ڕاپۆرتی جیهانی

03:57 - 17/01/2021

ئێران لەنێوان دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆم و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە‌

لە کۆتا رۆژەکانی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، ئێران  بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کانزایی رادەگەیەنێت، زلهێزەکانی ئەوروپا هۆشداری دەدەنە ئەم وڵاتە. ئەم هەنگاوانەی ئێران لەلایەکەوە وەک دەستگەشتنی ئەم وڵاتە بەچەکی ئەتۆمی لێکدەدرێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە وەک فشارێک بۆ هەرچی زووتر گەرانەوەی کابینەی نوێی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمەیەی دەدرێتە قەڵەم. ئیسرائیلیش هێرش کردنە سەر تاران بە تاکە ڕێگەی وەستاندنی ئەم وڵاتە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەزانێت.

بە گوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە لە ساڵی 2015دا بە بەشداریی ئەمریکا، چین، رووسیا و گەورە وڵاتانی ئەوروپی واژۆی لەسەر کرا، نابێت تا 15 ساڵ ئێران یۆرانیۆمی کانزای دەست بکەوێت.
ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە، مایک پەمپەیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێرانی بە مۆڵگە و بنکەی سەرەکی رێکخراوی ئەلقاعیدە داوەتە قەڵەم و تۆمەتباری کرد راستەوخۆی دەستی هەبووە لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەردا.

ئێران  یۆرانیۆمی کانزایی بەرهەم دەهێنێت

بەرپرسانی ئێران، رۆژی چوارشەممە، 13ی کانوونی دووەم، زانیاریان دایە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بەوەی کە دەستدەکەن بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کانزای لە ریاکتۆری سڤیلی تاران.

کازم غەریب عەبادی، باڵیۆزی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە هەژماری خۆی لە تویتەر پشتڕاستی کردەوە کە ئێران یۆرانیۆم بەرهەم دەهێنیت. دانی بەوەشدانا کە لە ناوەندی توێژینەوەی ریاکتۆری سڤیلی تاران بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە جۆرێکی نوێی سووتەمەنی دەدەن.

ئێران دەڵێت چوار بۆ پێنج مانگی پێویستە تاوەکو دەزگاکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی تۆزی یۆرانیۆم بەرهەم بهێنێت کە کانزای یۆرانیۆمی لێ دروست دەکرێت.

ئەگەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگاتە 90٪، کانزای یۆرانیۆم رۆڵێکی کاریگەر و سەرەکی لە بەرهەمهاتنی چەکی ئەتۆمیدا دەگێڕێت. ئەو کات ناوکی ماددەکە دروست دەبێت، بە تەقاندنی ئەو ماددەیە کاردانەوەی زنجیرەیی ئەتۆمی گڕدەگرێت و تەقینەوەی ئەتۆمی دروست دەکات.

زلهێزەکانی ئەوروپا هۆشداری  دەدەنە ئێران

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، رۆژی شەممە، 16ی کانوونی دووەم 2021، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕی.
راگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەرسێ وڵاتدا، داوا لە ئێران دەکات ئەگەر مەبەستی بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا بمێنێتەوە، بەبێ دواکەوتن بۆی بگەڕێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە،  بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم هیچ متمانەیەکی مرۆیی نییە و ئامانجێکی سەربازیی جدی لە پشتە.
 رافائێل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێدەوڵەتی، چەند رۆژێک پێشتر جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەنیازی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی فلزیە، بەڵام ئێران لەنامەیەکیدا بۆ ئاژانسەکە رایگەیند، ئەم هەنگاوە بۆ چاککردنەوەی سوتەمەنی راکیتۆری تارانە.

کاردانەوەکانی ئێران
لەکاردانەوەی راگەیەندراوەکەی هەرسێ وڵاتی زلهێزی ئەوروپا، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ئماژەی بەوەدا، تاران هێشتا زانیاری کارگەی بەرهەم‌هێنانی یۆرانیۆمی کانزایی نەداوەتە ئاژانسی وزەی ئەتۆم.
هەر لە دریژەی کاردانەوەکاندا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمرۆ یەکشەممە "17ی کانوونی دووەم 2021" لە تویتێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماژە بەوە دەکات، رێبەرانی ئەو سێ وڵاتە کە ئەندامن لە ڕێکەوتننامەکە هیچ کارێکیان بۆ پاراستنی رێککەوتنەکە نەکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران  نوسیوویەتی " ێککەتننامە ئەتۆمیەکە بەهۆی ئێرانەوە زیندووە نەک ئەو سێ وڵاتەی ئەوروپا."

هەنگاوەکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە یان گەرانەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی؟
پاش دەرچوونی ترەمپ لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئایاری  2018 و گرتنەبەری سیاسەتی ئەوپەڕی فشار دژی ئێران،  لە مانگی ئایاری 2019 تاوەکو کانوونی دووەم 2020، ئێران بەردەوام بوو لەسەر پێشێلکردنی رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی. لە هەمووی گرنگتر، ئەم وڵاتە دەستی کرد بە هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی، بەشێوەیەک کە لە حاڵەتی پیتاندن تا ئاستی باڵا و  چەک دروستکردن، دەتوانێت چەندین چەکی ئەتۆمی پێ دروست بکات.
لەگەڵ ئەگەری بوون بە سەرۆکی جۆبایدنیشدا، باس لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمیەکە دەکرێت لەلایەن کابینەکەی بایدنەوە، هەندێكیش هەنگاوەکانی ئێران وەک فشارێک بۆ گەرانەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی دادەنێن.
ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند،  پیویستە بە ئێرانییەکان بڵێین ئیتر بەسە و تاران و واشنتۆنیش بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەیان.

بەپێى هەواڵێکى کەناڵى 12ى ئیسرائیلى، ئەمڕۆ (17ى کانونى دووەمى 2021)، جۆبایدنى سەرۆکى هەڵبژێرداوى ئەمەریکا بەرپرسانى ئیسرائیلى ئاگادار کردووتەوە کە دەستیان کردووە بە پەیوەندیگرتنی نهێنیى و لەسەرخۆ لەگەڵ بەرپرسانى ئێرانیدا بەمەبەستى گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەی شەوی شەممە "16ی کانوونی دووەم 2021، کە سەبارەت بە سەپاندنی سزابوو بەسەر چەند کۆمپانیاییەکی چینی، ئیماراتی و ئێرانیدا باس لەوە دەکات، ئێران 15 ماددەی دیاریکراوی وەکو "ئەلەمنیۆم، پۆڵا و ئاسن" لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیدا بەکاردەهێنێت.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن رۆیشتنی ئێران بەو ئاراستەیەدا لە دەستکەوتنی ئەتۆم نزیک دەبێتەوە کە دەتوانێت لە جەنگیشدا بەکاریبهێنێت.

سەرچاوە بەرگرییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی  ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو هەوڵە سەربازیی و خەرجییە بێشومارانەی ئێران لەم بەرنامەدا بەکاریدەهێنێت ئەوە نیشاندەدات، ئەم وڵاتە بە ئامانجی بابەتی ئایدۆلۆژی و پاوانخوازی دەسەڵات بەدوای دەستگەشتنە بە چەکی ئەتۆمی.
 نەتەنیاهۆ و یوسی کۆهینی سەرۆکی مۆسادیش لەوباوەرەدان تەنها هێرشکردنە سەر تاران دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئەم وڵاتە بوەستێنێت.