ڕاپۆرتی جیهانی

11:27 - 15/01/2021

دێتەوە بۆ گیانی داعش؛ شارل دیگۆل لە فەرماندەوە بۆ کەشتی فڕۆکە هەڵگر‌

پەیسەر

کەشتی فڕۆکە هەڵگری شارل دیگۆل یەکێکە لە ناوەندەکانی کوتانی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق. فەڕەنسا لە رێگەی فڕۆکەکانی سەر ئەم کەشتییەوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش، بەشداری لە تێکشکاندنی هێزە تۆقێنەرەکەی ١٠ ساڵی رابردوودا کردووە. کەشتی شارل دیگۆل چییە و ناوەکە لە چییەوە هاتووە؟

شارل دیگۆل دەگەڕێتەوە
فلۆرانس بارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە بەردەم لیژنەی بەرگری پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و زەریای هندی لە چوارچێوەی پڕۆسە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنەوەی ئەرکەکانی دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکێکی دیکەی کەشتییەکە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی هێزەکان بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنی شاماڵی تایبەت بە فەڕەنسا لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا و عێراق.

ئامادەیی هێرش
وەزیری بەرگری فەڕەنسا باسی لەوەش کردووە، ئامادەیی کەشتییەکە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و زەریای هندی بۆ پیشاندانی ئامادەییە بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

دوایین ئەرک کە لەلایەن شارل دیگۆلەوە جێبەجێکرابێت سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ بوو، واتە ئەو کاتەی یەک لەسەر سێی تیمی سەر کەشتییەکە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، واتە ماوەی ساڵێکە دیگۆل هیچ ئۆپراسیۆنێکی دژی داعش جێبەجێنەکردووە.

وەزیرە فەڕەنسییەکە لەبارەی تیمەکەوە وتویەتی، نزیکەی ٩٠٠ سەرباز لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی شاماڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەشدارن و لە ئەرکدان.

گەڕانەوەی داعش
سەرەڕای تێکشکاندنی داعش لەلایەن هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتییەوە، لە چەند مانگی رابردوو چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق دەستیان بە چالاکی و جوڵە چەکدارییەکانیان کردووەتەوە.

لەم بارەیەوە وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا نیگەرانی خۆی لە گەڕانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش دەربڕیوە و رایگەیاندووە، فەڕەنسا پێی وایە داعس هێشتا ئامادەیە و بوونی هەیە، "دەتوانین باس لەوەش بکەین کە داعش لە سوریا و عێراق دیسان سەریهەڵداوەتەوە."

جێهێشتنی عێراق بۆ داعش
لەگەڵ ئەوەی هەموو لایەنەکانی ناو هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاگاداری جموجوڵەکانی داعش و بەهێزبوونەوەین، بەڵام خەمساردییەکی زۆر بەدیدەکرێت و تەنانەت وەک چۆڵکردنی مەیدانەکە بۆ ئەم رێکخراوە دەبینرێت.

ئەمریکا کە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەتییەکەی دژی داعش دەکات گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکات. ئیدارەی ترەمپ بڕیاریدا بە کشانەوەی ٥٠٠ سەرباز لە عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە عێراق بۆ ٢٥٠٠ سەرباز.

دیگۆل بۆ تورکیا هاتووە یان داعش
ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و فەڕەنسا لە خراپترین ئاستیدایە، بەتایبەت دوای هاتنی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ سەر دەسەڵات لە پاریس. ماکرۆن بەردەوام دژایەتی حکومەتی ئەنقەرە و هەنگاوەکانی ئەردۆغانی لە ناوچەکەدا کردووە، بەتایبەت لە سوریا و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بۆیە بەردەوام پشتیوانی لە یۆنانیش کردووە. 

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە سەرەڕای ئەوەی گەڕانەوەی شارل دیگۆل بۆ کوتان و داکوتینەوەی داعشە، بەڵام ئامانجە باسنەکراوەکەی بۆ چاوسورکردنەوەیە لە تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ، بەتایبەت کە تورکیا ئامادە نییە لەم ناوچەیە هیچ پاشەکشەیەک بکات.

شارل دیگۆل کێیە؟
شارل دیگۆل لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٨٩٠ لە شاری لیلی فەڕەنسا لەدایکبووە. ناوی تەواوی بریتییە لە (Charles André Joseph Marie de Gaulle). لە شاری پاریس و وڵاتی بەلجیکا خوێندوویەتی. ساڵی ١٩٠٨ چووەتە ئەکادیمیای سەربازیی (Saint-Cyr)، ساڵی ١٩١٢ ئەکادیمیاکەی تەواو کرد و چووە ریزی سوپاوە.

ساڵی ١٩١٦ لە کاتی شەری ڤێردوندا بریندار دەبێت و بە دیلی دەکەوێتە دەست ئەڵمانییەکان، دوای ئازادبوونی بەردەوام بوو لە خزمەتکردن بە سوپای وڵاتەکەی.

 مەدالیای سەرکەوتن
لەنێوان ساڵانی ١٩١٩ – ١٩٢٠ لە شەڕی پۆڵۆنیا و سۆڤیەتدا بەشداری کرد و هاوکاری پۆڵۆنییەکانی کرد، هەر بۆیە دوای شەڕ و بەهۆی سەرکەوتنەکانییەوە لەلایەن پۆڵۆنیاوە مەدالیای (Virtuti)ی پێبەخشرا. لە ساڵی ١٩٤٠ بوو بە فەرماندە.

ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن (Paul Reynaud)ی سەرۆکی فەڕەنساوە وەک جەنەراڵ لە وەزارەتی بەرگری کراوەتە راوێژکار. لەو کەسانەش بوو کە دژایەتی خۆڕادەستکردنی وڵاتەکەی بوو بە ئەڵمانیا و داوای بەردەوامیدان بە شەڕی دەکرد.

جوڵانەوەی "فەڕەنسای ئازاد"
دوای ئەوەی فەڕەنسا لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە ئەڵمانیا دۆڕا، دیگۆل لە مانگی حوزەیرانی ١٩٤٠ رووی لە لەندەن کرد و لە دژی نازییەکان دەستی بە جوڵانەوەی "فەڕەنسای ئازاد" کرد.

دیگۆل لە لەندەن و لە تەلەفیزیۆنی بی بی سییەوە پەیامێکی ئاڕاستەی وڵاتەکەی کرد و وتی، فەڕەنسا بە ئەڵمانیا نەدۆڕاوە و پێویستە شەڕ لەگەڵ ئەڵمانیا درێژەی هەبێت.

لەنێوان ساڵانی ١٩٤٠ – ١٩٤٤ سەرکردایەتی هێزەکانی فەڕەنسای ئازادی کردووە. لە ساڵی ١٩٤٣ ناوەندی چالاکییەکانی بردە جەزایر و دواتریش بوو بە سەرۆکی کۆمیتەی ئازادی نیشتمانی فەڕەنسا.

سەرۆکایەتی حکومەتی فەڕەنسا
دوای ئەوەی ساڵی ١٩٤٤ فەڕەنسا لە داگیرکاری ئەڵمانیا رزگاری بوو، لە ٢٠ی ئابی ١٩٤٤ تاکو ٢٠ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ سەرۆکایەتی حکومەتی فەڕەنسای کرد.

ساڵی ١٩٤٦ رایگەیاند، دەستوری کۆماری فەڕەنسا دەسەڵاتی پێویست و تەواوی بە سەرۆکی دەوڵەت نەادوە، بۆیە دەستی لەکارکێشایەوە و تاکو ١٠٥٨ لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن دوورکەوتەوە.

ساڵی ١٩٤٧ گەڕایەوە بۆ جیهانی سیاسەت و پارتێکی سیاسیی دروستکرد، لەبەرئەوەی سەرکەوتنی باسی بەدەستنەهێنا دیسانەوە و لە ساڵی ١٩٥٣ لە سیاسەت دوورکەوتەوە.

لوتکەی دەسەڵات
ساڵی ١٩٥٨ جاریکی دیکە گەڕایەوە بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردن، لە ١ی حوزەیرانی ١٩٥٨ تاکو ٨ی کانونی دووەمی ١٩٥٩ بوو بە سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا.

لە ٨ی کانونی دووەمی ١٩٥٩ بوو بە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و ٢٨ی نیسانی ١٩٦٩ دەستی لەکارکێشایەوە.

هاوسەرگیری و کۆچی دوایی
دیگۆل لە ساڵی ١٩٢١ لەگەڵ (Yvonne de Gaulle) هاوسەرگیری کرد و بوون بە دایک و باوکی سێ منداڵ بە ناوەکانی (Philippe, Anne, Élisabeth).

شارل دیگۆل لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٧٠ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا و لە (Colombey-les-Deux-Églises)ی فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد.