ڕاپۆرتی جیهانی

02:09 - 12/01/2021

لە کۆتا هەفتەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، چی روودەدات؟‌

پەیسەر

ئەگەرچی مانەوە لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بۆ ماوەی هەشت ساڵ خەریک بوو دەبوویە دیاردە، بەڵام ئەم دیاردەیە ترەمپی نەگرتەوە. دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی خولی دووەمدا بەراورد بە خولی یەکەم چەندین ملیۆن دەنگ زیاتری بەدەستهێنا، لە دوای خۆپیشاندانەکانی 6ی کانوونی دووەم 2021, سانسۆرێکی بێ پێشینە لەلایەن میدیا و سۆشیال میدیاوە خراوەتە سەر ترەمپ و ناهێڵن بیروڕاکانی دەبرێت. وابڕیارە خۆپیشاندانی دیکە لە کۆتا هەفتەی سەرۆکایەتییەکەیدا لەلایەن لایەنگران و دەنگدەرانیەوە بەڕێوەبچێت.

زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکا ، کە دەنگیان بە ترەمپ داوە و خۆیان بە نیشتیمانپەروەر"پاتریۆت" دەزانن لە ئێستادا لەژێر سانسۆر و فشارێکی بێ پێشینەدان. تویتەری ترەمپ و زۆرینەی لایەنگرانی بۆ هەمیشە داخراون، فەیسبووک و ئینستاگرامەکەی بەستران، و تەنانەت ئەپڵیکەیشنی پارلەر کە بە ئەپڵیکەیشنی نیشتیمانپەرەوەکان ناسراو بوو ، زۆرینەی لایەنگرانی ترەمپی تێدابوو، ئەویش داخرا.

گرووپی چەکداری "هەستانەوەی مەزن"
دیموکراتەکان بۆ بێزارکردنی ترەمپ باس لە لابردنی لە دەسەڵات دەکەن بە گوێرەی 25مین هەمواری دەستووری ئەمریکا، لەبەرامبەردا گرووپێکی چەکداری کە خۆیان بەلایەنگری ترەمپ دەزانن بەنیازن دەست بە  "هەستانەوەی مەزن"بکەن لە واشنتۆنی پایتەختەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ڕۆژانەی ئێف بی ئای کە دەست کەناڵی هەواڵی ئەی بی سی کەوتووە ئاماژەی بەوە دەکات " ئەگەر کۆنگرێس بڕیاری لابردنی ترەمپ بدات بە گوێرەی مادەی 25ی هەمواری دەستووری ئەمریکا، هەستانەوەی مەزن روودەدات."

بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئێف بی ئای " خۆپیشاندانی چەکداری لە هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکادا لە 16 بۆ 20 ی ئەم مانگە "کانوونی دووەم 2021" ڕێکخراوە."

کۆمارییەکان هێشتا پشتگیری ترەمپ دەکەن
بۆ لابردنی ترەمپ پێش 20ی کانوونی دووەم، دیموکراتەکان پەنایان بۆ 25مین هەمواری دەستوور بردووە کە رێگە دەدات بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی کابینەی حکومەت لە ئەگەری نەشیاوی سەرۆکدا، دەسەڵاتی لێبسەندرێتەوە و بنێردرێتە ماڵەوە، بەڵام ئەندامە کۆمارییەکانی نێو ئەنجوومەنەکە رێگەیان نەدا ئەو بڕگەیەی دەستوور چالاک بکرێت.

ریپۆرتەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 21ی ئەنجوومەنی نوێنەران کە تێیدا داوا لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکات کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ وەزیرانی کابینەی حکومەت ببەستێت تاوەکو 25مین هەمواری دەستوور چالاکبکرێت و دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکێکی نەشیاو بۆ ئیدارەدانی وڵات و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بناسرێتەوە و خودی جێگری سەرۆک ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بە وەکالەت وەرگرێت"، بەڵام ئەم هەوڵەی دیموکراتەکان کە ترەمپ بە ساختەکاری گەورە تۆمەتباریان دەکات لەلایەن کۆمارییەکانەوە ڕیگری لێکرا.

باری لەناکاو لە واشنتۆن راگەیەنرا
دۆناڵد ترەمپ  بۆ 59 یەمین مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆک لە ئەمریکا، لە 11 بۆ 24ی کانوونی دووەم، حاڵەتی لە ناکاوی لە واشنتۆن راگەیاند.
راگەیاندنی باری لەناکاو ڕێگە دەدات بە هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی و بەڕێوەبردنی قەیران لەلایەن ئاژانسی فیدراڵی، تاوەکو لەکاتی پێویستدا هەماهەنگی تەواو بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتین و بەرقەراری ئەمنییەت بکەن.

 پێشتریش،  ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نزیکەی 15 هەزار سەربازی ناردووەتە واشنتن و رێگری کراوە لە هاتنی گەشتیار تاوەکو 24ـی کانوونی دووەم.
 دانیاڵ هۆکانسن، سەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی دەڵێت: تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو "16ی کانوونی دووەم 2021"، 10 هەزار سەرباز دەنێرین بۆ واشنتن لەپێناو پاراستنی لایەنی ئەمنی پایتەختی وڵاتەکە.

ئازادی ‌چەک لە ئەمریکا
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەمریکا بریتییە لە ئازادی چەک لەم وڵاتەدا، تاوەکو هاووڵاتیان بتوانن بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان بکەن، ئەمەش وادەکات نەتوانرێت بەئاسانی وەک وڵاتانی دیکە ساختەکاری بکرێت و تێپەڕێت.

هەڵگرتنی چەک لە ئەمریکا نەریتێکی کۆنە، نەریتێکە هێندەی مێژووی ئەم وڵاتە بەتەمەنە.

مادەی دووەمی یاسای بنەرەتی ئەمریکا مافی هەبوون و هەڵگرتنی چەک بە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە دەدات.

لە بنەرەتدا ئەم مادەیە لە یاسای بنەرەتی ئەمریکادا بۆ ئەوە دانراوە تاوەکو  ڕێگری بکات لە دروستبوونی دیکتاتۆرییەت لەلایەن حکومەتەوە. بەمەش هاوڵاتیان دەتوانن گرووپی چەکدار دروست بکەن بۆ  رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی دروستبوونی دیکتاتۆریەت و ڕێگری لە سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکا بکەن.