ڕاپۆرتی جیهانی

02:03 - 17/01/2021

جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا تاچەند مایەی نیگەرانین؟‌

پەیسەر

دۆزینەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا، جارێکی دیکە کەرەنتینە و رێگەرییەکانی گەشتکردن، چوونەدەرەوە و تێکەڵاوبوونی زیندوکردەوە. کاریگەری پێکوتە دۆزراوەکان لەسەر ئەم جۆرانەی دیکە بوو بە بابەتی گەرمی ڕۆژ و باسکردن لە مەترسیداربوونی ئەم جۆرانە بوونەتە کاری لێکۆڵینەوەی پسپۆڕان.

ئەو جۆرە نوێیانەی ڤایرۆسی کۆرنا کە لەم دوایانەدا دۆزراونەتەوە، بەشێوەیەکی توندتر و زیاتر بەراورد بە یەکەمین جۆری ئەم ڤایرۆسە کە لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە،  کەسەکان توشدەکەن.
لەم رووەوە، لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و  پسپۆڕان دەیانەوسزێت لە ئەگەری مەترسیان ئاگاداربن.

جۆرە نوێیەکان
پسپۆڕان لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەچەند جۆرێکی کەمی نوێی ئەم ڤایرۆسە و ئەوانیش بریتین لە:
*جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا کە بەشێوەیەکی بەرچاو لەم وڵاتەدا بڵاوبووەتەوە و  زیاتر لە 50 وڵاتی دیکەشی گرتوەتەوە.
*جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریقای باشور  کە لانیکەم لە 20 وڵاتی دیکەدا بونی هەیە، لەوانەش بەریتانیا.
*جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی  کۆرۆنا لە بەرازیل.
دۆزینەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە و هەموو ڤایرۆسەکان گۆڕانکاریی جینێتیکیی تێیاندا روودەدات و دوچاری گۆڕان دەبن.
هەزاران جۆری گۆراوی ڤایرۆسی کرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، زۆرێک لەم جۆرانە هیچ گرنگییەکیان نییە، بەڵام هەندێک لەم جۆرانەش دەتوانن ڤایرۆسەکە چارەنووسسازتر و  مەترسیداتر بکەن.

جۆرە گۆڕاوەکانی ئەم دواییە تاچەند مەترسیدارن؟
هەرسێ جۆری گۆڕاو لە بەریتانیا، ئەفریقای باشور و بەرازیل زوتر بڵاودەبنەوە و کەسی توشبوو بە توندتر دوچاری پەتاکە دەبێت.
پرۆتینی سپایکی "دڕکەکانی ڤایرۆسەکە" هەرسێ جۆرەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، واتە ئەو بەشەی ڤایرۆسەکە کە دەچێتە ناو شانەکانی مرۆڤەوە. بۆیە ئەم جۆرانە ئاسانتر شانەکان تووشدەکەن و بڵاوبوونەوەیان زیاترە.
پسپۆڕان گومان دەکەن جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیادا، لە کۆتای هاویندا دەرکەوتبێت و رەنگە تاوەکو 70٪ خێرای بڵاوبوونەوەی زیاتربێت. هەرچەندە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی کۆتای رێکخراوی تەندروستی ئینگلتەرا لە ئێستادا 30٪ بۆ 50٪ لە جۆری پێشوو خێراتر بڵاودەبێتەوە. راگەیاندنی کەرەنتینەی سەرتاسەری لەم هەفتانەی دوایدا لە بەریتانیا بەهۆی ئەم جۆرەوە بوو.

جۆری ئەفریقای باشور لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەم 2020 دەرکەوت و گۆڕانێکی وا لە پرۆتینی سپایکەکەیدا رویداوە، کە رەنگە لەوەی بەریتانیا گرنگتر بێت.
یەکێک لەو گۆرانانەی لە جۆری ئەفریقادا رویداوە وەک ئەوەی بەریتانیایە، بەڵام دوو گۆرانی دیکەی تێیدا رویداوە و پسپۆران لەو باوەرەدان کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر پێکوتەکان هەبێت. یەکێک لەو گۆرانانەش رەنگە یارمەتی ڤایرۆسەکە بدات بۆ خۆرزگاکردن لە دژەتەنەکانی لەش.
 بەریتانیا گەشتکردنی بۆ ئەفریقای باشور قەدەغە کردووە و ڕێگرییەکی زۆری بۆ گەشتکردن داناوە. هەروەها داوای لەو کەسانە کردووە کە سەفەری ئەم وڵاتەیان کردووە و تەواوی ئەوکەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵیاندا هەبووە، بێ دواکەوتن خۆیان کەرەنتینە بکەن.

جۆری بەرازیلی لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا دەرکەوت و لە ڕێگەی چوار گەشتیارەوە کە لە بەرازیلەوە گەشتیان بۆ ژاپۆن کردبوو دۆزرایەوە. پرۆتینی سپایکی ئەم جۆرە سێ گۆڕانکاری کلیلی تێیدا رویداوە و وەک جۆری ئەفریقای باشوری لێکردووە.
بەهۆی ئەم جۆرەشەوە، بەریتانیا گەشتکردنی بۆ بەرازیل و تەواوی وڵاتانی ئەمریکای باشور قەدەغە کرد.

ئایا پێکوتەکان هێشتا کاریگەریان هەیە؟
پێکوتەکان بەگوێرەی جۆری کۆنی ڤایرۆسەکە دروستکراون، هەرچەندە کەمترین لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە هەیە، بەڵام پسپۆڕان دڵنیای ئەوە دەدەن پێکوتەکان کاریگەریان لەسەر جۆرە نوێیەکانیش هەیە.
ئەڵبەتە پێکوتەکان وا لە لەش دەکەن، هێرش بکاتە سەر بەشەجیاوازەکانی ئەم ڤایرۆسە، نەک تەنها بە بەشی پرۆتینی سپایک.
تەنانەت لە خراپترین حاڵەتدا دەتوانرێت جارێکی دیکە گۆڕانکاری لە پێکوتەکاندا بکرێت، تاوەکو لەوەی پێشوو کاریگەرتر بن. بەگوتەی پسپۆڕان لەماوەی چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکدا ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت.
لە ئێستادا، پێکوتەی ئەنفلۆنزا هەموو ساڵێک گۆڕانکاری تێدا دەکرێت تاوەکو دژی جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا کاریگەربێت، رەنگە ئەم گۆرانکاریانەش بەسەر ڤاکسینەکانی کۆرۆنادا بێت.

ئایا جۆرە نوێیەکان ترسناکترن؟

لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە ئەمە بسەلمێنێت. شۆردنی دەستەکان، رەچاوکردنی دورکەوتنەوە لەگەڵ کەسانی دیکە و دەمامک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەیان و چارەنوسسازتر بوونی ئەم جۆرانە بەو واتایە دێت هەر لە ئێستەوە ئاگامان لە خۆمان بێت.


گومانی تێدا نییە جۆری دیکەش بەڕێوەن و دەدۆزرێنەوە.