ڕاپۆرتی جیهانی

11:53 - 08/01/2021

مێرتز دەبێت بە شوێنگرەوەی مێرکڵ؟ کێیە و بۆچوونەکانی چۆنن؟‌

پەیسەر

کۆتایی چارەکەی سێیەمی ئەمساڵ ئەڵمانیا ماڵئاوایی لە مێرکڵ دەکات و راوێژکارێکی دیکە دەبێتە کەسی یەکەمی ئەڵمانیا. (Friedrich Merz) بەهێزترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی مێرکڵ. لەگەڵ ئەوەی لە هەمان حزبەکەی مێرکڵەوە هاتووە، بەڵام توند و رەقە، بەتایبەت بەرامبەر کۆچبەران. ئەم تایبەتمەندییانە وای کردووە بە ترەمپی ئەڵمانیا ناوی بهێنرێت.

رۆژنامەی (politico)ی ئەمریکی راپۆرتێکی وردی (MATTHEW KARNITSCHNIG)ی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر سیاسییە پارێزگارە توندڕەوەکەی ئەڵمانیا و شوێنگرەوەی ئەنگێلا مێرکڵ. 

فریدریش مێرتز ئامانجی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی حزبەکەیدا ببێتە سەرۆکی حزب و دواتریش خۆی بۆ پۆستی راویژکاری ئەڵمانیا کاندید بکات، تاکو ببێتە بە کەسی یەکەمی وڵاتەکەی. ئەوەی لای ئەڵمانەکان جێگای پرسیارە ئایا مێرتز دەبێتە کۆپییەکی تەواوی دۆناڵد ترەمپ؟

فریدریش مێرتز کێیە؟
مێرتز تەمەنی ٦٥ ساڵە، ژیانی بە پارێزەریی لە کۆمپانیاکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبردن بەسەر بردووە، سامانەکەشی بەرهەمی ئەم جۆرە لە ژیان و کارکردنی بووە.

مێرتز لە کارکردن ورەفتارییەوە بووە بە کەسێکی خۆشەویست و پەسەندکراو لای باڵی راستی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی کە هەرگیز چاویان بە مێرکڵ هەڵنەهاتووە. بەشیک لە ئەندامە پارێزگارەکانیش هەمیشە مێرکڵیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە مەیلی لەرادەبەدەری بۆ بڕوای چەپەکان لە بواری کۆچبەران و سیاسەتی کۆمەڵایەتی وای لێکردووە پێشێلی بنەما سەرەکییەکانی حزبەکەی بکات، رێگا لەبەردەم باڵی راستی حزبدا خۆش بکات و واش بکات کە پارتی (شوێنگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا)ی راستی توندڕەو دەنگیان زیاد بکات کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنیانە.

ملاملانێی راوێژکاریی
مێرتز بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە نایەوێت تەسفیەی حساباتی کۆن بکات و ئەوەی لە پشت هەڵوێستەکانیەوەیەتی خزمەتکردنە بە گەلی ئەڵمانیا.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی مێرکڵ لە حزبەکەی لە ساڵی ٢٠١٨، مێرتز وەک شوێنگرەوەی سەرەکی مێرکڵ باسی لێوەدەکرا کە لای بەشێک لە ئەڵمانییە بەتەمەنەکان وەک رزگار سەیردەکرا کە پارێزگاری لە بەها کلاسیکییەکان دەکات.

ئەو کاتە ئەڵمانیا بە دەست کێشەی کۆچبەرانەوە دەیناڵاند و پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحیش رووبەڕووی شکستی یەک لە دوای یەک دەبووەوە، ئەوە سەرەڕای پاشکەشەی جەماوەریی مێرکڵ. هەموو ئەمانە هەلێکی باش بوون لەبەردەم مێرتز بۆ شوێنگرتنەوەی مێرکڵ، لەگەڵ ئەوەی سەرەتاش توانی سەرکەوێت بەسەر ئەنگرێت کرامب کارینبور کە مێرکڵ پشتیوانی دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا کارینبور بە پشتیوانی لە کۆنگرەی حزبەوە توانی سەربکەوێت.

هەلی سەرکەوتن
دوای دوو ساڵ کارینبور لە خواستی شوێنگرتنەوەی مێرکڵ کشایەوە، ئەمەش هەلێکی زێڕین بوو لەبەردەم مێرتز و گەڕانەوەی بۆ سەر شانۆی رووداوەکان.

مێرتز ئەمجارەش بێرکابەر نەبوو، مێرکڵ دیسان کەسی دیکەی لەبەردەم مێرتزدا قوت کردەوە، ئەوانیش ئەرمین لاشیتی سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی باکوری (Rhine-Westphalia) و نۆربەرت روتجن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم مانگە یەکێک لەم سێ کەسە لەلایەن ئەندامانی حزبەوە هەڵبژێردێن. براوەی حزبیش دەبێت بە کاندیدی سەرەکی حزبەکە بۆ پۆستی راوێژکاریی ئەڵمانیا.

چاوەڕوان دەکرێت پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی و حزبە هاوپەیمانەکەی باڤاری ببن بە براوەی هەڵبژاردنەکان و بەم جۆرەش جارێکی دیکە پۆستی راویژکاریی ئەڵمانیا ببنەوە.

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان ناکرێت شوێنگرتنەوەی مێرکڵ بەو ئاسانییە بێت بۆی، مێرتز رایگەیاندووە کە ناتوانن بیبەزێنن و ئەو وەک دڵسۆزێک دەمێنێتەوە.

رێگا سەختەکە
مێرتز دواخستنی کۆنگرەی حزبەکەی رەتدەکاتەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرابوو. کۆنگرەکە کە نزیکەی هەزار ئەندام تێیدا بەشدار دەبن، ترس هەیە ئەگەر بە ئۆنلاین بەڕێوەبچێت رووبەڕووی گرفتی یاسایی ببێتەوە، کە ئەمە ئەگەری نزیکە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کاریبوری سەرۆکی حزب و بەرپرسانی دیکەی حزبەکەش رەتیان کردووەتەوە دواخستنی کۆنگرەکە بۆ ئەم کاتە هیچ پەیوەندییەکی بە مێرتزەوە هەبووبێت.

ئەم بڕیار و روونکردنەوانە بۆ مێرتز گرنگ نەبوو، لە کۆتاییدا کاندیدەکان و حزبیش رێککەوتن لەسەر دەنگدان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە ئەم مانگەدا (کانونی دووەم). ئەوەی کێشە و مایەی نیگەرانییە بۆ پلانەکانی حزبەکە، بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری حاڵەتەکانی توشبوون و مردنە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دڵنیایی سەرکەوتن
یەکێک لەو هۆکارانەی وەهای کردووە مێرتز سور بێت لەسەر بڕێوەچوونی دەنگدانی حزبەکەی، سەرکەوتنیەتی لەو راپرسییانەی کە ئەنجامدراون کە بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش رکابەرەکانیەوە.

بەپێی راپرسییەکیش کە گۆڤاری دێرشبیگڵ بڵاویکردووەتەوە، مێرتز بە ٢٦٪ یەکەم، روجتین ١٠،٦٪ و لاستسیتیش ٨،١٪ی بەدەستهێناوە.

لە راپرسییەکەدا کە بە فەرمی بەشداری نەکردووە، یەن سبان وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا ٢٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ٢٠٪ی بەشداربووانی راپرسییەکەش وتویانە پێیان باشە کاندیدێکی جیاواز هەڵبژێردێت.

سەرەڕای بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە لە راپرسییەکاندا لەلایەن مێرتزەوە، مەرج نییە لە هەڵبژاردنەکەدا هەمان ئەنجام بەدەستبێت، چونکە ئەوانەی لە کۆنگرەدا دەنگ دەدەن ئەو هەزار و یەک کەسەن کە لە کۆنگرەدا بەشدارن نەک ئەوانەی بەشداری راپرسییەکانیان کردووە.

واتە ئەوەی کاندیدی براوە دیاری دەکات ئەو هەزار و یەک کەسەن کە لە چواردە ویلایەتە بەشدارەکەی ئەڵمانیاوە هاتوون.

ترس لە مێرتز
لە ئێستادا بڕوایەک لەناو حزبدا هەیە کە پێویستە کەسێک ببێتە سەرۆکی حزب و پاشان راوێژکاری ئەڵمانیا کە خاوەن ئەزموون و کردەیی بێت، کە ئەمەس لە کەسێتیی دامەزراوەیی وەک لاشیتدا هەیە، نەک مێرتز کە بە پۆپۆلیست و توند دادەنرێت.

لە ناو حزبدا ترس هەیە کە سەرکەوتن و هاتنەپێشەوەی مێرتز حزبەکە تووشی ناکۆکیی و دابەشبوون بکات، بەتایبەت لەنێوان لایەنگرانی مێرکڵ و پارێزگارەکانی نزیک لە مێرتز. ترسێکی دیکەش ئەوەیە هاتنەپێشەوەی مێرتز ببێتە هۆی تۆرانی ئەو دەنگدەرە ناوەندییانەی کە بەهۆی مێرکڵەوە دەنگیان بە حزب داوە، کە ئەمەش راستەوخۆ دەچێتە بەرژەوەندی حزبی سەوزەوە.

مێرتز لەبەردەم رەخنەدا
رەخنەی زۆر ئاڕاستەی مێرتز دەکرێت و بۆچوونەکانیشی بە "نەبارپرسیارانە دەزانرێت، بەتایبەت لەبارەی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. رەخنەی ئەوەسی لێدەگیرێت کە کەسێک هەموو ژیانی لە پارێزەریدا بەسەربردبێت و ئەزموونی ئیداریی نەبێت چۆن دەکرێت ببێت بە راوێژکاری ئەڵمانیا.

مێرتز لە ساڵی ٢٠٠٤وە کە دەستی لە پەرلەمانتاریی کێشایەوە، لە سیاسەتی ئەڵمانی دوورکەوتووەتەوە و کەمترین بەشداری سیاسیی هەبووە، ئەمەش خستوویەتییە بەردەم گومان و رەخنەوە کە دەیەوێت بگات بە بەرزترین پۆستی ئیداری و سیاسیی لە ئەڵمانیا.

ئێستا پرسیاری گرنگ لای ئەڵمانییەکان ئەوەیە، مێرتز دەتوانێت سەرکردایەتیی گەورەترین دەوڵەتی ئەورووپا بکات؟