ڕاپۆرتی جیهانی

12:05 - 01/01/2021

كۆتایی نەخۆشی تاعوون، داهێنەری ڤاكسینەكەی سزادرا‌

پەیسەر

نەخۆشی تاعون نەخۆشییەكی هێندە ترسناك بوو كە بەناو هێنانی تا ئێستاش مرۆڤ تووشی ترس و دڵە ڕاوكێ دەكات، لەكاتێكدا كۆتایی بەو نەخۆشییە هاتووە،بەڵام ئەوانەی كاریان كرد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بەشێكیان بوونە قوربانی دۆزینەوەی ڤاكسینەكەی، والدمار مورادخای هافكین یەكەم كەس بوو كە توانی ڤاكسینەكەی بدۆزێتەوە، بەڵام دواجار هەڵەیەكی تێدا كردو ئەوەش بووە هۆی ئەوە لە كارەكەی دوور بخرێتەوە.

والدمار موردخای هافکین لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابوردوودا لەبواری تەندروستییدا كاری دەكرد و زۆرینەی كارەكانیشی لە فەرەنسا و هیندستان بوو، بە پێی سەرچاوەكان ئەو بەیەكەم كەس دێتە ئەژمار كە پێكوتەی دژ بە نەخۆشی تاعوون دۆزیوەتەوەو لەو ڕێگەیەوە ئاراستەی ژیانی ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی سەرزەوی گۆڕیی و جارێكی دیكە ئومێدی بە مرۆڤایەتی بەخشییەوە.

والدمار لە بەهاری ساڵی 1894 چووەتە ویلایەتی كەلكەتای هیندستان، گەشتەكەی بۆ ئەوە بوو كە چارەسەری نەخۆشییەكی تایبەتی بكات، ئەو بە ئومێدێكەوە چووە ئەو گەشتە كە هیوادار بوو كۆتایی بە نەخۆشیی تاعون بهێنێت.

لەسەرەتای كارەكەیەوە خەڵك و بەرپرسانی وڵات و تەنانەت بەریتانیاش جێگەی گومان بوو، لەبەر ئەوەی لە بنەمادا ئەو پزیشك نەبوو، بەڵكو گیانەوەرناسێك بوو هیچی تر، هافكین جوولەكەیەكی ڕووسی بوو، بەڵام لە فەرەنسا فێری زۆر بابەتی تەندوستی ببوو، كاتێكیش بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئەو لە بواری میكرۆب ناسیدا كاردەكات بووە جێگەی گومانی زۆرینەی خەڵك، بەو پێیەی ئەو بوارە زۆر هەستیارەو هەموو كەس ناتوانێت ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات.

هافكین كاتێك گەشتە هیندستان تەنها 33 ساڵ تەمەنی بوو، ئەو پێكوتەیەش كە ئامادەی كردبوو ڕووبەڕووی كێشە ببویەوە، ئەو پێكوتەیەی كە یەكەمجار تاقیكردەوە لە هەفتەی یەكەمدا بۆی دووبارە كردەوە، بەڵام دەرنەكەوت كە ئەوانەی ڤاكسینەكەیان بەكارهێناوە هیچ فەرقیان كردبێت و دۆخی تەندروستییان بەرەو باشتر چووبێت، بە پێی یاداشتەكانی خۆی پێكوتەكەی لە سەر 23 كەس تاقیكردەوە بەڵام دەرئەنجامی پێویستی بەدەستەوە نەدا.

بەڵام لە مانگی مارتی ئەو ساڵەدا تاقیكردنەوەكانی هافكین گۆڕانكارییان بەسەردا هات و دەرئەنجامی تریان دابەدەستەوە، ئەو لەو ماویەدا لەناوەندی شارو قەرەباڵغییەكان دوور كەوتەوەو چووە گوندێكی دوورە دەست لەنێو ئەو گوندەدا سەرچاوەیەكی ئاو هەبوو كە ئاوی بۆ دوو گوندی نزیكی یەك دابیندەكرد، بۆی دەركەوت سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە سەرچاوەی ئاوەكەوەیە.

ئەو بۆ ئەوەی بگاتە دەر ئەنجامێكی باش و زانستی بەشێك لەو كەسانەی لەنێو ماڵە دوورە دەستەكاندا بوون پێكوتەی لێدەدان و بەشێكی دیكەیانی نەدەكوتا، پاشان چاودێریی دەكردن بۆ ئەوەی دەرئەنجامێكی دەست بكەوێت، لە كۆی 200 كەس 116 كەسی كوتا، دوای چەند رۆژێك لەنێو ئەو گوندەدا 10 كەس بە نەخۆشییەكە مردن، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو هیچ یەكێك لەوانە نەكوترابوون، ئەوەش بووە هۆی دڵخۆشی بۆیان و تەنانەت بۆ بەڕێوەبەرانی ویلایەتی كەلكەتا و كەوتنە كاركردن بۆ ئەوەی زۆرترین كەس ئەو پێكوتەیە بەكاربهێنێت و كار ئاسانی زۆریان بۆ كرا.
تا ئەو كاتە بۆ بەریتانیاش ئەو جۆرە ڤاكسینە نەناسراو بوو، هافیكن لەنێو هیندستاندا كەوتە هاوكاریی كردنی پزیشك و پسپۆڕە هیندییەكان، یەكێك لەو كارانەی كە كاریگەریی زۆری لەسەر خەڵك دروست كرد ئەوەبوو لەناو ئاپۆرای خەڵكدا و بە چاودێریی سەدان كەسەوە ڤاكسینەكەی بۆ خۆی بەكارهێناو ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵك متمانەی پێبكەن و دڵنیاببنەوە لەوەی مەترسی نییە.
 
خەڵكی دوورە دەست و هەژارو كەمدەرامەتەكان ڕیزی دورو درێژیان دروست دەكرد بۆ ئەوەی پێكوتەكە بەكاربهێنن و تەنانەت بۆ چەند رۆژێك لەسەرەدا دەمانەوە بۆ ئەوەی بەریان بكەوێت و زۆر بە دڵگەرمییەوە ڕوویان لە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە كردبوو.

كارەكەی هافكین بووە دەنگدانەوەیەكی گەورە و تەنانەت رۆشنبیران و پزیشك و خاوەن بڕوانامەكانیش كەوتنە دوای پەیداكردنی ڤاكسینەكە، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو لە هەموو جیهان ناوبانگی پەیداكرد، پرۆفیسۆرو خاوەن بڕوانامەكانی ئەو سەردەمە زۆر بە بایەخەوە باسیان لەو پێكوتەیەكرد و گوتیان لە گوندە دوورە دەستەكانی كەلكەتاوە ڤاكسینی دژ بە تاعوون گەشتە هەموو وڵاتانی دونیا، ئەوەش بۆ هیندستان بووە هەواڵێكی سەرنج ڕاكێش.

هافكین لە ساڵی 1884 ەوە بەشی گیانەوەرناسی لە زانكۆی ئودسا تەواو كردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەڕووی ئاینییەوە جوولەكە بوو كاریان پێنەداو وەك مامۆستا قبوڵنەكرایەوە.ساڵی 1888 روسیای بەجێهێشت و ڕووی كردە فەرەنسا، ئەو لە یەكێك لە كتێبخانەكانی فەرەنسا دەستی بەكاركرد بەڵام هەر بیری لای پیشەكەی خۆی بوو.

تا ئەو كاتەی كە هافیكن تاقیكردنەوەكانی ئەنجام دەدا زۆرینەی بۆچوونە تەندروستییەكان وابوو، كە نەخۆشییەكە لەڕێگەی هەڵم و هەناسەوە بڵاودەبێتەوە، بۆیە هەموو چارەسەرەكانیان بۆ ئەو مەبەستە دەكرد.
تاقیكردنەوەی یەكەمی هافكین یەكەمجار لەسەر كەروێشكێك و دواتر لەسەر كۆترێك ئەنجامی داو هەردوو دەرئەنجامەكەش یەك شت دەرچوو، هەربۆیە كاتێكیش لەسەر مرۆڤ تاقیكردەوە هەمان ئەنجامی بەدەستەوەداو لە ساڵی 1892 دا لە بەرچاوی خەڵكێكی زۆردا پێكوتەكەی لەخۆیداو دڵنیایی بە بەكارهێنەرانی بەخشی..

لەدوای سەركەوتنی پێكوتەكە جوتیارانی كشتوكاڵی چا لە ویلایەتی ئاسام ی بەنگال داوای پێكوتەكەیان كردو داوایان لە هافكین كرد كە بچێت بۆلایان و پێكوتەكەیان بۆ بەكاربهێنێتبۆ ئەو مەبەستەش 42 هەزار جوتیار خۆیان كوتا، هەرچەندە بۆچوونی سەرەتایی ئەوە بوو كە پێكوتەكە ڕێژەی مردن كەم دەكاتەوە بەڵام دواتر دەركەوت زۆر لە چاوەڕوانی زیاتری كرد.

لە ساڵی 1896 دوای ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیەكی دیكە ئەنجام بدات، بەڵام ئەوەی كە چاوەڕێ نەدەكرا ڕوویدا و لە مۆمبای كێشەیەكی سەرەكی بۆ هافكین هاتە پێشەوە .
 
شەپۆلێكی دیكەی پەتاكە لە ساڵی 1894 لە چین سەری هەڵدا و نەخۆشییەكە لە هۆنگ كۆنگ دەركەوت، ئەویش لەنێو بەندەرێكدا بوو كە كەشتییەكانی مۆمبای تێدا لەنگەریان دەگرت و كاری بازرگانی نێوان هیندستان و چینی تێدا ئەنجام دەدرا، ئەوە لە كاتێكدا مۆمبای لەژێر دەسەڵاتی داگیركاری بەریتانیادا بوو. هەرچەندە بەریتانیا لەسەرەتاوە نەیدەویست ئەو هەواڵە پەرەبسەنێت بۆ ئەوەی زیان بە بەندەرەكەوە بواری بازرگانی نەگەیەنێت بەڵام نەیتوانی.ئەوەی جێگەی سەرنج بوو مردنی تووش بووەكان دوو بەرامبەر بوونەوەو تا دەهات زیاتریشی دەكرد.

لە زستانی هەمان ساڵدا هافكین توانی ڤاكسین لەسەر كەروێشك تاقی بكاتەوەو سەركەوتوو بێت لە ساڵی 1897یش دا لەسەر مرۆڤێكی زۆر نەخۆش و هیلاك تاقیكردەوەوتەنها 3 سی سی لێدا. دواتریش لەسەر خۆشی تاقیكردەوەو 10 سی سی لەخۆیداو  سەركەوتووش بوو هەرچەندە لەسەرەتاوە تووشی تایەكی زۆر بەهێز بوو بەڵام دواجار بەرەو باش بوون رۆشت و ڕزگاریان بوو كەسیان نەمردن.

لە كۆتایی ئەو مانگەدا تاعوون لە زیندانی بیكولای شاری مۆمبای بڵاوبویەوە كە سەدان كەسی تێدا زیندانی كرابوو، هافكین چووە نێو زیندان بۆ ئەوەی ڤاكسینەكەیان بۆبەكار بهێنێت، پێكوتەكەی بۆ 147 كەس بەكارهێناو 172 كەس كە بارودۆخیان باش بوو بۆی بەكارنەهێنان، بەڵام دواتر 12 كەسیان گیانیان لەدەستدا، بە پێی توێژینەوەكان هەموویان لەوانەبوون كە ڤاكسینەكەیان وەرنەگرتبوو.

كارەكان تا دەهات سەركەوتووتر دەبوو، ناوبانگی هافكین بڵاوەی دەكرد، تا كار گەشتە ئەوەی لەنێو مۆمبای رێبەری ئیسماعیلییەكان –اغا حان- خانوەكەی خۆی چۆڵكردو هافكین چووە ناو ئەو خانووەو دەستی بەكارەكانی كرد، لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا سەدان هەزار كەس لە مردن بەو پەتایە پەڕینەوە لە ساڵی 1951 دا هافكین تیمێكی 51 كەسی پێكهێناو بەردەوام بوو لە كارەكانی.

لە مانگی مارتی 1902 لە گوندی مولكوالی سەر بە ویلایەتی پەنجاب 19 كەس گیانیان لەدەستدا، هەرچەندە ڤاكسینی دژ بە كەزاز یشیان بەكارهێنابوو، هەرچەندە 88 كەس چاكببونەوە بەڵام دەركەوت هەڵەیەك لە كارەكەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە لە پێناوی خێرا بەدەستهێنانی ڤاكسینەكەدا هافكین شێوازی بەرهەم هینانەكەی گۆڕییوە، ئەویش لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەو شووشەیەدا بوو كە ڤاكسینەكەی تێدا هەڵدەگیرا.
 
دوای ئەوەی دەوڵەت ئەنجوومەنێكی دیاری كرد بۆ لێكۆڵینەوە دەركەوت كە هافیكن دەستی گۆڕیوە لە دروستكردنی ڤاكسینەكەدا بۆیە دەوڵەت لەسەر بڕیاری لیژنەكە بڕیاریاندا بە دوورخستنەوەی هافكین لە كارەكەی و تەنانەت لە خزمەتی فەرمانبەری دەوڵەتیش دەركرا.

لێرەوە گڵۆڵەی هافكین كەوتە لێژیی و بەناچاری بەرەو لەندەن كەوتە رێ و هیندستانی بەجێهێشت.
یەكێك لەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی  ئەوەی كە لە كارەكەی دوور بخرێتەوە ئەوەبوو كە بەباشی نەیدەتوانی بە زمانی ئینگلیزیی قسە بكات و دەست و خەتی ناشیرن بوو، یەكێك لەوانە گەورەتریش ئەوەبوو كە ئەو لەو بوارەدا پسپۆڕ نەبوو، بەڵگو گیانەوەرناس بوو نەك پزیشكی دەرمانساز.

دووساڵ دوای ئەوەی كە هافكین هیندستانی بەجێهێشت، واتە لە 1904 تاعوون لە وڵاتی هیندستان گەشتە لووتكەو یەك ملیۆن و سەدو چل و سێ هەزارو نۆسەدو سێ كەسی كوشت.

بەڵام دوای 6 ساڵ لە لێكۆڵێنەوە دەركەوتووە كە شوشەكە لە پەنجاب كێشەی هەبووە نەك لە تاقیگەكەی هافكین، بۆیە شارەزایان پێیان وابوو لەبەرامبەر هافكین و پیشەكەی و ئەو خزمەتی كردوویەتی نادادپەروەرییەكی گەورە كراوە ستەمی لێكراوە، روناڵد راس، خاوەنی خەڵاتی نوبڵ باسی لە نوسینێكیدا لە رۆژنامەی تایمز دا داوای لە بەرپرسانی هیندستان كردووە كە داوای لێبوردن لە هافكین بكەن بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ناوبانگە خراپەكەی لەسەر بسڕێتەوە. بەڵام نەك هەر سوودی نەبوو بەڵكو خەڵك هیچ ئومێدیشیان بە ڤاكسینەكە نەما بۆیە تەنها لەیەك هەفتەدا 50 هەزار كەس بەتاعوون مردن.
 لەنێو پەرلەمانی بەریتانیا كار بۆ ئەوە كرا ئەو تۆمەتانە لەسەر شانی هافكین هەڵبگیرێت، بۆیە لە ساڵی 1907 دا كارەكەیان سەری گرت و گەڕێنرایەوە بۆ تاقیگەكانی كەلكەتەی هیندستان كە لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادابوو. بەڵام ئەو نەیدەتوانی كارە پراكتییەكان ئەنجام بدات و تەنها لە بواری تیۆرییداڕیگەی پێدەدرا.
لە دوای 1907 تا 1917 واتە لە ماوەی 10 ساڵدا تەنها یەك نوسینی بڵاوكرایەوەو لە 1914 دا و لە تەمەنی 55 ساڵیدا خانەنشین كرا، ئەو بۆ كۆتا جار هیندستانی بەجێهێشت و لەبری ئەوەی ناوی بەباشی بڕوات كە ئەو هەموو خەڵكەی لە كردن دەربازكردووە، بەڵام ناوی لە ناواندا نەما، كەچی پسپۆڕێكی وەكو باربارا هاگود لەبارەیەوە دەڵێت: دەبوو هافكین باستر بناسرێت، بەراستی میكرۆب ناسێكی نایاب بوو .
 
ساڵی 1897 تا 1925 ، 26 ملیۆن كەس ڤاكسینی تاعونیان بەكارهێنا كە لەسەردەستی هافكین و لە شاری مۆمبای بەرهەم هێنرا، هافیكن كاتێك گەڕایەوە بۆ فەرەنسا هەموو ئەو تەمەنەی كە مابوو لە خزمەتی ئاینەكەیدا سەرفیكرد، تا كۆتاییەكانی ژیانی هاوسەرگیریی نەكرد، هاوڕێكانی باسیان لەوە كردووە كەسێكی خۆش مەشرەب و خۆشخۆر و هەمیشە پاكوخاوێن بوو. ساڵی 1930 لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە لۆزان گیانی لەدەستدا. لەنێو میدیاكانی بەریتانیاو یەهوودیەكاندا ناوی هافكین وەك ڕزگاركەری مرۆڤایەتی ناوی هاتووە.
بە پێی سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان ئەو شوێنەی كە هافیكن توێژینەوەكانی تێدا ئەنجام دەدا ئێستا كراوەتە ناوەندێكی ڕووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا، بە پێی وتەی چاندراکانت لاهاریا ئەو كارە بۆ ئەوەیە كە حكومەتی هیندستان بە كرداریی بڵێت ڕێز لەو زاناگەورەیە دەگرین كە لەبەرامبەر پەتای تاعووندا وەستایەوەو گیانی ملیۆنەها كەسی دەربازكرد. لە ئێستاشدا ناوی دامەزراوەیەكی گەورە دەكات كە كاری تاقیكردنەوەی نەخۆشییەكانە ناوی لێنراوە (دامەزراوەی هافكین بۆ شیكاری نەخۆشییەكان).