ڕاپۆرتی جیهانی

03:00 - 11/01/2021

دیموکراتەکان پڕۆسەی دوورخستنەوەی ترەمپیان دەستپێکرد‌

پەیسەر

دیموکراتەکانی ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکن بۆ لەسەر کارلابردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەمڕۆ پێشنیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتە روو، چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەم بابەتە بە جددی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە رەنگە پڕۆسەی لەسەرکارلابردنی ترەمپ شکستبهێنێت.

لە نانسی پیلۆسییەوە
دیموکراتەکان کە دۆناڵد ترەمپ بە بەرپرسیاری هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس دەزانن، بە فەرمی دەستیان بە هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەکەی کردووە. چاوەڕوان دەکرێت دیموکراتەکان پڕۆژە یاسایەک بخەنە بەردەست مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا تاکو بەپێی مادەی ٢٥ لە دەستوری وڵات، دۆناڵد ترەمپ لە کارەکەی دووربخرێتەوە.

نانسی پیلۆسی کە سەر بە پارتی دیموکراتەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە، لە نامەیەکی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند دەکات کە دەربارەی دەستکردنە بە پڕۆسەی لابردنی ترەمپ بەپێی مادەی ٢٥ی دەستور و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و بەتایبەت مایک پێنسەوە ئامادە دەکرێت.

پیلۆسی لە نامەکەدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، "بۆ پاراستنی دەستور و دیموکراسییەکەمان بە خێرایی دەست بە کار دەکەین، چونکە ئەم سەرۆکە (دۆناڵد ترەمپ) مەترسییە بۆ سەر دەستور و دیموکراسییەکەمان."

سەرەتای هەوڵەکان
لای خۆشییەوە (Ted Lieu) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پارتی دیموکرات لە تویتەری خۆیەوە باسی لەوە کردووە، بۆ لابردنی ترەمپ ئەمڕۆ دوو شەممە پڕۆژە یاسایەک دەخەنە روو کە چەندین تۆمەت رووبەڕووی ترەمپ دەکاتەوە، هیچ ئەندامێکی کۆماری ئامادە نییە پشتگیری ئەم پڕۆژە یاسایە بکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین ڤیدیۆ هەیە کە پیشانی دەدەن ترەمپ ئەو خەڵکەی هانداوە کە هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس و ڤیدیۆش هەیە کە هێرشی ئەم کەسانە بۆ سەر باڵەخانەی کۆنگرێس دەسەلمێنن.

پڕۆسەی لابردنی ترەمپ چۆن دەبێت؟
لەگەڵ ئەوەی دوای هێرشەکەی سەر کۆنگرێس مایک پێنس خۆی لە ترەمپ دابڕی، بەڵام دەستی بە پڕۆسەی لابردنی ترەمپ نەکرد، چونکە بۆ دەستکردن بەم پڕۆسەیە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران دژی ترەمپ دۆسیەیەک بکاتەوە.

لەبەرئەوەی پارتی دیموکرات زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانە، چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە بە ئاسانی لە ئەنجومەنەوە تێبپەڕێنرێت.

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت چەند ئەندامێکی کۆمارییەکانیش پشتگیری هەوڵی دیموکراتەکان بکەن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەی لابردنی ترەمپ لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە دەردەکرێت.

ئەگەری شکست
ئەم بڕیارەش پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران هەیە. ترەمپ لەم بارەیەوە ئەزومنێکی سەرکەوتووی هەیە، چونکە پێشتر بڕیاری لێپرسینەوە لە ترەمپ لەم ئەنجومەنە شکستی هێنا و رەتکرایەوە.

لەبەرئەوەی تاکو ئێستا کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران زۆرینەن، کاتێکی کەمیش ماوە بۆ تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ و جۆ بایدنیش ناتوانێت تاکو ٢٠ی مانگ دەستبەکار بێت، چاوەڕوان دەکرێت پڕۆسەی لابردنی ترەمپ شکستبهێنێت.

دیموکراتەکانیش ئەم راستییە دەزانن، بەڵام دەیانەوێت لە رێگەی لابردنی ترەمپ و دوورخستنەوەی لەپێش ماوەی خۆی، رێگربن لەوەی ترەمۆ بۆ جارێکی دیکە لە ژیانیدا بتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندید بکاتەوە.

 داوای دەستلەکارکێشانەوە
دوای هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، فشارەکانی سەر ترەمپ بۆ دەستلەکارکێشانەوە زیادیان کردووە، تەنانەت لە ناو پارتەکەی خۆشییەوە ئەم داواکارییە هەیە. پات توومی سیناتۆری کۆماری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، پێویستە دۆناڵد ترەمپ دەستلەکاربکێشێتەوە و ئەمەش باسترین بڕیارە.

توومی ترەمپ بە شێت ناو دەبات و دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ کەوتووتە ناو جۆرێک لە شێتییەوە و ئەو کارە خراپانە دەکات کە وێنا ناکرێن و مایەی لێبوردن نین.

پێشتریش سیناتۆری کۆماری لیسا مورکۆوسکی داوای دەستلەکارکێشانەوەی ترەمپی کردبوو.

هەروەها ئالان کیتزینگەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستی کۆمارییەکانیش بە ئەی بی سی وتووە، سەرۆک شایستەی سەرۆکایەتیی نییە و باشترین شت ترەمپ بۆ وڵاتەکەی بکات، ئەوەیە دەست لەکار بکێشێتەوە.


ئارنۆڵد شوارزنیگەر حاکمی پێشووی ویلایەتی کالیفۆرنیاس کە سەر بە کۆمارییەکانە، رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و وتی، ترمپ خراپترین سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژوودا، هێرشەکەش بۆ سەر کۆنگرێس لە کاری نازییەکان دەچێت و مێژووش وەک خراپترین سەرۆک ناوی تۆمار دەکات.

شۆکی ئەمریکییەکان
هەفتەی رابردوو کاتژمێر نۆ بە کاتی کوردستان، کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی دەنگدان لەسەر سەرکەوتنی جۆ بایدن کۆبووەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێک لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا دەستیان بە خۆپیشاندان و کرد و دواتریش چوونە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە.

لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی ناو باڵەخانەی کۆنگرێس، پێنج کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون.

بەهۆی ئەم رووداوانەشەوە داوا کراوە دۆناڵد ترەمپ وەک بەرپرسیاری هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس بناسێنرێت، لەسەر کار لاببرێت و دواتریش دادگایی بکرێت.