ڕاپۆرتی جیهانی

05:40 - 21/12/2020

سەرۆکی داهاتووی مۆساد کێیە؟‌

پەیسەر

"D" دەبێتە سەرۆکی هەستیارترین دامەزراوەی ئیسرائیل. سەرۆک وەزیران دیاریکردووە و گۆڵدبێرگ پەسەندیکرد، ناو و وێنەی بڵاودەکرێتەوە. پیاوی ئۆپراسیۆنە هەستیارەکانە و سەرۆکی ئێستای مۆساد و سەۆک وەزیران بە شایستەی ئەم پۆستەی دادەنێن.


بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرای ئیسرائیل، 15ی تشرینی دووەم 2020 ڕایگەیاند، "D"ی وەک سەۆکی نوێی مۆساد، ڕێکخراوی سیخوڕی و کارەی تایبەتییەکانی ئیسرائیل هەڵبژرادووە.


"D" تائێستا جێگری مۆساد بووە و بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021، لە کۆتای ماوەی پێنج ساڵەی سەرۆکایەتی یەسوی کۆهن، ببێتە شوێنگرەوەی.
نەتەنیاهۆ لە وەسفی  "D"دا گوتی " یەکێک لە خۆشەویسترین ئەستێرەکانی مۆسادە، کە شایستەیی تەواوی هەیە، بۆ دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەم ڕێکخراوە و ئەم پۆستە "حەق"ی خۆیەتی.


کەی ناو و وێنەی بڵاودەکرێتەوە؟
رۆژنامەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دوای پەسەندکردنی کۆتای "D" لەلایەن کۆمسیۆنێکی تایبەتەوە بۆ پەسەندکردنی بەرپرسە باڵا و هەستیارەکان بەناوی کۆمسیۆنی "گۆڵدبێرگ"، ناو و وێنەی ئاشکرا دەکرێت.


کێ پێشنیازی کرد و بۆچی هەڵبژێردرا؟
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، یوسی کۆهنی سەرۆکی ئێستای مۆساد، "D" ی پێشنیارکردوە بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ   و راپۆرتی راگەیاندنەکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن "D" و کۆهن لەمێژە یەکتری دەناسن.


ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، "D" بەتایبەت لە کارنامەی درێژخایەنی خۆی لەم رێکخراوە، پسپۆر بووە لە چالاککردنی سیخوڕەکانی مۆساد لە جیهاندا. "D" چالاکی ئاسایشی لە یەکەی کۆماندۆی ناسراو بە "سەیرت متکال" لە سوپادا دەستپێکردووە.

رەم بن باراک، بەرپرسی پێشووی مۆساد کە لە ئێستادا سیاسەتمەداری حزبی "یش ئاتید"ە، بە ڕاگەیاندنەکانی گوت،" "D" کەسێکی سەرسوڕهێنەرە و ئەزمونێکی دەوڵەمەندی  لە ئۆپراسیۆندا هەیە و بنیامین ناتەنیاهۆ باشترین کەسی پەسەند کردووە."

"D" ناکۆکی دەخاتە نێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری
دیاریکردنی هەواڵی پەسەندکردنی "D" وەک سەرۆکی مۆساد، دەستبەجێ ململانێیەکی نوێی لە نیوان بنیامین نەتەنیاهۆ و بنیامین گانتس، وەزیری بەرگری، هێنایە ئاراوە.
گانتس ڕایگەیاند لەم پەسەندکردنە "بێ ئاگا" بووە و لە ڕۆژنامەکانەوە زانیویەتی. ئەمە لە کاتێکدایە لە هاوپەیمانێتی حکومەتی ئێستای ئیسرائیلدا، گانتس وەک "سەرۆک وەزیری جێگرەوە" دیاریکراوە.
بەگوێرەی راگەیاندنەکانی ئیسرائیل، وەزیری بەرگری خێرا تەلەفۆنی بۆ نەتەنیاهۆ کردووە و بە توندی ڕەخنەی لەم مامەڵەیەی گرتووە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی ئەم گفتوگۆ تەلەفۆنیەوە رایگەیاند، پەسەندکردنی سەرۆکی مۆساد بەگوێرەی بڕیارەکان، تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیراندایە.
ماوەی سەرۆکایەتی مۆساد چوارساڵە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆ بەهۆی نزیکی لە یوسی کۆهن، بەهاری ئەمساڵ سەرۆکایەتییەکەی تاوەکو حوزەیرانی 2021 درێژکردەوە.

ئێران و سەرۆکی نوێی مۆساد
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سەرۆکایەتی  "D" دا لە مۆساد، ئێران لەلایەن مۆسادەوە یەکێک لە ئەولەویەتی کارەکانی دەبێت.
تەقاندنەوەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز و تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە، باوکی ئەتۆمی ئەم وڵاتە، دووان لە گرنگترین کارە ئەنجامدراوەکانی مۆساد بوون لە سەردەمی "یوسی کۆهن"دا.


ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزی لە هەردوو روداوەکەدا ، بەشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی ئەمریکی و دەرەکی نوسیوویەتی، مۆساد ئەنجامدەری ئەم دوو روداوە بووە.
کەناڵی 13ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، یەکێک لە گرنگترین و تازەترین کارەکانی  "D"، لەماوەی دوو ساڵەی جێگری مۆساد دا، ڕۆڵیەتی لە پلانی کوشتنی موحسین فەخریزادە.


ئەم کەناڵە ئاماژەی بەوەکرد کە "ئێران، ئێران و جارێکی دیکە ئێران"، چەقی سەرەکی چالاکییەکانی مۆساد و  "D" دەبێت.

یوسی کۆهن و ڕێککەوتننامەی ئیسرائیل
یوسی کۆهن نوێنەری تایبەتی بنامین نەتەنیاهۆ بوو لە بابەتی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی.
هەنگاوەکانی سەرۆکی رێکخراوی سیخوری مۆساد لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بوو بەهۆی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، سودان، مەغریب و هەروەها گەشتی فەرمی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ عەمان.


هەر لەماوەی سەرۆکایەتی یوسی کۆهن لە ڕێکخراوی مۆساد، ڕاپۆرتی زۆر لەسەر تەلەفۆن و جوڵەی پشتی پەردەی لە نیوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی وەک سعودیە بڵاوبوویەوە و تەنانەت سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە لەگەڵ مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سعودیەی کرد.

سەرۆکی مۆساد بەرەو شانۆی سیاسەت
زۆرێک لە سیاستمەداران ماوەیەک پێش ئێستە باسیان لەوە کردبوو، کە یوسی کۆهن کەڵکەڵەی هاتنە سەر شانۆی سیاسەتی ئیسرائیلی لەسەردایە. ڕاگەیاندنەکان ئەم وڵاتە کۆهن وەک جێگرەوەی بنیامین نەتەنیاهۆ دادەنێن لە سیاسەتدا، رەنگە سەرۆکایەتی حزبی لیکۆد بگرێتە دەست.