ڕاپۆرتی جیهانی

03:39 - 16/01/2021

سەرۆکی تونس و خێزانەکەی؛ لە خۆشگوزەرانییەوە بۆ ئاوارەیی و گۆڕغەریبی‌

پەیسەر

تونس تاکو بەهاری عەرەبی تەنها دوو سەرۆک کۆماری هەبوو، یەکەمیان کودەتای بەسەر دووەمدا کرد و گەلیش شۆڕشی بەسەر دووەمدا کرد و هەڵهات، بن عەلی کە سەرۆکی دووەم بوو، بە ئاسن و ئاگر حوکمی وڵاتی دەکرد و خۆی خێزانەکەی لە ژیانێکی زۆر خۆشگوزەراندا بوون، ئەو گەلەی بن عەلی برسی کردن ناچاریان کرد خۆی و خێزانەکەی هەڵبێن و لە ئاوارەییدا بمرێت.

زەین عابدین بن عەلی


زەین عابدین بن عەلی

سەرۆکی هەڵهاتوو، کۆچکردو و پێشووی تونسە. لە ٣ی ئەیلولی ١٩٣٦ لەدایکبووە و ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کردووە. لە ساڵی ١٩٨٧ تاکو ساڵی ٢٠١١ سەرۆک کۆماری تونس بووە. لە دوای سەربەخۆییان لە داگیرکاری فەڕەنسی لە ساڵی ١٩٥٦، بن عەلی دووەم سەرۆکی تونس بووە.

لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٧ کرا بە سەرۆک وەزیران. دوای یەک مانگ کودەتایەکی ئەنجامدا و رایگەیاند، حەبیب بورقیەی سەرۆک کۆمار توانای سەرۆک کۆماری نەماوە و دەستی بە هەڵبژاردن کرد. لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا کە دواترینیان ساڵی ٢٠٠٩ بوو بەردەوام زۆرینەی بەدەستدەهێنا.

لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ گەنجێک بە ناوی محەمەد بوعەزیزی، وەک پیشاندانی ناڕەزایەتی دژی بێکاری و لابردنی عەرەبانەکەی کە سەرچاوەی ژیانی بوو خۆی سوتاند. ئەمە بوو بە سەرەتای شۆڕشی تونسی و خۆپیشاندانی گەورە لە تونس بەڕێوەچوو.

دوای چەند رۆژێک لە خۆپیشاندان و گەورەبوونی ناڕەزایەتییەکان، بن عەلی و خێزانەکەی وازیان لە دەسەڵات هێنا و هەڵهاتن بۆ فەڕەنسا، بەڵام فەڕەنسا رەتیکردنەوە. بۆیە دواتر و لە رۆژی ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠١١ رووی لە سعودیە کرد.

سەرەڕای داوای بەردەوامی تونس لە سعودیە بۆ رادەستکردنەوەی بن عەلی بەڵام ریاز بن عەلی رادەست نەکردەوە.

دادگای تونسی چەندین جار بڕیاری زیندانیکردنی بۆ بن عەلی دەرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سعودیە بوو بەسەریدا جێبەجێنەکرا، تاکو لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٩ لە شاری جەددە کۆچی دوایی کرد.

لەیلا تەرابلوسی


لەیلا تەرابلوسی

لەیلا تەرابلوسی بن عەلی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ لەدایک بووە. دووەم هاوسەری زەین عابدین بن عەلی سەرۆکی کۆچکردووی تونسە. خانمی یەکەمی تونس بوو تاکو ساڵی ٢٠١١ و روودانی شۆڕشی تونسییەکان.

لەیلا ساڵی ٢٠٠٩ تاکو ٢٠١١ سەرۆکی رێکخراوی ژنانی عەرەب بوو کە بارەگاکەی لە تونس بوو. سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازی بەسمەش بوو کە هەلی کاری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدۆزییەوە. ساڵی ٢٠١٠ش کۆمەڵەی (SAIDA)ی دامەزراند کە ئەرکیان چاودێریکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە بوو.

چووەتە فێربوونی سەرتاشی و دواتریش هاوسەرگیری لەگەڵ خەلیل مەعاوی خاوەن کاردا کردووە و دوای سێ سآڵ جیابوونەتەوە.

دواتر سەرۆکی تونس دەناسێت و پاش چەند ساڵێک پەیوەندی نهێنیی هاوسەرگیری دەکەن و سێ منداڵیان دەبێت بە ناوەکانی نەسرین، حەلیمە و محەمەد، ئەمەش دوای ئەوەی بن عەلی لە نەعیمە کافی هاوسەری یەکەمی جیادەبێتەوە.

لەیلا کە لەلایەن تونسییەکانەوە بە "سەرتاش" بانگ دەکرێت، تاکو ئێستا لەگەڵ نەسرین و محمەدی کوڕیدا لە شاری جەددە دەژین.

نەسرینی کچی لەگەڵ گۆرانیبیژی راپ کادوریم هاوسەرگیری کرد و دواتر باس لەوە کرا کە جیابوونەتەوە.

لە حوزەیرانی ٢٠١١ دادگای تونسی بە تۆمەتی بەهەدەردانی پارە بڕیاری ٣٥ ساڵ زیندانیی بۆ لەیلا دەرکرد و دواتریش بە تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەک، مادەی هۆشبەر و پارچەی شوێنەواریی، سزای ١٥ ساڵی دیکە زیندانیی بۆ دەرکرد.

بلحەسەن تەرابلوسی


بلحەسەن تەرابلوسی

برای گەورەی لەیلایە. لە ساڵی ١٩٦٢ لە تونس لەدایکبووە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردووە و ناوی دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە کاری بازرگانیدا سەرکەوت.

بلحەسەنی تەمەن ٥٨ ساڵ دەمڕاست و پارەداری ناو خێزانەکەی بووە.لەگەڵ شۆڕشی تونسیدا ژیانی بە دەردی ژیانی تەواوی بنەماڵەکەی چوو. رووی لە ئیتاڵیا کرد و دواتر و لە ساڵی ٢٠١٦ چووە کەنەدا، بەڵام کەنەدا رەتیکردەوە مۆڵەتی مانەوەی پێبدات، بۆیە کەنەداشی بەجێهێشت.

ساڵی ٢٠١٩ لە باشوری فەڕەنسا دەستگیرکرا، لە ئێستادا دادگای فەڕەنسی لێکۆڵینەوە لە داوایەکی دادگای تونسی دەکات بۆ رادەستکردنەوەی بلحەسەن کە تونس سزای ٣٣ ساڵ زیندانیی بۆ دەرکردووە.

عیماد تەرابلوسی


عیماد تەرابلوسی

عیماد تەرابلوسی تەمەن ٤٦ ساڵ لە ساڵی ٢٠١١وە تاکو ئێستا لە زیندانەکانی تونسدایە.

ئەو رۆژەی دەسەڵاتەکەی بن عەلی رووخا، لە فڕۆکەخانە دەستگیرکرا، ئەوەش لە کاتێکدا دەیەویست لەگەڵ خێزانەکەی بۆ فەڕەنسا هەڵبێت.

عیماد یەکێک بوو لە رووخسارە دیارەکانی بنەماڵەی خۆشگوزەرانی تونس، بەڵام شۆڕشی گەلی تونس کۆتایی بە خۆشگوزەرانییەکەی هێنا و ژیانیان بۆ هەمیشە خستە زیندانەوە، ئەگەر هیچ پێداچوونەوەیەک بە سزاکەیدا نەکرێت.

دوو برا لە تاریکیدا
لەیلا دوو برای دیکەی هەبوو کە کەمتر دەرکەوتنیان هەبووە. هەردوکیان ژیان، دەستگیرکردن، زیندانیکردن و مردنەکانیشیان ناڕوون و ئاڵۆز بووە.

یەکەمیان مونسەف تەرابلوسیە کە ساڵی ٢٠١٣ و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، بەهۆی شێرپەنجەی مێشک لە زینداندا کۆچی دوایی کرد.

مونسەف تەرابلوسی

 

موراد تەرابلوسی

موراد تەرابلوسی براکەی دیکەی لەیلا تەرابلوسییە. لە نیسانی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کرد، خێزانەکەشی رایانگەیاند کە مردنەکەی تەرابلوسی بەهۆی کەمتەرخەمییەکان لە زینداندا کۆچی دوایی کردووە، موراد پێش مردنی بەدەست چەندین نەخۆشییەوە دەیناڵاند.

محەمەد سەخر مەتیری


محەمەد سەخر مەتیری

محەمەد سەخر هاوسەری جیابووەوەی نەسرینی کچی لەیلایە، کە لای بن عەلی و لەیلا پێگەیەکی تایبەتی هەبوو. تەمەنی ٣٩ ساڵە و لە کاتی شۆڕشی تونس لە ساڵی ٢٠١١ بۆ قەتەر هەڵهات، دواتریش و لە ساڵی ٢٠١٢ رووی لە وڵاتی (Seychelles)ی کیشوەری ئەفریقا کرد. زانیارییەکانی تونس باس لەوە دکەن رەگەزنامەی ئەو وڵاتە ئەفریقیەی بەدەستهێناوە.

مەتیری لە ساڵی ٢٠١٧ دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ تونس بۆ گەڕانەوەی بۆ وڵات بەبێ دادگایکردن لە بەرامبەر پێدانی ٥٠٠ ملیۆن دینار بە دەوڵەت.

مەروان بن مەبروک


مەروان بن مەبروک

هاوسەری جیابووەوەی سیرینی کچی بن عەلییە لە هاوسەری پێشووی، سەرمایەدارێکە کە میدیاکان گرنگییەکی کەمیان پێداوە. لەگەڵ براکانیدا گروپێکی بازرگانی بەڕێوەدەبەن کە گرنگی بە بازرگانی شمەک و ئۆتۆمبێل دەدەن.

لە ساڵی ٢٠١١وە دەست بەسەر بەشێکی سەرمایەکەیدا گیرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ توانی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی بگەڕێنێتەوە.

سەلیم شەیبوب

سەلیم شەیبوب
شەیبوب تەمەنی ٦١ ساڵە، لەگەڵ ئەوەی لە ئەندامە دیارەکانی خێزانە خۆشگوزەرانەکەی تونس بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەی بەناوبانگی تەرەجی تونسیی بەڕێوەدەبرد لە ناو خەڵکدا خۆشەویست بوو.

لەگەڵ درسافی کە کچی بن عەلیە لە هاوسەری یەکەمی، هاوسەرگیری کردووە.

ساڵی ٢٠١٤ لە ئیماراتەوە گەڕایەوە تونس، بەڵام بەهۆی سکاڵایەکەوە دەستگیرکرا.