ڕاپۆرتی جیهانی

03:48 - 17/01/2021

بایدن لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا بڕیارەکەی ترەمپ دژی مسوڵمانان هەڵدەوەشێنێتەوە‌

پەیسەر

رۆژی چوارشەممە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، جۆ بایدنی ماندوو، بە جەستەیەکی شەکەتەوە و دوای ملاملانێیەکی زۆر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، روودەکاتە کۆشکی سپی. چوار ساڵ لەبەردەم بایدندایە تاکو بیسەلمێنێت جیاوازە لە ترەمپ، بۆیە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا قەدەغەی چوونە ناوەوەی مسوڵمانان بۆ وڵاتەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەشگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس.

سڕینەوەی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ لە چوار ساڵی داهاتوودا لە چەند رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی کشایەوە و چەند بڕیارێکی نوێشی دەرکرد، کە بەشێک لە ئەمریکییەکان و بەرپرسانی وڵاتەکەشی نیگەران کرد و بە هەڕەشەیان زانی لەسەر ئاسایش، ناوبانگ و داهاتووی وڵاتەکەیان.

جۆ بایدن کە بەردەوام رەخنەی لە ترەمپ و بڕیارەکانی گرتووە، دەیەوێت هەر لە سەرەتاوە پێچەوانەی ترەمپ کار بکات، بڕیاریشیداوە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا چەند بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە.

بڕیارە جۆ بایدن رۆژی چوارشەممە بڕیارنامەیەک واژۆ بکات، لە بڕیارنامەکەدا تیشک دەخرێتە سەر چوار قەیران و بابەتی سەرەکیی، کە بریتین لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆڕانی کەش و هەوا، ئابووری و رەگەزپەرستی.

ترەمپ دژ بە مسوڵمانان
سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ دۆناڵد ترەمپ هەنگاوێکی گەورەی دژی مسوڵمانان هەڵگرت و رایگەیاند، بەمەبەستی ''پاراستنی ئەمریکا لە هاتنە ناوەوەی تیرۆریستی دەرەکی'' بۆ وڵاتەکەی گەشتی لە هاتنی هاوڵاتیانی عێراق، ئێران، سودان، سۆمال، لیبیا، سوریا و یەمەن قەدەغە کردووە.

ئەم بڕیارەش رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەوە لە ناوەوەی دەرەوەی ئەمریکا، هاوڵاتیانی ئەمریکا دژی بڕیارەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و وڵاتانی مسوڵمانیش وەک دژایەتیکردنی خۆیان ناویان برد، بەڵام ترەمپ وتی، ئەم بڕیارە پەیوەندی بە پاراستنی وڵاتەکەیەوە هەیە نەک دژایەتیکردنی مسوڵمانان.

ئەمریکا مسوڵمانان ئاشتدەکاتەوە
وەک پێشتریش بەڵینی دابوو، رۆژی چوارشەممە بایدن بڕیارەکەی ترەمپ سفر دەکاتەوە و کۆتایی بە هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپ دژی مسوڵمانان دەنێت.

ئەم هەنگاوەی بایدن بۆ باشکردن و جوانکردنەوەی وێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لای مسوڵمانان و جیهان کە لە سەردەمی ترەمپدا و بەهۆی بڕیارەکانییەوە زیانێکی زۆر بە ناو و ناوبانگی ئەمریکا کەوت.

چاککردنەوەی وێنەکە
رۆن کلاین سەرۆکی تیمی کارمەندانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بایدن لە ١٠ رۆژی سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە کۆشکی سپی بە جددی کار لەسەر کۆرۆنا، ژینگە، ئابووری و رەگەزپەرستی دەکات.

بەپرسەکەی کۆشکی سپی لەبارەی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا و جوانکردنەوەی وێنەکەی لە جیهاندا دەڵێت، بایدن رێگری لەو بڕیارانە دەکات کە زیانیان لە ئەمریکا دا و پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا دەگەڕێنێتەوە شوێنەکەی جارانی خۆی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەنگاوەکەی بایدن تەنها بۆ چاککردنەوەی ئەو بڕیارانە نییە کە زیانیان لە ئەمریکا گەیاندووە، بەڵکو بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتە.

دوژمنی ژینگە
مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئەمریکا و خەڵکەکەی بڕیاری داوە ئەمریکا لە رێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس بکشێتەوە.

وتیشی، رێککەوتننامەی پاریس لە بەرژەوەندی هەندێک وڵاتی وەک چین و هیندستاندایە، ئەم رێککەوتننامەیە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە و هەر لە سەر ئەو بنەمایەش  لە رێککەوتننامەکە دەکشێنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، رێککەوتننامەی پاریس خراپە بۆ ئەمریکییەکان و کاری سەرۆکی وڵاتیش پابەندبوونە بە بەڵێنەکانیەوە تاکو بەرژەوەندی کرێکاری ئەمریکی پێش هەر شتێکی دیکە بخات.

گەڕانەوە بۆ ژینگە
سەرۆکی تیمی کارمەندانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، یەکێکی دیکە لە کارەکانی جۆ بایدن لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا ئەوەیە کە واژۆ لەسەر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی پاریس بکات.

ئەم بڕیارەی جۆ بایدن بۆ گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ بەرەی پارێزەرەکانی ژینگە کە بەهۆی بڕیارەکەی ترەمپەوە ئەمریکا وەک دوژمنی ژینگە سەیر دەکرا.

رێککەوتننامەی پاریس بۆ چارەسەرکردنی گەرمبوونی زەوی لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا لەلایەن نوێنەرانی ١٩٥ وڵاتی جیهانەوە واژۆکراوە، بەڵام ئەمریکا، سووریا و نیکاراگوای پێیەوە پابەند نین.

دوای سەدە و نیوێک یەکەم سەرۆک
دوای ئەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دۆناڵد ترەمپ ئەنجامەکانی رەتکردەوە و بە ساختە ناوی برد. وتیشی، هەڵبژاردنەکە "دزراوە" و مردووەکان دەنگیان داوە.

دوای ئەوەشی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد و سەرکەوتنی جۆ بایدنی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ وتی، بەشداری لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی جۆ بایدندا ناکات. بەم جۆرەش دوای ١٥٢ ساڵ ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆک کە بەشداری لە رێوڕەسمی سەرۆکی نوێی ئەمریکادا ناکات.