ببمەوە، پڕ دەبم لە غەمێکی کوشندە: واتە
خۆم بخەمە حاڵەتێکەوە کەسەکانی تر لە بارودۆخم تێبگەن."
ئەم نامە نەنێردرا بۆ کەس و دوای مردنی لە نیوان پەڕەکانیدا
دۆزرایەوە.
لە یەکێک لە ئازاربەخشترین بەشی نامەکەیدا دەنووسێت " ئاخ!،
چۆن بتوانم دان بە نەتوانینی هەستێکدا بنێم، کە دەبێت بێ کێشە و لە ئاستێکی باڵادا
لە مندا هەبێت، کەمترین موزیسیانێک ئەمەی ئەزموون کردوە."
بتهۆڤن ئاماژە بەوە دەکات، لەسەرەتادا توانای بیستنی هەندێک لە
دەنگەکانی نەبووە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، زایاتر توانای بیستنی لەدەستداوە.
پڕۆفیسۆر تانبریج دەڵێت" بەگوێرەی راپۆرتەکان، بتهۆڤن
نەبیست بوو، وە بەدەنگی بەرز قسەی دەکرد، بەڵام دیار نییە کتوومت حاڵی چۆن بووە."
ئەوەی روونە ئەوەیە، تا ساڵی 1818 بەقورسی لە قسەکانی خەڵک
تێدەگەشت، بۆیە داوای لێدەکردن بۆچوون و پرسیارەکانیان لەسەر رووی کاغەز بنووسن.
گەواهیدەر هەیە، نیشانی دەدات، بتهۆڤن تا کۆتای ژیانی توانای
بیستنی هەندێک لە دەنگەکانی هەبوو.
موزیک وەک زنجیرەیەک لەرزە
ناخۆشی کێشەی بیستنی وایکرد، ناخۆشی ژن نەهێنانیشی بێتە سەر.
بەڵام نەک هەر بەردەوام بوو لە دانانی موزیک، بەڵکو
پێشوازیلێکراوترین، شۆکترین و ئەزموونیترین پارچەکانی خۆشی دانا.
بە گوتەی خاتوو تانبرج، بتهۆڤن لە پەیمانی هایلیگنشتانتدا"
بڕیاریداوە کە ژیان هەر گرنگە، دەیەوێت موزیک بسازێت و موزیکی وەک رزگارکەری خۆی
داناوە."
لەبەرئەوەی بتهۆڤن پیانۆژەنێکی بە توانا بوو، بەهۆیەوە بەردەوامی
بە داهێنانی موزیکیدا.
بەڵام بەهێزترین سازی بتهۆڤن مێشکی بوو.
ئینسانیەت و ئومێد
پڕۆفیسۆر تانبرج دەڵێت" بەڵگەی زۆر لەبەردەستادا، کە پیشانیدەدات
بتهۆڤن کەسێکی گۆشەگیر و نەخۆش بوو، بەڵام بتهۆڤن بەمشتانە دوای نایەت. ئەو ڕویەکی
دیگەی هەیە، کە زۆر دۆستانەتر و دڵخۆشتربوو. مرۆڤایەتی بتهۆڤن لە هەندێک کاتدا بە
باشی دەردەکەوێت."
بە گوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، هەر ئەوەی کە
بتهۆڤن " سروودی شادی" لە یەکێک لە سەختترین ساتەکانی ژیانیدا داهێنا و
ئەو بەردەوام هیوای بە ئایندە هەبوو-هەستێک لە بەرهەماکنیدا شەپۆل دەدات-
هەر لە تەمەنێکی کەمدا، بتهۆڤن دەیویست موزیک بۆ شیعری فرێدریک
شیللەر بەهەمان ناوی خۆیەوە دابنێت، و لە کۆتایدا ڕێگەیەکی پەیداکرد، کە لە
سەمفۆنیای ژمارە 9 دا جێگای بکاتەوە.
خاتوو تانبرج دەڵێت " وابیردەکەمەوە ئەو بیرۆکانەی لەم
شیعرەدا هەن، واتە برایەتی و شادی، هەمان ئەوشتانەیە بتهۆڤن دەیویست لە سیاسەت و
کۆمەڵگادا پەرەیپێبدات. ئەو تا کۆتای تەمەنی بەو ئومێدەوە ژیا و نابێت ئەم راستیە
لەبەرچاو نەگرین."