ڕاپۆرتی جیهانی

02:27 - 17/01/2021

حوسیەكانی یەمەن لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی‌

پەیسەر

پەیمانگای -بروکینگز- بۆ شیكاری لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاپۆرتێكی شیکاریی بڵاوكردووەتەوە كە لەلایەن -بروس ڕیدل- توێژەری باڵاو بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەواڵگریی پەیمانگاکە ئامادەكراوە و تێیدا پێداچوونەوەی بەمێژوو و وەرچەرخانەکانی گروپی حوسیەكانی یەمەن کردوەو تیشکی خستۆتە سەر گەنجینەی ستراتیژیی ئەو گروپەی كە لە ئێرانەوە نزیكن ، لەو توێژینەوەیەدا داوای لەئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بەواقیعی مامەڵەی لەگەڵ بکەن ، هاوکات جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی جەنگ لەیەمەن کردەوە بە خێرایی و پێی وایە ئەمەریكا دەتوانێت وەك هاوپەیمانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بكات لەبەر ئەوەی هاوكارێكی باس بوون بۆ پێدانی زانیاری لە بارەی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەوە .

ڕیدیل سیاسەتمەدارو لە ڕاوێژکاری چوار سەرۆکی ئەمریکا بووە لەجۆرج دەبلیو بوشەوە تا ئۆباما، لەو توێژینەوەیەدا دەڵێت ئەو بڕیارە سەرکێشیەی سعودیە بۆ دەستوەردان لەیەمەن شەش ساڵ لەمەوبەرداویەتی ، بووەتە هۆی ئەوەی ئێران هاوپەیمانییەکی ناحکومی لەنیمچە دوورگەی عەرەبیدا بەدەست بهێنێت ، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەڕەشەی ئێران لەسەر تەنگەبەری بابولمەندەب زۆرتربكات ، کە ڕێگەی ستراتیژی ئاویی ئەوروپایە لە زەریای هندییەوە بە دەریای سووردا دەپەڕێتەوە بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست و بایەخی ستراتیژیی و ئابووری وسەربازیی زۆری هەیە. .

لەو ڕیگەیەشەوە تاران سوودێکی ستراتیژی بێوێنەی بەدەست خستوە ، لەکاتێکدا کە زۆر کەم سەرچاوەی مرۆیی و دارایی خۆی تێدا بەكاردەهێنێت. ڕیدیل ئامۆژگاری ئیدارەی بایدن دەكات كە پلانێکیان هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕی لەیەمەن لەبەر ئەوەی لە درێژە كێشانیدا لەبەرژەوەندیی ئیدارەكەی نابێت .

حوسیەكان لە دامەزراندنییەوە تا جیهانی دوای بەهاری عەرەبی

نووسەر ڕوونی کردوەتەوە کە مەبەستی لە هاوپەیمانی ئێران لە یەمەن حووسییە شیعیە زەیدییەکانن، یان ئەو کەمینە شیعەیەیە لەجیهانی موسڵماناندا بوونیان هەیەو کەمینەی نێو جیهانی شیعەكانیشن، بەڵام جیاوازی ڕەیشەییان لەگەڵ شیعەكانی تردا هەیە كە دەكەونە وڵاتانی ئێران و عێراق و هەندێك لە وڵاتانی دیكە ( زۆرجار بە شیعەی بە 12 ئیمامی ) ناوزەند دەکرێن .
زەیدییەکان ناوەكەیان لە ناوی زەیدی کوڕی عەلی، ئامۆزاو زاوای پێغەمبەر محەمەد-د.خ- وەرگرتووە کە لە ساڵی 740 دا ڕاپەڕینێکی دژی ئیمپراتۆریەتی خەلافەتی ئەمەوی بەرپاكرد ، كە بە یەکەم ئیمپراتۆریەتی مێژووی ئیسلام دادەنرێت لەبەر ئەوەی دەسەڵات بە شێوەی میراتگری بنەماڵەی دەستی پێكرد.
زەید لە کاتی پابەندنەبوونی بە فەرمانڕەوایەتی ئەمەویدا كوژراوەو سەری لە لاشەی جیاكراوەتەوەو پێدەچێت سەری لە مەزارگەیەک لە شاری کەرەكی ئوردن بەخاک سپێردرابێت. گروپی مەزهەبی زەیدی لەو بڕوایەدایە زەید لە پێشتر بووە بۆ دەسەڵاتداریی تا ئەمەوییەكان . زەیدییەكان چەند دەیەیەك لەدوای یەک حوکمی یەمەنیان كردووە، بەڵام بزووتنەوەی سیاسی هاوچەرخ ( حوسی ) یەكان كە خۆیان وەك جێگرەوەی ئەو بزووتنەوە مێژووییە دەزانن ، لەم دواییانەو لە دژایەتی بۆ حوکمی دیکتاتۆری پێشووی ئەو وڵاتە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە دەیەی 1990 دا سەری هەڵداوە .

نووسەر دەڵێت: هاتنی سوپای ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003 دا ، ڕێگەی بۆ  " حوسیەكان " ی یەمەن خۆشكردكە بەرەو ڕادیکاڵی هەنگاو هەڵبگرن ، هەروەک لەگەڵ چەندین ڕێکخراو و بزووتنەوەی دیکەی عەرەبیدا ڕوویدا . لە دوای داگیرکردنی ئەمریکاوە بۆ عێراق، حوسیەكان دروشمی (الله اکبر، مردن بۆ ئەمریکا، مەرگ بۆ ئیسرائیل، نەفرەت لە جولەکە، سەرکەوتن بۆ ئیسلام) یان هەڵگرتووەو بە فەرمی ناوی خۆیان ناوە ئەنساروڵا .

ڕیدیل دەڵێت ئەمە وەرچەرخانێکی زۆر نادیار بوو بۆ ئەوانەی دەرەوەی یەمەنن ، بە یەکێک لە لێکەوتە چاوەڕوان نەکراوەکانی سەرکێشییە شکستخواردوەکانی جۆرج دەبلیو بۆش لە عێراق دێتە ئەژمار. نووسەر ئاماژەی بەوەش کردووە کە بزووتنەوەی شیعەی حیزبوڵڵای لوبنان کە سەرکەوتوو بووە لە وەدەرنانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان ، بووەتە ڕێبەری سیاسی و سەربازیی حوسییەكان مۆدێلێکی نوێیە بۆ یاخیبووانی زەیدی لەیەمەن .

حوسیەکان لە نێوان ساڵەکانی 2004 بۆ 2010 زنجیرەیەک چالاكییان لە دژی دەسەڵاتی ساڵح ئەنجام داوە و پشتگیرییەکی کەم نەبێت لە دەرەوەیان وەرنەگرتووە ( ئەوەشی كە هەبووەبە زۆری لە حیزبوڵاوە ، نەک پشتیوانی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بووە) . بەڵام دوای بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011  ، ئاڕاستەی حوسییەکان پێچەوانە بۆوە و لەگەڵ ساڵح ڕێک کەوتنیان ئەنجامداوە .

ئەمریکی و سعودییەکان؛ دەستێوەردانی شکستخواردو لە یەمەن
ڕیدل لەگەڵ جۆن ئاڕ ئالن - بەڕێوەبەری دامەزراوەی بروکینز - پێشتر شتێكیان نوسیوە ، لەبارەی سەرکردایەتی سعودیە بۆ هاوپەیمانی گەلان بۆ دەستوەردان لە شەڕی ناوخۆو بەردەوامی یەمەن لە سەرەتای ساڵی 2015دا، کاتێک کە یاخیبوانی حوسی پایتەختی یەمەن (سەنعا) یان داگیركرد و ڕازی بوون بە رێگەدان بە گەشتی راستەوخۆیی لە نێوان سەنعا و تاران دا، هەروەها گەیشتنی ئێران بە بەندەری حودەیدە لە ساڵی 2015 دا، دوای ئەوە ئیتر یەمەن بە دەیان ڕاوێژکار و شارەزای لە ئێران و حزبوڵڵا وە هێنایە وڵاتەكەوە، ژمارەیەکی زۆر لە حوسیەکان مەشقی سەربازییان لە ئێران و لوبنان وەرگرت و فێری شێوازەكانی ڕووبەڕووبوونەوەیان بوون.
وتیشی:"لە ئێستادا بوونی ئێران و حزبوڵلا لە یەمەن زۆر لە هەموو کات گەورەترو فراوانترە، چونکە ئەوان شارەزایی لە هەموو بوارەكان و کەرەستەکانی جەنگ بۆ حوسیەکان دابین دەکەن بۆ ئەوەی پشتگیریان بکەن و یارمەتیان بدەن بۆ دروستکردنی بەرنامەی موشەکی، هەروەها فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، ئەو بەرنامەیەی کە تا ئێستا وای کردووە کە حوسییەکان بتوانن بە بەردەوامی شارەکان و بنکە سەربازییەکانی سعودیە بۆردومان بکەن، هەروەها شاری کەناری عەدەن لە باشوری یەمەن کە ڕژێمی بە پشتیوانی سعودیە ی لێ بەرپرسە" و سەرپەرشتی دەكات.

نووسەر دەڵێت سەرەڕای گەمارۆکانی سعودیە و هەوڵەکانی ئەمریکا لە دژی ئەو دەستێوەردانانە، ئێرانیەکان بەردەوام لە پشتیوانی یاخیبووانی "حوسی" بەردەوامن، ئەمەش بۆ ئێرانیەكان تێچوویەكی کەم بووە، لە کاتێکدا سعودیە دەیان ملیار دۆلار لە شەڕدا خەرج دەکات،  بەم شێوەیە شەڕ لە یەمەن بووەتە زەلکاوەیەکی زۆر گران بەهایەكی زۆری  بۆ ڕیاز دروست كردووە.
نووسەر دەڵێت، لە پاییزی ڕابردوودا ئێران یەکەم باڵیۆزی خۆی ڕەوانەی یەمەن کردووە، لەو کاتەوەی حکومەتی کۆنی یەمەن باڵیۆزی خۆی لە ساڵی 2015 دەرکردووە باڵیۆز -حەسەن ئێرلۆ- بەڵگەنامەی خۆی پێشکەش بەوەزیری دەرەوەی حوسییەكان کردووە . بە گوێرەی  لێداوانەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێرلۆ ئەفسەرێکی پرۆفیشناڵی  سەر بەهێزەكانی سوپای قودسی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە و ماوەیەکی زۆر کاری لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی کردووە .

بە وتەی ئەو نووسەرە ، دیاریکردنی ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێران ، ڕەنگدانەوەی بڕواو متمانەی تارانە بەو ڕۆڵە و ئەو ڕۆڵەشی کە لەیەمەن دەیبینێت و گەشبینیی خۆی بەبارودۆخی سەربازیی حوسییەکان نیشاندەدات .
ئێران تاکە وڵاتە کە حکومەتی " حوسی " بەفەرمی ناسیوە ، بۆیە ڕکابەرێک نادۆزێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری خۆی لە ناو سەنعادا بخاتە کار . حوسیش باڵیۆزەکانی خۆی ناردوەته تاران و دیمه شق.

حوسیەكان؛ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ... سوود و مەترسییەکان
نوسەر، جەخت لەوە دەكاتەوە کە ئەندازیاری تەلارسازی جەنگی سعودیە لە یەمەن شازادەی سعودییە محەمەد بن سەلمانە، کە هیچ مەشقێکی سەربازی و هیچ تایبەتمەندییەکی سەربازی و ئەزموونی سەربازی پێنەگەشتووە و هیچ پسپۆڕییەكیشی لە بواری سەربازییدا نییە.

ڕیدیل دەڵێت: شازادەی سعودییە هەر لە سەرەتاوە شتەکانی شێواندووە ، فشار لە واشنتن دەکات بۆ پۆلێنکردنی حوسیەکان كە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و ترسناك بناسێنێت . ڕاستە ڕێکخراوێکی توندوتیژ و مەترسیدارە - گوتارێکی زۆر ڕادیکاڵ دەگرنەبەر - بەڵام ئەوان هێرشیان نەکردوەتە سەر ئەمریکییەکان و نە ئیسرائیلییەکانیش ، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام گوتار دژ بە ئەوانیان هەیە.
لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە حوسییەكان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی بناسێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەوڵی مرۆیی بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان کەم بکاتەوە بۆ هاوڵاتیانی یەمەنی دانیشتووی ئەو ناوچەیەی یاخیبووانی حوسی ڕێبەرایەتی دەكەن، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی دەکات 80 % ی دانیشتوانی یەمەن مەترسی بەدخۆراکییان هەیە و یەمەنیش " دابەزینی ژمێرەی سەرەوخوار بە کارەسات " ناوهێناوە، كە لەئێستادا دەستی پیكردووە.

پەتای کۆڤید-19، ئەو دۆخەی زۆر گەورەتر کردووە، لەپەنای ئەو دۆخەدا ، نەمان و لەدەستدانی ژێرخانەکانی چاودێری تەندروستی كێشەی گەوەری بۆ یەمەنییەكان دروستكردووە  لەبەر ئەوەی چەند جارێک لە لایەن فڕۆکەكانی سعودیەوە وێرانكراون و هێرشیان كراوەتە سەر.

سەرکردەی ڕێكخراوە مرۆییەکان دەڵێن زەحمەتە کار لەگەڵ حوسیەكاندا بکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا  هەوڵدان بۆ پۆلێنکردنیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەبێتە هۆی زیاترکردنی ئەو بارودۆخە دژوارەی کە ئێستا هەیەتی ، جیهان بە کردەوە سوودێکی کەم لە پۆلێنکردنی حوسیەکان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەبات چونکە ئەوان گۆشەگیرن و ناتوانن هیچ كاریگەرییەكیان هەبێت .

نووسەر ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمریکا لە سەرەتای جەنگی یەمەنەوە لە ڕووی  دیپلۆماسییەوە پشتیوانی لە سعودیە کردووە ، هەروەها لە ڕێگەی سەربازیشەوە چەكی پێدوان،  جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێدراوی ئەمریکا ئەندامی ئەو تیمە بوو کە لە ساڵی 2015 دا بڕیاری پشتگیری کردنی ڕیازی پایتەختی سعودییەی داوە، بەڵام "ئێستا بایدن پێویستی بە چڕكردنەوەی هەوڵەکان هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن" .
ماوەیەکی زۆربەسەر گۆڕانکارییە ڕادیکاڵانەكاندا لە گۆڕێدایە . تەنیا ئێران و حیزبوڵا سوود لە شەڕەکە وەرئەگرن ، کە پێگەیەكی بە ئێران داوە لە چوارڕیانێکی گرنگی جیهانی ستراتیژیدا خۆی ببینێتەوە .

ڕێگای ڕاست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حوسیەكان:
نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە حوسیەكانڕێکخراوێکی ناحکومیین و بە هیوای ئەوەن وەك فەرمانڕەوای شەرعیی لە یەمەن بناسرێنەوەو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت،  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێش ساڵی 2015 لەگەڵ حوسیەكان دا گفت و گۆو دیالۆگێکی هەبووە،  مایکڵ ڤیکەرز (وەزیری بەرگری ئەو کاتە) دەڵێت: یاخیبووانی " حوسی " زانیاری بەسوودیان دەربارەی ڕێکخراوی قاعیدە لە ساڵی 2015 داوە بە ئەمەریکا ، کە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک ئەرکی دژە تیرۆری ئەمەریکا لە دژی ئەو گروپە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەو کاتی ئەمریکا ژەنەراڵ لوید ئۆستن ( ئێستا هەڵبژاردەی بایدنە بۆ وەزیری بەرگری ) ، ڕازی نەبووە بە بڕیارەکەی سعودیە بۆ هێرشکردنە سەرحوسییەكان چونکە هاوپەیمانی ئەمەریكا بوون لە دژی قاعیدە . وێڕای ئەو گوتارە توندڕەوانەیان كە لەبەرامبەر ئەمەریكا هەیانە، نووسەر لەو بڕوایەدایە کە دەکرێت حوسەییەکان هاوبەش و هاوپەیمانی ئەمریکاییەكان بن .
هەروەها دەشڵێت: "مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک بوکەڵەیەکی ئێرانی دەتوانێت بیانخاتە ناو ئەنجامدانی تیرۆری دژ بە ئەمریکییەکان" حووسیەکان تۆمارێکی ترسناكیان لە بواری مافی مرۆڤدا هەیە ولە یاسادەچوون، بەڵام لە ڕاستیدا بوونەتە ئەمری واقیع ودەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و پێدەچێت چارەسەری سەربازی ئەو ڕێگا دروستە نەبێت كە چاوەڕێ دەكرێت.
 دوا شت کە دەمانەوێت باسی بكەین  ئەوەیە کە حوسیەکان بكرێتە  ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە ئەمریکییەکان بە ئامانج بگرن،  بەهۆی ئەو کارەساتە مرۆییە سامناکەی یەمەنەوە كە هاتووەتە پێشەوە.

هەنگاوی کرداری بۆ وەستاندنی شەڕ لە یەمەن
نوسەر لە لێكۆڵینەوەكەیدا دەڵێت: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە ئەمریکا دەیتوانی دەست بە گۆڕینی سیاسەتی خۆی بکات تیایدا، لەسەرەتای جەنگدا ئەنجومەنەکە بڕیاری یەکلایەنەی بۆ حوسییەكان  دەرکردو تاونباری كردن و گەمارۆی چەكی خستنە سەر.
ئەمریکا چووە پاڵ 13 ئەندامی ئەنجومەن بۆ دەنگدان لە بەرژەوەندی ئەو بڕیارە. تەنیا ڕوسیا خۆی لاداو دەنگی پێنەداو ڕایگەیاند : بڕیارەكە لاسەنگ بوو و بەشداری چەسپاندنی ئاشتی ناکات .
بە وتەی نوسەر مۆسکۆ راست دەکات، جەختی کردوەتەوە کە پێویستە بایدن داوا لە ئەنتۆنی بلینکن بکات ، ئەگەر وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەنگی پێدرا ، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە دەبێت بڕیاری هاوسەنگی نوێ بدات  بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی سعودیە لە یەمەن و دەبێت دەستبەجێ و بێ مەرجی پێش وەختە سزاكانیان لەسەر هەڵبگیرێت..

نووسەر لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بنچینەیەکی یاسایی نوێ هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە یەمەن ، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە . هەروەها بەشداری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو هەوڵانەدا زیاتر دەکات .

ئەندەنوسیا كە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت وەک گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامی جیهان کە پەیوەندی مێژوویی بە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە هەیە بۆ وەستاندنی ئەو جەنگە . پێویستە ئەمریکا لە ساڵی 2021 دا جەخت لەسەر بنیاتنانی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بكاتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی چەند ساڵەی یەمەن لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.

بۆ بینینی سەرچاوە كلیك لێرە بكە