ڕاپۆرتی جیهانی

03:41 - 21/12/2020

ڤایرۆسە نوێیەکە بەریتانیا لە جیهان دادەبڕێت، مەترسیدارە؟‌

پەیسەر

تاکو دێت نیگەرانییەکان لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەی بەریتانیا زیاتر دەبن، ژمارەی ئەو وڵاتانەی گەشتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا رادەگرن بەردەوام بەرزدەبنەوە و بەریاتانیا بەرەو گۆشەگیری زیاتر دەچێت، ترسی هەرە گەورەش ئەوەیە ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان نەتوانن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵ ببن و پێش کۆنترۆڵکردنیشی بۆ وڵاتانی جیهان بگوازرێتەوە.

بەریتانیا: ڤایرۆسەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە
دوێنێ مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، جۆرە نوێ و گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی بەریتانیا دەرچووە و زەحمەتە پێش دابەشکردنی کۆرۆنا بەسەر بەشێکی زۆری هاوڵاتیاندا بتوانن کۆنترۆڵی ڤایرۆسە نوێیەکە بکەن.

ئەمڕۆ هانکۆک لە تویتەرەوە هۆشدارییەکەی دووپات کردەوە و وتی، "بەڵگەمان لەبەردەستدایە کە جۆرە نوێیەکە مەترسیدارترە و بۆ پاراستنی ژیانی خۆتان، پێویستە لە ماڵەوە بمێننەوە ".

ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەکان زۆر نیگەرانکەرن، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ ڤاکسینەکان بەردەوامن، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەم ڤایرۆسە بکرێت پێویستە ئەوەی لەسەر هەموانە ئەنجام بدرێت.

گۆشەگیربوونی بەریتانیا
ئەمڕۆ هەریەک لە ئەمریکا، نەمسا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە گەشتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا راگرت.

دوای دڵنیابوونەوە لە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا و زۆربوونی حاڵەتەکان، دوێنێ حکومەتی هۆڵەندا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ بەریتانیا راگرت.

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هۆڵەندا لەگەڵ بەریتانیا تاکو یەکی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە بەریتانیا رایگەیاند، دەست بە کەرەنتینکردنەوە دەکات، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

حکومەتی هۆڵەندا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە لە حاڵەتی زۆر ناچاریدا نەبێت بە هیچ جۆرێک و بە هیچ رێگایەکی روو لە بەریتانیا نەکەن.

هەر دوێنێ بەلجیکاش رایگەیاند گەشتە ئاسمانییەکان و هاتوچۆی شەمەندەفەریش لەگەڵ بەریتانیا رادەگرێت.

سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، گەشتەکان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەی رادەگرێت.

دوێنێ بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ قەدەغەکردنی هاتنی بەریتانییەکان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتامەی ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ئەو وڵاتانەی تاکو ئێستا گەشتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا راگرتووە بریتین لە چیلی، مەغریب، ئەرجەنتین، هۆنگ کۆنگ، کوەیت، سەلڤادۆر، سعودیە، ئێران، ئیسرائیل، رۆمانیا، تورکیا، کەنەدا، کرواتیا، رۆمانیا، بولگاریا، لاتیڤیا، ئیستۆنیا، فینلەندا، لیتوانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیرلەندا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا.

 

هەرێمیش رێکاری گرتەبەر
ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی لەسەرە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی پارێزگا، ئیدارە و قەزاکان ئاگادار
کردەوە کە "ئامادەکاریی بکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ کە ئێستا لە بەریتانیا راگەیێندراوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، "پێویستە بە وردی چاودێری هەموو گەشتیار و کەسێک بکەن کەوا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە وڵاتی بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان کاری پێویست ئەنجامبدەن بە تۆمارکردن و چاودێریکردنی رەوشی تەندروستییان لەکاتی ئێستا بۆ پشکنین و پەیوەندیکردن پێیان، دواتر لە رێکاری نوێ و پێشوەچوونەکان ئاگادارتان دەکەینەوە".

دزەکردنی ڤایرۆسەکە
وڵاتانی ئەورووپا ئەوەی لێی دەترسان روویدا، هەریەک لە دانیمارک، هۆڵەندا و ئیتاڵیاش بە فەرمی رایانگەیاندووە کە ڤایرۆسە نوێیەکەی بەریتانیا لە وڵاتەکانیان تۆمار کراوە.

راگرتنی گەشتە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەکانی وڵاتانیش بۆ رێگرتنە لەوەی ڤایرۆکە نەتوانێت دزە باکتە وڵاتەکانیان. ئێستا ترسی گەورە ئەوەیە بەریتانیا وەک چین ببێت بە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و سەرجەم جیهانیش بگرێتەوە.

ئەورووپا چی دەکات؟
لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا حکومەتی بەریتانیا بە سەرپەرشتی جۆنسن کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکە دەکرێت و ئەگەریش هەیە سەرجەم گەشتەکان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتانی جیهان بوەستێنرێت.

ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەری بە 27 وڵاتی یەكێتیەکە بەخشی. بۆیەکەمین جار ئاژانسەکە، ئەمڕۆ 21ی کانوونی یەکەم 2020، مۆڵەتی بەکارهێنانی پێکوتەی فایزەر و بایۆنتێکی بە 27 وڵاتی یەکێتیەکە بەخشی.


بەرپرسانی ئاژانسەکە رایانگەیاند، ئامانجیان دابینکردنی پێکوتەیە بۆ هەموو وڵاتان و دراوسێکانیشان. رەنگە لەماوەیەکی نزیکدا مۆڵەت بە پێکوتەی مۆدێرناش بدرێت.


بڕایاربوو یەکێتی دەرمانی ئەوروپا، هەفتەی داهاتوو مۆڵەت بدات بە وڵاتانی یەکێتیەکەی لەبارەی پێکوتەی فایزەر-بایۆنتێکەوە، بەڵام بەهۆی دەرکەوتنی ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا لە بەریتانیا و هەڵكشانی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا، مۆڵەتپێدانەکەی پێشخست.

 

چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی یەکشەمەی هەفتەی داهاتووشەوە دەست بە کوتانی ئەورووپییەکان بە ڤاکسینی فایزەر و بایۆنتیک بکرێت.

بەڵایەکی نوێ
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە زاناکانی بەریتانیا باسیان لەوە کرد، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەبارەی ئەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو چەند کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی کۆرۆنا و ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان دەبێت.

مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیاش ئاماژەی بەوە کردبوو، جۆرە نوێیەکە کۆرۆنای گۆڕاوە و لەو ناوچانەی کە حاڵەتەکانی کۆرۆنا بە خێراترین رێژە بەرز دەبنەوە تۆمار کراوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردبوو، جۆرە نوێیەکە بەراورد بەو کۆرۆنایەی ئێستا هەیە خێراتر بڵاودەبێتەوە و لە سنورەکانی ٦٠ ناوچەدا حاڵەتی جۆرە نوێیەکە تۆمار کراون (ئەم زانیارییانە هی ١٥ی ئەم مانگەن).

گۆڕانی ڤایرۆس
ڤایرۆسەکان بەردەوام لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاریدان، زۆربەی گۆڕاوەکان کاریگەری زۆر کەمیان هەیە، یان هەر کاریگەرییان نییە، بەڵام هەندێک لە گۆڕاوەکان ڤایرۆسەکە خاو دەکەنەوە، هەندێک جاریش خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکەن.

جۆری گۆڕانکاری و بازدانەکە دەستنیشانی ئەوە دەکات ڤایرۆسەکە جی بەسەر دێت، ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڤایرۆسە نوێیەکەی بەریتانیادا روویداوە وەها دەکەن خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە مانگی ئاب و ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستی بە بڵاوبوونەوە کردووە.

ڤایرۆسە نوێیەکە و ڤاکسینەکان
لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکان بەردەوام لە گۆڕاندان و باز دەدەن، بۆیە کێشە بۆ توانای بەرگری ڤاکسینەکان دروستدەکەن و هەندێک جار بێکاریگەریان دەکەن.

ئەگەر جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە گۆڕانکاری لەو بەشانەیدا رووبدات کە ڤاکسینەکان کاری لەسەر دەکەن، ئەوا کێشە بۆ کاری ڤاکسینەکان دروستدەکەن و دەتوانن لێیهەڵبێن، بەڵام تاکو ئێستا نازانرێت جۆرە نوێیەکەی بەریتانیا بەرامبەر ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان چۆن شەڕی مانەوە و هەڵهاتن لە لەناوچوون دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر گۆڕانکارییەکەش دیار و روون بێت لە ڤایرۆسە نوێیەکەدا، بە گۆڕانکارییەکی کەم لە ڤاکسینەکاندا دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت.

مەترسی نییە
لەگەڵ ئەوەی ترسی زۆر لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەوە هەیە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی پسپۆڕان دەڵێن ڤایرۆسەکە ترسی زۆری نییە و بە ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان کۆنترۆڵ دەکرێت.

ریچارد نەهەر لە ناوەندی زانستەکانی زانکۆی باسڵ لەبارەی ڤایرۆسەکەوە دەڵێت، "لە ئێستادا هیچ نیشانەیەکی مەترسیدار نابینم". ئەندرێس بێرگسالەریش لە ئەکادیمیای زانستەکان لە ڤیەنا پێی وایە، ئەمە مایەی سەرهەڵدانی دۆخێکی زۆر خراپ و لەناکاو نییە.

کریستیان درۆستێن سەرۆکی پەیمانگای ڤیرۆلۆژی لە نەخۆشخانەی (Berlin Charite)ش لە مەترسی دۆخەکە کەمدەکاتەوە دەڵێت، مەرج نییە هەموو جارێک ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە ڤایرۆسە بنەڕەتییەکە بەهێزتر بێت و تاکو ئێستاش ئەم جۆرە نوێیە بە ئەڵمانیا نەگەیشتووە.

سەریساڵ قەدەغەیە
وا چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ هۆڵە وەرزشییەکان و ئەو شوێنانە دابخرێن کە خواردەمەنی نافرۆشن، جۆنسنیش جەختیکردووەتەوە کە بۆ سەری ساڵ رێکارەکان توندتر دەکرێنەوە.

لەو شوێنانەی کە رێکارەکان لە دواین پلەی توندیدان، رێگە بە خەڵک نادرێت کۆببنەوە و ئاهەنگی سەریساڵ ئەنجام بدەن، بەڵام لەو ناوچانەی رێژەی بڵاوبوونەوە کەمترن، تاکو سێ خێزان رێگە پێدراوە کۆببنەوە و ئاهەنگ بگێڕن.

ئەو رێکارانەی لە ئێستادا جێبەجێدەکرێن تاکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و لە ٣٠ ئەم مانگەشەوە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.

رێگریی
بەرپرسێکی بەریتانیش دەڵێت، هەوڵ دەدەن لە رێگەی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتییەوە سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکە دابنێن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە مانگی ئاب و ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستی بە بڵاوبوونەوە کردووە.

ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات، پلانیان داناوە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا یەک ملیۆن کەس کوتانیان بۆ بکرێت، ئەمە جگە لەوەی دەستیان بە توندکردنەوەی رێکارەکان کردووەتوە لە لەندەن و باشوری خۆرهەڵاتی بەریتانیا.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی رێژەی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە لەندەنی پایتەخت و باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتیش پەیوەندی بە بەو ڤایرۆسەی کۆرۆناوە هەیە کە گۆڕانکاری لە خۆیدا کردووە.

خێراتر
جۆنسن دەڵێت، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەم جۆرە نوێییەی کۆرۆنا بەەراورد بە جۆرەکەی پێشوو ٧٠٪ زیاتر ئەگەری بڵاوبووونەوەی هەیە.

باس لەوەش دەکەن سیستمی تەندروستی وڵاتەکەیان لەژێر فشارێکی زۆردایە و ٩٠٪ی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان پڕن لە نەخۆش.

WHO و ڤایرۆسە نوێیەکە
بەرپرسانی تەندروستی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن، رێکخراوی تەندروستی جیهانیان لە حاڵەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.

دواتریش رێکخراوەکە رایگەیاند، لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەوە کە لە بەریتانیا سەریهەڵداوە لە پەیوەندی نزیک و بەردەوامدان لەگەڵ بەریتانییەکاندا.