ڕاپۆرتی جیهانی

11:27 - 19/01/2021

دابەشکردنی پێکوتەکان وەک شکستێکی ئەخلاقی جیهانی‌

پەیسەر

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەتوندی رەخنە لە دابەشکردنی پێکوتەکان بەسەر وڵاتاندا دەگرێت و دەڵێت، وڵاتانی دەوڵەمەند بێ ئەوەی گوێ بدەنە  پێویستییەکانی جیهان بۆ کڕینی پێکوتە خۆیان خستووەتە سەرەتاوە. ئەمە لەکاتێکدایە زۆرێک لە بەساڵاچووان لە وڵاتە هەژارەکان لە چاوەڕوانی گەشتنی پێکوتەدا ماونەتەوە، تاوەکو گەنجە تەندروستەکان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بە پێکوتە بکوترێن.


نادادپەروەری لە دابەشکردنی پێکوتەکان

دکتۆر تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕۆژی دووشەممە، 18/1/2021 گوتی، ئەمە دادپەروەری نییە کە گەنج و کەسە تەندروستەکانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان  لە کوتان بە پێکوتەکان بکەونە پێش بەساڵاچوون لە وڵاتە هەژارەکان.


ئادهانۆم ئاماژە بەوەدەکات تا ئێستا 39 ملیۆن دۆز پێکوتەی بەرهەم هێنراو لە نێوان 49 وڵاتی جیهاندا دابەشکراوە و ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتێکی هەژار تەنها 25 دۆزی بەرکەوتووە.
تائێستا چین، بەریتانیا، ئەمریکا، رووسیا و هندستان لەو وڵاتانەن  کە سەرکوتوو بوون لە دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەنزیکەی هەموویان ئەولەویەتیان داوە بە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی و دواخستنی راگەیاندنی پەتای کۆرۆنا
رەخنەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە دابەشکردنی پێکوتەکانی کۆرۆنا لەکاتێکدایە ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ چین، کەوتنە بەر رەخنەی توند لە شێوازی رووبەرووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە نیسانی 2020 بەوەی درەنگ بڵاوبوونەوەی پەتاکەیان راگەیاندووە، تەنانەت کار گەشتە ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بودجەی ئەمریکای بۆ ڕێکخڕاوەکە بڕی.


هەروەها رێکخڕاوەکە کەوتە بەر لێشاوی رەخنەوە سەبارەت بەوەی کە وڵاتی چینی نەخستووەتە ژێر فشارەوە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

سەرۆکی WHO: جیهان لەبەردەم شکستێکی ئەخلاقیی کارەساتباردایە
دکتۆر تێدرۆس، ڕۆژی دووشەممە، 18/1/2021، لە کۆبوونەوەی ساندی بەڕێوبەرانی رێکخراوەکە گوتی " بە راشکاوی بڵێم، جیهان لەبەردەم شکستێکی ئەخلاقیی کارەساتباردایە، مرۆڤەکان بە گیان و دارایی خۆیان لە وڵاتە هەژارەکاندا باجی ئەم شکستە دەدەن."


دکتۆر لەبەرامبەر شاندەکەدا ترسی خۆی نەشاردەوە دەڵێت" هەتا کاتێک پێکوتەکان بۆهەندێک ئومێد بەخشن، بەڵام دەبێتە خشتێکی دیکە بۆ سەر دیواری نایەکسانی لەنێوان هەبوو و نەبووەکانی جیهان."
تێدرۆس لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "تەنانەت کاتێک قسە لەسەر دەستگەشتنی دادپەراوەرانە دەکرێت، هەندێک لە وڵاتان و کۆمپانیاکان ئەولەویەتی دوولایەنە پەیڕەو دەکەن، زیادکردنی نرخەکان و هەوڵدان بۆ هاتنە ریزی یەکەم. ئەمە هەڵەیە"

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت"روانگەی "یەکەمجار-خۆم"، روانگەیەکی شکستخواردووە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخ و هێرشکردن بۆ کڕینی پێکوتەکان."

سەرۆکی WHO پێی وایە ئەم روانگەیە دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئازاری مرۆڤەکان.

رێکخراوەکە داوا لە هەموو وڵاتان دەکات کە پەیوەست بن ناوەرۆکی کۆڤاکس-هاوپەیمانی جیهانی بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، کە  وابڕیارە لەمانگی شوباتی ئەمساڵ بەپێی بەرنامەکانی کۆڤاکس پێکوتە دابەش بکرێت.
بەرنامەی کۆڤاکس لەژێر چاودێری رێکخراوی تەندروستی جیهانیدایە و ئامانجی یارمەتیدانی وڵاتانی کەمدەرامەت و دەرامەت مامناوەندە لە کڕین و دابەشکردنی ڤاکسین، تاوەکو هەموو وڵاتان دەستیان بگات بە پێکوتەکان.

سکرتێری گشتی  UN: پێکوتەگەرای هەرەشە لە چارەسەرکردنی کۆرۆنا دەکات
ئەنتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە پێکوتەکانی کۆرۆنا دەبێت کاڵایەکی ئاسایی جیهانی بێت، لەبەردەستی هەمووان بێت و لەهەموو جێگایەک هەبێت.

گوترێش لە مەرسایمێکدا لە نیویۆرک سەبارەت بە وڵاتانی تازە گەشەکردوو دەدوا، ئاماژەی بەوەدا " پێویستمان بەوەیە وڵاتانی بەرهەمهێنەری پێکوتەکان بەڵێنی خۆیان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ناوەندی کۆڤاکس و وڵاتانی جیاوازی جیهان ببنەسەر، بەتایبەت وڵاتانی پێشرەوی ئابوری، بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرهەمهێنانی تەواو و دابەشکردنێکی دادپەروەرانە."

سەرۆکی UN گوتیشی " پێکوتەگەرایی خۆ شکێنییە وچارەسەرکردنی جیهانی دوادەخات."


کەنەدا پێنج هێندەی دانیشتوانی پێکوتەی داواکردووە
کەنەدا بە تایبەتی رووبەڕووی رەخنەی جدی بووەتەوە، چونکە بەگوێرەی راپۆرتەکان ئەم وڵاتە تائێستا پێنج هێندەی ژمارەی دانیشتوانی ڤاکسینی کۆرۆنای داواکردووە.

مانگی 12ی ساڵی رابروو، کارینا گۆوڵد، وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی کەنەدا، وەڵامی ئەو رەخنانەی ئاراستەی وڵاتەکەی کرابوون بۆ کڕینی دایەوە  گوتی رەخنەکان لەبارەی داواکردن یڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن کەنەداوە تەنها لە رووی "تیۆری"یەوەیە، چونکە "دۆزە زیادەکان" هێشتا رادەستی کەنەدا نەکراوە.

کەنەدا 380 ملیۆن دۆلاری وەک کۆمەک بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا پێشکەش کردووە.