ڕاپۆرتی جیهانی

11:42 - 08/01/2021

جۆناسان پۆلارد؛ هێمای مێژووی سیخوڕیکردنی ئیسرائیل بەسەر ئەمریکاوە‌

پەیسەر

ئیسرائیل و ئەمریکا مێژوویەکی درێژیان لە دۆستایەتی هەیە، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لەوەی سیخوڕیی بەسەر یەکەوە نەکەن. لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان، ئیسرائیلیەکان بەردەوام سیخوڕییان بەسەر ئەمریکییەکانەوە کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەمریکییەکان هەمیشە ئەم دۆسیانەیان داخستووە و پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان تێکنەداوە.

گەڕانەوە دوای ٣٠ ساڵ
رۆژی چوار شەممەی رابردوو، ٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، جۆناسان پۆلارد گەیشتەوە خاکی وڵاتەکەی، ئەوەش دوای بەسەربردنی ٣٠ ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە ئەمریکا.

پۆلارد و هاوسەرەکەی لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکەی لەلایەن بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشوازیان لێکرا، پۆلارد لەگەڵ هاوسەرەکەی دوای دابەزینیان لە فڕۆکەخانە خاکی وڵاتەکەیان ماچ کرد.

مێژوو 
پۆلارد یەکەم سیخوڕی ئیسرائیل نییە لە خاکی ئەمریکادا کاری بۆ وڵاتەکەی کردبێت، بەڵکو دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل مێژوویەکی درێژی هەیە لە چاندنی سیخوڕ لە ئەمریکا و دروستکردنی تۆڕەکانی هەواڵگری. ئەمریکاش بە هەمان شێوە بە چڕی هەواڵگریی بەسەر ئیسرائیلەوە کردووە.

لە ماوەی رابردوودا لە نزیک کۆشکی سپی و چەند دامەزراوەیەکی هەستیار لە واشنتن، چەند مۆبایل و ئامێرێکدا دۆزییەوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە و بەمەبەستی هەواڵگری دانرابوون و شاردرابوونەوە.

چاوپۆشی
بەپێچەوانەی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا کە لەم بابەتەدا جدیی و هەستیار بوون، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دوای دۆزینەوەی ئەم تەلەفۆن و ئامێرە سیخوڕییانەی ئیسرائیل هیچ کاردانەوەیەکی پیشان نەدا و تەنانەت سەرکۆنەشی نەکرد بەڵکو بێدەنگی لێکرد و بە جۆرێک مامەڵەی کرد، کە هیچ شتێک رووینەدابێت.

ئەو ئامێرانەی کە دۆزرانەوە دەیانتوانی دزە بکەنە ناو مۆبایلی دەورووبەری خۆیان و زانیارییەکانی ببەن و شوێنەکانیشیان دیاری بکەن، تەنانەت دەیانتوانی بگەن بە هەموو زانیارییەکانی ناو تەلەفۆنەکانیان تۆمار بکەن و بیانبەن.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکیش ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو ئامێرانەی ئیسرائیل بۆ هەواڵگری داینابوون ئەرکیان سیخوڕیکردن بووە بسەر دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسە باڵاکان و کەسە نزیکەکانی.

کەمتەرخەمی و رەتکردنەوە
یەکێک لە کێشەکانی ترەمپ ئەوە بووە کە ئەو مۆبایلانەی بەکارهێناوە کە پارێزارو نەبوونم هەربۆیە چینییەکانیش توانیبوویان گوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی بگرن، بەڵام ترەمپ هەمیشە ئەم هەواڵانەی رەتکردووەتەوە.

دەربارەی هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلیش ترەمپ بەردەوام هەوڵی شاردنەوەی داوە و رەتیکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا توانیویەتی دەست بەسەر ئامێرە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلدا بگرێت و ئاگاداریشە کە ئیسرائیل لە هەموو پایتەختەکانی جیهاندا ئەم کارە دەکات.

بێدەنگیی هاوبەش
ئەم هەواڵە سەبارەت بە هەوڵە هەواڵگرییەکەی ئیسرائیل ساڵی ٢٠١٩ بڵاوبووەوە. لەو کاتەدا وتەبێژێک بە ناوی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلەوە هەواڵەکەی رەتکردەوە و بە نانەوەی "ئاژاوە"ئ ناوبرد. 

هەر لەو کاتەدا ئیدارەی ترەمپ رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی و هەواڵگریی بدات. بە هەمان شێوە لەو کاتەدا نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای)یش هیچ لێدوانێکی لەبارەی رووداوەکەوە نەدا.

تەنها ترەمپ خۆی قسەی کرد و وتی، ئەو بیرکردنەوەیە رەتدەکەمەوە کە ئیسرائیل بە بەرپرسی چاندنی ئەم ئامێرانە دەزانێت." و جەختیشی لە باشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

نەتەنیاهو: درۆ و دەلەسەیە
بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیلیش ئەم زانیارییانەی رەتکردەوە و بە توڕەییەوە وتی، ئەمە درۆ و دەلەسەیە و ئیسرائیل هیچ کارێکی سیخوڕیی و هەواڵگریی لە ئیسرائیلدا ئەنجام نەداوە. ئەمەش ئەو لێدوانە ئامادەیە کە ئیسرائیل لەبارەی ئەم جۆرە تۆمەتانەوە دەیدات.

بەرپرسێکی ئەمنیی ئەمریکی بە رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی وتووە، ئیسرائیل لەم بابەتانەدا دوژمنکارانە رەفتار دەکات، بە بیانووی پاراستنی ئیسرائیلەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دیپلۆماسییەتی خۆی دەدات.

بەرپرسە ئەمریکییەکە بە رۆژنامەکەشی وتووە، ئیسرائیل وەک چین و روسیا لە لیستی ئەو وڵاتانەدایە کە سیخوڕی بەسەر ئەمریکاوە دەکەن.

پۆل بیلار کە ئەفسەرێکی پێشووی  دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە بە رۆژنامەکەی وتووە، بزوتنەوەی جولەکە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل سیخوڕی رەوانەی ئەمریکا کردووە، ئەمەش بۆ لۆبیکردن، بانگەشەکردن بۆ دۆزەکەیان و کۆکردنەوەی هاوکاری.

جۆناسان پۆلارد
بنیامین نەتەنیاهو لەبارەی گەڕانەوەی پۆلارد بۆ ئیسرائیل وتی، "ئای لەم ساتە". ئەوەش دوای ئەوەی جۆناسان بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە هی شیلدۆن ئەدیلسۆنی ملیاردێرە کە هاوڕێی نزیکی ترەمپ  ونەتەنیاهوشە گەڕایەوە ئیسرائیل.

پۆلارد تەمەنی ٦٦ ساڵە، ٣٠ ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئەمریکادا بەسەر برد، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی ١٩٨٥  بە تۆمەتی هەواڵگریی بەسەر ئەمریکاوە و لە بەرژەوەدنی ئیسرائیل. پۆلارد لەو کاتەدا لە پنتاگۆن وەک شیکەرەوەی هەواڵگریی مەدەنی لە هێزی دەریایی ئەمریکی کاری کردووە.

جۆناسان بەوە تۆمەتبار کرا کە لە کاتی کارکردنیدا لە پنتاگۆن، بەڵگەنامە و زانیاریی نهێنی سەربازی بە ئیسرائیل فرۆشتووە، ئەمەش بوو بە یەکێک لە دۆسییە گەورەکانی هەواڵگریی لە مێژووی ئەمریکادا.

چاودێریی
جۆناسان ساڵی ٢٠١٥ ئازاد کرا، لەبەرئەوەی ئازادکردنەکەی مەرجدار بوو، دوای ئەوەش پێنج ساڵی دیکە خرایە ژێر چاودێرییەوە.

لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ماوەی چاودێریکردنەکەی جۆناسان کۆتاییهات، ئەمەش دەرگای بۆ کردەوە تاکو ئەمریکا بەجیبهێڵێت و روو لە وڵاتەکەی بکاتەوە. ئازادکردنەکەی جۆناسان بە دیارییەکی ترەمپ بۆ نەتەنیاهو دادەنرێت.

لە سێدارەوە بۆ زیندانیی
جۆناسان کە هەڵگری هەردوو رەگەزنامەی ئەمریکی و ئیسرائیلییە، بۆ ئەوەی لەسێدارە نەدرێت، دانی پێدا نابوو کە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل سیخوڕیی بەسەر ئەمریکاوە کردوە، دواتریش سزاکەی کرا بە زیندانیی هەتاهەتایی. 

چەند گروپێکی بەهێز لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکاوە فشاریان لەسەر کۆشکی سپی دروستکرد بۆ ئازادکردنی جۆناسان، ئەم داوایانەش ئاڕاستەی سەرۆکانی چەند دەیەی رابردووی ئەمریکا کرابوو، بەڵام هەموویان رەتیان کردبووەوە، لەوانەش باراک ئۆباما، بەڵام لە کۆتاییدا و لە سەردەمی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپدا ئازاد کرا.

بەم جۆرەش جۆناسان پۆلارد بوو بە دووەم هاوڵاتی ئەمریکی کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا سیخوڕی کردبێت.

ریچارد کیلی؛ هەڵهاتووی دادگا
پۆلارد یەکەم هاوڵاتی ئەمریکی نییە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل کاری کردبێت. ئەمریکا بە تۆمەتی کاری هەواڵگریی بۆ ئیسرائیل توانی ریچارد کیلی دەستگیر بکات.

کیلی وەک پسپۆڕ لە بواری زانستی فڕۆکەوانیی و ئاسمانیی کاری کردووە، راوێژکاری ناتۆ بووە و پێگەیەکی باڵای هەبووە. تۆمەتبار کرابوو بە گواستنەوەی کریتۆن بە شێویەکەی نایاسایی بۆ ئیسرائیل، کە مادەیەکی گرنگە بۆ کارلێککردن لە ناو موشەکی ئەتۆمیی، ئەمەش رێگەی بۆ ئیسرائیل خۆشکردبوو بۆ بەکارهێنانی کۆمپانیاکەی کیلی بۆ مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلیدا، ئەمەش دوور لە زانیاری حکومەتی ئەمریکا ئەنجامدرابوو.

مێژووی چاوپۆشی
لەو کاتەدا و وەک دۆسییەکەی جۆناسان، ئەمریکا هەوڵی پەردەۆشکردنی دۆسیەکەی دابوو. ئەمریکا ویستی ئیسرائیل بکاتە دەرەوەی دۆسییەکە و رایگەیاند، تۆمەتەکەی سەر ریچارد دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە کە فەرمانگەی گومرگ ئەنجامی داوە بۆ رێگریکردن لە بردنی کەلوپەلی سەربازیی لە ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل.

هەر لەو کاتەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، لەبارەی لێکۆڵینەوە لەم دۆسییەیە لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم کەسە دەستی بە ئەم کەلوپەلانە بۆ بواری سەربازیی نەگەیشتووە.

پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، سمیس هەڵهات بۆ ماڵتا و تاکو ساڵی ٢٠٠٣ لەوێ مایەوە، بەڵام لەو ساڵەدا لەلایەن حکومەتی ئەمریکییەوە دەستگیرکرایەوە، دواتر دادگایی کرا و بە سێ ساڵ و چوار مانگ زیندانیی سزا درا.

ئەفرایم بن ئارتزی؛ دەروازەی هەواڵگریی ئیسرائیل
لە مانگی مایسی ١٩٤٨ دەوڵەتی دامەزرا. دوای ئەوە ئیسرائیل یەکەم نوێنەرایەتیی سەربزای خۆی ناردە ئەمریکا. بەم جۆرەش  ئەفرایم بن ئارتزی بوو بە یەکێک لە سیخوڕە یەکەمینەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی ئەمریکادا. ئەنجومەنێکی چوار کەسیشی دروستکرد تاکو لە کارە هەواڵگرییەکانیدا هاوکاری بکەن.

چوار کەسەکە بریتیبوون لە ئارتزی، ئەندامێکی شاندی ئیسرائیل – ئەمریکی لە نیویۆرک، سیخوڕێکی لێهاتوو لەنێوان واشنتن و تەلئەبیب و پارێزەرێکیش.

ئەنجومەنی هەواڵگریی
یەکێک لە پڕۆژە پێشینەکانی ئەنجومەنەکە بریتیی بوو لە دامەزراندنی ناوەندێک بۆ راهێنانی سیخوڕەکانی ئیسرائیل لە ئەمریکا. لەم ناوەندەدا سیخوڕەکان فێری رێگای چاودێریکردن و بەکارهێنانی هێما دەکران. 

سیخوڕە راهێنراوەکانی ناوەندەکە سیخوڕییان لە ئەو هۆتێل و ئۆتۆمبێلانەدا دەکرد کە لەلایەن نوێنەرانی عەرەبیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاردەهێنران.

یەکێکی دیکە لە کارەکان بریتی بوو لە ناردنی نموونەی راداری ئەمریکی بۆ چیکسلۆفاکیا، لە بەرامبەردا ئەم وڵاتە چەک بۆ گروپە جولەکەکانی دژی فەڵەستین. سەرەڕای ئاشکرابوونی بەشیک لە دۆسییەکان، زۆربەی تۆمەتباران زیندانیی نەکران.