ڕاپۆرتی جیهانی

11:21 - 25/12/2020

جۆزیف سافرا؛ جادوگەری پارەپەیداکردن‌

پەیسەر

سافرا خاوەنی بەناوبانگترین بانکی بەرازیل و جولەکەیەکی لوبنانی-بەرازیلی بوو. گرنگییرکی زۆری بە ریشەی جولەکەی خۆی دەدا  و کۆمەککەری کڵێساش بوو. بە پێچەوانەی خێزانەکەیەوە، پشتی لە بازرگانی کرد و کاری پارەپەیداکردنی لەسەر شێوازی  باوباپیرانی هەڵبژراد. سیمبولێکی جولەکەی دەوڵەمەند بوو.

"جۆزیف سافرا" بە عەرەبی "یوسف سەفرا"شی پێدەڵێن، گەورەترین خاوەن بانکی بەرازیل و یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان بوو. لە 10ی کانوونی یەکەم 2020 کۆچى دوایى کرد

جۆزیف یان یوسف کێیە و چۆن دەوڵەمەند بوو؟
جولەکەکان لە دێرزەمانەوە بە بازرگان و  دەوڵەمەند بەناوبانگن. بازرگانیکردن بە پارەوە پسپۆڕی گرووپی جوولەکەکانە. ئەم ناوبانگە لە کتێب و شوێنەوارە مێژوویەکانیشدا ئاماژەی پێدراوە. "بازرگانی ڤینیسا"ی ولیام شکسپیر نموونەیەکە بە جوانی ئەم رۆحیەتە پیشاندەدات.
ویڵ دۆرانت بۆچوونی وایە، ئاوارەبوونی جولەکەکان ئەو توانایەی پێداون گرنگی بدەن بە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، چونکە تەنها لەم ڕێگەیەوە دەیانتوانی لە کۆمەڵگەدا وەک میوان بمێننەوە و دەرنەکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە، هەندێکی دیکە، ئەم نەریتەی جولەکەکان نابەستنەوە بە هۆکاری مێژوویەوە، بەڵکو بە پەروەردەی تەلمودی جولەکەکانی دادەنێن. تەلمود یەکێکە لە کتێبە ئاینییە بنەرەتییەکانی  جولەکەکان.
هەرچی بێت، هیچ لە بنەرەتی بابەتەکە ناگۆڕێت. جۆزێف جولەکەیەکی دەوڵەمەند و خاوەن بانکێکی گەورە بوو، لەهەمان کاتدا پەیوەستبوو بە ریشەی بنەرەتی جولەکەیی خۆیەوە.
زۆر نابێت ئەم ئایکۆنە کلاسیکییەی دنیای مۆدێرن کۆچی دوایکردووە.


خێزان و باوباپیرانی سافرا شارەزای پارە پەیداکردن بوون
سافرا سیمبولی جولەکەیەکی دەوڵەمەند بوو. لە ساڵی 1938 لە بەیروت هاتۆتە دنیاوە. باوک و براکانی هەموویان بازرگان بوون. ئەوان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، بازرگانی و ڕێنمايی کاروانە وشترەکانیان لە ئەسکەندەریيەوە بۆ ئەستەمبوڵ بەدەستەوە بوو.
لە کاتێکدا تەنها منداڵێکی بچووک بوو، باوکی جۆزێف بڕیاردەدات لە لوبنانەوە کۆچ بکات بۆ بەرازیل. باوکی ئەمریکای باشوری وەک بازاڕیکی لەبار دەبینی، لەبەرئەوە گەشتی کرد بۆ ساوپاولۆ و دەستی بە بازرگانی کرد.
خێزانی سافرا دەستیانکرد بە بازرگانی کاڵا و هاوردە و هەناردە، بەڵام جۆزێف بڕیاریدا لەسەر کاری باوباپیرانی بەردەوام بێت. بانکێکی بنیاتنا و لەماوەیەکی کەمدا بوو بە بۆ گەورەترین بانکی بەرازیل.
جۆزیف سافرا بەڕێوبەری گشتی"بانکی سافرا"بوو، دوای فراوانبوونی دامەزراوە داراییەکەشی، توانی پشکی سەرەکی هەبێت لە بانکی "نیشتیمانی نیویۆرک".
سافرا لەم ڕێگەیەوە توانی ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین خاوەن بانکەکانی جیهان. بەگوێرەی راپۆرتی فۆربس، ڕێژەی دەرامەتی ئەم خاوەن بانکە لوبنانی-بەرازیلییە لە ساڵی 2020 دا، 22.8"بیست و دوو ملیار و هەشت سەد ملیۆن" دۆلار بووە و لەم روەوە پەنجا و سێیەمین کەسی دەوڵەمەندی دنیا و دەوڵەمەندترین کەسی بەرازیل بوو.


جولەکەیەک کە پشتگیری کڵێسای دەکرد
ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە سافرا بە قوڵی گرنگی دەدا بە ڕیشەی جولەکەی خۆی. سافرا جولەکەیەکی سەفاردی" ئەو جولەکانەی لە سەرەتای هەزارەی دووەمی زانینی لە دورگەی ئیبریدا ژیاون"  و  نەریتخوازێکی عەیارە بیست و چوار بوو.
بەگوێرەی پێگەکانی جولەکە، سافرا پارەیەکی زۆری داوەتە دامەزراوە جولەکەییەکان، گرووپە عیبری زمانەکانی بەرازیل و کڵێساکانی وڵاتە جیاوازەکان.
ئەم تایبەتمەندییەی جۆزێف سافرا  وەک جولەکە کلاسیکییە دەوڵەمەندەکانی لێکردبوو، کە لە ڕێگەی پارەپەیداکردنەوە و پشتگیریکردنی هاوئایین و کڵێساکانەوە، پشتگیری مانەوەی کۆمەڵگەی کەمییەتی جولەکەی دەکرد.
سەفاردی لە کۆتايی تەمەنیدا، لە جنێفی سویسرا دەژیا و لە ڕێگەی بانکەکانی سویسراوە، لەگەڵ گرووپە جولەکەکاندا پەیوەندی هەبووە و پشتگیری کردووەن.

فۆبیای تیرۆر و چارەنوسێک کە هەڵهاتن لێی مەحاڵ بوو
جۆزێف سافرا سەرەڕای کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، بە چەندین تایبەتمەندی کەسێتی بەناوبانگ بوو.
چەند ساڵ پێش ئێستە. برا گەورەکەی جۆزێف واتە ئەدمۆندی برای، کە یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین هاووڵاتیانی بەرازیل، لە ڕوداوێکی تەقەکردندا بەهۆی بەرکەوتنی گولەوە کوژرا. دوای ئەم روداوە، جۆزێف توشی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوو. سەدان پاسەوانی تایبەتی بۆ خۆی دانا و تەنانەت هەندێک لەم پاسەوانەکانیشی دەبردە جێگە تایبەتیەکانی خۆی. وێنەکانی جۆزێف لەگەڵ پاسەوانە جل رەش و کەتەکانی تاماوەکی زۆر بابەتێکی گەرم بوو.  فۆبیای کوشتنی، مۆتەکەیەک بوو تاوەکو کۆتای تەمەنی لەگەڵیدابوو. بەڵام دواجار مەرگ ڕێگەی پێگرت و سەروەت و سامانەکەشی نەیتوانی لە مەرگ رزگاری بکات.