ڕاپۆرتی جیهانی

03:43 - 06/01/2021

کۆنگرێس کێ دەکات بە سەرۆک، بایدن یان ترەمپ ؟‌

پەیسەر


دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە 3ی تشرینی دووەم 2020 و جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان جۆ بایدن وەک براوەی هەڵبژاردن دیاریکرا، بەڵام ترەمپ و حزبی کۆمارییەکان دانیان بەشکستدا نەناوە و باس لە ساختەکاری گەورە دەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا. ڕیگەی یاسای گیرایەبەر و ئەنجومەنی هەڵبژێر دەنگی خۆیداوە، لە جۆرجیا هەڵبژاردن  لەسەر دوو کورسی یەکلاییکەرەوەی گرنگ لە ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەچوو، وابڕیارە ئەمڕۆ "6ی کانوونی دووەم 2021" کۆنگرێس دواین بڕیار لەسەر سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بدات.


ساختەکارییەکان چی بوون؟
هەژمار نەکردنی دەنگەکانی ترەمپ لەلایەن ئامێرەکانی دەنگدانەوە  بە یەکێک لە ساختەکارییە گەورەکانی هەڵبژاردن دادەنرێت. ترەمپ و لایەنگرانی پێیان وایە بە ئەنقەست دەستکاری ئامێرەکانی دەنگدان کراوە و وایلێکراوە دەنگەکانی ئەمان هەژمار نەکات.
یەکێک لە هەرە کێشە گەورەکانی دەنگدانەکە، دەنگدان بوو لە ڕێگەی پۆستەوە. ئەگەرچی ترەمپ هەوڵیدا ڕێگە لەم شێوازی دەنگدانە بگڕیت پێش هەڵبژاردنەکان، بەڵام سەرکوتوو نەبوو. ئەوەی گومانەکانیش زیاد دەکات ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی  ساڵی 2016 دا تەنها 20 ملیۆن کەس لەرێگەی پۆستەوە دەنگیان دابوو کەچی لەم هەڵبژاردنانەدا  دەنگدان لە ڕیگەی پۆستەوە گەشتە 80 ملیۆن دەنگ.
لە ئەمریکادا، کەسێک لە ڕیگەی پۆستەوە دەنگ بدات، دەبێت پێشتر داواکاری ناردبێت و داوای کردبێت کە لەم رێگەیەوە دەنگ دەدات، بەڵام لەم هەڵبژاردنانەدا پۆست بۆ زۆرێک نێردرابوو کە نەک هەر داوایان نەکردبوو دەنگ بدەن بەڵكو مرد و خوار تەمەنی 18 ساڵێش بوون و مافی دەنگدانیان نەبوو.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ وەک گاڵتەکردنێک بە شێواز و ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەدا، مردووەکان نەک هەر دەنگیان داوە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریشیان داوایان کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن!.
خاڵێکی دیکە کە گومانەکان لەسەر ساختەکاری تۆختر دەکاتەوە ئەوەیە، بەگوێرەی دەنگدانی راستەخۆ لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، دەنگی کۆمارییەکان و ترەمپ زۆر لە پێشە، بەڵام کاتێک دەنگدان لە ڕێگە پۆستەوە هەژمار دەکرێت ئەنجامەکان پێچەوانە دەکاتەوە.
پێشتر دیموکراتەکان سەرسەختانە بەرگریان لە دەنگدان لە ڕێگەی پۆستەوە کرد و ڕێگەیان نەدا ئەم ڕێگەی دەنگادانە لاببرێت یان سنوردار بکرێت لەلایەن ترەمپەوە.
ئەو کەسەی کە لە رێگەی پۆستەوە دەنگ دەدات، دەنگەکەی لەناو دوو بەرگدایە و دەبێت هەردوو بەرگەکە هەمان واژۆی کەسەکەی لەسەر بێت، بەڵام لە زۆرێک لە دەنگەکاندا واژۆی یەکەم و دووەمی بەرگی دەنگدانەکە جیاوازی هەبوو.

ڕێگاکانی سکاڵاکردن
یەکەمین ڕێگا، ترەمپ و تیمەکەی بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن و  پەنایان بۆ برد گرتنەبەری ڕێگای یاسایی بوو، بەڵام تا ئێستا دادگا هەنگاوێكی وای نەناوە ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی ترەمپ و کۆمارییەکان یەکلای بکاتەوە.
لە ئەگەری یەکلانەکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگاوە و بەهەر هۆکارێک بێت لە بەرژەوەندی ترەمپ، هەڵبژاردەی دووەم بریتیە لە پەنابردنە بەر ئەنجومەنی نوێنەران.

بە گوێرەی یاسای بنەرەتی ئەمریکا، هەرکاتێک هیچکام لە کاندیدەکان نەتوانن دەنگی پێویستی ئەنجومەنی هەڵبژێر "ئەلیکتۆراڵ کۆلێج" بەدەست بهێنێت، لەم هەڵبژاردنەدا 270  دەنگە بۆ بردنەوە لەکۆی 538 دەنگ، یەکلایکردنەوەی  ئەنجامی کۆتای لە ئەستۆی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت.
ئەگەرچی ئەلیکتۆراڵ کۆلێج دەنگی خۆیدا و بایدن لە پێش بوو، بەڵام بایدن نەیتوانی 270 دەنگ بدەسەت بهێنێت لەلایەن ئەم ئەنجوومەنەوە و ئەنجامی کۆتای لەبەرژەوەندی خۆی یەکلای بکاتەوە.

هەلی کۆمارییەکان بۆ بردنەوەی ئەنجوومەنی پیران
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا 100 کورسی هەیە و لە ئێستادا 50 کورسیان بەدەست کۆمارییەکانەوەیە.
بە رەچاوکردنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، هەلی کۆمارییەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا زیاترە، چونکە ئەوان تەنها پێویستان بە یەک کورسی  ویلایەتی جۆرجیا هەیە بۆ ئەوەی زۆرینەی ئەم ئەنجوومەنە واتە سەروو 50 کورسی بەدەست بهێنن.

لە ویلایەتی جۆرجیا هیچ یەک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانیووە زۆرینەی رەها بەدەست بهێنن و هەڵبژاردن چووەتە قۆناغی دووەمەوە. ئەگەر دیموکراتەکان بتوانن هەردوو کورسیەکەی ئەم ویلایەتە ببەنەوە ئەوکات کورسیەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەبێتە پەنجا بە پەنجا و یەکسان دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەو دەنگەی کە کاماڵا هاریس، جێگری بایدن هەیەتی، دەبێتە 51 دەنگ و زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەستدەهێنن.

بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی ئەمریکادا، جێگرەکەی  جۆبایدن "کاماڵا  هاریس" هێشتا  دەستی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمیکا نەکێشاوەتوە، ئەمەش وەک پەیامێکی ئاشکرا دادەنرێت کە "دڵنیا نین ئەنجامی دەنگدانەکەی کۆنگرێس لە بەرژەوەندی دیموکراتەکان دەبێت."
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێپێوانێكدا لە ویلایەتی جۆرجیا و لە كەشێكی كراوەدا رایگەیاند، ئەو دەنگانەی هەڵبژاردنەکان کە بایدنیان هەڵبژاردووە "ئەم کۆشکی سپیە نابینن!" و ئاماژەی بەوەشدا وەک دۆزەخ دەجەنگێت بۆ مانەوە لە سەرۆکایەتیدا.

تۆفانی چوارشەممە لە واشنتۆن
دوێنێ  جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە ویلایەتی جۆرجیا لەسەر دوو کورسی یەکلاییکەرەوەی گرنگ لە ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەچووەوە، ئەگەر هەر لایەک لە کۆماری و دیموکراتەکان ئەو دوو کورسییە بباتەوە، دەبێتە زۆرینە و دەتوانێت بە زۆرینەی دەنگ پرسە گرنگ و هەستیارەکان تێپەڕێنێت.
لە هەڵمەتی بانگەشەکەیدا لە جۆرجیا ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "بە هیچ شێوەیەک جۆرجیامان نەدۆڕاندووە. ساختەکاری کراوە، هەڵبژاردنێکی پڕ لە ساختەکاری بوو. بەڵام هێشتا لەپێناوی دەجەنگین و دوایش دەبینین ئاخۆ چی روودەدات... تەنیا دەمەوێ سوپاستان بکەم ئەم قەرەباڵغییەی ئەمڕۆ، ئەمڕۆ بایدنیش لێرەبوو، تەنیا 14 کەس و سێ ئۆتۆمبێل لە دەوری کۆببوونەوە. دوو هەڵبژاردنمان ئەنجامداون و هەردووکیانمان بردوونەتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە "6ی کانوونی دووەم 2021"، مایک پێنس سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات، وابڕیارە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا یەکلای بکرێتەوە ، دۆناڵد ترەمپیش داوا لە پێنس دەکات دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت و ئەنجامی دەنگدانە "ساختەکارییەکە" رەتبکاتەوە.
شارەزایانی یاسایش ئاماژە بەوە دەکەن، جێگری سەرۆک مافی رەتکردنەوەی دەنگەکانی نییە. لەم بارەیەوە، مایکڵ لوتین، دادوەری دادگای پێداچوونەوەی سکاڵاکان لەبارەی دەسەڵاتی جێگری سەرۆک لە کۆبوونەوەکەی کۆنگرێسدا دەڵێت: "مایک پێنس هیچ بژاردەیەکی لەبەردەست نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەنجامەکە رابگەیێنێت" هەروەها دەشڵێت: "دەستوور ئەو دەسەڵاتەی بە جێگری سەرۆک نەداوە کە گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان بکات".

سێ هەفتە پێش ئێستا ئەنجوومەنی هەڵبژێر بە فەرمی دەنگەکانی خۆیان بە سەرۆکەکەیان دا، بەڵام بەپێی دەستووری ئەمریکا هەنگاوێکی دیکە ماوە کە تێیدا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنرێت، ئەویش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆنگرێسی ئەمریکایە.
13 سیناتۆر و زیاتر لە 100 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتەکەی ترەمپ دەیانەوێت بردنەوەی بایدن رەتبکەنەوە.

بە گوێرەی یاسای بنەرەتی ئەمریکا ، لە 20ـی کانوونی دووەمدا سەرۆکی نوێ بە فەرمی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا وەردەگرێت، ئایا ترەمپ لەسەر کورسی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دەمێنێتەوە یان چۆڵی دەکات بۆ بایدن؟