ڕاپۆرتی جیهانی

12:05 - 29/12/2020

گەندەڵیی و مادەی هۆشبەر؛ تابوتی رۆژنامەوانانی جیهان‌

پەیسەر

ساڵی ٢٠٢٠ کە ساڵی روداوە دڵتەزێنەکان بوو، بۆ رۆژنامەوانان چەندین هێندە سەخت و دژوارتر بوو. لە ئەمساڵدا ٥٠ رۆژنامەوان کوژراون و سەدانی دیکەش زیندانیی کراون. بەشی هەرە زۆری رۆژنامەوانە کوژراوەکان بەهۆی کارکردنیان بووە لە بواری گەندەڵی و ماددەی هۆشبەر.

ساڵی ٢٠٢٠؛ مەرگی ٥٠ رۆژنامەوان
رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور لە دوایین راپۆرتیدا باس لە کوشتنی رۆژنامەنووسان دەکات لە ساڵی ٢٠٢٠. لەگەڵ ئەوەی بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ رۆژنامەنووس کەمتر کوژراوە، بەڵام رێکخراوەکە نیگەرانی قوڵی خۆی بۆ کوشتنی رۆژنامەنووسان دەردەبڕێت و داوای پاراستنیان دەکات.

لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی رۆژنامەنووسانی بێسنوردا لەبارەی ئازادی رۆژنامەوانیی لە جیهاندا هاتووە؛ لە ساڵی ٢٠٢٠، ٥٠ رۆژنامەوان بەهۆی کاری رۆژنامەوانییەوە کوژراون.

لە راپۆرتەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە؛ زۆربەی رۆژنامەوانە کوژراوەکان بەهۆی ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی گەندەڵیی، تاوانی رێکخراو و زیانگەیاندن بە ژینگە بە ئامانج کراون.

ئەوەی جێگای سەرنجە بەپێی راپۆرتەکە، لەنێوان یەکی کانونی دووەم تاکو ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠دا، دوو لەسەر سێی رۆژانامەوانە کوژراوەکان لە دەرەوەی ئەو ناوچانەدا کوژراون کە شەڕ و پێکدادانی سەربازیی و چەکدارییان تێندا نییە کە دوو لە رۆژنامەوانە کوژراوەکانی ساڵی ٢٠٢٠ ژن بوون.

راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر کەیسی روحوڵا زەم کە لە ١٢ی کانونی یەکەم لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدرا، زەم کەناڵێکی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوەدەبرد، ئەمەش سەلماندی کە ئێران بکوژی بەمەبەستی رۆژنامەوانانە لە چەند دەیەی رابردوودا.

تەنها لە ١٠ ساڵی رابردوودا ٩٣٧ رۆژنامەوان بەهۆی کارەکانیان کوژراون، ساڵی ٢٠١٩، ٥٣ رۆژنامەوان و ٢٠٢٠یش ٥٠ رۆژنامەوان کوژراون.

گەندەڵیی و مافیا؛ داوی رۆژنامەوانان
میشێل رێدیسکی وتەبێژی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی رۆژنامەنووسانی بێسنور لەبارەی راپۆرتەکەوە دەڵێت، کارکردن و ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی گەندەڵیی، مافیا و ژینگە لە زۆربەی وڵاتاندا ترسناکە و رۆژنامەوانان بەرەو مەرگ دەبات. لە وڵاتانی وەک عێراق، مەکسیک و هندستان، کەسە بەهێزەکان کە تاوان دەکەن، یان ئەو گروپانەی کە گەندەڵیی دەکەن پێیان وایە دوای تاوانەکانیان سزا نادرێن.

ئاماژە بەوەش دەکات، تاوانکردن بەرامبەر رۆژنامەوانان، هێرشکردنە بۆ سەر ئەو مرۆڤانەی کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئازاد زانیارییان دەستبکەوێت.

مەکەسیک؛ نیشتمانی کوشتن
بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەنووسانی بێسنور، لە ساڵی ٢٠١٩دا، هەشت رۆژنامەوان لە مەکسیک کوژراون. لە ساڵی ٢٠١٥وە تاکو ئێستا لە مەکسیک ساڵانە هەشت بۆ ١١ رۆژنامەوان بەهۆی کارەکانیانەوە کوژراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوەی بۆ رۆژنامەوانانی مەکسیک مەترسیدارە، کارکردنە لەسەر پەیوەندی نێوان بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و سیاسەت و سیاسەتواناندا.

عێراق و هاوشێوەکانی
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەنووسانی بێسنوردا هاتووە، لە عێراق و لە کاتی یان بەهۆی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا شەش رۆژنامەوان کوژراون.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، لە ئەفغانستان پێنج رۆژنامەوان کوژراون، ئەمە سەرەڕای گفتوگۆکانی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەو وڵاتە، بکوژی هیچ کام لەم رۆژنامەوانانەش دەستگیر نەکراون.

لە هندستانیش چوار رۆژنامەوان بەهۆی ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی بازرگانی مادەی هۆشبەر و گەندەڵی کژراون. لە پاکستانیش چوار رۆژنامەوان بەهۆی کارەکانیان لەبارەی بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون.

کۆرۆنا و مەرگی رۆژنامەوانان
رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور تیشکی خستووەتە سەر مردن، کار و کوژرانی رۆژنامەوانان لە سەردەمی کۆرۆنادا. بەپێی راپۆرتەکە ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەوان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، زەحمەتە بتوانرێت ئەوە ئاشکرا بکرێت چەند لەو رۆژنامەوانانەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە کاتی کارەکانیاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

زیندانیی رۆژنامەوانان
لە بەشی یەکەمی راپۆرتێکی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور لەبارەی ئازادی کاری رۆژنامەوانی کە لە ١٤ی ئەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە هاتووە، لە هەموو جیهاندا ٣٨٧ رۆژنامەوان بەهۆی کارەکانیانەوە زیندانیی کراون.

لەم ژمارەیە ٦١ کەسیان لە چین، سعودیە، میسر، ڤێتنام و سوریادان. تەنها لە تورکیاش ١٣ رۆژنامەوان بەهۆی کاری رۆژنامەوانییەوە دەستگیرکتراون و لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان.