ڕاپۆرتی جیهانی

11:58 - 01/01/2021

داعش؛ لە چەکداری گۆڕەپانەوە بۆ سێبەری ئینتەرنێت‌

پەیسەر

رێکخراوە مەترسیدار و گەورەکەی سوریا و عێراق، کە بەسەر هەر شارێکیاندا دەدا وێرانیان دەکرد و کۆنترۆڵیان دەکرد، لە ئێستادا جەستەیەکی شەکەت و سێبەرێکی لاوازی ماوە، لە شەڕی ناو شارەکانەوە چووەتە ناو شەڕی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە. لە کەمپی هۆلەوە دەیەوێت هەڵبێت بەڵام هەموو جار شکست دەهینێت. لە ئەفریقاوە دەیەوێت دەربکەوێتەوە، بەڵام هێزی هاتنەوەی نییە.

کۆتایی دەوڵەتەکە
رێکخراوی داعش لە چەند ساڵی راردوودا توانی بەشێکی گەورەی خاکی سوریا و عێراق بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و دەوڵەتەکەشی رابگەیەنێت، بەڵام دوای چەند ساڵێک و بە پێشڕەوی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانرا کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنرێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، داعش ئێستا لەکوێیە و چۆن ئەندامی نوێ دەباتە رێکخراوەکەیەوە؟

کەمپی هۆل کە دەیان هەزار چەکدار و خێزانی چەکدارانی داعشی لەخۆ گرتووە، بووە بە جێگا سەرنجی ناوەندەکانی تویژینەوە لە جیهاندا. هەر رۆژێک و بەشێک منداڵ و خێزانانەیبەسەرپەرشتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا کەمپەکە بەجێدەهێڵن، هەندێکیان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە سوریا و هەندێکیشیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

 کەمپێک بە ٦٤ هەزار دەستبەسەرەوە
لەم دواییانەدا، دوو ژن و ١٢ منداڵ بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، کەمپی هۆلیان بەجێهێشت و گەڕێندرانەوە ئەڵمانیا. لەگەڵ ئەوەی ئەمە وەک کارێکی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان سەیردەکرێت، بەڵام لەسەر هێزی ئەمنیی و ئاسایشی رۆژئاوا ئاسان نییە و پڕۆسەیەکی قورسە.

بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٦٤ هەزار کەس لە کەمپی هۆل دەژین و زۆربەشیان لەو ناوچانەوە هێنراون کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبوون. زۆربەی دەستگیرکراوەکانی ئەم کەمپە سوری و عێراقین، بەڵام ئەوەی جێگەی سەختیی و بارگرانییە، نزیکەی ٩٥٠٠ کەس لەم دەستگیرکراوانە هاوڵاتی وڵاتانی دیکەن بەتایبەت ئەورووپا، کە ئەورووپییەکان بە کەمیی نەبێت، ئامادە نین وەریان بگرنەوە.

ترسی هەڵهاتن
کەمپی هۆل بارگرانییەکی ئەمنیی و ئابووری گەورەیە لەسەر خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان، هەرکەسێک ئەم کەمپە بەجێدەهێڵێت هەم ترسە بۆ رۆژئاوا و هەم کەمبوونەوەی بارگرانییە، بەتایبەت کە بەشێکی دیاری ئەوانەی لەم کەمپەدان هێشتا بیری "توندڕەوی"یان تێدایە.

ئازادکردن و ناردنەوەی ئەم کەسانە بۆ ناوچە و وڵاتەکانی خۆیان مەترسین بۆ سەر جیهان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستانیش. هەڵهاتنی ئەم "توندڕەوانە" لە کەمپی هۆل هەمیشە یەکێک بووە لە مەترسییەکان و چەند جارێکیش هەوڵی هەڵهاتنیان داوە، بەڵام شکستیان هێنا. هەر هەڵهاتنێکی ئەم کەسانە بە مانای بەهێزبوونەوەی داعش و گروپە چەکدارەکانە، چونکە لەگەڵ هەڵهاتنیاندا پەیوەدنی بە داعش و گروپەکانەوە دەکەنەوە.

رێکخراوی سێبەر
لەگەڵ هەموو ترسەکان لەبارەی داعش و چالاکبوونەوەی، بەشێک لە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن داعش شەکەت و ماندووە و تەنها دەتوانێت سێبەرەکەی خۆی بپارێزێت، بۆیە ئەگەر ئەم چەکدارانە بشتوانن هەڵبێن، ئەوا بە داعشێکی شەکەت و ماندوو دەگەن.

ئەو رێکخراوەی ترسی خستبووە دڵی دەوڵەت و هێزە گەورەکانەوە، لە ئێستادا تەنمها سێبەرێکی ماوە، بەڵام سێبەرێک کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا ببێتەوە بە مەترسییە گەورەکەی جاران. لە ئێستادا رێکخراوەکە نە رێکخستنێکی گەورە و بەهێزی ماوە و نە جوڵەیەک کە مایەی مەترسییەکی گەورە بێت.

بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، داعش لە دۆخێکی سەخت و گراندایە. پیتەر نویمان  پسپۆڕی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان لە پەیمانگای پاشایەتی لە لەندەن لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ (دی دەبلیو)ی ئەڵمانیدا دەڵێت، لە ئێستادا فشارێکی گەورە لەسەر داعش هەیە، ئەمەش وای کردووە، رێکخستنەوە، چەکدارکردنەوە و بەئەندامگرتنەوە بۆ رێکخراوەکە قورس بکات. بەتایبەت لە سوریا و عێراق.

رێکخستنەوەی نوێ
سەرەڕای ماندوویەتی داعش و سەختییەکانی بەردەم رێکخستنەوەی، داعش رێگا و تەکنیکی نوێی بۆ رێکخستنەوە گرتووەتەبەر، بەتایبەت کە رێکخراوەکە لە هەندێک ناوچەدا چالاک و بەهێزە.

پیتەر نویمان دەڵێت، داعش لەم کاتەدا ئامادەی ئەنجامدانی کردەی گەورە و کاریگەری نییە، ناشتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێنج ساڵ پێش ئێستادا تیایدا بوو، ناشتوانێت دەستی بەو فەرماندە بەهێزانەی بگاتەوە کە توانیان بەشێکی گەورەی خاکی عێراق و سوریا بخەنە ژێر دەستی خۆیان. ئەوەی ئێستا لە ئەورووپا رێکخراوەکە دەتوانێت بیانکات، هاوشێوەی ئەو کردەوە تاکەکەسییانەی چەند مانگی رابردووی پاریس، نیس و ڤیەنان.

خۆدەرخستنەوە
داعش باش دەزانێت لە چ دۆخێکی گران و نائومێدکەرانەدایە، بەڵام نایەوێت دان بەم راستییەدا بنێت و هەوڵ دەدات بە سیمبولی و کردەی تاکەکەسیش بێت خۆی بخاتەوە سەر شانۆی رووداوەکان.

داعش کە لە چەند مانگی رابردوودا پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەشی دەدا، وا بۆ ماوەیەکی زۆر دەچێت ئەم توانای هێرشکردنەشی نەماوە، بۆیە تەرکیزی زۆری خستووەتە سەر خۆدەرخستن لە رێگای میدیا و بەیاننامەوە.

لە ئێستادا داعش لە ئەورووپا بەردەوامە لە خۆرێکخستنەوە بەڵام بە ناڕاستوخۆ و لەژێر ناو و ناونیشانی دیکەدا، بەم جۆرەش دەیەوێت بەبێ ئەوەی پێی بزانرێت خۆی رێکبخاتەوە و ئەندامی نوێ بۆ رێکخراوەکەی زیاد بکات.

داعش لە ئەفریقا
داعش لە چەند ساڵی رابردوودا خۆی گەیاندە وڵاتانی ئەفریقا و توانیشی بەشێک لە گروپە چەکدارەکان قایل بکات ببن بە بەشێک لە پەیکەربەندی رێکخراوەکە. لیبیا و بیابانی سینا دوو شوێنی گرنگ بوون بۆ رێکخراوەکە و توانییان خۆیانی تێدا بەهێز بکەن.

داعش کە لە سوریا و عێراق تێکشکێنرا، هەوڵی دا لە ئەفریقاوە خۆی رێکبخاتەوە، لە ئێستاشدا لە چەند ناوچەیەکی ئەفریقا چالاکیش نەبێت بە نهێنیی خۆی ئامادە دەکات، بەتایبەت لە رۆژئاوا و باکوری ئەفریقا. داعش لە ئەفریقا خەریکی قۆستنەوەی هەلی ئاڵۆزییەکانی ئەم کیشوەرەیە، هەوڵ دەدات بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکاتەوە و جێگای خۆی پتەو بکات.

بەهێزی ئەلقاعیدە لە ئەفریقا نەبووەتە رێگر لەبەردەم داعش و بەردەوام هێزە ئەمنیی و ئایدۆلۆژییەکەی خۆی گەورە دەکات، ئامانجی سەرەکیشی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لاوازیی هێزە چەکدارەکانی دیکە دروستیان کردووە.

لە گۆڕەپانەوە بۆ ئینتەرنێت
داعش کە لە چەند ساڵی رابردوودا هێزێکی گەورەی گۆڕەپان بووە لە سوریا و عێراقیش، ئێستا و دوای تێکسکاندنی رووی لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت کردووە و لەوێوە شەڕی مانەوە و هەستانەوە دەکات.

داعش توانیویەتی تا ئاستێکی زۆر تۆڕەکانی ئینتەرنێت  و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆکردنەوەی ئەندامی نوێ و رێکخستنەوە بەکاربهێنێت. رێکخراوەکە لە رێگەی وێنە، ڤیدیۆ و دیمەنی سەرنجڕاکێشەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین ئەندام و لایەنگر دەدات.