ڕاپۆرتی جیهانی

11:59 - 14/01/2021

هەفتە چارەنووسسازەکەی ترەمپ؛ لەنێوان لێپێچینەوە و مەترسییەکاندا‌

پەیسەر

ترەمپ پێوانەی مێژووی لێپێچینەوە لە سەرۆکەکانی ئەمریکای تۆمارکرد، جیهان چاوی لە کۆتا هەفتەی سەرۆکایەتییەکەیەتی، دەزگا هەواڵگرییەکان و لایەنگرانیشی باس لە روداوی چاوەڕوان نەکراو دەکەن. هەوڵی دیموکراتەکان بۆ لابردنی پێش تەواوبوونی وادەی یاسای خۆی و یەکەمین لێپێچینەوە شکستیهێناوە و بە نیازن لە دواین ڕۆژی سەرۆکایەتیەکەیدا، دووەمین دانیشتنی لێپێچینەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دژی ترەمپ بەڕێوە ببەن.

ریکۆردی مێژووی لێپێچینەوە
ترەمپ یەکەم سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکا دووجار لەماوەی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا رووبەڕووی لێپێچینەوە دەکرێتەوە.
لەماوەی 13 مانگدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دووەمجار لێپێچینەوە لە ترەمپ دەکات.

رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسایەکیان پەسەند کرد کە داوا لە  مایک پێنس، جێگری سەرۆک و کابینەکەی دەکات یاسای هەمواری 25 لە دەستووری ئەمریکا کارا بکەن کە بەم هەنگاوەوە سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ بە بیانوی نەشیاوی لەکارلادەدرێت، بەڵام مایک پێنس رەتیکردەوە هەنگاوێکی لەمجۆرە بهاوێژێت و ئاماژەی بەوەدا ئەم مادە یاساییە بە گونجاو نازانێت لەم کاتەدا جێبەجێ بکرێت ، لێپێچێنەوەی کردە تەنیا بژاردەیەک لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا.

یەکەمین لێپێچینەوە لە ترەمپ، لە 18ی کانوونی دووەم 2019، لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا بوو، سەرۆکی ئەمریکا بەوە تۆمەتبار کرا داوای کردووە تۆمەت بۆ جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دروستبکات،  بەڵام هیچ کۆمارییەک لە دژی ترەمپ دەنگیان نەدا و دوو هەفتە دواتر بەبێ تاوان لەقەڵەم درا.

لەماوەی 13 مانگدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دووە جار لێپێچینەوە لە ترەمپ دەکات

 
دووەمین تۆمەت بۆ لێپێچینەوە لە ترەمپ بریتییە لە "هاندان بۆ ڕاپەڕین" لە دژی دامودەزگا حکومییەکان.
ئەو گوتارەی 6ی کانوونی دووەم 2021، دۆناڵد ترەمپ چەند کاتژمێرێک بەر لە هێرشی سەر کۆنگرێس لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری پێشکەشی کرد، یەکێکە لەو تۆمەتانەی ترەمپی تووشی لێپێچینەوە کردووە.

 

ئەگەرچی لە لێپێچینەوەی یەکەمدا هیچ کۆمارییەک دژی ترەمپ دەنگی نەدا، بەڵام ئەمجارەیان هەندێک لە کۆمارییەکانیش لەگەڵ لێپێچینەوەدان.لیز چینی، کچی دیک چینی جێگری جۆرج بۆشی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رەخنەی زۆری لە ترەمپ هەیە و جۆن کاتکۆی کۆماری و ئادام کینزینگەر هەردووکیان پاڵپشتیان بۆ پڕۆسەی لێپێچینەوە دەربڕیوە، 10 کۆنگرێسمانی کۆماری پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن. بەمەش دەنگەکان دژی ترەمپ بوون بە 232 دەنگ و ئەوانەی دژی لێپرسینەوە بوون ژمارەی دەنگەکانیان 197 دەنگ بوو.

کاریگەری لێپێچینەوە لە ترەمپ چییە؟
لە ئێستادا، لابردنی ترەمپ لە سەرۆکایەتی پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی کارێکی نەکردەیە، چونکە  ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە هەفتەی کۆتایی سەرۆکایەتی خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپدا، هیچ دانیشتنێک ئەنجام نادات.

لە ئەگەری  ساغبوونەوەی تۆمەتی "هاندان بۆ راپەڕین"دژی دەزگا حکومییەکان لەسەر دۆناڵد ترەمپ، ئەوا بۆ هەمیشە ناتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بەشداری بکات.

دروشمە بەناوبانگەکەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا بریتی بوو لە "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە"
پەسەندکردنی تۆمەتبارکردنی ترەمپ پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەیە و بەم پێیەش دەبێت 17 ئەندامی کۆمارییەکان دژی ترەمپ دەنگ بدەن.

وابڕیارە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بکەوێتە 19ی کانوونی دووەم، واتە کۆتا ڕۆژی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ.

ترەمپ تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "توندوتیژی و  دەمارگیری مەحکوم دەکەم، دەمارگیری لە هیچ جێگایەکی وڵاتەکەمان و بزووتنەوەکەمان جێگای نابێتەوە. دروشمی "دووبارە ئەمریکا مەزن دەکەینەوە" هەمیشە پەیڕەیکردن بووە لە یاسا. "

ترەمپ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا "هیچ لایەنگرێکی واقیعی من، هەرگیز بێ ڕیزی بە جێبەجێکردنی یاسا و ئاڵای ئەمریکا ناکات. ئەنجامی هەریەک لەم کارانە هێرشکردنە بۆ سەر بزوتنەوەکەمان و وڵاتەکەمان."

لە درێژەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئەم ئاڵنگاریەش تێدەپەڕێنن.


مەترسییەکان لە مەراسیمی سوێندخواردنی بایدندا
 رۆژی 20ی کانوون دووەم 2020، مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێ لە ئەمریکادا بەڕیوە دەچێت.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لە ئەگەری مەترسی دەکەن لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی سوێند خواردنی جۆبایدندا.رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نیگەرانی هەرەشەی گرووپی چەکدارین لەو رۆژەدا.

کۆنگرێسی ئەمریکا بووەتە سەربازگە

پێشتریش راگەیەنرا، لە 16 ئەم مانگەوە لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا و لە 17 ی مانگەوە لە واشنتۆن خۆپیشاندان دژی دەستبەکاربوونی بایدن دەکرێت، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نزیکەی 15 هەزار سەربازی ناردووەتە واشنتن و رێگری کراوە لە هاتنی گەشتیار تاوەکو 24ـی کانوونی دووەم.

سوپای ئەمریکاش لە پەیامێکدا ئەوەی وەبیری سەرباز و هاووڵاتییانی مەدەنی وڵاتەکەی هێناوەتەوە کە پابەندی یاسا بن، دەشڵێت "گەل چاوەڕێی ئەوە دەکات کە هەموو ئەندامانی سوپای ئەمریکا پابەندی یاسا بن و کاری دروست بە رێگەی دروست ئەنجامبدەن."